shangal-2

کونجرینی : شەنگال کوا ئازاد کراوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەنگال لەئێستادا لەدەست داعشدایە ، لەکۆتایی ئەم بابەتەوە هەواڵەکە ببینە .

خەمێک ، کە هەموومانی داگرتووە ، ئەو یارییە سیاسییە ڕۆژانەیەیە لەسەر بیرو هۆشی تاکی کورد ئەنجام دەدرێت .
چەند مانگێک لەمەوبەر پاشماوە تێکشکاوەکانی شەر لە خواروی کەرکوک و لێواری خانقین ، هاتن زۆر بەسانایی پەلاماری ناوچەی شەنگال و دەوروبەریان دا و شەڕ کەوتە لیواری هەولێر . خەڵکی شەقلاوە شاهیدی ئەو هەڵاتنەی سەرکردایەتی کورد بوو ، کەسەرەتای ئۆتۆمبیلەکانیان لەشەقلاوە تیپەریی کردو ، سەری ڕەش ، کەئەمڕۆ بۆتە یەکلاکەرەوەی دیبلۆماسییەتی نێوان کورد و دەرەوەی کوردستان ، باوەقوژەکان تیایدا دەیانخوێند .
بەقسەی یەکییەتییەکان بێت ، بارزانی داوای هاوکاری لێیان کردووە ، تا فریایان بکەوێت و ژیان کۆتایی نەیەت لەکوردستان . فلیمە دۆکۆمینتارییەکان دیارن ، هێزی دژە تیرۆر لە لیواری هەولێرەوە دەست بەتەقە دەکەن و ، هەولێرییەکان لەزەهنیاندایە هەڵاتن و ڕاکردن ، لەو شارەدا کە پایتەختی کوردستانە ، فڕکەفڕکی هەڵاتن بە ئۆتۆمبیل و بەپێ ، مرۆڤ هەمان قوربەسەری ڕەوەکەی بەمێشکیدا دەگوزەرایەوە .
ئەو هەڵاتنە لەدوای خۆیانەوە کۆمەڵگایەکیان دایە دەست چەقۆ بەدەستی هۆزەکانی تینویی عروبە . ئەوان هاتن هەرچی بەهای مرۆڤایەتی و کردەی خوداوەندیان ناشرین کرد بەناوی الڵە اکبر  . ئەوەی ویستیان کردیان ، هەمان تاڵانی و لاقەکردن ، ڕاو و ڕوتێک ، کەهۆزی عومەری کوڕی عەبدوڵا و ، خالیدی کوڕی وەلید لەناوچەی هاوار و هەمان شوێنی شەنگالدا پێش پانزە سەدە لەمەوبەر بەهەمان بەرگ و بەهەمان بیری کوردکوشتن ، بەهەمان شمشێری خودایی ، کردەی خودایی سەردەبڕن . ئەوڕۆژێکی وابوو ، دوێنی لەژێر پەردە و ڕەشماڵی سەرکردایەتی کوردا ئاوها ، کەبووە هۆی تەنها مرۆڤەکان هێندە هاوار بکەن و دەنگیان بگاتە دووا چینی ئاسمان .
دایک لەتاوانادا دەستی لەدەستی منداڵە چەند مانگ و دوو سێ ساڵەکەی بەردەبوو ، ترس ماوەی پێنەدەدا ئاوڕیی لێبداتەوە ،، بێهۆشی سەرتاپای داپۆشی بوو ، گوێی کاس کردبوو ، تەنها ئەو شوێنەی بەگوێدا دەهات ، کەتیایدا قوتار بێت و بیری لە قیژەو هاوار و جێماوی کۆرپەکەی نەکاتەوە . ئەو ڕۆژە حەشر بوو حەشر . ئەم حەشرە بەرهەمی سینارۆکانی سەرکردایەتی کورد بوو لەسەر لاشەو جەستەی تاکی کورد ، ئەمە هەمان سینارۆیی ئاشبەتاڵی 1975 بوو ، گەلێکیان دایە دەست زەمەن و زەمەنیشیان ڕاسپارد چی دەکات و چۆن بڕیار دەدات بابیدات ، تەنها خۆیان سەلامەت بن .
جیهان هاتە سەرخەت ، حەیاو بێ حورمەتی بەرژەوەندییە نەوتی و کانزاکان ، بە پۆشەتەوپەرداخی بەزەیی داپۆشرا . ئەوان بۆ تاڵانی هاتوون ، تاڵانیی . بەڵام لەبەرچاوی ئێمەو هەمووان بۆ هاوکاری و ڕشتنی لافاویی بەزەیی .
ئەوان لەوان باشتریان دەستناکەوێت ، چی دەبەن و کوردستان چۆن بەناوی بەهای مرۆڤایەتی و بەزەییەوە تاڵان دەکەن . ئەوان لەوانیان باشتر دەستناکەوێت ، لەسەر سکی ئەم نەتەوە کۆتایی بەسایکسبیکۆی پێش سەدەیەک ، کە سکراب بووە بە بەرژەوەندییەکانی ئەوان ، نوێ بکەنەوەو سایکس گڵۆباڵێکی تر بۆچەند سەدەیەکی تر مۆر بکەن . ئەوان لە ماڵباتی بارزانیان باشتریان دەستناکەوێت ، چۆن چارەنوسی ئەم گەلە بدەنە دەست قەدەری بەرژەوەندییەکانی خۆیان و ، چۆن گەمە سیاسییەکانیان لەسەر فرمێسکی تیمساحاویی خۆیان ڕۆژئاواو بارزانییەکان نمایش بکەن . 

بەرژەوەندی هاوڕێی بەرژەوەندییە . پارتی و بارزانی بەرژەوەندییەکانیان لەسەر سکی کوردە ، ڕۆژئاواش ئەمرۆ لێرە بەرژەوەندیەکانیان دەچننەوەو و هەر ماڵباتی بارزانییە دەتوانن هەمان وتە وت لەسەر ڕێکەوتنی نێوانی خۆیان و ئەوان داپۆشن و بۆ هەتا هەتایە کەس پێی نەزانێت و مافی ئەوانیش تا بەرژەوەندی ئەوان هەبێت لەم ناوچەیە ، ماڵباتی بارزانی حاکمێکی سالم و بێبەڵا دەبن بەسەر کوردەوە . 
دیسان قوربەسەریی و ماڵوێرانی ، لەکوانوی بیئاگایی تاکی کورد و بەئاگا چاوچنۆکەکانی سیاسی و بەناو ڕۆشنبیریی و قەڵەمە بەدفەڕەکان ، چەند ڕۆژێکە نمایشی گرتنەوەی شەنگال دەستی پێکرد ، شەنگالمان گرد ، شەنگال ئازاد کرا . بارزانی لەهەمان هاوشێوەی لوتکەی چیا لەپاش ئەنفال لەپشتی شاریی شنۆوە ، بە خوێندنەوەی لەپێشی پێشی شەڕگەوە لە خواکورک دەجەنگێت و تفەنگەکەی خاڵی خاڵی دەکاتەوە لەسەریی دوژمندا ، بەڵام دوێنی سینارۆی ئازایەتی لە خواکورک ، ئەمڕۆ لە شەنگال . ئەم پاڵەوانە جگە لە خۆ دەرخستن لەبەرچاوی میدیاکانی کورد و جیهان ، سەرکەوتنی چی ..
ببینن ئەزیزانی نیشتمان ، دوای چەند سەعاتێک گوهداری لە تەلەڤزیۆنەکانی خۆیانەوە ، جارێک شەنگالمان گرت و بارزانی لەسەر چیای شەنگال قسە دەکات و پیرۆزبایی ئەو سەرکەوتنە بە گوێی کۆمەلانی خەڵکی کوردستان و جیهان دەدات ، لەلایەکی تر هەمان تەلەڤیزیۆن ، دەڵێت : فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ناوەندی داعش لە ناو سەنتەری شەنگال بۆردومان دەکات و دەکوتێت ، ئەمە ج گاڵتە جارییەکە ؟ ..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت