Kameran-wrya

کامەران وریا قانع : قورئان خوێنه‌كه‌ و خه‌یاڵێك .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌ندێك جار مرۆڤ به‌ ده‌ست خۆیی نیه‌ ، به‌یانیه‌كى زوو له‌ خه‌و هه‌ڵده‌ستێت به‌ تایبه‌تى ئه‌گه‌ر شه‌وى پێشو زوو خه‌وت بێت . من له‌م ماوه‌یه‌ به‌یانیه‌كى زوو له‌ خه‌و هه‌ستام نزیكى سه‌عات پێنجى رێك بوو . دنیا تاریك  ، به‌ڵام ده‌نگى باران له‌ حه‌وشه‌كه‌مان ئاوازێكى هێمنى له‌ روحمدا دروست كردبوو , ناوه‌ ناوه‌ ده‌نگى گرمه‌ى هه‌وریش دۆخه‌كه‌ى زیاتر رومانسى كردبوو . هه‌ر له‌ خه‌و هه‌ستام ، دوایی داگیرساندنى سۆپا و گه‌رمكردنه‌وه‌ى چاى دوێنێ شه‌و . له‌ ناكاو حه‌زم له‌ بیستنى ده‌نگى قورئان بێژى میسرى به‌ناوبانگ ( عبدالباسط سه‌مه‌د ) بوو . دواى چه‌ند گه‌رانێك له‌ ئه‌نته‌رنێت دواجار دووباره‌ ئاشنا بووه‌مه‌وه‌ به‌ ده‌نگى ئه‌م كابرا بلیمه‌ته‌ و سوره‌تى یوسفی ئه‌خوێندن .

دواى توزێك لابتۆبه‌كه‌م جێهێشت و له‌ دوریه‌كى 3 مه‌ترى خه‌ریكى چا خواردنه‌وه‌ بووم , له‌ پڕ خه‌یاڵ منى برده‌وه‌ بۆ ناو قه‌ره‌بالغی ماڵه‌وه‌مان ئه‌و كاتانه‌ى هه‌موو سه‌ره‌تایی ژیانمان بوو و دنیامان پڕ بوو له‌ خه‌ون . دواتر سیمای دایكمى به‌هه‌شتى هاته‌وه‌ پێش چاوم  ، كه‌ ئه‌و حه‌زێكى بێ ئه‌ندازه‌ى هه‌بوو بۆ بیستنى قورئان به‌ تایبه‌تى به‌یانیان , ئه‌و هه‌ر چه‌ند له‌ وشه‌كانى تێنه‌ ئةگه‌یشت ، به‌ڵام به‌رده‌وام حه‌زى لێبوو گوێ له‌ قورئان بگرێت , ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌ جوانى ژیان ئه‌وه‌ بێت له‌ شته‌كان تێنه‌گه‌یت .

دواتر ورده‌ ورده‌ گه‌رامه‌وه‌ لاى ده‌نگى قورئان خوێنه‌كه‌و باسى بێ وه‌فایی براكانى یوسفم بیر كه‌وته‌وه‌ . مه‌رج نیه‌ ئه‌وه‌ى له‌ خوێنت بێت دلسۆز بێت ، هه‌ندێکجار  ، غه‌ریبه‌كان زۆر به‌ره‌حمترن له‌ مرۆڤه‌ نزیكه‌كان , به‌ ده‌م چاخواردنه‌وه‌ پرسیاره‌كان خۆیان كرد به‌ خه‌یاڵمدا , چى ده‌بوو ئه‌گه‌ر مرۆڤ ته‌نها خوشه‌ویستى بزانیایه‌ ؟, چى ده‌بوو ئه‌گه‌ر ئێمه‌ى بنیاده‌م رق و بوغز و ناشرین كردنمان نه‌زانیبا ؟ مه‌گه‌ر خودا هه‌موومانى به‌ یه‌كسان دروست نه‌كردوه‌ ؟ ئیتر ئه‌م هه‌موو غه‌دره‌ به‌ درێژایی مێژوو مرۆڤ له‌ مرۆڤى ده‌كات له‌كوێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ؟ 

چى ده‌بوو كه‌سه‌ ئازیزه‌كانمان هه‌رگیز ئێمه‌یان به‌ جێنه‌هێشتایه‌ ؟ ده‌بێت سیماى ژیان چۆن بێت ئه‌گه‌ر هه‌موو یه‌كه‌مان خۆش بوێت؟

دواجار له‌گه‌ڵ كاره‌با كوژانه‌وه‌ قورئان خوێنه‌كه‌ش بێ ده‌نگ بوو , منیش دووباره‌ گه‌رامه‌وه‌ سه‌ر گوێگرتن له‌ ده‌نگى باران و هه‌وره‌كان له‌ به‌ یانیه‌كى تاریك و روون , دواجار وتم ( مرۆڤ هه‌رگیز عاقڵ نابێت و به‌رده‌وام ناشرینى به‌شێكه‌ له‌ ژیانمان , كه‌سانێك هه‌ن دووپشك ئاسا بێ رق و بوغز و پێوه‌دانى ئه‌وانى تر ناژین , به‌رده‌وام مرۆڤ مه‌حكومه‌ به‌وه‌ى ئازیزه‌كان له‌ ناوه‌راستى رێگاكان جێیان بهێلێت ).

ورده‌ ورده‌ رۆژهه‌لات و جاده‌كان قه‌ره‌بالغ بوونه‌وه‌ و رۆژێكى ترى ئاسایی ده‌ستى پێكردوه‌ .