Rehman-Piroti

رەحمان پیرۆتی  :لە پەراوێزی وتاری رووحانی لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆبوونەوەی کۆڕی گشتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵانە لە نیۆیۆرک، لە بنکەی سەرەکی ئەو رێکخراوە بەڕێوەدەچێ. رۆژی ٢٤ی سێپتامبر، بە بەشداری ١٩٣ وڵاتی ئەندام­ و زیاتر لە سەد رێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتی، ٦٩ەمین خولی کۆڕی گشتی ئەو رێکخراوە دەستی بە کارەکانی کرد. حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران، یەکێک لە قسەکەرانی رۆژی دووەمی ئەو کۆبوونەوە بوو. ناوبراو لە حاڵێکدا کە بەشێکی هەراوی کورسی­یەکانی ئەو کۆبوونەوە بەتاڵ بوون، پەیامی خۆی بە ئاوات­خواستن بۆ سەقامگیربوونی ئاسایش لە ناوچە ئاڵۆزەکان­ و خۆشبژێوی زیاتر بۆ گشت مرۆڤەکانی جیهان دەست­پێکرد. وتاری رووحانی دوو تەوەری سەرەکی هەبوو : یەکەم ، دیاردەی دەمارگرژی ئایینی ­و تێرۆریسمی نێودەوڵەتی ­و دووەم ، پەروەندەی ناوکی ئێران­ و رەوتی وتووێژەکان .

رووحانی لە سەرەتای قسەکانی­دا بە وشیارکردنەوە لەمەڕ مەترسی تووندوتیژی هەوسارپساو، ئاماژەی بە پرۆسەی بەجیهانی­بوونی تێرۆریسم کرد و وتی: “تێرۆریستان بە یەک زمان قسە ناکەن، تەنانەت رەنگی پێستیشیان یەک نییە و لە نەتەوەیەکیش نین. بەڵام ئیدئۆلۆژی­یەکی هاوبەش­یان هەیە: دەمارگرژی­و تووندوتیژی. ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە: لەناوبردنی شارستانیەت ­و ئیسلام­هەراسی ­و دروست­کردنی بەستێنی شیاو بۆ دەستێوەردانی سەرلەنوێی هێزە دەرەکی­یەکان لە کاروباری ناوچە”. ناوبراو بە وەبیرهێنانەوەی ئەو خاڵە کە تێرۆریستان لەناو تۆڕێکی نێونەتەوەیی­دا خۆیان رێکخستووە، بەو پەڕی باوەڕبەخۆبوونەوە، و بە لەبیرکردنی مێژووی هاوچەرخی وڵاتەکەی­ و ناوچە، کۆماری ئیسلامی لە بەرەی دژ بە تێرۆریسم­دا جێ کردەوە و لەو سۆنگەوە داوای کۆدەنگی نێونەتەوەیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تێرۆری کرد. لێرەدا پرسیارێکی مەنتقی دەتوانێ ئەوە بێ کە حەسەن رووحانی، بە کام پشتوانەی سیاسی و مێژوویی ئەو نوسخە­پێچی­یانە دەکا؟ 

نزیک بە چوار دەیە تەمەنی کۆماری ئیسلامی، کۆلێکسیۆنێکی دەوڵەمەند لە کردەوەی تێرۆریستی ­و تێرۆریسمی دەوڵەتی ئەو وڵاتە لە ناوخۆ و دەرەوەیە. لە ناوخۆی وڵات، کۆماری ئیسلامی بە پێداگری لەسەر بیری رادیکاڵیسمی مەزهەبی، بە کەڵک وەرگرتن لە تیرۆر و هەڕەشە و بۆمبارانی تەبلیغاتی­ و بەو شێوە، لە مەیدان بەدەرکردنی لایەن ­و حیزبە سیاسی­یەکان­و قۆڕخ کردنی دەسەڵات­، حکومەتێکی دیکتاتۆڕی بەسەر گەلانی ئێران­دا سەپاندووە کە لەگەڵ هەرچەشنە گۆڕانکاری­یەکی سەردەمیانە نامۆیە. لە لایەکی ­تر، کۆماری ئیسلامی، تێرۆریسمی دەرەوەی سنوورەکانی خۆی هەم بە دژی نەیارانی سیاسی­ و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن ­و، هەم بە دژی رکەبەرانی ناوچەیی خۆی لە چوارچێوەی ستراتێژی دامەزراندنی کەوانەی شیعە و رێبەری­کردنی جیهانی ئیسلام؛ و هەروەها بە دژی بەرژەوەندی وڵاتانی زلهێزی جیهان بۆ وەدەستهێنانی پوان ­و مافی دەنگدان لە بڕیارە نێودەوڵەتی­یەکان بە شێوەیەکی بەرنامەبۆداڕێژراو ئەنجام داوە و تا ئێستاش شێلگیرانە درێژەی پێدەدا.

رووحانی بە لەبیرکردنی ئەو رابردوو و ئەو راستی­یە حاشاهەڵنەگرە، کۆماری ئیسلامی لە دروست­کردنی کێشە ئارایی­یەکانی جیهان­ و بەتایبەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەردەهاوێ ­و “ژمارەیەک لە وڵاتان” بە خوڵقاندنی ئەو دۆخە تاوانبار دەکا. ناوبراو دەڵێ:” دەستدرێژی نیزامی بۆ سەر ئەفغانستان ­و عێراق ­و دەستێوەردانی هەڵنەسەنگێندراو لە پرسی سوریە، نمونە هەرە دیارەکانی ستراتێژی­ هەڵەی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن.” رووحانی ئەزمونی دامەزراندن­ و بەهێزکردنی ئەلقاعیدە و تاڵبان ­و گروپە رادیکاڵەکانی دیکە وەبیر هەمووان دێنێتەوە و دەڵێ:” کە ئەو تەجروبە نیشانیدا کە ناکرێ لایەنێک بە مەبەستێکی تایبەتی بەهێز بکرێ­ و کاری پێبکرێ ­و دواتر لە هەڵسوکەوتە نەخوازراوەکانی کەس بەرپرسیار نەبێ” و بە هەموو ئەو لایەنانەی کە لە خوڵقاندنی ئەو دۆخە بەشدار بوونە، پێشنیار دەکا کە دان بە هەڵەی خۆیان دابنێن ­و نەتەنیا لە بەرامبەر رابردوو، بەڵکوو لەپێناو دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ داهاتوو داوای لێبوردن لە کۆمەڵگای جیهانی بکەن.

ناوبراو “گەشەسەندن­ و دادپەروەری” بە چارەسەری پرسی تێرۆریسم دەزانێ، “ئیسلام­هەراسی” لە بنەڕەتدا بە پرۆژەیەکی دەستکردی رۆژئاوا ناو دەبا و رەخنە لە حەولەکان بۆ پەرەپێدانی دێموکراسی یان بە وتەی خۆی “دێموکراسی هەناردەیی بە کۆڵەپشتی” دەگرێ ­و بە چەند وشەی رازاوە وەکوو میانەڕەوی ­و پێکەوەژیان، نمونەی سەرکەوتووی کۆماری ئیسلامی بۆ وڵاتانی جیهان نوسخەپێچ دەکا. ئەو لێدوانە لە حاڵێک دایە کە کۆماری ئیسلامی، بە بیرۆکەی هەناردەکردنی شۆڕش ­و دامەزراندنی حکومەتی جیهانی ئیسلام فڕچکی گرتووە و هەر لە سەرەتای دامەزرانی­یەوە بەشێوەیەکی پراکتیکی کاری بۆ کردووە، “ئیسلامی رادیکاڵی” نادادپەروەرانە بە سەر گەلانی ئێران و ناوچەدا تاقی کردۆتەوە و بە هەمان رادەی رۆژئاوا، و بگرە زیاتریش لە سەرهەڵدانی رەوتی جیهانی تێرۆریسم و یەک لەوان دروست­بوونی داعش بەرپرسیارە.

رووحانی بەشی دووەم لە وتارەکەی لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ باس لەسەر پەروەندەی ناوکی وڵاتەکەی تەرخان کرد. ناوبراو بە ئاماژە بەوە کە “ئێران بیر لە بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی ناکاتەوە و لە بەرنامەی ناوکیدا هیچ شتێکی بۆ شاردنەوە نییە و لە حاڵەتێکدا کە لایەنەکانی دانوستانکار، ئیرادەی پێویستیان بۆ چارەسەری ئەو بابەتە هەبێ و بتوانن لە ماوەی دیاریکراودا بە رێککەوتنی کۆتایی بگەن، شایەتی کەشێکی جیاواز بۆ هاوکاری ناوچەیی و جیهانی دەبین”، لەشوێن گەڵاڵەکردنی ئەو بابەتە بوو کە “رێککەوتنی کۆتایی لەسەر پرسی چالاکی­یە ناوکی­یەکانی ئێران دەتوانێ دەسپێکی هاوکاری هەمەلایەنە لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەویی­دا بێ”؛ واتا پوان وەرگرتن لە بەرنامەی ناوکی بە پوان­دان لە سیاسەتی ناوچەیی دەگۆڕێتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە رۆژئاوا، رایگەیاندووە کە ئامادە نییە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ پرسەکانی ناوچە، بەگوێڕەی ویستەکانی تاران، سازان لەسەر بەرنامەی ناوکی ئەو وڵاتە بکا. کۆمەڵگای جیهانی بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە کە بەرامبەر بە چالاکی­یە ناوکی­یەکانی ئێران نیگەرانە و جەختی لەسەر ئەو بابەتە کردۆتەوە کە رێگای ئێران بۆ گەیشتن بە چەکی ناوکی بەربەست دەکا و بۆ ئەو مەبەستە بایکۆت­کردنی بەربڵاوی پیشەسازی نیزامی و کەرتەکانی پێوەندیدار بەو بەرنامەیەیان ئەنجام­ داوە. رووحانی لە تریبونی نەتەوە یەکگرتووەکان، “درێژەکێشانی ئەو بایکۆتە ستەمکارانە بەدژی ئێران، بە هەڵەیەکی گەورە دەزانێ” و وتووێژ و دانوستان، بە تەنیا رێگای چارەسەری ئەو پرسە دەزانێ. ئەوە لە حاڵێکدایە کە وتووێژەکان بۆ چارەسەری ئەو پرسە، زیاتر لە یەک دەیەیە بەبێ دەرەنجام درێژەیان هەیە و بەگوێڕەی زانیاری­یەکانی دەزگا هەواڵگرییەکان، ئێران لەو ماوەدا بەردەوام لە حەولی دروست­کردنی چەکی ناوکی دابووە.

ئێستا، ئێران­و وڵاتانی ١+٥ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی، کەمتر لە دوو مانگ­یان کات ماوە و ئەگەر لەو ماوەدا پرسی ناوکی ئێران رێگاچارەی بۆ نەدۆزرێتەوە؛ درێژەکێشانی بێ­دەرەنجامی دانوستانەکان تەنیا دەتوانی لە چوارچێوەی پرۆژەی کۆماری ئیسلامی بۆ “یاری­کردن بە رۆژئاوا” تا گەیشتن بە مەبەستی سەرەکی خۆی، واتا بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی، پاساوهەڵگر بێ.

بە گشتی، دووەمین وتاری رووحانی لە کۆڕی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەرەڕای ئەوەی کە تەواو بە مەبەستی پێشاندانی سیمایەکی میانەڕەوو سەردەمیانە لە کۆماری ئیسلامی داڕێژرابوو، بەڵام تەواو لەگەڵ ناوەڕۆک ­و چییەتی ئەو حکومەتە ناڕێک بوو. کۆماری ئیسلامی باشترین بەڵگەی “ئیسلام­هەراسی”یە؛ دیارترین نمونەی تێرۆریسمە و ئەگەر کۆمەڵگای جیهانی پێش بە چالاکیە ناوکی­یەکانی نەگرێ، نەتەنیا بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بە مافی خۆی دەزانێ بەڵکوو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی لە بەکارهێنانیشی سڵ ناکاتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت