Muhemed-Zekeria

موحەمەد زەکریا تۆفیق  :  ئەڕیستۆ , ئەو بیرمەند‌و فەیلەسوفەی کە پێویستمان پێیەتی(٢)

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە عەرەبیەوە : جیهاد موحەمەد

هەرکەسێک شتێک دەربارەی ئەفڵاتون بزانێت، دەزانێت، کە قوتابیەکی هەبووە ناوی ئەڕیستۆ بووە، کە وەک ئەفڵاتون‌و بگرە زیاتریش لە زۆری بەرهەمی فکریدا لەو بەناوبانگتر بووە.  دەشێت ئەوەش بزانێت، کە ئەڕیستۆ قوتابیەکی هەبووە ناوی ئەسکەندەری گەورە بووە.  کە لە یەکەم هەنگاوی تێپەڕاندنی تەمەنی منداڵیدا بووە بە گەورەترین سەرکردەی سەربازیی، یەکێکیش بووە لە دیارترین داگیرکەرو بونیادنەری گەورەترین ئیمپراتۆریەت لە مێژوودا.

 لە رەگەزێکی نا ئاسایی لە بەشەر، لە گۆشەیەکی بچووکی ئاوەدانیدا، کە ناودەبرا بە وڵاتی گریک لە سەدەی چواری پێش زایندا ئەڕیستۆی تیادا هەڵکەوت. زۆر جار قوتابی بە هەمان رێچکەی مامۆستاکەیدا ناڕوات.  وەک ئەڕیستۆ کە قوتابخانەیەکی جیاوازی لەوەی ئەفڵاتونی مامۆستای لە شاری ئەثینادا دامەزراند. کە نەک وەک مامۆستاکەی بەڵکو لە قوتابخانە ئەکادیمیەکەی ئەفڵاتون سەرکەوتوتر بووە.

ئیمپراتۆریەتی ئەسکەندەری گەورە، دەوڵەت ـ شاری ڕوخان، کە ئەڕیستۆ بە باشترین شێوازی حکومڕانی دادەنا، کە بریتی بووە لە کۆمەڵێکی گەورە لە رەگەزەکان‌و پاشا جیاوازەکان لە وڵاتی گریکدا، کە لە بەرەو رۆژهەڵات درێژ دەبووەوە تا دەگاتە کەنارەکانی وڵاتی هیند.

ئیمراتۆریەتی ئەسکەندەری مەزن چووە ناو شارەکانی گریکەوە، لە کاتێکدا ئەڕیستۆ هەموو هیوایەکی بەوە بووە، کە هەرچی شتێکی باشە هەیە پێشکەشی مرۆڤی بکات، بەڵام ئازادی‌و شکۆمەندیەکەی بە جۆرێک تێکشکا زەحمەتە بۆ هەتا هەتایە بگەڕێتەوە.

چیرۆکی ئەڕیستۆ٣٨٤ ـ ٣٢٢ ی پ. ز لەگەڵ ڕووداوەکانی مەقدۆنیادا، کە دەکەوێتە سەروی یۆنان‌ لە سەر دەریای ئیجە، کە نیوەی دانیشتوانی گریک بووەو نیوەی بەربەریەکان بووە، ئاڵۆز‌و تێکەڵ بووە.  بەربەریەکان بەو گەلانە دەوترێت، کە گریک نەبوون.

ئەڕیستۆ وەک سوقرات‌و ئەفڵاتون لە ئەسینادا لە دایک نە بووە.  باوکی لە کۆشکی شای مەقدۆنیادا پزیشک بووە.  کاتێک منداڵ بووە، لە کەش‌و دۆخێکی زانستیدا ژیاوە، رەنگە بۆ ئەوە ئامادەکرابێت، کە وەک باوکی ببێت بە پزیشک.  لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا، کاتێک باوکی مرد، رووی لە خواروکرد بەرەو ئەسینای پایتەختی شارستانیەتی گریک، بۆ ئەوەی پێوەندی بە ئەکادیمیەکەی ئەفڵاتونەوە بکات‌و تیایدا لە سەر دەستی ئەو ئەفڵاتوندا فێربێت.  ئەڕیستۆ لەم ئەکادیمیەدا بۆ ماوەی بیست ساڵ خوێندی.  نووسین‌و خوێندن‌و توێژنەوە دەربارەی فەلسەفەو ماتماتیک‌و زانستی ئاکارو سیاسەت‌و جوانناسی فێر بووە.  ئایا جوانناسی زانستە؟ بەڵێ، لقێکە لە لقەکانی فەلسەفە.

ئەڕیستۆ بە سێ سەدە پێش زاین، فەلسەفەو زانستی جوانناسی‌ لە ئەسینادا دەخوێند، ئێمە ئەمڕۆ لە سەدەی بیست‌و یەکدا وتووێژ لەسەر ئەشکەنجەو مارو دوپشکی قەبرو بەردبارانی زیناکەران دەکەین، دادوەری لەسەر هەرکەسێکیش دەکەین، ئەم مەسەلانە رەتبکاتەوە.

ئەفڵاتون وەسفی ئەڕیستۆی کردووە بەوەی ئاوەزێکی بیرکەرەوەی قوتابخانە ئەکادیمیەکەی بووە.  کەچی لە کاتی مردنی ئەفڵاتوندا، کەسێکی دیکە دانرا بە سەرۆکی ئەکادیمیەکە.  بۆیە ئەڕیستۆ ئەسینای بەجێهێشت، بەرەو کەناری ئاسیای بچووک‌و دورگەی لسبوس کەوتە رێ.

ماوەیەک لای هاورێیەکی قوتابی خۆی مایەوە، کە ببوو بە حاکمی بەشێک لە رۆخێکی نا گرنگ، هەر لەو ماوەیەشدا هاوسەرگیری لەگەڵ برازایەکی ئەو هاورێیەیدا کرد.  لەو ماوەیەدا دووبارە گرنگیەکی سەرەکی دایەوە بە زانستی سروشت.  تێبینی‌و ئەنجامی توێژینەوەکانی دەربارەی جۆرەکانی زیندەوەرە ئاوییەکان تۆمارکرد، کە لەو رۆخەدا دەیدۆزینەوە.

لەو کاتەدا فیلیب پاشای مەقدۆنیا بووە، پیاوێکی لە رادەبەدەر بە تواناو گەورەو بەهێز بووە.  ماوەی چەندین ساڵ ئامانجی ئەوە بووە مەقدۆنیا لە دەوڵەتێکی هەژارەوە، کە خەڵکەکەی خەریکی راوەماسی بووە، بگۆرێت بۆ دەوڵەتێکی دەوڵەمەندی بەهێزی خاوەن سوپایەکی گەورە، کە تێکنەشکێنرێت.

سوپای فیلپ، سوپایەکی رێکخراویی بە دیسپلین، راهێنارو بە شێوازێکی نوێی جەنگ‌و رووبەڕووبوونەوەی سەربازیی، لە قەوارەی گەورەی پیادە پێک هاتبوو. فیلیب بەم سوپا گەورەیەو بە سامانێکی دەوڵەمەندەوە دەیویست شارەکانی یونان فریوبدات بۆ جەنگکردن دژ بە ئیمپراتۆریەتی فارسی کۆن، کە بەردەوام ترسناک‌و هەڕەشەکەر بووە بۆ سەر وڵاتی گریک.

بەڵام شارەکانی یۆنان، گومانیان دەکرد لە خواست‌و ناخی فیلیبی مەقدۆنی، بۆ نموونە دیموثینییس هێرشی دەکردە سەر فیلیب‌و بە داگیرکەری دەزانی، کە بە ناوی یارمەتیدەری گەلەکەیەوە هەموویانی بە کۆیلە کردبوو.

لە هەمان کاتدا فیلیب بە دوای مامۆستایەکی گریکیدا دەگەڕا بۆ ئەوەی ئەسکەندەری کوڕە تاقانەی فێر بکات، ئەو کات ئەسکەندەری کوڕی لە تەمەنی سیانزە ساڵیدا بووە. لە ساڵی ٣٤٣ی  پێش زاین، داوای لە ئەڕیستۆ کرد بۆ ئەوەی ئەنسکەندەری بۆ فێرە خوێندەواری بکات، ئەویش بۆ ڕازیکردنی فیلیب قبووڵیکرد.

فیلیب هیچ شتێکی ئەوتۆی دەربارەی ڕای سیاسیانەی ئەریستۆ سەبارەت بە وڵاتی گریک نەدەزانی.  لە ساڵی ٣٤٠ی  پێش زاین، واتە لە تەمەنی پانزە ساڵییدا لە جیاتی باوکی لە کاتی داگیرکردنی وڵاتی گریکدا حوکمی مەقدۆنیای دەکرد.

لە ساڵی ٣٨٨ی پێش زاین سوپای گریک تێکشکا، مەقدۆنیەکان توانیان سەرکەوتن بە دەستبهێنن‌‌، بە تەواوەتی گریک کەوتە ژێر حکومڕانی مەقدۆنیەکانەوە.

دوای دوو ساڵ لە کوشتنی فیلیبی مەقدۆنی، لە کاتێکدا بووە کە دەیویست هێرش بکاتە سەر ئمپراتۆریەتی فارس.  ئەسکەندەری کوڕی جێگەی گرتەوەو بووە بە جێنشینی، کە وا پێدەچوو لە باوکی زیاتر بلیمەتترو چاوی تەماحی زیاتر بێت.

ئەسکەندەر دوای بە تەواوەتی داگیرکردنی شارەکانی گریک، یەک لە دوای یەک هەموو وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داگیرکرد، لەوانە میزۆپۆتامیا‌، میسرو فارس.

ئەسکەندەر وەک رزگارکەر هات، دژایەتی رەگەزپەرستی‌و تایەفەگەرێتیی کردوەو هەموو کێشەکانی بەردەم سیاسەتی سڕیوەتەوە.  لە سەر شێوازی گریکەکان شارەکانی بونیاد ناوەو کردبوونی بە ناوەندی ڕووناکبیریی‌و شارستانیەتی‌و خۆ بەرێوەبردن‌و کارگێڕێتی.  بۆ نموونە شارەکانی ئەسکەندەری میسر‌و شارەکانی رۆژهەڵاتی تورکستان‌و سنورەکانی هیندستان.  لە ساڵی ٣٢٣ی  پێش زاین‌و لە پرتاو، کە چاوەڕواننەدەکرا، ئەسکەندەر بە هۆکاری پەتایەکەوە کۆچی دواییکرد، لە دوای خۆی سەرکردەکانی ئیمپراتۆریەتیەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەشکرد.

دوای ئەوەی ئەسکەندەر حوکمی لە یوناندا گرتە دەست، ئەڕیستۆ گەڕایەوە بۆ یونان.  دەستبەجێ ئەو کۆشکەی بەکرێ گرت، کە تایبەت بووە بە خوداوەندی”ئەبو للولیسیوس”، واتای ناوی خۆی دەگەیاند، ئەبوللو، واتە ئەمیری ڕووناکی، لیسیوس وشەیەکە بە یۆنانی لە وشەی ڕووناکی یۆنانیەوە وەرگیراوە.  قوتابخانەکەی ئەڕیستۆ لەم کۆشکەدا ناونرا” لیسیوم”.

لە قوتابخانەی لیسیۆمدا ئەڕیستۆ هەستا بە کتێب‌و دەستنووس کۆکردنەوە، هەروەها بە کۆکردنەوەی شتە زانستیەکان‌‌و هەموو ئەو شتانەی  پێویست بوون بۆ توێژینەوەو لێکۆڵینەوە.  باخچەی جیاوازی بۆ هەریەک لە روەکەکان‌و ئاژاڵەكان‌و پەلەورەکان‌ دروستکرد بە مەبەستی توێژینەوەو لێکۆلێنەوە.  ئەم شێوازو رێبازە لە خوێندن وای لە لیسیوم کرد ببێتە جێگەی خوێندن‌و توێژینەوەی زانستی نوێ، وەک: زانستی سروشتی، فەلسەفە، زانستی سیاسی‌و چەندین زانستی دیکە.  چالاکیەکانی قوتابخانەی لیسیوم‌و قەوارەیی‌و ماوەی مانەوەی قوتابیان تیایدا قوتابخانەکەی ئەفڵاتونی تێپەڕاند، واتە پێرەوی بەرنامە دارێژراوەکەی (ئەکادیمی)ئەفڵاتونی تێپەڕاند، کە پێش مردنی داینابوو.  بەڵام مردنی زووی ئەسکەندەری گەورە کۆتایی هێنا بە چالاکیەکانی ئەڕیستۆ.  هەستی نیشتیمانی دژی مەقدۆنیەکان لە شاردا بە هۆکاریی داگیرکارییەکەیان دەستیپێکرد.  ئەم هەستە دوای مردنی ئەسکەندەری گەورە بوو بە رق‌و کینەو دژایەتیکردن بەرامبەر بە هەر کەسێک پێوەندی هەبووایە بە مەقدۆنیەکانەوە.  ئەڕیستۆ وەک مامۆستایەکی پێشووتری ئەسکەندەری گەورە، کە دوای داگیرکردنی گریک لە لایەن مەقدۆنیەکانەوە بۆ یۆنان گەڕایەوە، ئەمە بووە هۆکاری گومانکردن لە ئەڕیستۆ‌و چاودێریکردنی.   ئەم گومان‌و چاودێریکردنە گەیشتە ئەو ئاستەی، کە داوای دادگاییکردنیان دەکرد، وەک چۆن کاتی خۆی سوقراتیان دادگاییکرد‌و ژەهریان دەرخوارد دا.  بەڵام پێش ئەوەی دادگاییکردنی ئەڕیستۆ پێکبهێنرێت، جارێکی دیکە بۆ باکور هەڵهات، بۆ ئەوەی دوو جار یۆنان تاوان بەرامبەر بە فەلسەفە نەکات.  دوای دوو ساڵ لە راکردنی لە کالسیس کۆچی دوایی کرد.  لە وەسێتنامەیەکدا کۆیلەکەی خۆی ئازادکرد.

قوتابخانەی لیسیوم بۆ ماوەی هەشت سەدە لە لایەن قوتابیەکانی ئەڕیستۆوە بەرێوەبرا.  لیسیوم‌و ئەکادیمیەکەی ئەفڵاتون بەردەوام بووە تا لە سەر دەستی ئیمپراتۆریەتی مەسیحیی‌دا، قستەنتین دا داخرار، ئەویش لەبەرئەوەی لای مەسیحیی فەلسەفە حەرامە.  بەم جۆرە سەردەمی فەلسەفە گۆڕا بۆ سەردەمی دین، ئەفڵاتون‌و ئەڕیستۆ گۆرا بۆ مەسیحیی.   پەردەیەکی ئەستور بەری بە رووناکی ئاوەز‌و بیر گرت.   قۆناغی هەزار ساڵەی سەردەمی تاریکیی دەستیپێکرد، هەروەها سەردەمی ناوەڕاست.   ئەنگوستەچاوو تاریکستانی‌و هەژاریی بەرپا بوو.

ماوەی ژیانی ئەڕیستۆ، شارەکانی گریک شکۆمەندی‌و پێشکەوتنی بە خۆوە بینی، کە دەیتوانی بەرگری لە ئازادی‌و شێوازو رێبازی ژیانی خۆی دژ بە هێرشی داگیرکەرانی فارس بکات.

ئێستا دوای تێشکانی ئەم شارانەی گریک‌و زیندەبەچاڵکردنی حوکمڕانیەتیەکەیان، خەڵکی گریک ئازادیان‌ دۆڕاند، قوتابخانەکانیان داخران، مۆمی شارستانیەتیان کوژایەوە.  گریک دوای تێشکانی، جگە لە هەندێک ماوەی کورت بە درێژایی تەمەنی هەتا سەدەی نۆزدە رەوشێکی رەشبینی باڵی بەسەر گریکدا کێشا.

ئەڕیستۆ لە سەرەتای ئەم سەردەمی تێشکانانەدا دەژیاو دەیبینی.  پاڵەوانەکانی ئەم سەردەمەی دەناسی، بیریکی قووڵی مەزنی ڕووناکی دەربارەی بابەتەکانی ئەم سەردەمەی بۆ بەجێهێشتین.  لە هەموو ئەو زانیاریانەی بۆی بەجێهێشتین، بە وشەیەکیش گوزارشتی دەربارەی ئەو هەموو رووداوو پاڵەوان‌و کارەکتەرە سەرەکیەکانی نەکرد.   باسی هیچ کام لە شۆرشەکانی دەوروپشتی خۆی نەکرد، بە چاوی خۆی تێشکان‌و داگیرکاریەکانی ئەسکەندەری دەبینی‌و هیچ گرنگی پێنەدەدا. ئەم هەموو رووداوانە بەلای ئەڕیستۆوە گرنگی‌و بەهایەکی نەبووە.

گرنگیدانی ئەڕیستۆ سەبارەت بە بابەتە قووڵ‌و نەمرەکان بووە.   تەرکیزی لە سەر واتا قووڵەکان کردوە.   سەبارەت بە بنەماو یاسا نەگۆڕەکانی سروشت گرنگیی داوە، دیسان سەبارەت بە رەفتاری مرۆڤی شارستانیی‌و مرۆڤی خاوەن لۆجیک‌و زانست‌و هونەر گرنگی داوە.

لە ماوەی سیانزە ساڵی کۆتایی ژیانیدا هەموو ئەو وانەو یاداشتانەی بە قوتابیەکانی داوە، سێ لە سەر چواریان لەو ماوەیەدا بووە، کە جەنگێکی تووند دوای مردنی ئەسکەندەر لەسەر دەسەڵاتگرتنەدەست بەرپا بوووە.

ئەو کارانەی کە بەردەستنەکەوتوون‌و ون بوون، ئەوانە بوون، کە لەسەر میتۆدی دیالۆگکردنی ئەفڵاتون کاتێک لە تەمەنی لاویدا بووە نووسیونی.  هەموو ئەو شتانەی دەینووسی بۆ ئەوە بوو بەسەر قوتابیەکانیدا دابەشیانبکات.  جگە لە توێژینەوەیەکی کورت لەسەر دەستوری ئەسینا، کە لە ساڵی ١٨٩٠دا لە میسر دۆزرایەوە.

بە رێکەوتیش کۆمەڵێکی جۆراوجۆر لە تێبینی‌و یاداشتەکانی کە بریتیبوون لەو وانانەی لە لیسیوم دەیوتنەوە‌و لە کاتی جیا جیادا نووسیبوونی، لە ئەسیای بچوکدا لە ژێر زەویدا شاردرابوونەوە بۆ ئەوەی پاشای بیرغامون، کە شارێکی بچوکە لە ئاسیای بچوکدا دەستی بەسەردا نەگرێت، دۆزرانەوە.

دوای دوو سەدە ئەم بەڵگەو نووسراوانە بیرچبوونەوە، تا لە سەردەمی داگیرکردنی ئاسیای بچوک لە لایەن رۆمانەکانەوە دۆزرانەوەو گوزرانەوە بۆ رۆما.

لە رۆمادا، زانایەک بەهاو نرخی ئەم دەستنووسانەی دەزانی، لەبەرئەوە بە گوێرەی توانا کەوتنە پاکردنەوەیی‌و نووسینەوەی ئەو داخوراویی‌و رزاویەکانی‌و رێکخستنەوەی بە گوێرەی بابەتەکان.

لە ساڵی حەفتای پێش زایندا، ئەندرۆمیکوس، جارێکی دیکە هەستا بە پاکردنەوەی نووسینە کۆنەکانی ئەڕیستۆ، ئەوەی ئێستا لە بەردەستدایە لە نووسینە کۆنەکانی ئەڕیستۆ ئەوانەن، کە ئەندرۆمیکۆس جارێکی دیکە پاکیکردونەتەوەو نووسیونێتەوە.  هیچ نووسینێکی تری ئەڕیستۆ لەوانە کۆنتر نەکەوتوونەتە بەردەست.

هیچ چیرۆک‌و حیکایەتێکی کۆن‌ لەو چیرۆک‌و حیکایەتە کۆنانەی دەربارەی زانست‌و فەلسەفە نووسراون، کە وا زانراوە بۆ هەتا هەتایە فەوتاون خۆشترو بە شەوقتر نییە کاتێک دەدۆزرێنەوە.  ئەو نووسینانەش دەکرێن بە دوو بەشەوە:

بەشی یەکەم/ زانستگەلێک‌و چەمکگەلێک، هۆکار نەبوون بۆ شۆرشێکی گەورە لە زانست‌و چەمکی ئێمەدا، وەک دەستنووسەکانی (بحر المیت١و ئنجیلەکانی(نجع حمادي)٢. بەشی دووهەم/ ئەو زانست‌و چەمکانەی، کە بازدێکی گەورەی دا بە هزرو شارستانیەت.

لە فیلیمی”ئودیسەی فەزادا ٢٠٠١”، زاناکانی فەلەک بەردێکی رەشی گەورەی شاراوەیان لە سەر مانگ دۆزییەوە، واتای نامەیەک دەگەیەنێت لە ئەستێرەکانی ترەوە بۆ مرۆڤەکانی سەر زەوی بۆ ئەوەی لە کاتی گونجاودا هاوکارییان بکەن لە شۆرشێکی گەورەی هاتوچۆکردنی نێوان ئەستێرەکانی گەردوندا.

لە وڵاتی ئەندەلوسدا، کە ئێستا بە ئیسپانیا ناسراوە، کۆمەڵێک دەستنووس لە شوێنێکی تاریکدا شاردرابووەوە، هیچ کەس نەیدەزانی ئەو شوێنە کوێیە، بۆ ماوەی زیاتر لە هەزار ساڵ بووە ئەو دەستنووسانە بە شاردراوەیی ماوبوونەوە، لە پر بە هۆی کەوتنە رووناکیەک لەسەر ئەو شوێنە ئەو کۆمەڵە دەستنووسە دۆزرانەوە، ئەمەش بە شۆرشێکی راستەقینەی فکریی‌و زانستی دادەنرێت لە جیهاندا.

نووسینەکانی ئەڕیستۆ بۆ مەسیحیی لە ئەوروپادا وەک نامەیەک وابوون لە جیهانێکی ترەوە بۆ سەر گۆی زەوی.  کاریگەریەکی سەیرو ڕۆشناییەکی گەورەی هەبووە کە لەوەپێش نەبووە.  سێ هەزار لاپەڕەی نووسینەکانی ئەڕیستۆ مەیدانێکی فراوانی لە زانست‌و مەعریفە داگیرکردوە.   بڕواشم وایە نووسینەکانی ئەڕیستۆ بۆ دانیشتوانی رۆژهەڵاتی ناوین هۆکاری رزگاربوون‌و ئازادیی بوونیانە لەو ناخۆشیی‌و ستەمکارییەی تێیکەوتوون.  هەر ئەمەش وا لە من دەکات کە ئەم جۆرە بابەتانە لە سەر ئەڕیستۆ بنووسم.

کارەکانی ئەڕیستۆ بریتییە لە زانستی بایۆلجیی‌و فیزیایی‌و لۆژیک‌و زانستی دەروونناسی‌و رەوشت‌و فەلسەفەو زانستی ساسیی‌و گەلێکی تر.   ئەم زانست‌و مەعریفانەی ئەڕیستۆ وەک ئەوە وایە لە ئەستێرەیەکی پێشکەوتووەوە هاتبێتن بۆمان.

کتێبە چڕوپڕە دۆزراوەکانی ئەڕیستۆ بە زمانی رەسەنی خۆی، کە یۆنانیە نەنووسراونەتەوە.  لەسەر قوڕ‌و لیتە یان بەرد نەنووسارونەتەوە، یان لە گۆزەی گڵێنەییدا هەڵنەگیراون، بەڵکو لەسەر شێوازی دەستنووسی زمانی عەرەبی نووسراونەتەوەو دابەشکراون بەسەر ناوەندە مەعریفیەکانی ئەو کاتەدا: وەک ناوەندە مەعریفیەکانی بەغداد‌و قاهیرەو تولید‌و قورتوبە.

دوای ڕوخانی ئیمپراتۆریەتی رۆمانی‌‌و ڕوخانی سیستمی ئەوروپی، کارەکانی ئەڕیستۆ‌و فەیلەسوفەکانی دیکەی یۆنانی بوون بە موڵکی شارستانیەتی عەرەبی لە دایک بوو، کە حکومی ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوین‌و فارس‌و سەروی ئەفەریقاو ئەندەلوسی کردوە.

ئەوەی بۆمان دەردەکەوێت لە هەندێک لە کارەکانی، بەسن بۆ ئەوەی حوکم بدەین لەسەر کارەکانی‌و گەورەیی‌و فراوانی‌و زیرەکی‌و بلیمەتی ئەم فەیلەسوفە، واتا بۆمان دەردەکەوێت، کە کۆڵەکەی ئەو خێوەتەیە، کە شارستانیەتی ڕۆژئاوای لەسەر بونیاد نراوەو ئەمڕۆ ئێمە لە سایەییدا دەژین.
ئەڕیستۆ زیاتر لە ئەفڵاتونی مامۆستای ئاوەزێکی رێبازگەریی بووە.  کارەکانی مەعقول‌و لۆجیکیانە بووە، بابەتەکانی فێرکاریی بووە، هەر دانەیەکیان بابەتێکی پێوەندیداریی لە خۆ گرتووە.  بە پێچەوانەی ئەفڵاتونەوە، کە زانیاریەکانی لە کاتی دیالۆگدا دەستدەکەوت، دواجار دەچوە سەر بابەتێکی دیکە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ بابەتی یەکەم.

لەو بەڵگەو بابەتانەی ئەڕیستۆ، ئەم بابەتانە بووە: لۆجیک، میتافیزیکیا، فەلەک، فیزیا، بایۆۆجی، فیسیۆلۆجی، زانستی دەروونناسی، ڕەوشت، سیاسەت، بەلاغە‌و شیعر.

لە هەر بوارێکدا، ئەڕیستۆ رێگایەکی پێشکەوتوو دۆزینەوەیەکی نوێمان بۆ رووندەکاتەوە.  پشتی بە ئارەزووکردن لە بەهەشت‌و حۆریەکان نەبەستووە، یان نەترساوە لە ئاگری جەهەنم‌و ئەشکەنجەو ئازاری قەبرو مارو دوپشکی قەبری بەکار نەهێناوە بۆ قایل پێکردن.

هەواڵی بەکەس نەداوە دەربارەی ئەوەی، کە وەحی بۆ هاتبێتە خوارەوەو ئەو زانست‌و مەعریفانە فێرکرابێت‌و لە ئاسمانەوە بۆیان ناردبێت، بەڵکو لە خەڵوەتی ئەشکەوتەکان‌و سەر شاخەکاندا ماوەتەوەو  تێرامانی کردوەو بیری قوڵی کردۆتەوە. ئەو زانیاریی‌و زانستانەی پێی گەیشتووە گشتیی بوون‌و بۆ هەمووان بوووەو هەرکەسێک ئارەزووی کردبێتن توانیوێتی بیانگاتێ‌و بیانخوێنێتەوەو فێریان بێت.
لە رێگای ئەزموون‌و بینین‌و گەیشتن بە دەرەنجامەکانەوە دەتوانرێت بەم زانست‌و مەعریفانەی ئەڕیستۆ بگەیت.  ئەگەر قبووڵی بکەیت، یان ئەفرۆزەی بکەیت دەمێنێتەوە سەر راو بۆچوونی خۆت.   هیچ زۆرکردن‌و هەڕەشەو گوڕەشەو تۆقاندن‌و ئەشکەنجەدانێکی تێدا نییە.  تەنیا داوا ئەوەیە، کە ئاوەزی خۆت‌و ئەو پرسانەی کە بەڵگەنەویستەو بە خۆرسکی دەیزانیت وەریانبگریت‌و پشتیان پێ ببەستیت.

ئەوەی ئەڕیستۆی لە ئەفڵاتون جیادەکردەوە ئەوە بوو، کە باوکی ئەریستۆە پزیشک بووە.  لە دایکیەوە بۆی ماوەتەوە، کە حەز لە زانستی سروشت‌و تێبینی‌و سەرنج بدات لەسەر هەموو بووەنەوەرێکی زیندوو.   سەرەڕای ئەمانەش قوتابیەکی زیرەک‌و وریای ئەفڵاتون بووە، لە مامۆستاکەیەوە تێروانینێکی فەلسەفیانەی قووڵی هەبووە بۆ هەموو جیهان، هەروەها بۆ کاروکردەوەو رەفتاەکانی مرۆڤ.
ئەڕیستۆ وەک مامۆستاکەی، نموونەو بنەماکانی بەکاردەهێنا بۆ سەلاماندنی راستیی هەرچ بابەتەێک، کە دەرفەتی ئەزموونکردن‌و بینیان نەبوایە.  لە هەمان کاتدا، هەرچ بابەتێکیش بەئەزموون تاقیبکرایتەوەو وەک ئەوەی ئەڕیستۆ دەیوت وا نەبوایە ئامادەبوو راستیبکاتەوەو جارێکیتر بە بۆچوونەکانی خۆیدا بچێتەوە.

لە کاتێکدا بیرمندێکی مەزن بووە، زانایەکی ئەزموونگەرییش بووە.  زۆر جار هێندە بە وردی دەربارەی بابەتەکانی دواوە، کە خودی خۆی وتویەتی ئەم ئەزموونانە هیشتا بەس نییە بۆ دەرکەوتنی راستەقینەیی بابەتەکە.  ئەگەر لە ئەنجامیشدا وەک ئەوەی خۆی دەرنەچووبێت، بە ئاسانی پەشیمان بوەتەوەو بە خۆیدا چۆتەوە.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
١/ دەستنووسەکانی نجع حمادی، ئەو دەستنووسانە بوون، کە لە ساڵی ١٩٤٥دا دۆزرانەوە.  لە گوندی نجع حمادی لە میسر، کاتێک (محەمەد سەلمان) خەریکی هەڵکەندن‌و کێڵانی کێڵگەکەی بووە، گۆزەیەکی گڵێنی دۆزیوەتەوە، دڵی پێی خۆشبووەو وایزانیوە پرێتی لە زێر‌و زیوو لە دەردیسەریی‌و هەژاری رزگاریی دەکات، بەڵام کاتێک گۆزەکە دەشکێنێت سیانزە دانە دەستنووسی تێدا دەبێت.  کە لە پاشدا بە ناوی دەستنووسەکانی نجع عمادی ـیەوە ناسران.  ئەم دەستنووسانە پر بوون لە ئنجیلەکان‌و نووسینەکانی غنوسیە، کە دەورێکی گەوەرەیان گێرا لە وەرگرتنی زانیاری دەربارەی مەعریفەی غنوسیە.  کە پێش دۆزینەوەی ئەو دەستنووسانە ئادابی غەنوسیە دیار نەبووەو هیچی وا دەربارەیان نەزانراوە تا نیوەی سەدەی نۆزدە،  ـ   جگە لەوەی نووسەرانی کنسیون(ئیریناوس، هیبولیتسن،، ئبیفانیوس) لەکاتی خۆیدا لەسەریان نووسیەوە ـ هەروەها جگە لەو دەستنووسانەی کە دەگەڕێتەوە بۆ نیوەی دووهەمی سەدەی چوار‌و پێنج‌و شەشی زاینی، کە ئەمانەش لە ساڵی ١٨٥٠ی زایندا دەرکەوتن، هەروەها جگە لە ئنجیلی مریم لە ساڵی ١٨٩٦ی زایندا.  هەر سیانزە دەستنووسەکانی نجع حمادی بریتیبوون لە چلوهەشت کتێب، کە بە هەموویان هەزار لاپەرە بوون، لەو هەزار لاپەڕەیە ٧٩٤ لاپەڕیان بە تەواوی وەک خۆی ماوەتەوەو نەفەوتابوون.  ئەو زمانەی ئەم دەستنووسانەی پێنووسرابوونەوە زمانی قبتیەکان بوون. بۆیە ناوی نجع حمادی لەو دەستنووسانە نرا چونکە سەلمان موحەمەد لە نزیک گوندی نجع حمادی میسرەوە دۆزینێوە.  لە دواجاردا ئەم دەستنووسانە دران بە قەشەی ئەو گوندە، بەڵام ژنبرایەکی ئەو قەشەیە کەسێکی شارەزا بووەو نرخ‌و بەهای ئەم دەستنووسانەی زانیوە بۆیە رادەستی حوکمی ئەو کاتەی میسری کردوە، کە تاها حساین لەو کاتەدا وەزیری مەعاریف بووەو هەموو ئەو دەستنووسانەی بە دووسەدو پەنجا جونەیهی میسری ئەو سەردەمە کریوەتەوەو لە فەوتاندن رزگاریکردوون. … ویکیپیدیا

٢/  دەستنووسەکانی(بحر المیت): نزیکەی ٨٥٠ دەستنووس بوون، هەندێکێان لە دواجاردا ناودەبران بە کتێبە پیرۆزەکان، هەندێکی دیکەیان وەک کتێب نەمابوونەوەو فەوتابوون.  ئەم دەستنووسانە دوو شوانی کۆچەری دۆزیونێتەوە. زیاتر لە ساڵی ١٩٤٧ و ق٩٥٦دا زانیاری لە بارەیانەوە وەرگیراوە، ئەم دەستنووسانە لە ئەشکەوتی دۆڵێکدا دۆزراونەتەوە، کە ناوەدەبرێت بە دۆڵی قەمەران نزیکی دەریای مردوو. بۆیە بەو ناوەوە ناونراون‌و پێیان دەوترێت دەستنووسەکانی(بحر المیت). … ویکیپیدیا

http://www.ahewar.org/debat/show.art.asp?aid=426592