نەبەز گۆران : كەس ( كاوە) نیە , هەموومان سەفەردەكەین .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كەس ( كاوە) نیە , هەموومان سەفەردەكەین . بەڵام ، هیچ كەس ، وەك ( كاوە) و (سۆران) و (سەردەشت) بەجوانی سەفەرناكات .

لەوانەیە ، بەخەیاڵی كەسماندا نەهاتبێت ، رۆژێك بێت ، دەسەڵاتێكی كوردیی نەوەكانی خۆی بكوژێت! من ، لێرەدا تەنها شتتان بیردێنمەوە.
گرانیەكەتان بیرە؟ چۆن نەوەكانمان ڕێگای هاتوونەهاتیان دەگرتە بەرەو هەندێكیان لە دەریای ( ئیجە) بوونە خۆراكی ماسیەكان و هەندێكی دیكەیان ، بە دەست جەندرمەكانەوە ئاودیویی سنوور دەكرانەوە؟ كاتێك دەنێدرانەوە بۆ نیشتیمانەكەی خۆیان، لەبری ئەوەی رێزیان لێبگرن ، زیاتر لە جەندرمەكان سوكایەتیان پێدەكردن.
سەیركە چەند نەوەیەكی بەدبەخت بووین ، بە دەست ئەمانەوە.
بیرتانە بۆ تەپۆڵكەیەك ، كە ئێستا ماریشی تیاناژی ، چەند كوڕی جوانیان دا بەكوشت ؟ لەسەر جیاوازی ڕەنگەكان ، چەند ماڵیان سوتاند و تاڵانكرد؟ چۆن بە مەقسەت نیشتیمانیانكرد بە دوو بەشەوە ؟ خێزانەكان ، گوندەكان ، شارەكانیان دابەشكرد ، بەسەر خۆیاندا؟
چ دۆزەخێكمان بینی بەدەست ئەمانەوە!
بیرتانە ، كاتێك لە سەر مێزەكان دادەنیشتن ، بە پێكەنینەوە ، باسی یەك ماڵی كوردیاندەكرد و لە ژێریشەوە خەڵكیان هاندەدا ، كە دوو ماڵین ! كاتێك یەكیانگرتەوە ، سامانی وڵاتیان دابەشكرد بەسەرخۆیاندا و نەوەكانی نیشتیمانیشان كرد بە پاسەوانی بەرژەوەندیەكانی خۆیان ؟ كێ‌ بڕوای دەكرد ، ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان داوای ئازادیاندەكرد ، خۆیان بكوژی ئازادی بن ؟ كێ‌ بڕوای دەكرد ئەوانەی ڕۆژێك لە ڕۆژان خەونی خەڵك بوون، كە هاتنەوە دەبنە دژی خەڵك.
چ ئازارێكمان چەشت بەدەست ئەمانەوە.
بیرتانە ، ئێوارەیەك بەناوی میوانیەوە ، تەقەیان لە دەرگای ماڵی (سۆران) دا ، تا هەواڵی مەرگی پێبدەن ؟ بیرتانە ، دەمەو بەیانیەك بەردەرگای زانكۆیان گرت و وەك چەتە (سەردەشت) یانبرد و لە كەنار دیوارێكی عەرەبیدا تەرمەكەیان جێهێشت ؟ دەبێت چەند كوڕی تریان وا لێكردبێت ؟ دەبێت ئەم پەیامنێرانەی مەرگ ، نامەی مەرگی چەند كەسی بێگوناهیان بردبێتە ماڵەكەی .
چ كوشتنێكمان بینی بەدەست ئەمانەوە .
ئەو ئێوارەیەتان لەبیرە ، لەبەر شوشەی باڵەخانەیەك ، چەند گەنجیان خەڵتانی خوێنكرد؟ زنیدانە نهێنیەكان و هەڵكوتانە سەرماڵانتان لەبیرە ؟ هەڕەشەكردن و كوشتنی خەڵكتان لەبیرە ؟ بیرتانە دەستی ئەو گەنجانەیان دەبڕییەوە كە هاواریاندەكرد بۆ ئازادی؟ بیرتانە شەقامەكانیانكرد بە شوێنی تەرمی گەنجان ؟
شوێن ما ئەوان ئەم نەوەیەی تیانەكوژن ؟ كە لەشاخ بوون ، چەند جوان بوون كە لەسەر كورسی بوون ، چەند ناشیرین .
هەم منیش و هەم تۆ و هەر هەموومان ، هەمووشتمان لەبیرە . ئەوەی ئەوان كردیان ، هەر ئەوەبوو دوژمن ئەیكرد. هیچ شتێك ما بە ئێمەی نەكەن؟
بیرتانە كاتێك دەمەو عیشا ، مەلا بانگی دەدا ، لە باوەشی دایكیدا ( كاوە) یان خەڵتانی خوێنكرد ؟ ناڵەو گریانی ئەو دایكەتان لەبیرە؟ چیما پێمان نەكەن.
لەسەر هەڵهاتن لەم دۆزەخە ، ئەیانگرتین . لەسەر ئازادی ئەیانگرتین، ئەیانكوشتین . لەسەر ماف ئەیانگرتین ، لەسەر ماف ئەیانكوشتین. لەسەر وشە ئەیانگرتین ، وەك چەتە ئەیانبردین ، وەك چەتە ئەیانكوشتین . ئێوە بڕوا بەچی ئەكەن. ئەمانە هەر ئەوانەبوون ئەمانەیان دەكرد.
هەرچی خودا پێی ناخۆش بوو ، ئەوانكردیان . هەرچی ( بەعس) نەیكرد ئەوان كردیان . من هەر دەمەوێت بەبیرتان بێنمەوە ، چیانكرد. ئێستاش خەریكی ئەوەن ، خۆیان بكەن بەبت و ئێوەش سوژدەبەر . تۆزێك هۆش، بۆچی ئەمانەتان لەبیرنیە . كوڕی خەڵك و كوڕی تۆ و كوڕی ماڵی من ، چە فەرقێكی هەیە ، ئەگەر تۆ مرۆڤ بیت . بۆچی ئێمە ئەم شتانەمان لەبیربچێت. سەرباری ئەم هەموو برینانە …
بەڵام ، هێشتا رۆحێكی ئازاد ماوە ، هێشتا ئیرادەیەك ماوە . كەس لە ( كاوە و سەردەشت و سۆران ) ناچێت . هەركەسەو لەخۆی دەچێت . ئەما ، بیرتانبێت ئەم چیرۆكە هەروا بە ئاسانی كۆتایی نایەت .

لەفەیسبوکەکەی نوسەر وەرگیردراوە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت