PJAK

لوقمان غەفوور : ئەرێ ” پژاک” دەنگی نییە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان” پژاک ” بێدەنگە یان لەسووڕی متبونێکی سیاسیدایە و دەیەوێت لەناکاو وەک پەیەدە بروسکەیەک بێت و ئەمیش لەئاسمانی خۆرهەڵاتی کوردستاندا چەخماخەی گەریلاکانی ، دوژمنێکی دیکە بسوتێنێ .

وردە وردە ئەو گۆشەنیگایە لای خەڵکی کوردستان دروست دەبێت کە تاکە جووڵەیەک لەنێو منداڵدانی کوردایەتیدا مابێتەوە لەم قۆناغەدا ، تەنیا قوتابخانەکەی ئاپۆ-یە، لەدوای ئەم قوتابخانەیەوە بیری سیاسی و تێفکرینی کوردایەتی خۆری بەرەو ئاوابوون دەچێت.
هەر ئەمەشە وایکردووە تێکشکاندنی ئەو سنوورە دەستکردە لەسەردەستی کۆما جڤاکین کوردستان ( کەجەکە) رۆژ بەرۆژ جێگەی خۆی دەکاتەوە ، ئەم قوتابخانەیە کە بەیەک بیری سیاسی و ئایدیۆلۆژی و سەربازی و کلتوری بەرێوە دەچێت، لەهەر کوێیەکی دونیا بێت هەمان رۆحی کوردایەتی لەناو جەستە و زهنیاندا دادەچۆڕێ، ئەوەی لەئامەد و قەندیلە بەهەمان تێفکرینەوە چاوی لەسنە و قامیشلو و هەولێر و سلێمانی و مهابادە.
بیرکردنەوەی گەریلایەکی پەکەکە هەمان بیرکردنەوەی شەرەڤانێک و هەمان دیدی قارەمانێکی پژاکە ، هەربۆیە پێتان سەیر نەبێت پەیەدە داوای مۆڵەت ناکات سبەی شەرەڤانان رەوانەی سەردەشت و بانە بکات ، هەروەک چۆن پەکەکە داوای مۆڵەتی نەکرد بۆ ناردنی هێز بۆ کۆبانی و شەنگال دژی داعش .
لەوانەیە ئەم نەغمەیەی کە من پێی دەخوێنم نیگەرانی دروستکات لای بەشی زۆری حزبەکانی خۆرهەڵات و باشور و خۆرئاوا ، بەڵام ئەم راستییە لای من لەگۆشەنیگایەکی حزبییەوە نییە ، ئەوەندەی لەدیدێکی دروستی سیاسییەوەیە و نموونەکانی دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی سوریا بەتەواوی ئەو راستییەیان دەرخست .
پرسیارێک کە هیچمان ناتوانین خۆمانی لێ لادەین”بەر لەساڵی 2011 کێ پەیەدە و یەپەگەی دەناسی ، شتێک هەبوو لەسوریا بەناوی بەرخودان و شۆڕشی چەکداری ؟”، بێگومان کەم کەس لەباشوری کوردستان ناوی ئەمانەی بیستبوو تەنیا ئەوانە نەبێت کە قاڵبووی خوێندنەوەی ژیانی سیاسی گەریلا و پەکەکە بوون لەنێوان سوریا و تورکیا .
بۆ خۆم کاتێک ” کتێبەکەی محەمەد ” لەنوسینی نادیرە ماتیرە رۆژنامەنووسی تورک – م خوێندەوە کە حیکایەتی ئەو سەربازانەیە لەبەرەکانی جەنگ دژی پەکەکە جەنگاون، یەک لەو بەرانە، سنوری نێوان تورکیا-سوریایە. کاتێک سەربازەکان دەگێڕنەوە پەکەکە وەک کاسپەر وابوون لەناکاو گورزێکیان دەوەشاند و دەچونەوە ناو خاکی سوریا. لەمەوە تێگەیشتم ئەمانە بەناو پەکەکە بوون، بەڵکو لەبنەڕەتدا ئەم پەیەدە-ی ئێستا بوون .
رەنگە پرسیاری سەرەکی لەنێوکۆی ئەم باسە بۆ دوای بەرخودانی کۆبانی، بەرۆکی خۆرهەڵاتی کوردستانی گرتبێت کە ماوەی یەک هەفتە شارەکانی مهاباد و بۆکان و سنە و سەردەشت و بانە، بوونە مەڵبەندی گەورەی خۆپیشاندان و پشتگیری لەکۆبانی، بێشک بەدەر لەململانێ هەرێمیەکەی نێوان تورکیا و ئێران کە یەکێکیان بەپاڵپشتی ئەسەد و ئەوی تریان بە دژی ماونەتەوە، بەڵام ئەو بەرخودانەی خۆرهەڵاتیش لەو چەند رۆژەدا بەشە گەورەکەی بۆ ئەو باسکە نهێنییە سیاسییەی پژاک دەگەڕێتەوە لەئێران و لەئایندەشدا دەردەکەوێت، هەروەک چۆن پەیەدە ساڵی 2007 لەشارەکانی کۆبانێ و قامیشلوو خۆپیشاندانی دژی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر قەندیل، ئەنجامدا، لەکاتێکدا ئەوکات ناوێک نەبوو لەسەر زاری هیچ گەنجێکی کورد و لەدوای 2011ەوە بووە وێردی سەر زمانی هەموان، ئاواش رۆژێک سەردەشت یان مەریوان و بانە ئەبێت بەجێژوانی بەرخودان و پژاک و دۆزەخ بۆ دوژمنێکی دیکە دادەخەن .
پرسیارێکی تر کە هێشتا کەم کەس توانیویەتی وەڵامی چنگ کەوێت، ئەویش ئەوەیە”بۆچی ئەو باسکە سیاسیەی کۆما چڤاک لەباشور سەرکەوتوو نەبووە ، واتە بۆچی پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان لەباشور شکستی هێناو نەیتوانی جەماوەر لەدەوری ئەو قوتابخانەیە کۆکاتەوە ؟” بەرای من هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو، رێبەرانی ئەو باسکە لەئاست ئەو متمانە پێدانەی ئەو قوتابخانەیەدا نەبوون، بەپێچەوانەوە ئەوەندە بونە پاشکۆی حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەندە وابەستەی قوتابخانەکەی ئاپۆ نەبوون و لەرێ لایاندا و ئەنجام لەو تاقیکردنەوەیە دەرنەچوون، ئەو جەماوەرەش کە ئێستا لەهەرێمی کوردستان پشتگیریان بۆ کۆبانی دووپاتکردەوە، لەخۆشەویستیانەوە بوو بۆ بەرخودان و قارەمانێتی قەندیل و بەتایبەتیش قارەمانێتی ئەم دواییەی شەرەڤانان و پەیەدە .
کۆتا قسەم بەو بیرەوەرییە کۆتایی دێنم کە لەهاوینی 2010 کاتێک رێمکەوتە ئەستەنبول، لەناو دڵی تورکیادا لەشەقامێکی نزیک تەقسیم ، لەکتێبخانەیەک، لامدا، ئەوەی منی جۆشی کوردایەتی دا، خاوەنی ئەو کتێبخانەیە بوو کە وێنەیەکی ئاپۆ-ی هەڵواسی بوو، هیچ باکێکی بەگرتن و زیندانی نەبوو، هەر بۆیە کاتێک ترسم بۆ شیکردەوە، ئەو تێیگەیاندم کە 4جار زیاتر لەسەر هەڵواسینی ئەو وێنەیە زیندانی کراوە و 4 جاری تریش زیندانی بکرێت ئامادە نییە ئەو وێنەیە لابدات، ئەمە ئەو بەرخودانەیە کە کۆما چڤاکێن کوردستان کێشاوێتی .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت