Ibadi

بورهان شێخ رەئوف :  کابینەکەى عەبادى .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

  

دواى ئەو دڵەڕاوکێ و دوودڵى و گێژاوانەى کە وڵاتى دووزێى نەمر دۆڵى ڕافدەین عێراقى گرتەوە لە پاش هەڵبژاردنە گشتیەکانى 30/4/2014 ، لەسەعاتەکانى کۆتایى ماوە دەستووریەکەیدا کابینەى وەزاریى عێراق بە سەرۆکایەتى دکتۆر حەیدە ر عەبادى ڕاگەیەنرا ، دواى ئەوەى مالیکى هەڕەشەى زۆرکرد و ئاماژەى دا کە بۆ خولى سێ یەمیش خۆى کاندید دەکاتەوەو هێزە چەکدارەکانى بەچڕى لە شەقامەکانى بەغدادى پایتەختدا بڵاوە پێکرد ، بەڵام لە ژێر فشارى مەرجعیەتى شیعە سەید سیستانى و ئامادە نەبوونى هیچ لایەنێک لە پێکهاتەکانى عێراق بۆ پێکهێنانى کابینەى وەزارى لە گەڵ مالیکیدا دروست بوونى جۆرێک لە کۆ دەنگى لەسەر کەنار خستنى مالیکى بە ئەمریکاو ووڵاتانى دراوسێشەوە .
بەڵێ مانگێک چاوەڕوانى ماوەى دەستوورى بۆ پێکهێنانى کابینە نوێ بە سەرۆکایەتى عەبادى کۆتایى هات کەپێویست بوو تەرخان بکرایە بۆ داڕشتنى بەرنامەیەکى نیشتمانى کە هەموو پێکهاتەکانى عێراق لەسەرى هاوڕابن و کۆتایى بهێنن بەو هەموو دۆسیە هەڵسپێراوانەى ساڵانى حوکمى تاکڕەوەى مالیکى کە بە ساڵانى مەرگ ناوزەد کراوە لە زۆریک لە ناوەندەکانى میدیاو خەڵکیشەوە ، چونکە مالیکى لە گەڵ هەموو لایەنەکانى ناوخۆو دەرەوەش گەیشتبووە بنبەست بە کوردو سونە و هەتا بەشێک لە شیعەشەوە بە جۆریکى زۆر بێمنەتانە ڕەفتارى دەکرد ،با زۆر لە باسەکەمان دوورنەکەوینەوە بێینەوە سەر کابینەکەى دکتۆر حەیدەر عەبادى ، کە هەرچەندە لەبەرنامەى حکومەتەکەیدا ئاماژە بە زۆر لە ئێش و ئازارەکانى پێکهاتەکانى عێراق کراوە بەڵێنى باشى تێدایە لەزۆر لە بوارەکاندا ئەگەر بخرێتە بوارى پراکتیکەوە چ لە چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و ناوەندو سوونەکان و زۆر شتى تریش کە هیوادارم ئاسۆیەکى ڕووناکى لێوە دەرکەوێت بۆ کۆتایى هێنان بە ئازارو نەهامەتیەکانى زیاتر لە 30 ملیۆن عێراقى بە هەموو پێکهاتەکانیەوە ،
بەڵام ئەوەى بۆ هەر چاودێرێک جێگەى نیگەرانییە و تەنانەت بۆ هاوڵاتیەکى ئاساییش ئەوەیە کەناکۆکى و ململانێکانى لایەنەکان لەسەر بەرنامەو پاکێجەکانى کارى کابینە و ڕیفۆرم وڕاستکردنەوەى پرۆسەى سیاسى شێوێنراو نەبوو بە قەد ئەوەى لەسەر پشک پشکێنەو بەدەستهێنانى ئیمتیازو دەستکەوتى تەسکى حزبایەتى بو بۆ لایەنەکان لە کابینەى نوێ دا ، بەواتەیەکى دى ئامانجى ململانێ و ناکۆکیەکان و پەراوێزخستنى یەکتر لە ژێر باروودۆخێکى زۆر قورس و تاقەت پڕوکێن و خوێناوى کەڵەکەبوونى قەیرانگەلێک کە مێژووى سیاسى و کۆمەڵایەتى عێراق لە مێژەوە بە خۆیەوە نەدیووە ، بۆیە بەداخەوە زۆر لە هاووڵاتیانى ئەم ووڵاتە ڕەشبینن چونکە گیانى دووبەرەکى و ناکۆکى و تۆڵە ئەستاندنەوە زاڵەبەسەر گیانى لێبووردەیى و لێتێگەشتن و یەکدى قبوڵکردن .
لە کۆتاییدا پێدەچێت دوا مۆڵەت بۆ مانەوەى عێراق وەکو قەوارەیەکى یەکگرتوو سێ مانگى یەکەمى کابینەکە ى عەبادى بێت وەکو میدیاکان باسى لێوە دەکەن بزانین و ببینین عەبادى تا چ ئاستێک دەتوانێت ساڕێژى برینەکان بکات و ئاوێک بە ئاگرى شەڕى تائیفى و پەراوێزخستنى ئەوانى تردا بکات  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت