پەشێو حەمەئەمین : ئایا ئێمە کۆمەڵگایەکی گێلین ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ساڵە های ساڵە ئێمە لە جیهانێکی مارشناڵی دۆگما کراودا ، وەكو بێ ئاگاترین ئادەمی سەر ڕووی زەمین ژیان گوزەر دەکەین و کەچی پێمان وایە ئێمە هۆشیار ترینین میللەتی سەر گۆی زەوین .
لە ڕاستیدا ئەوەی لای ئێمە بەبنەما وەردەگیرێت ، لە جیهاندا دەمێکە بەبنبەست گەیشتوەو کۆتایی بەو کلتورە هاتووە ، لە هەموو دنیادا میللەتان خاوەنی یەك باوکی ڕۆحین و شانازی پێوە دەکەن . بەڵام ئەو باوکە لە مێژودا بەشێوازێك بۆ ووڵات جەنگاوەو هەوڵی داوە بۆ شکۆمەندی ئەو گەلە ، کە لە پێناویدا هەموو شتێکی بەخشیوە ، بۆ نمونە غاندی لە هیندستان وماندێلا لە ئەفریقا . یا فەلەسوفە ناودارەکانی بەر لە زاین لە ئەسینا ، ئەمانە نمونەی بەرزی مرۆڤایەتین و لە تەواوی دنیادا بەرز نرخێنراون .
بەڵام کاتێك دەبینیت لە کوردستان کەسانێك ئەو پێگەیان پێ دەدرێت و بەئەندازەی پەرستن چۆکیان بۆ دراوە ، کە سانێکن ، پاڵەوانی شەڕی ناوخۆن ، پیاوی یەکەمن لە نێو ڕیزبەندی گەندەڵکارەکانی جیهان ، لە زۆرباردا بۆ پاراستنی مەوقعی خۆیان خیانەتی نیشتمانیان کردووە ، بکوژی ئازادی و بکوژی قەڵەمن . نە داهێنەرو نە فەیلەسوف ، نە شۆڕشگێڕو نە شیوەنگێڕ ، نە داناو نە زانان . بەڵکو کەسانێکن لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا بۆ بەرژەوەندی خۆیان و خانەوادەکەیان تێدەکۆشن ، وەكو سەردەمی چاخەکانی ناوەڕاست ئامادەن هەموو جۆرە قوربانیەك بدەن بۆ مانەوەی خۆیان .
گەر لە هیندیەك بپرسیت غادی چی بۆ کردوون ، پێویستی بە نوسینی کتابێك هەیە بۆ وەڵامدانەوە . گەر لە گەلی ئەفریکا بپرسیت ماندێلا لای ئێوە مانای چیە ؟ بەدڵنیاییەوە دەڵێن : ماندێلا ژیان و ئازادی و نانی بۆ هێناین . گەر لەگەلی فەڕەنسا بپرسیت پاڵەوانانی شۆڕش چی بۆ کردوون ؟ دەڵێن ڕزگاریان کردین لەو لویسە یەك بەدوای یەکانەی ، کە پێیان وابوو گەل ڕۆژانە پسکیتێکیان بەسە بۆ ئەوەی پێی بژین .
ئاخر ئامانە سەرمایەی مەعنەوین نەك سیاسیە بازرگان و بۆگەن و گەندەڵ و دزو مافیاو مرۆڤ کوژەکانی ئەمڕۆی ئێمە .
بەدبەختی تاکی کوردی لەوەدایە ، هەرکەس لە ڕوانگەی بەرژەوەندی تایبەتی خۆیەوە هەڵسەنگاندن بۆ سەروی خۆی دەکات . بۆیە ئەمە گێلیەتی کۆمەڵگامان بۆ وێنا دەکات ، کە ئێمە کۆمەڵگایەکی خەوتوو بێ هۆشین .
گەر لە هەر تاکێك لەو کۆیلانە بپرسیت ؟؟
چۆن وابەستەی ئەو سەرۆکەیت و بۆچی وا بە ئومێدەوە لێی دەڕوانی ؟
چی بۆ کوردو کوردستان کردووە ، لە کام جەنگدا سینگی بۆتە قەڵغانی پاراستنی گەڵ ؟
لەکام شوێندا بنکەیەکی خێرخوازی کردۆتەوە بۆ بێ سەرمایەو لێقەوماوانی ئە م ووڵاتە ؟
لە کام زینداندا لە پێناوی نیشتمان نیوەی تەمەنی پێشکەش کردووە ؟
ئەوا لە وەڵامدا ڕادەمێنێ و تەنها ئەوە دەزانێ بڵێ زۆری کردووە زۆر زۆر ، چونکە تەنانەت ڕاهێنراون لە سەرئەوەی کە چۆن وەڵامیش بدەنەوە . بە چ لۆژیکێك قسە بکەن و چ زمانێکی شێواو بەکار بێنن .
لە زەمەنی سپارتاکۆس و چاخەکانی ناوەڕاستدا کۆیلایەتی بە زۆر بوو ، بەڵام لە واقیعی ئەمڕۆدا مرۆڤەکان بەویستی خۆیان وەك کۆیلەیەك خۆیان بنیاد دەنێن و کەچی شانازیشی پێوە دەکەن .
کاتێك پێشەوا لە سێدارە درا ، بە ئومێدەوە تەحەدای دەکرد کە بەدەیان پێشەوای تر دروست دەبێتەوە ، کە وەك ئەو لە پێناوی بەژەوەندی گەلدا خۆیان فیدا کەن . بەڵام کوانێ پێشەواکانی دوای قازی لە کوێن ؟
بە داخەوە ئەمڕۆ هەموو بازرگانن ، هەموو پیاوی نۆکەرو خائینن ، تەنانەت هەندێکیان دۆستی ئەو ووڵاتەن کە قازیان لە سێدارەدا . هەندێکی تریشیان دۆستی کەمالیستیەکانی تورکن کە چەندین ساڵە لە باکوردا ، لە هەوڵی سڕینەوەی کلتورو زمان و کۆتکردنی مرۆڤی کوردن .
کەچی گێلیەتی ئێمەی تاك لە کۆمەڵگادا و کاڵفامی لە هزرو هۆشی نەتەوەییمان ، ئەمڕۆ ئەمانەی کردووە بەباوکی ڕۆحی و سەرمایەی مەعنەوی ئەم ووڵاتە …. بەداخەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت