Barzani-Sedam

دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : بەشی کورد لە مۆزەخانەی مافی مرۆڤ لە کەنەدا چی تێدایە ؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر بەپەرۆشەوەبووم بەزووترین کات بگەمە شاری  وینیپیگ و سەردانی مۆزەخانەکەی مافی مرۆڤ بکەم، بەزۆریش لەبەر ئەوەی تەنها مۆزەخانەی مافی مرۆڤە لەناو هەموو مۆزەخانەکانی جیهاندا جێگەیەکی بۆ جێنۆسایدی کوردی، تێدا کرابێتەوە . دوای سێ کاژێڕ بە ئاسمانەوە گەیشتینە شاری وینیپیگ و رۆژی دوایی چووینە سەردانی مۆزەخانەکە .

   لە شەقامی سەرەکییەوە کە بە پێ بەرەو مۆزەخانەکە دەڕۆی ، پێش ئەوەی بگەیتە دەروازەی سەرەکی بە نزیکەی ٢٠٠ تا ٣٠٠ سەت مەتر، بە تەنیشت پەیکەرێکی” گاندی ” دا تێدەپەڕی . ئەوجا دوای ئەوەی بلیت دەبڕی و بۆ گالێریی یەکەم دەڕۆی ، بەرەوڕووی دیوارێکی ئەلێکتڕۆنی سپی دەبیتەوە کە وا دەزانی لەودیوەوە دووکەس بە دەستنووس بە زۆربەی زمانەکان بەخێرهاتنی حەشاماتەکە دەکەن . کاتێکیش دەچیتە ناو گالێرییەکەوە ، لەدەستی چەپدا ، رووبەڕووی دیوارێکی بەرز دەبیتەوە ، کە لیستێکی دوور و درێژی وڵاتان و سەردەمی جێنۆسایدی ئێتنی ، کولتووری و ئاینی تێدایە. لەخواری خوارەوەی دیوارەکەدا ، ناو و وینەی گەورە کەسانی مێژووییان ریز کردووە ، یەکەم وێنە وێنەی فیلۆسۆفی کورد ” زەردەست ” ە ئەوجا کۆڕش و ئیفلاتوون و …………. زۆری دیکەش . وەلێ زۆر بەداخەوە  ئەنفال و جێنۆسایدی کورد لە لیستی سەر دیوارەکەدا نەبوو – ئێمەش کۆمێنتێک و گلەییەکمان بۆ ناردن .

مۆزەخانەکە هەشت نهۆمە و دوای ئەوەش تاوەرێکە ” تاوەری هیوا ” . لە گالیری یەکەمەوە دەتاوانی بە ” ئەلەڤێتەر ” یان بە پێیان بە رێگەیەکی سەرەوژووردا سەرکەویتە سەرێ بۆ گالێرییەکانی دیکە . لێرەدا نامەوێت خوێنەر بە وردەکاری سەرقاڵکەم و دەچمە ناو کڕۆکی بابەتەکەوە .

مۆزەخانەکە ، مۆزەخانەیەکی ئەلێکتڕۆنییە ، بەواتای ئەوەی ، بە دەگمەن نەبێت شتێکی فیزیکی تێدا نییە و ئەوەش بووەتە جێگەی رەخنە . بەڵام بۆ ئێمەی کورد ئەمەیان باشترە ، ئاخر ئەگەر فیزیکی بوایە ، جێگەی کوردی تیدا نەدەبوو ، چوونکە ئەوکاتە دەبوو دەسەڵاتی باشووری کوردستان یان پارتێکی ئەو بەشە بەو ئەرکە هەستایە و بەدڵنیاییشەوە دەڵێم هیچ لایەکیان نەک هەر ئەو ئەرکەیان نەدەگرتە سەرشان ، ئاگاداریشی نەدەبون . ئێمەش ” خۆم و کچەکەم ” کە ئەو ئەرکەمان لەخۆگرت ، ئەگەر مۆزەخانەکە فیزیکی بوایە هیچمان بەهێچ بۆ نەدەکرا . یەکەم لەبەر ئەوەی ئەو ئەرکە  لەتوانای ئێمەدا نەبوو .  دەسەڵات و پارتەکانیش گوێ بەو شتانە نادەن – خێری تێدا نییە بۆ پەزەکە .

ئەوەی دەربارەی کورد لەمۆزەخانەکەدایە

لە گالێری چوارهەمدا ، کۆمپیوتەرێکی درێژ لە شێوەی میزدا ، دانراوە و بەش بەشە ، لە هەردووک لای راست و جەپی کۆمپیوتەرەکەشدا ، ژووری جیاواز هەیە و کۆمپیوتەری تێدایە و هەمووشیان هاوبەشی پڕۆگرامی سەرەکین . پڕۆگرامی سەرەکیش ، بە دۆکیومینتەوە ناساندنی جێنۆسایدی نەتەوە و کەماێتییە نەتەوەیی و ئاینیەکانە و …………….. هتد .

بەشی کورد چی تێدایە

بۆ پێناساندنی سەردانکەر ، لەپێش هەموو شتێکەوە ، نەخشەیەکی ئێڕاقیان لە رۆژهەڵاتی نێویندا خستۆتە بەر چاو . ئەوجا کورتەیەک میژوی کورد و رێکەوتنی یازدەی ئازار و وێنەیەکی ” بارزانی رەوانشاد ” و سەددامیاین داناوە کە دەستی یەکدییان بەرزکردۆتەوە . دوابەدوای ئەوە وینەیەکی ” سەددام و شای ئێران و سەرەک کۆماری جەزائیر” یان داناوە کە پەیمانی جەزائیریان بەستووە . بەواتای ئەوەی ، سەددام و شای ئێران و سەرۆکی جەزائیر تاوانبار دەکەن بەوەی کە بەسەر کورد هێنراوە .

لە پڕۆگرامی مۆزەخانەکەدا دۆکیومێنتی نووسراو و وینە و ڤیدیۆ کلیپ هەن ، لەوانەش و لە پێش هەموویانەوە ، فەرمانی ئەنفالی کورد کە لەسەرکرداێت بەعسەوە دەرچووە ، ئەوجا وتارێکی پاڕلەمانتاری کەنەدی ” جان کەڕاجیاڵ ” ە کە داوا لە پاڕلەمانی کەنەدا دەکات ، جێنۆسایدی کورد بناسێنێ ، دوابەدوای ئەوانەش دیمانەیەک لەگەڵ بەڕێز ” ئاراس ” کە رزگاربویەکی کیمیابارانی هەڵەبجەیە و باسی بەسەرهاتەکەی هەڵەبجە دەکات ، هەروەها ڤیدیۆ کلیپێکی ئافرەتێکی رزگاربووی ئەنفالەکانی گەرمیانیشی تێدایە و باسدەەکات کە چۆن هێرشیان کروەتە سەر گوندەکەیان و بەرەو کامپەکان براون، ژن و پیاو و منداڵێان لێکجیاکردوونەوە و لەوەودوا بەرو مەرگیان بردوون و کەس کەسی نەبینیوەتەو . لە وینەکانیشدا ، وینەی عومەری خاوەر کە سیمبۆڵی گازکردنی هەڵەبجەیە و پێڵاوی منداڵێکی ساوای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی حەمرینە کە کچەکەم وێنەی گرتووە و ئێستا وەک چۆن وینەکەی عومەری خاوەر بووەتە سیمبۆڵێک بۆ گازکردنی هەڵەبجە ئاواش ئەو پێڵاوە بووەتە سیمبۆڵی ئەنفال. جگە لەوانەش چەندین وێنە و دۆکیومێنتی جێنۆساید و بەسەرهاتی دیکەی تێدایە هەتا دەگاتە دادگایی کردنی هێندێک لە سەرانی بەعسیش . لەژێر وێنەو دۆکیومێنتەکانیشدا دەتوانی” کلیک” ی بەدواداچوون بکەیت و زیاتر زانیاری لەسەر وەرگریت .

ئێستاس بەپێی توانا هەول دەدەم وینەو ڤیدیۆکان دابنێم . هیوادارم جێگە بگرن .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت