Nietzsche

ئەبوبەکر جاف : بۆ فۆکۆ ، نیتشە وەک فریادڕەسێک .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

Pour Faucoult، Nietzsche comme un sauveur

سەبارەت بە تێپەڕاندن و دەرچون لە خواستی گشتگیری و سەراپاگیری هێگڵ و فینۆمینۆلۆژی .
میتۆدی کارکردنی فۆکۆ ، گواستەوە بوو لە ئارکیۆلۆژیاوە بۆ ژینالۆژیا ، ئەوە پرۆسەی هەڵگەڕانەوەیە ، یان پرۆسەی لادانەی فۆکۆ لە کتابی سیستەمی گوتارەوە دەستپێدەکات . ئا لێرەوە دەتوانین جەخت لەوە بکەینەوە هە پەیوەندی فۆکۆ بە نیتشەوە ، پەیوەندییەک بوو لە ناو سەرجەم ئەو گۆڕانگاری و شێوازگۆڕینەی کارکردنیدا بە نەگۆڕاوی مایەوە . پەیوەندییەکی نەگۆڕو بەردەوام و دامەزراو لە ناو دنیای هەمیشە گۆڕاوی فۆکۆدا . فۆکۆ هەمیشە لە میانەی ئەفەرۆزکردن و بەرپەرچدانەوەی فینۆمینۆلۆژیاخوازی و مارکسیزم و فرۆیدیزم و ستراکتورالیزم ، خودی ئەو ئەرکیۆلۆژیایەی بونیادی نا ، ئەوەی نەدەشاردەوە کە نیتشەییە ، هەرگیز نیتشەی ڕەتنەدەکردەوە .
سەرباری ئەمانە ، ئەم فەیلەسوفە ئەوەشی نەدەشاردەوە کە شتێک نییەبە ناوی نیتشەخوازیی و نیتشەگەراییەوە.لە ساڵانی شەستەکاندا نیتشە بۆ فۆکۆ میکانیزم و ئامرازی یارمەتیدەر بوو ، هاوکاریکار بوو ، پشتیوان بوو بۆ گواستەوەو لادان و ڕزگار بون لەو هەژمون و هەیمەنە فینۆمینۆلۆژیاو مارکسییەی کە نەفەسی بۆ دەنگ و ڕەنگێکی تر نەهێشتبووەوە لە ناو کایەی ڕوناکبیری فەرەنسیدا . ئەوەشی ڕەتدەکردەوە کە بەکارهێنان و بیرکردنەوە لە گەڵ نیتشەدا بچێتەوە سەر بەکارهێنانە ئیدۆلۆژییەکانی نیتشە لە لایەن ڕاستڕەو و نازییەکانەوە . نیتشە بۆ فۆکۆ ئامرازو میکانیزمێکی قوتاربون و دەرچون بوولەو پارەدایمە هەژمونکارەی ئەو چرکەساتە لە لایەن مارکسیزم و فۆنۆمۆنۆلۆژیاوە .
ئەو ڕاڤەیەی فۆکۆ بۆ نیتشەی دەکرد بە شێوەیەکی پتەو پەیوەندی بە پاش نوێگەری و پۆست مۆدێرنیتێبونی فۆکۆوە هەیە . چون نیتشە سەرچاوەیەکی سەرەکی و بنەڕەتی بوو بۆ پۆستمۆدێرنێتی و پۆست مۆدێرنەکانی وەک دولوزو لیوتارو دوردیدا..
فۆکۆ سەبارەت بە نیتشە زیاتری هەیە ، نیتشە تەنیا ڕزگارکەرو فریادڕەسێک نەبوو بۆ دەرچون لە گوتاری باوی فەلسەفی ئەو کاتەی مارکسیزم و فینۆمینۆلۆژیا و نمونەو گوتارە فەلسەفەییکانی تری ئەو سەروبەندە. فۆکۆ بە سەرنجدان و بە ئاماژە کردن بۆ ئەو کارە نایاب و پڕبەهایەی کە ، دولوز لەسەر ” نیتشە ئەنجامی دابوو ، هەرگیز پێی وا نەبوو نیتشە بانگەوازکارانی هەبێت . بەڵکو نیتشە بۆ بیرکردنەوە لە گەڵی و لە گەڵیدا بیربکەینەوە . :” هەموو شەو شتانەی دەمویست لە ڕێگەی بەکارهێنانی نیتشەوە پێی هەڵسم . کۆمەڵێک دەسگوتاری جۆراو جۆرم لە بارەی نیتشەوە وتۆتەوە ، بەڵام ، زۆر کەمم لە سەر نیتشە نوسیوە . بەڵام ئەو تەنیا ئاماژەیەیەی کە پێویستی بەڕێزگرتن و بە ئەرزشگرتنێکی زۆر باڵا هەیە ئەوەیە کە ئێمە بەشی یەکەمی کتێبی ” مێژوی سێکسواڵیتێمان ” ناو ناوە ” ئیرادەی زانین “
ئەو شوێنەی کە فۆکۆ تێدا قەرزارباری نیتشەیە ، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێکستانەی کە نیتشە لە ساڵی 1888 دا بڵاوی کردبونەوە. لەو کاتەی کە پرسەکانی حەقیقەت و مێژو و ئیرادەی حەقیقەت پرسە سێنتراڵ و گرنگەکانی بون . ئا لێرەوە ئیشکالەکە ، پرۆبلیماتیکەکە پەیوەندی حەقیقەت بوو بە مێژوەوە. خوێندنەوەو سەرلەنوێ خۆێندنەوەو ڕاڤەکردنی نیتشە لە فەرەنسا مێژوویەکی هەبوو ، بەڵام فۆکۆ لە سەروی هەموو خوێندنەوەو مێژووی خوێندنەوە فرەنسییەکانەوە بۆ نیتشە ، کاری ئەدیب و کارە ئەدەبییەکانی زیاترو زیاتر لا گرنگ بوو بە تایبەت ژۆرژ باتای و مۆریس بلانشۆ و ڕیمۆن رۆسال : ” من بە باشی دەزانم بۆچی نیتشەم خوێندەوە :نیتشەم خوێندەوە چونکە ژۆرژ باتایم خوێندەوە ، وە ژۆرژ باتایم خوێندەوە چونکە مۆریس بلانشۆم خوێندبوەوە”. لای فۆکۆ ئەوانەی نیتشەیان خوێندبوەوە تەنیا بۆ دەرچون و ڕزگار بون نەبوو لە مارکسیزم ، بەڵکو بۆ ڕزگار بون بوو لە فینۆمینۆلۆژیاش . فۆکۆ لە شوێنێکدا کە قسەو باس و گفتوگۆیەکی لە گەڵ ژیل دولوزدا بۆ دروست بوو سەبارەت بە ” چێژ ” ، ئەوەی ڕەتکردبوەوە کە بابەت و سوژەکە ” چێژ ” بێت ، بەڵک پەیوەندی بە حەقیقەت و وتنی حەقیقەت و وتراوی حەقیقەت و پەیوەندی حەقیقەت و هێزەوە هەیە ، بە ئاماژە کردن بە دوو کتێبی نیتشە ( زانستی شاد و بەرەبەیان” شەفەق “).هەر پەیوەند بە نیتشەو فۆکۆوە ، هۆکارو مۆتیڤێکی تر هەبوو ، ئەویش پەیوەندی بە پرسی پۆست مۆدێرنیتێوە هەبوو ، ئەویش هەڵوێست نوان دن و ەستانی بوو لە سەر( ئەقڵ و گشتگیری و سەراپاگیری).کاتێک ئێمە فۆکۆ بەو شێوەیە دەبینین کە کۆمەڵێک گومانی زۆری لە سەراپاگیری و گشتیری بۆ دروست بوبوو،ئەمەش ئەو پرسە بوو کە دواتر پرسی ئەقڵی بە شوێن خوێدا دەهێنا.فۆکۆ وای دەبینی ” مەرجی کوللیەت و تۆتالیتێ مەرجێکە لە هێگڵەوە سەرچاوەی گرتووە ، وە ئەو فەلسەفەی پشت ئەستوەرە بە کولییەت و تۆتالێتێ تەنیا فەلسەفاندنێکە لە ناو فەلسەفاندنەکاندا، وە فۆرمێکە لەو فۆرمە فەلسەفییانەی کە لە هێگڵەوە دەستی پێکردووە.ئەمەش ڕێگایەکی سەرەکی سەدەی نۆزدە بوو. ئێستا ئێمە دەتوانین بڵێین فەلسەو فەلسەفاندن پێویستی بەمە نییە.وە دەتوانین ئەوە بە هەند بگرینو ئەوەمان لا ڕون و ئاشکرا بێت کە ، فەلسەفە پێش هێگڵ ئەم خواست و ئارەزوەی نەبوو.دیکارت سیاسەتی بەرهەم نەهێنا.پاشان بەو شێوەیەی فکری فەلسەفی هەموو شتێک کۆ بکاتەوە ، یان بە سودو قازانی ” گشتێک و سەراپاگیرییەک” کۆتایی پێ بێت ئیدیایەکی نوێیە بە شێوەیەکی ڕێژەیی. لە سەدەی بیستدا فەلسەفە ئاراستەو سروشت و ڕێڕەوێکی تری گرتە بەر.
ئەمڕۆ فەلسەفە گرنگی بە گشت و گشتگیرییەک نادات ، گرنگی بە دروستکردن و پێکهێنانی گوتارێک نادات سەبارەت بە کولییەت و گشت و سەراپاگیرییەک ، گوتارێک کە سەروبەندی لە گەڵ هەموو دونیادا هەبێت ، یان سەرقاڵی خزاندنی دونیا بێت لە ناو گشتێکدا. بەڵکو فەلسەفە مومارەسەو چالاکییە ، وە فۆرم و فۆرمیلە بونێکی تایبەتە لە چالاکی. فەلسەفی ، چالاکییەکەلە سەرجەم بوارو کایە زانستییەکاندا مومارەسە دەکرێت : لە زماندا ، لە لۆژیکدا ، وە خواستو کەڵکەڵەیەکی یونیڤێرسالی و یونیڤێرسالیزاسیۆن و بە گەردونیکردن بوو بە کاری نەکردە . وە ئیتر لەمەولا خواست و ئارەزوویەک نییە. فۆکۆ لەو بڕوایەدابوو هۆسرل دوواهەمین ئەو فەیلەسوفانە بوو کە ئەم خواستەی هەبوو . ئەوەی گومانی تێدا نییە ڕەتکردنەوەو ئەفەرۆزکردنی کوللیەت و گەردونیبون پێکەوە دەگەڕێتەوە سەر نیتشە ، دەگەڕێتەوە بۆ نیتشە ، چونکە نیتشەوای دەبینی فەلسەفە لە ناو زنجیرەیەک پرۆسەو زنجیرەی ئەو کارانەدا خۆی دەردەخات کە ، پەیوەندیان بە بوارە جۆربەجۆر و جیاوازەکانەوە هەیە : تراژید ، زمانناسی و زمانەوانی ، مێژو . وەک چۆن نیتشە ئەوەی دۆزییەوە کە ” کاری فەلسەفە دیاریکردن و دەستنیشانکردنە ” : ئێمە ئێستاکە کێین ؟ ئەو ئێستایە چییە کە ئێمە تێیدا دەژین؟ . ئەم شیکارییەش جەخت لەسەر ڕەتکردنەوەو ئەفەرۆزکردنی گشتگیری و جیهانیخوازی دەکات لە لایەن فۆکۆوە ، بە تایبەت ئەوەی کە هێگڵ دایڕشتبوو . هەر لێرەوە بە لیوتار دەگات . ئا لێرەوە هەوڵی ئەفەرۆزکدن و ڕەتکردنەوەی کوللیەت و گشتگیری و سەراپاگیری و جیهانێتی لە لایەن فۆکوە بەڵگەیەکی ترە سەبارەت بە پەیوەندی فۆکۆ بە پۆست مۆدێرنێتێوە ، کاتێک پۆستەکان وای دەبینن هێگڵ دروستکەرو خولقێنەری گوتاری مۆدێرنێتێیە ، وە پێویستە ڕەخنەی لێبگیریت و هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەفەرۆز بکرێت لە ناو کۆنتێکستی فەلسەفی پۆست مۆدێرنێتێدا. لەم گۆشە نیگایەوە هەڵوێست و وەستانەکانی فۆکۆ جیاواز نییە لە هەڵوێست و لە سەروە ڕاوەستانەکانی پۆستەکان . بە تایبەت کاتێک ئەوە دەبنین فۆکۆ لە حەفتاکاندا نەیارو دوژمنێکی سەرسەختی مارکسیزم بوو.
میشێل فۆکۆ گومانێکی گەورەو مەزنی لە مێژوی گشتی و سەراپاگیر دەکرد ، گومانێکی گەورە لە لەو مێژووەی کە ملکەچی بەردەوامیبون و ملکەچی غایەت و ئامانجێکە ، ملکەچی مانێڤستکردن و مانێڤستبونی ئامانجێکی باڵاو ڕەهایە چە یەک بێت ، چ کۆمۆنیزم بێت ، چ ڕۆحی هێگڵ بێت ، چ ئازادییەکی ڕەها …
کاتێک فۆکۆ ئەم گومانە دەکات ، ئەم مێژووە سەراپاگیرو گشتگیرە دەگۆڕێت بۆ مێژوویەک کە لە سەر پارچەکان ، لە سەر جیاوازیەەکان ، لە سەر جیابونەوەکان بەندەو خۆی بونیاد ناوە . مێژویی پەراوێزبووەکان ، شێتەکان ، نەخۆشەکان ، زیندانییەکان ، هۆمۆسێکسوێڵەکان.. مێژوی وردو وردە کردەکان . ئەمەش هەڵوێست و لەسەر وەستانێکی پۆست مۆدێرنانەیە . واتە ڕەتکردنەوەی مێژوویەک کە بە کاپیتاڵ و گەورە و قەبە نوسرا بێت ، تێپەڕاندنی مێژوو بۆ کۆمەڵێک مێژو ، لە یەک مێژووییەوە بۆ فرە مێژویی . فۆکۆ ئیشکالێکی گەورەی لە گەڵ مێژوو نوسینەوەدا هەبوو ، فۆکۆ جەختی لە سەر مێژوی ئێستاو نوسینەوەی مێژوی ئێستا دەکردەوە ، ئەمەش لە میانەی جەختکردنەوەو پێداگیری لە سەر ئێستا و ئێستاییبون وەک ڕەهەندێکی زەمەنی و مێژوویی. واتە ڕەتکردنەوەی مێژوویەکی یەک ئاراستەو تاک ڕەهەند ، وە پێداگیری لە سەر چەمکی زەمەن کە لە کۆمەڵێک چینی کەڵەکەبوو دروست بووە وە بە گۆڕێنی بۆ کۆنتێکستی ئێستا و ئەکتوێل . ئەمەش نەفیکردن و ڕەتکردنەوەو ئەفەرۆزکردنی مێژووە وەک بەردەوامی و یەک پارچەیی ، وە جەختکردنەوەو پێداگیرییە لە سەر دابڕان و جیابونەوە.
ئەگەر قسەوباسمان سەبارەت بە پەیوەندی پۆستمۆدێرنیتێو مێژوو پیشکەوتن و گەشبینی بێت ، ئەوا گومانی تێدا نییە پۆست مۆدرێنتێی و پۆستەکان باس لە پەرەسەندن و پێشکەوتن ناکەن ، وە دەستبەرداری ئەو سروشتە گەشبینی و خۆشباوەڕییە بوبون کە سروشتێکی زاڵی سەر ڕۆشنگەری و مۆدێرنێتێ بوو ، ئەم پرسەش دەتوانین بە سەر فۆکۆدا ساغ بکەینەوە . تەنانەت کەسانێک هەن لێرەوە میشێل فۆکۆ بە شێوەیەک دەبینین کە نیهیلیزم و بێهودەییەک سەراپای ئۆنتۆلۆژیای مێژویی فۆکۆی گرتۆتەوە . ڕەخنەی پۆستمۆدێرنەکان و ڕەخنەی فۆکۆش سەبارەت بە مێژوو ، وێک دێتەوە ، وە هەروەها سەبارەت بە ڕەخەنەیان لە هیومانیزم . فۆکۆ نەیارێکی سەرسەختی هیمانیزم بوو ، وە هیچ دوو دڵ نەبوو لەوەی مەرگ و کۆتایی مرۆڤ ڕابگەیەنێت .
پۆستمۆدێرنەکان کە پێداگیرو جەختکەرەوەن لە فرەیی و جیاوازی لە بەرانبەر کوللیەت و گشتگیری و سەراپاگیری و یەکێتی و یەکبون و شوناس و گەردونیگەرایی . ئەوە ڕون و ئاشکرایە کە فۆکۆ لە لایەنگران و پشتگیریکارانی بەهای جیاوازی و فرەیی بوو ، نەک تەنیا پشتیگری ، بەڵکو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی فەلسەفەی جیاوازی و فرەیی و هەمە ڕەنگی.
وە هەروەها پۆستمۆدێرنیتێ و پۆستمۆدێرنەکان تیۆریان ڕەتدەکردەوە ،” لە چاوپێکەوتنەکەی نێوان دولوزو فۆکۆدا سەبارەت بە ڕوناکبیران و دەسەڵات ئەمە بە ڕونی دیارەو باسکراوە : بەم مانایە تێۆر گوزارشت لە هیچ ناکات ، هێ شتێک ڕاڤە ناکات پراوەیەکی تایبەت و دیاریکراو مومارەسە ناکات ، بەڵکو خۆی مومارەسەیە ، بەڵام مومارەسەیەکی لۆکاڵی و لایەنی وەک ئەوەی ئێوە دەڵێن نەک ” گشتگیری و سەراپاگیری . تیۆر سیستەمێکی لۆکاڵی ئەم ململانێیە دژ بە دەسوڵات ” ئەم ڕەتکردنەوەو ئەفەروزکردنەش فۆکۆ هاوڕاو کۆک بوو لە گەڵیاندا.

سەرچاوەکان

* MICHEL FAUCOULT،DITS ET ECRIT، ،Ed. Galimmard، TOMBE 4، Paris ،1994.
* GILLES DELEUZE، L’ILE DESESRTE ET AUTRES TEXTES، LES INTELLECTUELS ET LEPOUVOIR (AVEC MICHEL FAUCOULT)،TEXTES ETENTRETIEN،ED.MINUIT،2002،P.288