Daesh-3

 عیماد عەلی : رۆشنبیران و بازرگانیی بەرپرسان لەگەڵ داعش !

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆر باسی بازرگانیی بەرپرسانی کورد و داعش نەکرا، بەڵام ئەوەی جێی مشتومر و پرسیاری زیاترە کەس خۆی لەقەرەی مەسەلەی ئەو پارە زەبەلاحەی بەرپرسانی کورد نەدا .
بە بۆچونی من، دیارە لەبەر دوو هۆی سەرەکی بێت ؛
یەکەم : ئەوەی بازرگانی لەگەڵ داعش کردبێت دارودەستەشی تێدایە و خەڵکی لابەلای تێکەوتوە و بازرگانی بچوک و پیاوی ئەم و ئەویشی تێدایە و هەریەکە و بە پێی چۆنێتی بەشداریکردنی پێویستە لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت و وا باس دەکرێت کە ژمارەیەکیان گیرابن و کەس باسیان ناکات و ناویشیان جۆتە بنی گۆمێکەوە .
دووەم: ئەم گەندەڵیە تا رادەیەک خیانەتکارانەیە و لەکاتێکدایە کە هەواڵی پارە زل و زەبەلاحە ملیارەها دۆلارەکەی بەرپرسانی کورد دزەی کردۆتە نێو میدیاکانەوە، ئەگەر جار وبار باس لە بازرگانی لەگەڵ داعش دەکرێت چونکە خەڵکی سەرجەم لایەنەکانی تێدایە و زەرەمەندی یەکەم ئەو کەسانەن کە لە خوار پلە و پایە زلەکاندان و بۆ ئەوان بازرگانی دەکەن، ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی تر بۆ ئەوەی ئەو هەواڵە ترسناکترەکە داپۆشرێت کە باس لە دە بەرپرسە زەبەلاحەکە دەکات لە بردنی ماڵ و سەروەتی میلەت تێوەگلاون کە بە سێ سەد ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە لەکوردستاندا، رۆشنبیران و حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشو و دەسەڵاتی ئێستاش کە وەعدی چوار ساڵی ئارامیان دابوو نقەیان لە خۆیان بریوە لەم بارەوە و سەری خۆیان کزکردووە ەک نە بایان دێبێت نەباران .
لێرەدا ئەوەی زیاتر مەبەستمە ، رۆشنبیرانی کوردستانە کە زۆربەیان لافی بێلایەنی دەدەن، بەڵام لە پرسێکی گرنگی وەک بازرگانیەکە و دزەکردنی هەواڵی ئەو هەموو سەروەت و سامانەی بەرپرسان لە کاتێکدا کە فەرمانبەران سێ مانگ جارێک مەعاش وەردەگرن، ئەوانیش دابەشبونی خۆیان بەسەر حزبەکاندا سەلماند و بەرژەوەندیە گشتیەکانیش کە زۆر جار باسیان دەکرد ئەوان خۆش .
من لێرەدا ئەگەر بابەتیانە باسی ئەو پرسە هەستیارە بکەم، دەڵێم بەرپرس چەند گەدەڵ بێت لەبەرژەوەندی خۆیدایە کە نەک گەندەڵی شەخسی خۆی بەڵکو هی حزبەکەشی بشارێتەوە ، بەڵام ئەرکی نیشتمانی رۆشنبیری خاکپارێز وشۆرشگێر ئەوەیە ؛ئەوەی زیان بە تاکی کۆمەڵ بگەیەنێت بیخاتە ژێر برسیار و راو هەڵوێستی هەبێت و وردەکاری هەموو نەرێنیەک بۆ خەڵکی باس بکات و هۆکار و چارەسەری بدۆزێتەوە، بەڵام وا دیارە لەگەڵ ئاوابونی خۆری ئۆپۆزسیۆن و بەشداریکردنیان لە دەسەڵات ، رۆشنبیرانی بەناو سەربەخۆش چوونە نێو قۆناغی متبونەوە ، ئەگینا مەعقولە لە پرسێکی وەک بازرگانی لەگەڵ داعشی خوێنمژ و ئاشکرابونی پارە زەبەلاحەکەی بەرپرسانی کورد لەم کاتەدا بەهەر هۆکار و مەرامێک بێت، رۆشنبیران خۆیان لەقەرەی نەدەن و قروقەپی لێبکەن .
ئەگەر بژاردە (نوخبە) ی کورد لە هەر بوارێکدا بێت بێ دەنگی هەڵبژێرێت خەڵکی ئاسایی چی بکات ؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت