شەفیق بانیشاریى : وەنەوشەکەى من و ئەندام پەرلەمانەکان .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم چەند ڕۆژەى تێدەپەڕى لە کوردستان ڕۆژانێکن کە زۆرترین مشتوومڕۆ و باس و قسەى لێ کرا ، خەڵکى کوردستان سەرەڕاى ئەوەى کە ساڵێکیان بە ئیش و ئازارى دەرونى و جەستەى و ئابوورى بەڵام خۆڕاگر بوون لەبەرامبەر ئەو ئازارانەى کە دووژمن و نەیارەکانى کورد ئەنجامیان داوە بەرامبەر بەم گەلە ، بەڵام ئەوەى کە ئێش و ئازارى میلەتى بارگرانتر کرد پرسی کڕینى ئۆتۆمبیل بوو بۆ ئەندامانى پەرلەمانى کوردستان لەم چەند ڕۆژەى پێشوو بەجۆرێک زۆرینەى تاکەکانى ئەم میلەتە ناڕەزایی خۆیان دەربڕی بەتایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتى فیس بووک .

لەبەرامبەر ناڕەزایی و گلەییەکانى خەڵک ئەندامانى پەرلەمان هەندێکیان زوو هاتنە دەنگ و هەریەکەیان ڕاو بۆچوونى خۆیان دەربڕی ، ئەوەى زیاتر لە بابەتى کڕینى ئۆتۆمبیلەکان داخى زیاترە قسە و لێدوانى هەندێ لە ئەندامانى پەرلەمانە کە دەدوێن لە میدیاکانەوە وەک وەڵام دانەوەیەک و پاکانە دەربڕینى خۆیان بۆ میلەت .
هەر لەم سەروو بەندەدا گوێم لە خانمە پەرلەمانتارێکى خەپ و خڕ بوو وتى : ئێمەش وەک فەرمانبەران بۆ ڕاپەڕاندنى ئەرکەکانمان مافى خۆمانە ئۆتۆمبیل مان بۆ بکردرێت و هەمان بێت بۆ ئەوەى کارەکانمان بەزووى ڕاپەڕێنین ”
بە ئەو پەرلەمانتارە و لایەنەى پەیوەندار دەڵێم کە منیش فەرمانبەرێکى حکومەتم و چەند ساڵێکە بەردەوام خزمەت دەکەم ڕۆژانە لە شوێنى نیشتەجێ بوونم لە گوندەکەمەوە بەپێ نزیکەى 5 پێنج کیلۆ مەتر دەبڕم تا دەگەم بە شوێنى کارەکەم ، ئەى بۆ نزایەک بۆ من ناکەن بۆ ئەوەى منیش ئۆتۆمبیلێک وەربگرم ؟ بۆچی ئۆتۆمبیل بۆ من ناکڕدرێت ؟
لەچەندلایەکى دیکەوە چەند ئەندام پەرلەمانێک و تەنانەت سەرۆکى دیوانى پەرلەمانیش بەهەموو عەقڵێکیانەوە دەیان گوت : ساڵانى پێشوو بڕی 40 چل ملیۆن دۆلار خەرج کراوە بۆ کڕینى ئۆتۆمبیل بۆ پەرلەمانتاران و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتیەکان بەڵام ئەم ساڵ ئۆتۆمبیلەکان بڕی 4 ملیۆن دۆلار تێچوویانە ، بۆچی کەس باسی ئەوەى ساڵانى پێشووى نەکرد و نایکات ؟ ”
چەند قسەیەکى سەیرە .! هەرگیز چاوەڕوانى ئەو لێدوان و وتانە نەبووم لەزارى ئەندامى پەرلەمانەوە ، نازانم کاکى پەرلەمانتار نازانێت یاخود ئەیانەوێ خۆڵ بکەنە چاوى خەڵک بەم پاساوە بەسەرچووانە ، سەیرم پێ دێ ئاخۆ لەیادەوەریاندا نەمابێت یان لە بیرى خۆیان بەرنەوە کە لە ساتەوەختى بانگەشەى هەڵبژاردنەکان بەشە خۆراک (بایەعى) خۆیان بەتەواوى نەدەخوار و دەیانگوت دەیکەین بە دووبەش لەگەڵ میلەت چونکە تیکەى خەڵکە”!
ئەندامانى پەرلەمان بێ ئاگان لەوەى کە ساڵانى پێشوو مووچەى فەرمانبەران یەک هەفتە دوا نەدەکەوت سەرەڕاى ئەوەى پاداشت و ڕێز و سوپاس دەکران ، بەڵام ئەوا ساڵێک تێپەڕی نەک فەرمانبەر بەڵکو ئەو پێشمەرگەى کە پارێزگارى لەخاک دەکات و بەبەها ترین سەرمایەى ژیانى کە گیان ( ڕۆح ) یەتى دەیکاتە قوربانى لەپێناو وڵات بەدرێژایی ساڵ سێ مانگ مووچە وەرناگرێ ، پەرلەمانتارى بەڕێز بێ ئاگایە لەماڵى ئەو فەرمانبەرى کە لەمانگێکدا دوو ئێوارە میوەى تێدا نیە بەیانى تا کۆتایی ئەرکەکەى سکى قۆڕەى دێ لەتاو برسیەتى و باخەڵ خاڵی بوونى بەڵام ئەندام پەرلەمان بە مافى خۆى دەزانێت ئۆتۆمبیلێک بکڕدرێت کە نرخى 4 چوار دەفتەر دۆلار بێت لەم ڕۆژ و لە مانگ و لەم ساڵە ناهەمووارە .
هەر لەمەڕ ئەم باسە ئەندامێکى پەرلەمان و سەرۆکایەتى دیوانى پەرلەمان وتیان : بۆیە ئۆتۆمبیلى جۆرى لانکرۆز ( وەنەوشە) مان کڕیوە چونکە ئەوە جۆرە باشە و تواناى هاتووچۆ باشی هەیە هەموو ئۆتۆمبیلێک بەکەڵکى ئەندامى پەرلەمان نایەت و ئەم جۆرە گونجاوە ”
بەو بەڕێزانە دەڵێم لەپاش ماوەى ئەو مووچەى وەریدەگرم کە لەخۆمم گرتۆتەوە لەم قەیرانە داراییەدا لەبەر هاتووچۆ کردنم بەرازیلیەکم کڕی مۆدێل 1986 چونکە بانزین کەم ێرف دەکات و کەم مێرەفە ، بەڵام لەڕاستیدا گەر پارەم هەبێت یاخود بۆم بکڕدرێت ئەوا ئۆتۆمبیلى مۆدێل بەرز و باشترم دەکڕی .
سەیرتر ئەوەیە بەوتەى بەرپرسی سەرۆکایەتى دیوانى پەرلەمان وتى لەکۆى ئەو 109 ئۆتۆمبیلە 103 دانەیان بۆ ئەندامانى پەرلەمانە پێشتر پرس کراوە پێیان و 103 ئەندام پەرلەمان ویستوویەتى و چەند دانەیەکیان نەیان ویستووە ” کەچی لەپاش ئەوەى خەڵک کردیە هەڵا و درایەوە بە نێوچاوانی سپی ڕوومەتیان لە ئێستادا هەریەکە و بەجۆرێ خۆى بێ بەرى و بێ ئاگا دەکات لە داواکارى و خواستى وەنەوشەکان ، من دەپرسم ئایا گەر هێندە ویژدان زیندوون بۆچی پێش ئەوەى ئەو 109 ئۆتۆمبیلە بکڕدرێت ڕاتان نەگەیاند نامانەوێ ؟
ئایا نەتان دەتوانى واژۆ کۆبکەنەوە و گەڵاڵەى سەرۆکایەتیەکەتانى بکەن بۆ ئەوەى دانیشتنێکى لەسەر بکەن و بڕیار لەسەر نەکڕینى بکەن ؟
ئێستاکە پاش دەرکردنى نوسراو بۆ هەڵگرتنى گومرگ لەسەر هێنانیان وکڕراون تازە بەتازە پاشگەز دەبنەوە ، لەکاتێکا کە بوونەتە موڵک بەپێی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیاکە و مامەڵە یاساییەکان ، ئەمە ئەو پەندەى پێشینانە کە دەڵێ : سوار بوون عەیبێک و دابەزین دوووان “
بەهەرحاڵ گەر ئەندامانى پەرلەمان نەشیانەوێ ئەوا من وەک خۆم بۆ ئەوەى خەزێنەى دەوڵەت زیانەمەند نەبێت دانەیەکم دەوێ بەمەرجێ بەقیست وەریبگرم ، گەر قیست نەبێت وەنەوشەکەى خۆم ناگۆڕمەوە بەوانەى پەرلەمان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت