سیروان کاوسی : خوشکوبرای هاوڕەگەز و هاوخوێنم ، هاونیشتمانم .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

خوشکوبرای هاوڕەگەز و هاوخوێنم ، هاونیشتمانم!
ئەگەر بەڕێگەی فڕۆکەی تورکیا دەگەڕێیتەوە کوردستان!
ئەگەر پیشەت بازرگانە ، لەکۆمپانیای تورکی کەلوپەل دەکڕیت!
ئەگەر کوردی رۆژهەڵات ، یان باشووریت و لە ئۆروپا دەژی و ، لە تورکیا خانووت کڕیوە!
ئەگەر دانیشتووی ئۆروپایت و، بەرەو تورکیا دەچی، بۆ ئەوەی پشووی ساڵانەت لە تورکیا بەریتەسەر!
ئەگەر سیاسەتکار و دەسەڵاتداریت و لەگەڵ تورکیا رێککەوتننامەی چەندین و چەند میلیارد دۆلاریت هەیە!
ئەگەر لە باشووری کوردستان دەژی ، شتومەکی تورکیا دەکڕی ، چۆنکە بازاڕی نیشتمانتی داگیرکردووە!
بۆ چرکەساتێکیش بووە ، بیر بکەرەوە پەنا بەرە بەر ویژدانی خۆت ، چارەنووسی خاک و نەتەوەکەت لەسایی ژێردەستیی داگیرکەرانەوە بهێنە بەرچاوت ، ئەوجا دەزانی ، ئەو پارەی لە گیرفانی تۆ و لەرێگەی تۆوە دەبێتە لیرەی تورکی ، خزمەتی داهات و بووجەی رژێمێ دەکا کە شانبەشانی عەرەبی سوننە، بەوێنەی سەردەمەکانی عەباسی و عوسمانی بڕیاریداوە خاک و نەتەوەکەت بەداگیرکراوی و کۆیلەتی بهێڵێتەوە.
هەزاران کوڕوکچی جوان و و نەونەمام و شۆڕەلاوی تازەپێگەیشتووی گەلەکەت کە هومێد و وەچی دواڕۆژی نیشتمانەکەتن ، گیان و ژیان و داهاتووی خۆیان ناوەتە لاوە، چوونەتە بەرەکانی جەنگێکی گەورە و پیرۆزەوە ، بەرگری لە جێنۆسایدی خاکی نیشتمان و گەلەکەت دەکەن. دەسا تۆش هەڵوێست بنوێنە، نەفرەت بکە لە هەرچی خۆشی و داهات و بەرژەوندییەک، کە خزمەتی بەهێزبوونی داگیرکەری نیشتمانەکەت و، لەنێوچوونی گەلەکەت دەکات!
هەلێکی تاکهەڵکەوتووی زێڕین بەدرێژایی مێژوومان سەریهەڵداوە، ئەم هەلەش بە خوێنی کچان و کوڕان و ژنان و پیاوانی گیانبەخشی گەلەکەمان لە ‘کۆبانێ” هاتووەتەبوون، ئێستا دنیای ئازاد و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی پشتیوانمانە ! بەهۆی پشتگیریی ئاشکرای تورکیا لەدڕندەکانی عەرەربی سوننە (داعش)، ناکۆکیی لەنێوان رژێمی تورکیا و رۆژاوا سەریهەڵداوە. ئەمریکا و رۆژاوا بەگشتی یارمەتی سەربازیی ئەو هێزەکوردییە جوان و بەهێزە دەدەن کە تاکو دوێنێ لەبەر خاتری دلی رەگەزپەرستانی تورک ، بە ” تێرۆریست” دەدرایە قەلەم. لەمە هەلی باشتر بۆ کورد روونادا. دەسا تۆش بەکردەوە هەنگاو بنێ و لەم قۆناخە هەستیارەدا ببە پشتیوانی گەلەکەت. پشتگوێخستنی سوود و بەرژەوندیی کەسیی خۆت، حیزبەکەت یان بنەماڵەکەت ، هەرچەندە بچووکیش بێت، دەرورۆڵی هەیە لە لاوازکردنی توانای ئابووریی دوژمنی نەتەوەکەت و، پێشخستنی بزاڤی رزگاریخوازیی گەلەکەت.
با خۆپێشاندانی جەماوەریی باشووری کوردستان بۆ پشتیوانی لە کۆبانێ، هاوکات بێت لەگەڵ درۆشم و کەمپین بۆ بایکۆتکردنی هەموو جۆرە شتومەکی تورکی. با داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، لەڕوانگەی ستراتیژ و بەرژەوەندیی نەتەوەییەوە بڕوانێتە هەر جۆرە پێوەندیی سیاسی و ئابووریی لەگەڵ داگیرکەرانی کوردستان. هەموو بەشەکانی کوردستان و هەر بستێکی کوردستان، خاک و نیشتمانی هەزاران سالەی کوردن و، وەکیەک گرنگییان هەیە و، هیچ پارچە و بستێکی کوردستان نابێ بکرێتە قوربانی بەرژەوەندیی بەشێک و حیزبێک و لایەنێک.
بەکورتی، ئەگەر دەمانەوێ کۆتایی بەزنجیرە جێنۆسایدی گەلەکەمان بهێنن کە لەلایەن ترکانەوە سەدان سالە درێژەی هەیە! لەهەر بوار و رێگەیەکەوە دەتوانین پشتیوان و دڵسۆزێکی راستینەی رێبازی پیرۆزی رزگاری و سەربەخۆیی کوردستان بین لەژێردەستی داگیرکەری تورک و، هەروەها داگیرکەرانی تەنگەتیلکە و رەگەزپەرستی فارس و عەرەب، کە بێگوێدانە هەموو یاسا و پرنسیپێکی مرۆڤی و نێونەتەوەیی، دڕندەتر و گەورەتر لە رابردوو، سوورن لەسەر قڕکردنی نەتەوە و داگیرکردنی نیشتمانەکەمان!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت