sudsudan

کامەران وریا قانع : ده‌وله‌ته‌ تازه‌كه‌ى باشوری سودان دۆخی چۆنه‌ ؟

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 هه‌تاكو فیله‌كانیش بێزار بوون له‌ جه‌نگه‌ به‌رده‌وامه‌كان 

ئه‌مه‌ قسه‌ی یه‌كێك له‌ باشورییه‌كانه‌, كه‌ گرنگى به ژینگه‌ پارێزى ئه‌دات . ئه‌مرۆ له‌ باشورى سودان نه‌ك ته‌نها مرۆڤه‌كان ئه‌كوژرێن به‌ڵكو ئه‌و هه‌موو ئاژه‌ڵه‌ كێویانه‌ش ئه‌كوژرێن و ئه‌كرێن به‌ خواردن بۆ شه‌ركه‌ره‌كانى حكومه‌تى جوبا له‌گه‌ڵ هه‌ڵگه‌راوه‌كان .

زۆر جار كه‌ باسى ده‌وڵه‌تی تازه‌ دروست بوو ئه‌كرێت , نموونه‌ى سودانى باشور ده‌هێنرێته‌وه‌ . دروست بوونى ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ زیاتر له‌سه‌ر دوو بنچینه‌ى سه‌ره‌كى بوو , یه‌كه‌م ئاینى جیاواز ( كه‌ زۆربه‌ى باشورییه‌كان كریستیانن ، دووه‌م / له‌سه‌ر بنچینه‌ى بوونى نه‌وت ) ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ كۆمه‌ڵه‌ هۆكارێكى تر كه‌ ده‌وڵه‌تانى دراوسێ و زلهیزه‌كان ده‌ستیان تیا هه‌بوه‌ .

به‌ڵام ئه‌وه‌ى ئاگادراى دۆخی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ بێـت دوای جیابوونه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆیی له‌ 9 ته‌مووزى 2011 تووشى نائومێدیه‌ك زۆر ئه‌بێت .

زۆربه‌ى هه‌واڵه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ شه‌رێكى خوێناوى هه‌یه‌ له‌ناو باشورییه‌كان له‌سه‌ر نه‌وت ، ئایا كێ خاوه‌نى ئه‌و نه‌وته‌یه‌ ؟ چۆن به‌كار ده‌هێنرێت ( له‌ مانگى 9 ئه‌یلولى 2013 هیچ برێكى به‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌فرۆشراوه‌ له‌به‌ر بوونى جه‌نگ !!). . ئێستا ده‌وڵه‌ته‌کە دابه‌ش بووه‌ به‌سه‌ر چه‌ند گروپێكى چه‌كداردا ، كه‌ هه‌ریه‌كه‌و كۆنترۆڵى ناوچه‌یه‌كى دیارى كراوى كردوه‌ . سه‌رۆكی وڵات گروپى چه‌كدارى خۆیی هه‌یه‌ و جێگره‌كه‌شى به‌ هه‌مان شێوه‌ .

شه‌ڕى ئه‌مجاره‌ى باشورییه‌كان له‌گه‌ڵ باكورى ئیسلامدا نیه‌ ، به‌ڵكو له‌ نێوان براكانى باشورن . له‌ ناوه‌راستى كانونى یه‌كه‌مى 2013 شه‌قامه‌كانى جوبایی یایته‌خت بوونه‌ سه‌نگه‌رى دوو گروپی  چه‌كدار , گروپی سه‌رۆك كۆمار ( سلفا كیر میاردیت ) و جێگره‌كه‌ى پێشوى ( ریاك مشار ) كه‌ تاكو ئێستا به‌رده‌وامه‌ , كه‌ به‌ هه‌زاران كه‌س كوژراوه‌ و دوو ملیۆن مرۆڤیش ئاواره‌ بوون به‌ گوێره‌ى راپۆرته‌كانى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان . به‌ جۆرێك كه‌ یه‌كێتى وڵاتانى ئه‌فریقیايى رۆژهه‌لات هه‌ره‌شه‌ى كێشكردنى سوپایان كرد بۆ باشور ، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو لایه‌نه‌ پایه‌ندى رێكه‌وتننامه‌ى 9 تشرینى دووه‌مى 2014 نەبن .

كێشه‌ى سه‌ره‌كى ئه‌م جه‌نگه‌ى ئێستا له‌وەدایه‌ كه‌ داواكارى سیاسى نیه‌ ( وه‌كو په‌رێدانى دیموكراسى و مافی مرۆڤ و داد په‌روه‌ریی و … هتد ) ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ شه‌ڕه‌ له‌سه‌ر سامانى نه‌وت و دابه‌شكردنیه‌تى , دۆخه‌كه‌ به‌جۆرێك گه‌یشتووه‌ كه‌ سیسته‌مى فیدراڵیه‌ت ببێته‌ چاره‌سه‌ر له‌ ناوخوی وڵاتدا  . دۆخه‌كه‌ ئێستا به‌ جۆرێك گۆراوه‌ كه‌ شه‌ڕه‌كه‌ بووةته‌ شه‌ڕى دوو بنه‌ماڵه‌ى ده‌ست رۆیشتو ، ئه‌م هۆكاراش وایكردوه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى نه‌توانن كارێكى جدی بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنى .
چاودێران ئه‌ڵێن : كێشه‌ى باشور ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كێشه‌كانى پێش جیابوونه‌ له‌گه‌ڵ باكور هه‌یان هه‌بوو , ئێستا هه‌مان كێشه‌ دووباره‌ له‌ناو خودى باشور سه‌ریى هه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ . به‌جۆرێك ئه‌گه‌ر جاران باشورییه‌كان هه‌موو خه‌تایه‌كیان ئه‌خسته‌ سه‌ر ناوه‌ند و خه‌رتوم ، ئێستا هه‌مان كێشه‌ له‌ باشور , باشورییه‌كان به‌یه‌كى ده‌فرۆشنه‌وه‌ .
هه‌روه‌ها چاودێران زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م دۆخه‌ ئه‌رۆن ئه‌ڵێن : ئه‌وه‌ى زیاتر باكور و باشورى وێرانکردووە ،  بوونى چینێكى سیاسه‌تمه‌دارى گه‌نده‌ڵ و بێ كه‌ڵكە له‌ هه‌ردوولا .

له‌ كۆتاییدا ئه‌و نه‌وته‌ى باشورییه‌كان خه‌ونیان پێوه‌ ده‌بینى ، كه‌ ژیانێكى ئاسووده‌یان بۆ دابین بكات له‌ وڵاتێكى فاشل و كۆمه‌ڵگاى له‌ت له‌تركراو هیچی تری بۆ جێنه‌هێشتنون . ئێستا زۆرترین په‌ناهه‌ندیى ئه‌فریقی له‌ سودانییه‌كانى باشورن ، كه‌ وڵات به‌جێده‌هێلن به‌گوێره‌ى كۆمیسۆنى باڵا بۆ ئاواره‌كان سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان .
ده‌بێت ئه‌م ئه‌زمونه‌ى كوردیش له‌ باشورى سودان بچێت دوایی سه‌ربه‌خۆ بوون ؟
هیوادارم بنه‌ماله‌ى نه‌وتى كورديى دروست نه‌بیت و ئه‌زموونى باشورى سودان دووباره‌ نەبێته‌وه‌ بەچاپی كوردى .