Newshirwan-6

نەبەز گۆران : گوێ‌ لە منداڵەكان مەگرن ، نەوشیروان مستەفا لە شوێنی خۆیەتی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر هێزێكی نوێ‌ كە دروست دەبێت ، كۆمەڵێك بكەر دروست دەكات . لەناو ئەو بكەرانەدا ، هەیانە دەبێتە سیاسیەكی ژیر و لە كۆتایدا دەتوانێت ببێتە سەركردەی سیاسی ، هەشیانە هەر زوو كۆتایی پێدێت و شوێنەكەی لە خۆی گەورەترە . لەناو ئەم فەزانوێیەی هێزی نوێدا ، بكەری زۆر بڵێ‌ پانتایەكی زۆر داگیردەكات ، بەتایبەت ئەگەر فەزاكە لە سەردەمێكدا بێت ، زۆر بڵێی ببێتە پاڵەوانی میدیایی ، نەك پاڵەوانی مەیدانی . بەشێك لەم زۆر بڵێیانە ئامانجێك لە پشتیانە ، بەشێكی دیكەیان ، تەنها خۆنوێنەكانن . دەمێك دەبنە شیوەنگێر و دەمێك سەرچۆپی كێش و دەمێكیش جگە لە ئەكتەرێكی زۆر كاتی هیچی دیكەیان لێ‌ بەرهەما نایەت .

لەناو ئەم تاقمە زۆر بڵێیەی هێزەنوێكاندا ، منداڵ گەلێك كە پێشوتر شتێكیان نەبووە خۆیانی پێ بنوێنن ، دێن هەمیشە ئامانجێكی گەورەتر لە خۆیان دەدۆزنەوە تا خۆنوێنیەكەیان بەو ئامانجە گەورەیەوە بنوێنن . ئەم منداڵە زۆر بڵێیانە ، كتومت لەو منداڵانە دەچن ، باوكێك پەروەردەیاندەكات و گەورەیان دەكا ت، كەچی هەمیشە لە سێبەری باوكەكەدا دەمێننەوە ، بۆ ئەوەی منداڵانی كۆڵان گرنگیان پێبدەن ، جاربەجار باسی باوكیان دەكەن و خۆیاندەكەنە قسەكەری باوك . بەدبەختی ئەم جۆرە منداڵانە ئەوەیە ، لە بەردەم باوكەكەدا هەر منداڵە بێدەنگ و قایلەكەن ، بەڵام لە غیابی باوكەكەدا ئیدی خۆیان لێ‌ دەبێتە شوێنگرەوە ! چیرۆكێكی كۆن هەیە دەڵێت :

( رۆژێك كرمێك پێكێ شەراب دەخواتەوە، ئیدی مەست دەبێت و خۆی لێدەگۆڕیت و دەڵێت: من مارم) كەم نین لەو جۆرە منداڵانەی چونەتە شوێنێك و ئیدی خۆیان لێ‌ بووەتە مار، كەچی لە بنەرەتدا مار نین، كرمن. كێشەی میدیای كوردیش ئەوەیە، زۆرجار گوێ‌ لەم منداڵانە دەگرێت كە هێشتا لە بەردەم باوكەكەدا منداڵە رازی و بێدەنگ و قایلەكەن، ڤەلێ‌ كەچونە كۆڵان ئیدی لە بەرگەكەی خۆیان دێنە دەرەوە و خۆیان لێدەبێتە باوك! تا ئێرە نیشیاندانی وێنەی ئەو منداڵانەیە كە سەر ئێشەیەكی زۆر بۆ خەڵك و بۆ خۆشیان دروستدەكەن. ئەگەر شتێك نەبێت باسی بكەن تا بەردەوامی بە خۆنوێنیەكەیان بدەن، ناچار باس لە باوك دەكەن.

بزوتنەوەی گۆڕانیش پڕە لەم تایپە منداڵە . تایپێك كە هێشتا نازانن منداڵن و زۆر لێیان ناگیرێت شتگەلێك دەڵێن . بۆیە ئەم منداڵە زۆر بڵێیانە جار بەجار باسی شتێك دەكەن ، لە بەرگی ئەوان زۆر گەورەترە . سەیر لەمەدایە میدیا گوێ‌ لە منداڵەكان دەگرێت ، نەك گوێ‌ لە وانە بگرێت كە راستیەكەیان لایە . من پێموایە ( نەوشیروان مستەفا ) هەر لەشوێنی خۆی دەمێنێتەوە و رێكخەری گشتیە . نە دەست لەكار دەكێشێتەوە و نە بەشێكی زۆری هێزەكەی بەو رستەیە رازی دەبن ، بڕیاری وابدات . ئەشێت خۆی جاربەجار بڵێت : ئەركی من تەواو بووە . ئەما ئەم رستەیە كۆتایی نیە . ناشكرێت خاڵی كۆتایی بۆ دابنرێت . لەوانەیە بۆ هەندێك قورس بێت ، بڵێیت : ئەم قۆناغە قۆناغی نەوشیروان مستەفایە . بەڵام بۆ ئەوانە قورس نیە هەست بەكاریگەری ئەم سەركردەیە دەكەن ، لە جوڵە سیاسیەكاندا . دەبێت ئاسایی وەربگیرێت یەكێك لە منداڵەكانی ئەو هێزەی ئەم سیاسیە دروستیكردوە ، هەر رستەیەك ببیستێت راستەوخۆ بیكاتە كەرەستەی خۆنواندن . خۆ هەتا منداڵەكان دەست لە خۆنواندن هەڵنەگرن و واز لەوە نەهێنن خۆیان بەگەورەكانەوە هەڵبواسن ، وێنە راستەقینەكە نابینرێت .

پاش هەڵبژاردنە ناوخۆیەكان ، بە دڵنیایەوە ، دەستەی راپەڕاندن لەناو بزوتنەوەی گۆڕان دروست دەبێت . رێكخەری گشتی ئەو هێزە و سەرپەرشتیاری ئەو دەستەیە لەم قۆناغەدا هیچ كەس نیە ، جگە لە ( نەوشیروان مستەفا ) ئیدی منداڵەكان هەرچیەك دەڵێن ، جگە لە دیاردەیەكی میدیایی و جگە لە خۆنواندنێكی كاتی هیچی دیكەنیە . ئەگەر میدیای كوردیش كەمێك ورتر سەیری وێنەكان بكات ، ئەوكات تێدەگات قسەی منداڵەكان رووداوەكان ناگۆڕیت . گوێگرتن لێشیان هیچ ڕووداوێك ناگۆڕێت ، جگە لە خۆ خەریكردن بە بۆشیاییەوە ، ئامانجێكی دیكەی نابێت . پوختەی مەبەست ئەوەیە ، تكایە گوێ‌ لە منداڵەكان مەگرن ، خۆتان وێنە راستەقینەكە ببینن . پاش هەڵبژاردنە ناوخۆیەكانی بزوتنەوەی گۆڕانیش دەیبینن ، ئێوە لە بۆشایدا سوڕاونەتەوە و بڕواتان بە قسەی منداڵەكان كردووە ، ئەم راستیەش ئەوكاتە بۆتان دەردەكەوێت ، كە ( نەوشیروان مستەفا ) هەر لە شوێنی خۆیەتی، واتە رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانە .

 س ـ ف ن 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت