Jinu-koll

 دکتۆر ئەحمەد میراودەلی : تێڕوانینێکی نوێ بۆ ” ئافرەت  .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

لە چەند مانگی رابوردوودا و هەتا ئێستاش ، میدیای رۆژئاوا، تیشکێکی زۆری خستۆتە سەر جۆراوجۆر شەڕ و شۆڕش و یاخیبوون کە لێرە و لەوێ سەرهەڵدەدەن . لەو بەینەشدا بەرەوپیرچوونێک و رۆشناییەکی تایبەت و ئاگایەکی زۆر بە سەربازە ئافرەتکانی بەشداری شەڕ دەدەن . بەتایباتیش ئەو ئافرەتە کوردانەی دژی داعش دەجەنگێن . لێرەوە زۆر پرسیار دێنە پێش . لەوانەش .

ئایا میدیا جێندەرییەکان شێوەی شەڕڤان / شەڕکەریان لی شێواندووین ؟

ئەم هۆگرییە بە ئافرەتی شەڕکەرەوە چییە ؟

ئایا میدیای رۆژئاوا نامەیەکی نوێی پێیە ؟

لە خوێندنەوەی بابەتەکاندا ، نە ئەوە دەردکەوێ کە ئەو ئافرەتانە پەری و حۆری بن یان میدیا بۆ راکێشانی خوێنەری زیاتر ئافرەتە شەڕکەرەکان بەکار بهێنێ . لەوەش ناچێت بییەوێت رەوایی هیچ کێشەیەکیش بسەلمێنی یان پێشکەوتنخوازیی کۆمەڵێکی چەکدار روونکاتەوە کە ئافرەتیان لەگەڵدایە . ئەی کەواتە بۆچی زۆرینەی میدیاکان بایەخێکی زۆر بە بەشداری ئافرەتان لە شەڕەکاندا دەدەن و سەردێڕەکانیانی پێ پڕ دەکەنەوە ؟

   بۆ نموونە ؛ سەردێڕێڕێکی ئندیپێندێنت دەڵێ ( ئافرەتێکی خۆبەخشکەری کورد لە شەڕی کۆبانێدا بە بۆمباوە پەلاماری داعش دەدات . ) ` بەڵام ئاماژە بە هیچ گڕوپێکی ئافرەت ناکات کە لەناوجەکەداهەبن و تەنها ئەوە هەڵدەبژێرێ کە تیشک بخاتە سەر جنسی خۆبەخشکەرەکە لە هەڵمەتەکەدا . ئەوە لەکاتێکیشدایە کە زانراوە گروپێکی ئافرەتی چەکداری کورد بە ناوی ” یەپەژە ” هەیە .  دێیلی تێلێگڕافیش بە هەمان شێوە لەسەردێڕیکیدا دەڵێ ( ئافرەتێکی کوردی شەڕکەر لە شەڕی کۆبانێدا هێرشێکی خۆکوژی سەر داعشی کرد . ) ئەمیش تەنها رووناکی دەخاتە سەر مێیینەیی خۆبەخشەکە . هەردوک بابەتەکە ئاماژەیان بەوە داوە کە ئەوە یەکەم راگەیاندراوە دەربارەی ئافرەتی خۆبەخش لە هێرشی خۆکوژیدا . ئەوەی لەو راپۆرتانەدا دیارە ئەوەیە کە زۆر بە کەمی گرنگی دراوە بەوەی کە ئەمە جاری یەکەمە یان رووداوایکی نوێی یە ، لە هەمان کاتیشدا زیاتر گرنگی بەوە دراوە کە کەسەکە ئافرەتە .

   لە بواری شەڕ و پێکداداندا ، گرفتێک هەیە لە ئاوەز و هزری پیاودا ، گرفتەکەش ، ئافرەتی چەک بەدەستە . رۆشنایی خستنە سەر چەک هەڵگرتنی ئافرەت و بەشداریکردنی لە شەڕدا هەتا ئەمڕۆ ، لەگەڵ ئاوەز و هزری پیاودا ، نەگونجاوە ، ئەمەش بەڵگەیەکە دەیسەلمێنێ کە چۆن بیرکردنەوە لە جەنگ و شەڕکەر ، جێندەر کراوە. زۆر کەس هەتا ئێستاش نا ئارامن بەوەی پۆلێک ئافرەتی شەڕکەری بەورە ببینن . پیاو بەشێوەیەکی ویراسی خۆی کردۆتە شەڕکەر و بازرگانی شەڕ . هەر لە هزری خویشیدا ، ئافرەتی کردۆتە بوونەوەرێکی دەستوپێ سپی ئاشتیخواز و کارگەی بەهەمهێنانی نەوەی نوێ و ملکەچ بۆ مێردەکەی لەپێناو قووتی رۆژانەیدا ، وەک ئەوەی ئەگەر پیاو نەبێت ئافرەت لەبراسان دەمرێت – هەتا ئێستا لای خۆمان قسە وا رۆیشتووە .    

   کاتێک خەڵکی بەرەوڕووی شتێک دەبنەوە کە پێشتر نەیان بیستووە یان نەیان دیوە ئارەزووی زانیاری و شارەزابوونیان لەسەری دەبزوێ، ئێستا خوێنەری رۆژئاوا دەیەوێت جیاوازی ئەو ئافرەتە شەڕکەرانە بزانێت و لەو هەڵسوکەوتەیان تێ بگات کە پێچەوانەی هەموو سروشت و نەریت و تێگەیشتنەکانی پێشووی نێر و مێ و سروشتی شەڕن . ماوەیەک لەمەوبەر دەنگوباسی بەتالێۆنێک ئافرەتی ئۆکڕانی بە بەرگی سەربازییەوە کە  سەر بە رووسیا بوون و دژی ئۆکڕانیا دەجەنگان ، سەدێڕی ژمارەیەک رۆژنامەیان پڕکردەوە- ئافرەتی شەڕکەر بە جلی سەربازییەوە. ئەو سەردێڕ و وێنانە بەڵگەیەکن بۆ هەوڵی تێگەیشتن و پۆلینکردنی ئافرەتی شەڕکەر ، لەبەر ئەوەی ئەوەندە بەس نییە کە لەسەر سەرکەوتن و نشوستییەکانیان بنووسرێت ، میدیا دەبێ وێنەی ئەو ئافرەتانە بڵاو بکاتەوە بۆ ئەوەی دەقێکی نوێ دروست بکات و لەهەمان کاتدا بە بەڵگەوە بێتە پێشێ و بڵێ ” ئەو بیروباوەڕەی هەیە دەربارەی شەڕکەر ، وردوخاش بووە ”.

   دیارە میدیای رۆژئاوا ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە ، بەتایبەتیش دەربارەی تێڕوانین لە ئافرەتی رۆژهەڵاتی نێوین ، چوونکە هەر ئەو میدیایە پێشتر خوێنەری بەوە راهێنابوو کە ئافرتانی ئیسلام لە ناوچەکەدا ، خۆیان دادەپۆشن ، پەڕچە / پەچە دەگرنەوە و پێویستییان بە پاراستنە . ئەی ئێستا خوێنەران چۆن بڕوا بکەن بەو راستییەی کە لەجیاتی پەچە و عەباو سەردانەواندن؛ شەرمیان شکاوە و تەنها کاتێک سەردادەنەوێنن کە تفەنگەکانیان ئاڕاستەی نیشانەیەک دەکەن ؟

   دیار تەنها ئافرەتانی ئۆکڕانی و کورد چەکیان هەڵنەگرتووە و لەمێژوودا زۆر جار روویداوە ، ئەمڕۆ میدیا بۆ ئەوە دەنگوباسی ئافرەتە شەڕکەرەکان بڵاو ناکاتەوە کە ستێریۆتایپی / وشکەشێوازی جێندەر بشکێنێ . بەڵکو بەهۆی ئافرەتە شەڕکەرەکان و بەتایبەتیش کوردەکانەوە وا لە خوێنەر بکات لە کۆتاییدا پرسیار لە بڕواکەی خۆی بکات دەربارەی ئافرەت لە جەنگدا . چونکە وێنەکان بۆخۆیان دەدوێن و ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەو ئافرەتانە پێویستییان بەوە نییە چاوەڕوانی ئیزنی نێرینەکانیان بن بۆ ئەوەی بچنە شەڕەوە . ئەوانە ، ئەو ئافرەتانە زۆرینەیان لاون ، هەست دەکەن کە دەبێ بەرگری لە بەها پیرۆزەکانیان بکەن کە ئازادی و نەتەوە و نیشتیمان پارێزییە . زۆرەملێیان لێ نەکراوە کە واز لەو راستییە بهێنن کە ئافرەتن ، بەڵکو زیاتر لەوەدەچێ دەریخەن کە ئەوانیش بە توانان وەک ئەوانەی بەرامبەریان . لێرەوە رەنگە کۆمەڵگە رۆژئاوییەکان بگەنە خاڵی وەرچەرخان ، سێ ریانێک کە هێندە بەڵگە هەن ئەو بڕوایەی هەیە دەربارەی ئافرەت و جەنگ لێکبترازێنێ . لە هەمان کاتیشدا دەبێتە داخوازییەک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە سەرلەنوێ بە مێژوودا بچینەوە کە تێیدا هەموو جەنگەکان نێرینەیی/ masculinised کراون . بۆ تێگەیشتن لە سەر سەرهەڵدانی ئافرەتی شەڕکەر، خوێنەر ناچاردەبێت بەدوای زانیاریی زۆرتردا بگەڕێ ، چاوێک بە پێوەندیی ئافرەت و شەڕدا بگێڕێتەوە و لەوێشەوە بەرەنگاری بڕوا کۆنەکەی ببێتەوە .

   ئەوەی میدیای رۆژئاوا دەینووسێ و دەیڵێ ، زیاتر بۆ رۆئاوایە ، کەمتر کاریگەرە لەسەر رۆژهەڵات بەتایبەتیش رۆژهەڵاتی نێوین و دنیای ئیسلامی . ئەوەی زیاتر کاریگەرە لەسەر هزر و بۆچوونی پیاوی ناوچەی خۆمان ئەو دەنگوباس و وێنانەن لای خۆمان و بەزمانی ناوچەکە بڵاودەبنەوە . ئەوجا پرس ئەوەیە ئایا میدیای خۆماڵی بە چ شێوەیەک وێنە و هەواڵی بەرخۆدانی ئافرەتەکانمان بڵاودەکاتەوە؟، ئایا لەو ئاستەدایە کە وەک میدیای رۆژئاوا نامەی ئەوە بگەیەنێ و بڵێ ئەو بیروباوەڕەی هەیە دەربارەی ئافرەت و شەڕ ، وردوخاش بووە و بە پیاوی کورد بڵێ ، دەربارەی ئافرەت بە تێڕوانینەکتدا بچۆرەوە ؟

   بەهەر حاڵ ؛ کورد دەبێ سەربەرزبێت بەوەی کە ئافرەتەکانی بونەتە هۆکاری تێڕوانینێکی نوێ بۆ ئافرەت لە سەرانسەری جیهاندا .

تێبینی ؛ بۆ نووسینی ئەم بابەتە زۆر سوود لە نووسینێکی خاتوو ” جولیا زولڤەر ” ئافرەتان لە جەنگدا Women in Combat وەرگیراوە .