Fayeq-gullpi-1

دکتۆر فایق گۆلپی : دەبێت پزیشکانی کوردستان چی بکەن و چی نەکەن ؟ .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پیشەی پزیشکی لە هەمو پیشەکانی تر زیاتر ئینسانیە ، زانستی پزیشکی لە هەموو زانستەکانی تر زۆرتر و راستەوخۆتر خزمەتی مرۆڤ دەکات ، پزیشک یەک لە سەرمایە نەتەوەییەکانی ولاتانە ، هەر ولاتێک ژمارەی تەواو و چۆنیەتی تەواوی پزیشکی هەبێت ، پێشکەوتنی زانستی بەدەست دێنێت و لە سەربەخۆیی ئابوری نزیک دەبێتەوە .
کیشە سەرەکیەکانی پزیشکان :
بە هۆی کیشە سیاسی و ئابوریە دێرینەکانی هەرێمی کوردستان و عراق و ناوچەکەوە ، بە هۆی شەڕە یەک لە دوای یەکەکانی کوردستان و عراق و ناوچەکەوە ، چەندایەتی و چۆنایەتی پزیشک لە هەرێمی کوردستاندا وەک پێویست نیە ، ژمارەی پزیشک کەمە ، پسپۆری پزیشکی کەمە ، لە ئەنجامی ئەوەوە پزیشکانی بێگانە دێنە کوردستان ، نەخۆشی کورد چارەسەر دەکەن و سەرمایەی کوردستان لەگەل خۆیان دەبەنەوە بۆ ولاتەکانیان ، یان نەخۆشەکانی هەرێم دەچنە ولاتانی بێگانە بۆ چارەسەری نەخۆشیەکانیان و سەرمایەی کوردستان دەگوێزنەوە بۆ ولاتانی تر .
بە هۆی گەندەلی و سیاسەتی حزبایەتی تەسک وکەمو کۆریەکانی تری حوکمرانی هەرێمی کوردستانەوە ، کۆمەلێک دیاردەی نا زانستی دور لە پیوانەکانی پیشەی پزیشکی لە کۆمەلگای کوردستاندا دروستبون ، لە هەرێمی کوردستاندا هەمو کەس بۆی هەیە خۆی وەک دکتۆر بە خەلک بناسینێت . چەندان کەسی نەخوێندەواری نابەرپرسیار لە ژێر سایەی ئەم دەسەلاتەدا خۆی دەکاتە دکتۆرو عیادەی نەخۆش بینین و دەرمان فرۆشتن دادەنێت ، نە دەسەلات و نە خەلک و نە پزیشکان دژی ئەم دیاردە ناشارستانیە ناوەستنەوە ، ئەم دیاردەیە دزین و دەستبەسەراگرتنی پیشەی پزیشکیە کە پزیشک بە دەیان سال بە دەستی دێنێت ، لە هەمامکاتدا هەڵخەلەتاندنی نەخۆشە و بە هەڵە چارەسەرکردنی نەخۆشیە .
کێشەیەکی تری پزیشکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە لە چاو پزیشکانی ولاتانی تردا موچەکەیان کەمە و بەردەوام گلەیی لە دەسەلات دەکەن بۆ کەمی موچەکەیان و جار جارەش نارەزایی نیشان دەدەن .
کیشەیەکی تری پزیشکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە لە چاو پیکاهاتە کۆمەلایەتیەکانی تردا ، نەیانتوانیوە لە چوارچیوەی سەندیکایەکی پزیشکانی توکمەدا خۆیان رێکبخەن و بە شیوەیەکی هاوسەنگ ماف مافەکانیان وەربگرن و ئەرکەکانیان جێبەجێبکەن بدەن . ماوەی چەند سالێکە سەندیکای پزیشکانی کوردستان سست بوە و لقەکانی سەندیکا لە یەک دابراون و بە هۆی ململانێی حزبیەوە هەلبژاردن نەکراوە و نەقیبی سەندیکا و بەرێوەبەرانی نوێ دیاری نەکراون ، سەندیکای ماوە بەسەرچوش وەک پێویست سەرپەرشتی کار و جالاکی و کیشە و پیویستیەکانی پزیشکان ناکات .
بەرامبەر بەم کێشانە دەبیت هەلویستی پزیشکان چی بێت :
١ – بە زوترین کات خۆیان لە سیاسەتی حزبایەتی تەسک رزگار بکەن و ئامادەکاری بکەن بۆ هەلبژاردنی سەندیکایەکی جالاک و بەرپرسیار ، لە رێگەی سەندیکاوە کاری جدی بکەن بۆ زیادکردنی بودجەی وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەوەی موجەی پزیشکانیش زیاد بکرێت و لە رێگەی سەندیکاو وەزارەتی تەندروستیەوە هەولی چارەسەرکردنی کێشەکانی تریان بدەن .
٢ – هەوڵی جدی بدەن بۆ زیادکردنی ژمارەی پزیشک و بۆ زیادکردنی پسپۆری پزیشکی لە رێگەی کردنەوەی کۆلیژی پزیشکی نوێوە ، هەول بدەن بۆ گۆرینی سیستەمی فیرکردنی پزیشکی خویندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان ، بۆ ئەوەی پزیشک بتوانێت لە کاتی پێوانەییدا پلەی پسپۆری وربگرێت ، هەول بدەن بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم ژمارەیەک پزیشکی سەرکەوتو بنێریێت بۆ دەرەوەی ولات بۆ خوێندنی ئەو پسپۆریە پزیشکیانەی لە هەرێمدا نین . نابیت خوێندکارانی کۆلێژە پزیشکیەکانی کوردستان و پزیشکە لاوەکان بە بیانوی لاوازەوە دژی کردنەوەی کۆلێژی پزیشکی نوێ بن ، وەک ئەوەی جەند سال لەمەو پێش لە سلێمانی دژی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ئایندە مانیان گرت ، وەک ئەوەی لە ماوەی رابوردودا دژی کۆلێژی پزیشکی تایبەتی زانکۆی کوردستان لە هەولیر مانایان گرت ، کردنەوەی کۆلێژ ئەگەر لە سەرەتادا کەمو کۆریشی هەبێت نابێت دژایەتی بکریت لەبەر ئەوەی کۆلێژی پزیشکی ، پزیشک بەرهەم دێنێت ، پزیشکیش بە هۆی زانستەکەیەوە کور و کچی هەر کەسێک بێت سەرمایەیەکی ئینسانی و نەتەوەییە بۆ خزمەتی مرۆڤ پێویستە .
٣ – بەرامبەر بە کەمی پزیشکان لە کوردستان ، بە تایبەت لە قەزاو ناحیەکان ، بە گوێرەی ئاستی زانابون و جۆری پیشەکەیان ، دەبێت پزیشکان بەرامبەر بە گەلەکەیان ، وە بە تایبەتی بەرامبەر بە پێکهاتەی نەخۆشی گەلەکەیان کە پیویستی بە هاوکاری پزیشکە ، خۆیان لە پێکهاتەکانی تری کۆمەلگا بە بەرپرسیار بزانن ، زۆرتر کار بکەن و درەنگتر شوێنی کارەکایەن بەجێبهێلن ، نەک وەک ئەوەی لە هەندێک شوین رودەدات ، پزیشکان ئەرکی ئاسایی خۆیان جێبەجێناکەن . بۆ نمونە گلەیی لە پزیشکانی هەڵەبجە دەکرێت کە وەک پیویست دەوام ناکەن ، وە هەوالێک هەیە کە پزیشکانی سەیدسادق ماوەیەکە مانیان لە کارکردن گرتوە تا دەوامی بنکەی تەندروستیان بۆ کەم بکرێتەوە .
٤ – کاریکی تری پزیشکان ئەوەیە کە لە رێگەی سەندیکای پزیشکان و داواکاری گشتی و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و راگەیاندنەکانەوە ، کار بکەن بۆ کۆتاییهێنان بە دزینی پیشەکەیان و چیتر رێگە نەدەن کەسانی ساختەچی بە ناوی خەوبینین بە ئەولیا و سەوزبونی لیزەر لە چاویان و گرتنی رەبایە بە بەرد لە کاتی خەباتی پێشمەرگایەتیدا و شتی . تر ……. پێشيکەیان لێداگیر بکەن .

پسپۆری نەشتەرگەری گشتی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت