Tallebani-Barzani

دێهات عوسمان : بەم سێ خاڵە دەسەڵات لە باشوری کوردستان توانی کۆمەڵگای باشوری کوردستان کۆنترۆڵ بکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی : یەکەم

دەسەڵاتی باشوری کوردستان بە تایبەت هەردوو بنەماڵەی فەرمانرەوای خۆسەپێن لەسەرەتای پەیدابوون و گرتنە دەستی دەسەڵات لە باشوری کوردستان لە دوای ساڵی ١٩٩١ بەدواوە , یەکەم هەنگاوی ئەو دووبنەماڵەیە ، هەوڵدان بووە بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستە مۆکردنی کۆمەڵگا . بۆ ئەم مەبەستە رێگای دووبارە بوونەوەی هەنگاوەکانی رژیمە کلاسیکییەکانی ناوچەکەیان دووبارەکردۆتەوە . واتا لە رووکەشدا بوون بە دەسەڵاتێکی دیموکرات و سۆسیال و لە ناوەرۆكدا بوون بە دەسەڵاتیکی داپەڵۆسێنەر .
ئەم دەسەڵاتە بنەماڵەییە ، سێ خاڵی گرنگیان لە کۆمەڵگای کوردستان دابری و خۆیان دەستیان بەسەردا گرت و قۆرخیان کرد .
1 – کۆنترۆڵکردنی ئابووری
بە جۆریك ، تەواوی گوندنشینەکانیان پشتگوی خست لەبەرامبەردا گرینگیان دا بەشارەکان و ، بە خاتری ئەوەی خەڵکی لادیکان روو لە شارو شارۆچکەکان بکەن و ، ببن بە فەرمانبەرو موچەخۆری دەسەڵات ، بۆئەوەی ئابووری سەربەخۆ لەدەستی هاوڵاتیانی کوردستان دەربهێنن و تەواوی ئابووری وڵات بکەوێتە ژیر دەستی خۆیان ، تا هیج هاوڵاتیەك نەتوانێت لەبەر مانەوەی موچەکەی ، دەنگی نارەزایەتی لەدژی گەندەڵی و زوڵم و زۆر ، بەرز بکاتەوە . بەڵی لێرەدا دەسەڵات سەرکەوتوو بوو لە قۆرخکردنی ئابووری و داهاتی هاوڵاتیانی کوردستان و ، بە ئاسانی کۆمەڵگای لەم رووەوە کۆنترۆڵکرد …
2 – دین وەک فاکتەرێک 
دەسەڵات دینی لەدەستی کۆمەڵگا دەرهێنا و دای بەدەستی چەند کەسێکی گوێ رایەڵی خۆیان ، بۆ نمونە دینی دا بەدەستی چەند مەلا و قەشە و کەسایەتیەکی ئاینیی ، بۆئەوەی هەرکات ویستی لە رووی دینیەوە هەژموونی خۆی بچەسپینێت ، ئەوا پەیرەو پرۆگرام و کارەکانی خۆی لەنێو کۆمەڵگا لەرێی ئەم داردەستانەی خۆیانەوە بەپێی خواستی خۆیان بگەیەنێت . واتا جوڵاندیان وەک مەرجەع و لیژنەی فتوا ، بەم کارەشیان دینیان لە کۆمەڵگا سەندەوەو ، ڕادەستی چەند کەسیکی فەرمانبەری ژێر دەسەڵاتی خۆیان کرد . ئەمەش هەمان هەنگاوی رژیمە ناجۆرەکانی ناوچەکەیە . ئەم دەسەڵاتە نەیهێشت دین بەشێوە سروشتیەکەی خۆی دەور ببینێت . 
3 – سیاسەت وەک فاکتەری زاڵبوون .
خاڵی گرنگ ئەوەیە ، ئەم دوو بنەماڵەیە تەنها کار لەسەر دیووە ناشرینەکەی سیاسەت دەکەن ، و لەڕێی دروستکردنی چەند مەکتەب سیاسیەكەوە قۆرخی ئەم چەمکەیان کردووە بەشیوەیەکی ناتەندروست و بێ بنەمای زانستی سەردەمیانە ، واتا راستەوخۆ لەم سەرچاوانەوە تەواوی چەمکەکانی سیاسیان لەکۆمەڵگادا کۆنتڕۆڵکرد ، ئیتر کەوتنە بەرتەسکردنەوەی ئابوری ئازاد و داخستنی دەروازەکانی دنگو ڕەنگی چەمکی ئازادیی ، بۆیە زۆر بەئاسانی و بێ گوێدانە هیچ یاساو ڕێسایەک ، بەبەرچاوی مرۆڤایەتییەوە سزای مەرگیان بەسەر ( سۆران و سەردەشت و کاوە گەرمیانیمان ) دا سەپاند . لە راستی دا سیاسەت هونەرێکی کۆمەڵگایە ، دەبێت هەموو تاکیکی کۆمەڵگا فیری سیاسەت بکرێت بۆئەوەی کۆمەڵگایەکی زیندوو بەرهەم بێت ، چونکە ژیانی رۆژانە هەر لە مامەڵەکردن و گفتوو گۆکردن و کرین و فرۆستن و دروستکردن و روخاندن و تەواوی هەڵسوکەوتی مرۆڤ بریتیە لە سیاسەتکردن . بەڵام بە زیندووبوونی کۆمەڵگا لە باشوری کوردستان مەرگی دەسەڵاتی هەردوو بنەماڵەی خۆسەپێن نزیك دەبێتەوە .
ئەم خاڵانەو چەند خاڵیکی تر ، لە بەشی دووەمدا بەتێرو دەسەلی باسدەکەم .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت