talabani_hero

وریا عەبدولخالق ؛ ململانێكانى ناو یه‌كێتى , شاژن له‌سه‌ر عه‌رشه‌كه‌ داده‌نیشێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

ئایا به‌رهه‌م ساڵح گێمى كۆتاى یاریه‌كه‌ ده‌دۆرِێنێت ؟
کۆسرەت رەسول , بەرهەم ساڵح بەدەردى نەوشیروان مستەفا دەبات ؟

نامه‌كه‌ى هه‌ردوو جێگرانى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ و به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح له‌ رِۆژى 4ى ئه‌م مانگه‌ كه‌ ئارِاسته‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى كراوه‌ جارێكى تر ململانێى باڵه‌كانى ناو یه‌كێتى گه‌رمتر كرده‌وه‌ , له‌ دواى نه‌خۆشكه‌وتنى تاڵه‌بانیه‌وه‌ ململانێى باڵه‌كانى یه‌كێتى كه‌وته‌ قۆناغێكى نوێوه‌ به‌و پێیه‌ى له‌ غیابى تاڵه‌بانیدا ململانێكان رِاسته‌وخۆ و توندتر بوون و هه‌ست به‌نه‌مانى چه‌تره‌كه‌ى تاڵه‌بانى ده‌كرێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ى ئارِاسته‌ دژ به‌یه‌كه‌كان ,پێشتر هه‌موو چاویان له‌ تاڵه‌بانى بوو بۆ به‌یه‌كلادا خستنى هه‌ر دۆسێ یه‌ك كه‌ ململانێیان بوو له‌سه‌رى , به‌ڵام ئه‌مجاره‌ شه‌رِ له‌ سه‌ر میرات و كورسیه‌كه‌ى خودى تاڵه‌بانیه‌ , كێبرِكێ له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى تاڵه‌بانى به‌ گشتى له‌ نێوان سێ جه‌مسه‌ردایه‌ ، كه‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسی و خێزانى تاڵه‌بانى وهه‌ریه‌ك له‌ دوو جێگره‌كه‌ى تاڵه‌بانى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ و به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح سه‌ركردایه‌تى ده‌كه‌ن و هه‌رچى كۆسره‌ت رِه‌سوڵه‌ كه‌متر تینى ئه‌و ململانێ یه‌ى هه‌یه‌ و به‌ریه‌ككه‌وتنه‌ تاونده‌كه‌ له‌ نێوان هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و به‌رهه‌م ساڵح دایه‌ .

كۆنگره‌ى سێ : كوده‌تایه‌كى دیموكراسیانه‌

كۆنگره‌ى سێ ى یه‌كێتى له‌ مانگى حوزه‌یرانى 2010 جۆرێك له‌ هاوكێشه‌ى هه‌ژموونى له‌ ناو یه‌كێتیدا گۆرِى و به‌ جۆرێك هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ، جگه‌ له‌ سه‌ركه‌وتنى خۆى به‌ ده‌نگى یه‌كه‌م توانى سه‌ركه‌وتنى لیستێكى گه‌وره‌ زامن بكات و به‌شێكى زۆرى ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى به‌ قازانجى ئارِاسته‌كه‌ى ئه‌و له‌ كۆنگره‌ سه‌ركه‌وتنیان به‌ده‌ست هێنا , هه‌رچى
به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت رِه‌سوڵه‌ به‌ ته‌زكیه‌ى تاڵه‌بانى و به‌ چه‌پلە‌رِێزان بوونه‌ جێگرى یه‌كه‌م و دووه‌مى سكرتێرى گشتى , به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ر ئیمتیازى جێگرى سكرتێرى گشتى باجى قورسیان له‌ به‌رامبه‌ر هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و ئارِاسته‌كه‌ى داو هه‌رچى كۆسره‌ت رِه‌سوله‌ له‌به‌رامبه‌ر خۆى و ده‌رچوونى كورِه‌كه‌ى به‌ ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى پشتى له‌ هه‌ڵۆكانى ناو باله‌كه‌ى كرد و چه‌ند كه‌سێكى نزیكى له‌سه‌ر حیسابى ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ نه‌یانتوانى بگه‌نه‌ سه‌ركردایه‌تى وه‌كو ( بورهانى سه‌عید سۆفى و رِێباز بێركۆتى ) , هه‌رچى به‌رهه‌م ساڵح یشه‌ له‌ لایه‌ن خانه‌واده‌ى تاڵه‌بانیه‌وه‌ به‌ ئاشكرا دژایه‌تى كراو شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د ته‌حه‌فوزى پیشاندا به‌رامبه‌ر دانانى به‌رهه‌م ساڵح به‌ جێگرى سكرتێر به‌بێ هه‌ڵبژاردن و هه‌ندێ میدیاكارى ناو یه‌كێتى كه‌ نزیك بوون له‌ به‌رهه‌م ساڵه‌حه‌وه‌ هاوشێوه‌ى نزیكه‌كانى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ له‌ كۆنگره‌كه‌دا كه‌وتن , تاڵه‌بانى ناكرێ بێئاگابوبێت له‌م گه‌مانه‌ به‌ڵكو خۆى نه‌خشه‌ى كۆنگره‌كه‌ى دارِشتوه‌و ناكرێ ئه‌وه‌ى له‌ كۆنگره‌یه‌كى وادا رِووده‌دا ، كه‌ تازه‌ هێزێكى وه‌كو گۆرِان له‌ جه‌سته‌ى یه‌ كێتى جیابوه‌ته‌وه‌ موفاجه‌ئه‌ى تێدا بێت بۆ تاڵه‌بانى به‌ڵكو خۆى له‌ ساته‌كانى كۆتاى كۆنگره‌و له‌ هه‌ڵبچرِینى سندوقه‌كانى ده‌نگداندا موفاجه‌ئه‌كانى پیشانى هه‌مووان دا تاڵه‌بانى جۆرێك له‌ تاكتیكى واى له‌ كۆنگره‌كه‌دا نیشاندا ، كه‌ رِۆڵى باوكایه‌تى زیاتر تۆخ كرده‌وه‌و ئه‌ندامانى كۆنگره‌ى سه‌رسام كرد به‌ تایبه‌ت له‌ دوو شت له‌ گه‌لأ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د دژ بوون له‌ جۆرى ئه‌و ده‌سكه‌ گوله‌ى ناو ئارِمه‌كه‌ى یه‌كێتى و رِێژه‌ى ژن له‌ ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى , به‌ڵام ستراتیجى تاڵه‌بانى به‌ پێى ده‌ره‌نجامه‌كانى كۆنگره‌كه‌ ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت : تاڵه‌بانى ویستویه‌تى شاژن جێگره‌وه‌ى عه‌رشه‌كه‌ى بێت و ئه‌وكاره‌كته‌رانه‌ى تر ، كه‌ تاڵه‌بانى خۆى دروستى كردوون مه‌به‌ستى نه‌بووه‌ بیانكاته‌ میراتگرى خۆى به‌ لكو سیحرى تاڵه‌بانى وایه‌ كه‌ كاتى په‌یدا كردنى هه‌ژموونى هه‌ركه‌سێك له‌ناو یه‌كێتى ، تاڵه‌بانى كاره‌كته‌رێكى بۆ دروست ده‌كات تا ململانێى بكات و خۆشى له‌ سه‌ره‌وه‌ ئیداره‌ى هه‌ردوكیان ده‌دات و رِۆڵى باوك ده‌بینێت بۆ ئه‌مه‌
نمونه‌ى كۆسره‌ت رِه‌سول له‌ به‌رامبه‌ر نه‌وشیروان مسته‌فاو جه‌بار فه‌رمان له‌ به‌رامبه‌ر كۆسره‌ت رِه‌سول و به‌رهه‌م ساڵح له‌ به‌رامبه‌ركۆسره‌ت رِه‌سوڵ و نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ساڵح و ئه‌وانى تر ده‌بینرێت , كۆنگره‌ى سێ كوده‌تایه‌كى دیموكراسیانه‌ى ماڵى تاڵه‌بانى بوو و توانیان له‌ دواى ئه‌م كۆنگره‌یه‌وه‌ شه‌رعیه‌تى خۆیان به‌ته‌واوه‌تى بسه‌پێنن به‌سه‌ر زۆربه‌ى ده‌زگا و ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتىدا .
له‌ دواى كۆنگره‌كه‌وه‌ به‌ ئاماده‌ بوونى تاڵه‌بانى و غیابى تاڵه‌بانیش له‌كاتى نه‌خۆشكه‌وتنه‌كه‌یدا ململانێى توند له‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵه‌ح وهیرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا ده‌بینرێت و هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ دووه‌م جه‌وله‌ى ململانێیه‌ ئیمزاى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ هاوپێچى ئیمزاى به‌رهه‌م ساڵح ـه‌ ، به‌ڵام كه‌متر به‌ریه‌ككه‌وتن له‌گه‌ل كۆسره‌ت رِه‌سوڵدا هه‌یه‌ .

به‌رهه‌م ساڵح دۆرِاوى سێ گێمى یاریه‌كه‌

پێش هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق له‌ 30 نیسانى ئه‌مساڵ به‌رهه‌م ساڵح له‌ نامه‌یه‌كدا داواى كۆنگره‌ى كرد و جێگرى خۆى هه‌ڵپه‌سارد و كۆسره‌ت رِه‌سوڵیش ئیمزاى له‌سه‌ر نامه‌كه‌ى كرد رِایگه‌یاند ئه‌وته‌نیا ئه‌ندامێكى یه‌كێتیه‌ , به‌رهه‌م ساڵح نه‌چووه‌ كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌و چاوه‌رِێى ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانى یه‌كێتى ده‌كرد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌و به‌ شێك له‌ نزیكه‌كانى به‌رهه‌م ساڵه‌ح پێشبینى ئه‌نجامى زۆر خراپتریان له‌ هه‌ڵبژاردنى 21ى سێپته‌مبه‌رى 2013ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ یه‌كێتى ده‌كرد و له‌ به‌رامبه‌ردا خانه‌واده‌ى تاڵه‌بانى به‌ تایبه‌ت قوباد تاڵه‌بانى له‌ كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردن دا به‌زه‌قى ده‌ركه‌وتن و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردن به‌ قازانجى باڵى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شكایه‌وه‌ به‌ و پێیه‌ى ئه‌وان سه‌رۆكایه‌تى كه‌مپه‌ینى هه‌ڵبژاردنیان كردو یه‌كێتى له‌سه‌ر ئاستى كوردستان بۆ یه‌كه‌مجار له‌ دواى دروست بوونى گۆرِانه‌وه‌ بووه‌وه‌ هێزى دووه‌م و له‌سه‌ر ئاستى عێراقیش كۆتاى به‌ هه‌ژموونى پارتى هێناو به‌ جیاوازى چوار كورسى و به‌ به‌ده‌ستهێنانى 21 كورسى دووه‌م بوو , ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌یان وه‌كو په‌یامێك گه‌یانده‌ به‌رهه‌م ساڵه‌ح كه‌ به‌بێ
ئه‌ویش ده‌توانن یه‌ كێتى به‌ رِێوه‌به‌رن , هه‌ڵپه‌ساردنى پۆستى جێگرى سكرتێرو دوور گرتن ، هیچ سودێكى به‌ به‌رهه‌م ساڵه‌ح نه‌گه‌یاند و زیاتر هه‌ژموونى بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى چه‌سپاند و به‌رهه‌م ساڵح به‌ شكستى له‌م گه‌مه‌یه‌ هاته‌ ده‌رو دواتر كۆتاى به‌ هه‌ڵپه‌ساردنى پۆستى جێگریه‌كه‌ى هێنا بێ ئه‌وه‌ى ده‌سكه‌وتى هه‌بێت و نامه‌ى ئه‌مجاره‌ى وه‌ك جێگرى سكرتێر ئاراسته‌ كردووه ‌.
گێمى دووه‌مى كێبرِكێ ى نێوان به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵه‌ح و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كاتێك ده‌ستى پێكرد ، كه‌ ماڵى تاڵه‌بانى به‌ سه‌ركه‌وتووى له‌ هه‌ڵبژاردن هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌و له‌ پێش هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان و په‌رله‌مانى عێراق خۆیان به‌ دوور گرت له‌ به‌شدارى حكومه‌تى هه‌رێم , به‌ڵام دواى هه‌ڵبژاردن جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت به‌شى یه‌كێتى بوو ، ململانێكه‌ى تۆخ كرده‌وه‌ ئاخۆ كێ چانسى هه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و كورسیه‌ دابنیشێت . كێبرِكێ له‌ نێوان قوباد تاڵه‌بانى و حاكم قادر كارگێرِى مه‌كته‌بى سیاسی یه‌كێتى بوو , هه‌رچه‌نده‌ حاكم قادر له‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵه‌ح هه‌ژمار ناكرێت ، به‌ڵام ئارِاسته‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح هه‌وڵى ئه‌وه‌یاندا چانسه‌كه‌ بدرێته‌ حاكم قادر , دواجار مه‌كته‌بى سیاسى باڵانسه‌كه‌ى بۆ قوباد تاڵه‌بانى شكانده‌وه‌و به‌مه‌ش ماڵى تاڵه‌بانى زیاترپێگه‌ى خۆیان قایمتر كرد .
گێمى سێ یه‌م بۆ به‌رهه‌م ساڵح زۆر قورستر كه‌وت , چونكه‌ شه‌رِه‌كه‌ له‌سه‌ر كورسیه‌كه‌ى تاڵه‌بانى بوو له‌ به‌غدا , كه‌ كورسیه‌كه‌ كاریگه‌رى له‌ سه‌ر ئاستى عێراق و كوردستان هه‌یه‌ و ده‌یتوانى به‌ جۆرێك پێگه‌ى به‌رهه‌م ساڵه‌ح بگۆرِێت كه‌ نه‌توانرێت په‌راوێز بخرێت , زانیارى ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌م ساڵح هه‌وڵى داوه‌ له‌ رِێگه‌ى محه‌مه‌دى حاجى مه‌حموده‌وه‌ ئێرانیه‌كان رِازى بكات له‌مپه‌رى بۆ دروست نه‌كه‌ن و شه‌رِه‌كه‌ى برده‌ ناو مه‌كته‌بى سیاسیه‌وه‌ به‌و پێیه‌ى واى ده‌بینى رِكابه‌رێكى ئه‌وتۆى نیه‌ , به‌ڵام مه‌كته‌بى سیاسی له‌ نێوان ئه‌وو فوئاد مه‌عسومدا نه‌یتوانى یه‌كێكیان یه‌كلاى بكاته‌وه‌ هه‌ردوكیانى سپارد به‌ كوتله‌ كوردیه‌كانى به‌غدا , جگه‌ له‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى خۆى بۆ هه‌مان پۆست كاندید كرد , هه‌رچه‌نده‌ كاندید بوونى نه‌جمه‌دین كه‌ریم وه‌كو پلانى( بى ) لێك ده‌درێته‌وه‌ به‌و پێیه‌ى ئه‌گه‌ر به‌رهه‌م ساڵح سه‌ركه‌وتنى به‌دستهێنا به‌رامبه‌ر فوئاد مه‌عسوم ئه‌وا له‌ رێگه‌ى زۆرینه‌ى شیعه‌وه‌ پۆسته‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى نه‌جمه‌دین كه‌ریم یه‌كلاى بكه‌نه‌وه‌ , كاتێك پلانى (ئه‌ى) سه‌ركه‌وت و فوئاد مه‌عسوم بووه‌ پاڵێوراوى كوتله‌ كوردیه‌كان نه‌جمه‌دین كه‌ریم كشایه‌وه‌ له‌ خۆپاڵاوتن , به‌رهه‌م سالح له‌م گه‌مه‌یه‌دا هه‌موو هێلكه‌كانى خۆى خسته‌ سه‌به‌ته‌ى پارتى و گۆرِانه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ى حیسابى ورد بۆ هه‌ژموونى باڵى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بكات و ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌ زۆره‌ بخوێنێته‌وه‌ ، كه‌ ئه‌م باڵه‌ یه‌كێتى به‌ رِێوه‌ده‌به‌ن له‌گه‌ڵ پارتى هه‌یانه‌ , هه‌رچه‌نده‌ به‌رهه‌م ساڵح بۆ پارتى له‌ پێشتر بوو وه‌ك فوئاد مه‌عسوم به‌و پێیه‌ى زیاتر له‌ بارزانیه‌وه‌ نزیكه‌و هاورِاى زۆر پرسه‌ له‌ گه‌لیدا به‌ڵام ساته‌كانى كۆتاى فشارى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له‌ گۆرِان و پارتى باڵانسه‌كه‌ى گۆرِى و به‌ تایبه‌ت بارزانى كه‌وته‌ واقیعێكه‌وه‌ به‌ هۆى په‌یوه‌ندى به‌تینى یه‌كێتى و ئێران ده‌رچوونى مه‌عسوم یان نه‌جمه‌دین كه‌ریم مسۆگه‌ره‌و دركى به‌ پلانى (بى) كرد و له‌ نێوان ئه‌و دوانه‌دا به‌ ناچارى فوئاد مه‌عسومى هه‌ڵبژارد ، چونكه‌ نێوانى زۆرباش نیه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كه‌ى كه‌ركوكدا , به‌مه‌ش باڵى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د گێمێكى تریان له‌ به‌رهه‌م ساڵح برده‌وه‌ و نامه‌كه‌ى ئه‌مجاره‌ى به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت رِه‌سوڵ سه‌رەتاى گێمێكى ترى یاریه‌كه‌یه‌ ، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بێت چونكه‌ ، چوار فاكته‌رى گرنگ یه‌كێتى به‌رِێوه‌ ده‌به‌ن ، كه‌ ( هێزى چه‌كدار و داراى و رِاگه‌یاندن و ئۆرگانه‌كانن) و هه‌ر فاكته‌ره‌ى قورساى خۆى هه‌یه‌و به‌ده‌ستهێنانى ماناى هه‌ژمون و خاوه‌ندارێتى یه‌كێتیه‌و نامه‌كه‌ى هه‌ردوو
جێگرى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى سورِانه‌وه‌یه‌ له‌ ده‌ورى ئه‌و چوار فاكته‌ره‌ى ، كه‌ ململانێكه‌ یه‌كلاى ده‌كاته‌وه‌ .
له‌ بنه‌رِه‌تدا ده‌بوو نامه‌كه‌ ئارِاسته‌ى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بكرایه‌ ، به‌ڵام هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى رِازى نه‌بوون ئیمزا له‌سه‌ر نامه‌كه‌ بكه‌ن ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بێت و ناچار هه‌ردوو جێگره‌كه‌ نامه‌كه‌یان ئارِاسته‌ى ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كردووه‌ له‌ ئێستادا له‌كۆى 49 كه‌س 17 كه‌س ئیمزاى له‌سه‌رى كردووه‌ , ناوه‌رِۆكى نامه‌كه‌ بریتیه‌ له‌ به‌رنامه‌ى كار بۆ بوژاندنه‌وه‌و چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى یه‌كێتى و رِاسته‌وخۆ و نارِاسته‌وخۆ باڵى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د تۆمه‌تبار ده‌كات به‌هۆكارى كێشه‌كانى ناو یه‌كێتى و
به‌هه‌وڵدان بۆ ده‌سته‌گه‌رى و پاوانكردنى برِیارى سیاسى وهه‌ندێك ده‌سته‌واژه‌ى تێدایه‌ كه‌توندن وه‌كو ( له‌ ده‌ستدانى سه‌ربه‌خۆى برِیارى سیاسى , پاوانكردنى جومگه‌كانى برِیارو ده‌رامه‌تى یه‌كێتى , ده‌سته‌مۆكردنى كادرو خزمخزمێنه‌و كپ كردنى ده‌نگى جیاواز ) , جگه‌ له‌وه‌ش به‌ ئاشكرا ئه‌وه‌ به‌نامه‌كه‌وه‌ دیاره‌ باڵى به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت رِه‌سوڵ نیگه‌رانن له‌وه‌ى خانه‌واده‌ى تاڵه‌بانى سودى گه‌وره‌یان له‌ پێگه‌و سه‌رمایه‌ى مه‌عنه‌وى تاڵه‌بانى بینیوه‌و دووجار له‌ نامه‌كه‌یاندا ناوى تاڵه‌بانى وه‌كو ( سه‌روه‌رمان و رِابه‌رمان ) دێنن و ئه‌م گشتاندنه‌ى تاڵه‌بانى بۆ هه‌موان ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت نایانه‌وێت پێگه‌ى تاڵه‌بانى ته‌نها له‌ به‌رژه‌وه‌ندى باڵى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بشكێته‌وه‌ .
نامه‌كه‌ى هه‌ردوو جێگره‌كه‌ هه‌رچه‌نده‌ رِووه‌و ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ئارِاسته‌كراوه ، به‌ڵام له‌ واقیعدا به‌ره‌و رِووى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كراوه‌ته‌وه‌ . به‌و پێیه‌ى ئه‌وانه‌ى ئیمزایان كردووه‌ داواكارن و ئه‌وانه‌ى ماونه‌ته‌وه‌ سه‌ربه‌ كوتله‌ى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌دن و داوا لێكراون , نامه‌كه‌ به‌ پێنج خاڵ چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى یه‌كێتى ده‌خاته‌ رِوو ، كه‌ خاڵى یه‌كه‌م مه‌غدووریه‌تى هه‌ردوو جێگرى سكرتێرو مه‌كته‌بى سیاسى ده‌رده‌كات له‌ برِیاردان له‌ ناو یه‌كێتى و به‌ ده‌سته‌واژه‌ى ( ناوه‌ندى برِیار بگه‌رِێته‌وه‌ بۆ ده‌زگا شه‌رعیه‌كانى یه‌كێتى و برِیار به‌ پێى په‌یرِه‌وى ناوخۆو رِێزگرتن له‌ دامه‌زراوه‌ شه‌رعیه‌كانى یه‌كێتى بێت ) , ئه‌م ده‌ربرِینه‌ ئه‌و واقیعه‌ ده‌خاته‌ به‌رچاو موماره‌سه‌كردنى ده‌سەڵات له‌لایه‌ن هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ده‌وه‌ ده‌سڵاتى دوو جێگره‌كه‌ى تێپه‌رِاندووه‌و چه‌قى ناوه‌ندى برِیارى یه‌كێتى لاى ئه‌وه‌ . هه‌رچى كۆسره‌ت رِه‌سوڵه‌ زیاتر خۆى بواردووه‌ له‌ به‌كارهێنانى هه‌ندێ ده‌سەڵاتى وه‌كو جێگرى یه‌كه‌مى سكرتێرى گشتى كه‌ له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌ نه‌بوونى تاڵه‌بانى هه‌مان ده‌سەڵاتى تاڵه‌بانى هه‌یه‌ تا كۆنگره‌ , كۆسره‌ت رِه‌سوڵ حه‌زى به‌ رِووبه‌رِووبونه‌وه‌ى رِاسته‌وخۆى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نیه‌و ، رِه‌نگه‌ نه‌شیویستبێت برِیار بدات و جێبه‌جێ نه‌كرێت , چونكه‌ زۆربه‌ى ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى له‌ ژێر كۆنترۆڵى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و باڵه‌كه‌یدان و به‌ ئاسانى ده‌توانن هه‌ر برِیارێك بێت ته‌گه‌ره‌ بخه‌نه‌ به‌رده‌مى . له‌مه‌دا كۆسره‌ت رِه‌سوڵ واقیعى خوێندوه‌ته‌وه‌ هه‌م بۆ پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى له‌ ناو یه‌كێتى و هه‌م بۆ دانه‌خستنى ئه‌و كه‌ناڵه‌ى كه‌ له‌ نێوان خۆى و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د هه‌یه‌و ، هه‌میشه‌ ماڵى تاڵه‌بانى داواكارى و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ ده‌خوێننه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ئێستا هه‌مان كه‌ناڵ به‌رِووى به‌رهه‌م ساڵه‌حدا داخراوه‌ , كێشه‌ى سه‌ره‌كى به‌رهه‌م ساڵه‌ح ئه‌وه‌یه‌ ، وه‌ك كۆسره‌ت رِه‌سوڵ نیه‌ نه‌یه‌وێت موماره‌سه‌ى ده‌سەڵاته‌كانى بكات ، به‌ڵكو ناتوانێت به‌كاریانبهینێت و ئه‌و ئینێرژیه‌ى نیه‌ له‌ جومگه‌كانى یه‌كێتىدا برِیاره‌كانى نه‌گه‌رِیته‌وه‌ , هه‌رچى مه‌كته‌بى سیاسیه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ى ئۆرگانه‌كانى تر له‌ ژێر هه‌یمه‌نه‌ى باڵى هێرۆخاندایه‌و ئارِاسته‌كه‌ى ئه‌و زۆرینه‌ن تێیدا و ئه‌گه‌ر هه‌ردوو جێگره‌كه‌ش له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌كته‌ب سیاسیه‌ك بچنه‌ به‌ره‌یه‌كه‌وه‌ هێشتا ناتوانن شكست به‌ ئه‌جێنداى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د بهێنن , دیارترین نمونه‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى كاندیدى پۆستى سه‌رۆك كۆمار بوو له‌ مه‌كته‌بى سیاسیدا , سه‌ره‌رِاى ئه‌وه‌ى نه‌یتوانى له‌ نێوان دوو كاندیدا یه‌كێكیان یه‌كلاى بكاته‌وه‌ ، ئه‌ندامێكى تریش كه‌ خۆى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى بوو له‌ ده‌ره‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى خۆى كاندید كرد .
خاڵى دووه‌م تا پێنجه‌م په‌نجه‌ بردنه‌ بۆ ئه‌و چوار فاكته‌ره‌ى كه ، ته‌واوى یه‌كێتى پێ كۆنترۆڵ ده‌كرێت و ئینێرژى یه‌كێتى تێدا كۆبوه‌ته‌وه‌ ,ل ه‌ دووه‌م داوا كاری نامه‌كه‌دا داوا ده‌كات ( رِاگه‌یاندنه‌كانى یه‌كێتى سه‌رله‌ نوێ پێناسه‌ بكرێته‌و حه‌صر بكرێت و به‌ ده‌سته‌جه‌معى به‌رِێوه‌ببرێت ) , یه‌ كێتى خاوه‌ن ده‌زگاى رِاگه‌یاندنى فراوانه‌و شه‌ش كه‌ناڵى ئاسمانى هه‌یه‌ ( گه‌لى كوردستان و كوردسات و كوردسات نیوز و كه‌ركوك و بادینان سات و كه‌ناڵى ئه‌لحورِیه‌ به‌زمانى عه‌ره‌بى له‌به‌غداد ) , جگه‌ له‌ چه‌ند ته‌له‌فزیۆنێكى لۆكاڵى و رِادیۆو رِۆژنامه‌و سایت و بڵاوكراوه‌ى تر , هه‌ردوو كه‌ناڵى ئاسمانى كوردسات و كوردسات نیوز نه‌به‌ستراون به‌ مه‌كته‌بى رِاگه‌یاندنه‌وه‌و رِاسته‌وخۆ هێرۆخان سه‌رپه‌رشتیان ده‌كات و دامه‌زرێنه‌رو خاوه‌نى هه‌ردوو كه‌ناڵه‌كه‌شه‌ و جگه‌ له‌ ته‌له‌فزیۆنى لۆكاڵى خاك و رِادیۆى خاك و رِادیۆى كوردسات و چه‌ند سایتێك ئه‌مه‌ش توانایه‌كى گه‌وره‌ى به‌ هێرۆخان به‌خشیوه‌ چونكه‌ ئه‌م ده‌زگایانه‌ زۆر زه‌به‌لاحن و وزه‌یه‌كى زۆرى تێدا سه‌رف ده‌كرێت و له‌چوارچێوه‌ى خزمه‌تكردن به‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى بالی هێرۆ ئیبراهیم و ئارِاسته‌كه‌ى كار ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت چاوپێكه‌وتنێكى مه‌لا به‌ختیار یه‌كێك له‌ نزیكه‌كانى خانه‌واده‌ى تاڵه‌بانى و ئارِاسته‌كه‌یان سانسۆركرا ، كه‌ دیاره‌ ئه‌و برِیاره‌ش له‌ لایه‌ن هێرۆ خانه‌وه‌ دراوه‌ , چونكه‌ كه‌سى تر ده‌سڵاتى ئه‌وه‌ى نیه‌ رِێ له‌ په‌خشكردنى چاوپێكه‌وتنى مه‌لابه‌ختیار بگرێت .
هه‌رچى ده‌زگاكانى تره‌ سه‌ربه‌ ئۆرگانه‌كان و مه‌كته‌بى رِاگه‌یاندنه‌ كه‌ ، باڵى هیرۆخان به‌ ته‌واوى كۆنترۆڵى مه‌كته‌به‌كه‌یان كردوه‌و سیاسه‌تى مه‌كته‌به‌كه‌ داده‌رِێژن و جگه‌ له‌ گه‌لى كوردستان له‌ سلێمانیه‌ هه‌رسێ كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كه‌ى تر گوزارشت له‌ ئه‌و ناوچانه‌ ده‌كه‌ن ، كه‌ كه‌ناڵه‌كه‌ى تێدایه‌ وه‌كو ئه‌وه‌ى كه‌ركوك زیاتر رِووماڵه‌كه‌ى بۆ كه‌ركوكیه‌كانه‌و بادینانسات تایبه‌ته‌ بۆ بادینان و زۆر سیاسى نیه‌و رِوویه‌كى كلتورى هه‌یه‌ و ئه‌لحورِیه‌ش بینه‌رى كوردى نیه‌ له‌ به‌غدایه‌و به‌عه‌ره‌بیه‌ و زیاتر رِووماڵى چالاكیه‌كانى سه‌رۆك كۆمار ده‌كا و ئه‌م سێ كه‌ناڵه‌ كاریگه‌رى ئه‌وتۆیان له‌ سه‌ر رِووداوه‌كانى هه‌رێم نیه‌ , هیچ كام له‌ دوو جێگره‌كه‌ى سكرتێر رِاگه‌یاندنى ئه‌وتۆیان نیه‌ هاوشانى هێرۆئیبراهیم ئه‌حمه‌د بێت . هه‌رچى به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح ـه‌ خاوه‌نى ده‌زگایه‌كه‌ كه‌ ئێستا ته‌نها سایتێك و رِادیۆیه‌كى هه‌یه‌و كۆسره‌ت رِه‌سوڵیش هیچ رِاگه‌یاندنێكى نیه‌ , رِاگه‌یاندن وه‌ك كارتێكى به‌ هێز له‌ده‌ستى باڵه‌كه‌ى هێرۆخاندایه‌و خودى هێرۆخان سه‌ره‌تا له‌ رِێگه‌ى دامه‌زراوه‌ رِاگه‌یاندنه‌كانیه‌وه‌ هه‌ژمونى خۆى دروستكرد و له‌ ئێستاشدا رِكابه‌رى ناكرێت .
هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى سكرتێرى گشتى یه‌كێتى به‌ ته‌واوه‌تى هه‌ست ده‌كه‌ن رِاگه‌یاندنى یه‌كێتى رِاگه‌یاندنى ئه‌وان نیه‌و ئه‌م هه‌سته‌ زیاتر لاى به‌رهه‌م ساڵح قوڵتر بوه‌ته‌وه‌ چونكه‌ ناكۆكیه‌كانى له‌ گه‌ڵ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د زیاتر مۆركێكى شه‌خسیان پێوه‌ دیاره‌و كه‌ناڵه‌كانى هێرۆخان هیچ رِووماڵێك بۆ چالاكیه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح ناكه‌ن ، مه‌گه‌ر
بۆنه‌یه‌كى گشتى بێت و به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك یه‌كێك له‌ ئاماده‌بوان له‌وێ بێت یان كۆبونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى بێت , ناكۆكى هێرۆ خان و به‌رهه‌م ساڵح له‌ شه‌رِى هه‌ژمون به‌سه‌ر رِاگه‌یاندندا مێژوویه‌كى كۆنترى له‌وه‌ى ئێستا هه‌یه‌و ئه‌و كاته‌ى به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو مینحه‌ى ده‌زگاى خاكى سه‌ر به‌هێرۆ خانى رِاگرت و بۆ ماوه‌یه‌ك ته‌له‌فزیۆنى خاك په‌خشى رِاگرتن ئه‌مه‌ سه‌ره‌تاى به‌ریه‌ككه‌وتنێكى توند بوو له‌ نێوانیاندا , سه‌ره‌رِاى هێرش كردنه‌ سه‌ر یه‌كتر له‌ بۆنه‌ى جیاجیادا به‌ نارِاسته‌وخۆو رِاسته‌وخۆ بۆ نمونه‌ هه‌ندێك جار شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خوشكى هێرۆخان له‌ رِێگه‌ى وتاره‌وه‌ هێرشى كردوه‌ته‌ سه‌ر به‌رهه‌م ساڵح و سایته‌كه‌ى دكتۆر به‌رهه‌میش زۆر به‌كه‌مى رِووماڵى چالاكیه‌كانى هێرۆخان و ده‌زگاكانى ده‌كات و زیاتر له‌ ئێستادا نزیك له‌ ئه‌جێنداى پارتیه‌وه‌ ده‌بینرێت وه‌ك له‌ یه‌كێتى و هه‌ندێك جاریش به‌ نارِاسته‌وخۆ له‌ پارێزگارى كه‌ركوك و سه‌رانى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك ده‌دات ، كه‌ دیسان په‌یوه‌ندى به‌ ناكۆكى باڵه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌ به‌و پێیه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌سه‌ر باڵى ماڵى تاڵه‌بانى هه‌ژمار ده‌كرێت .
خاڵى سێهه‌مى نامه‌كه‌ داوا ده‌كات سه‌رجه‌م هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانى یه‌كێتى بخرێته‌ سه‌ر فه‌رمانده‌ى گشتى و له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ییه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى بكرێن , هێزى چه‌كدار یه‌كێك له‌ كۆڵه‌كه‌ به‌ هێزه‌كانى یه‌كێتیه‌ , به‌ تایبه‌ت له‌ ئێستادا یه‌كێتى به‌به‌راورد به‌ نه‌یاره‌ كلاسیكیه‌كه‌ى كه‌ پارتیه‌ له‌ رِووى سه‌ربازیه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوتر بوه‌و له‌ ئێستادا نزیك به‌ ته‌واوه‌تى سنورى خۆى له‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم كۆنترۆڵ كردووه‌ , ئه‌م داوا كاریه‌ ده‌بێت زیاتر داواكارى به‌رهه‌م ساڵح بێت ، چونكه‌ كۆسره‌ت رِه‌سوڵیش خاوه‌نى هێزى چه‌كداره‌و لیواو فه‌وجى تایبه‌تى خۆى هه‌یه‌ ، هه‌ره‌نده‌ به‌راورد ناكرێت به‌و هێزه‌ سه‌ربازیانه‌ى له‌ ژێر كۆنترۆڵى ماڵى تاڵه‌بانیدان , باڵى هێرۆخان هه‌ژمونیان به‌سه‌ر به‌شى زۆرى هێزه‌كانى 70 و لیوا هاوبه‌شه‌كان پشكى یه‌كێتى و هێزه‌كانى ئاسایش و سكرتاریه‌تى تاڵه‌بانى و یه‌كه‌ى پشتیوانى دوو و تۆپخانه‌و چه‌كه‌ قورسه‌كان و لیواى گاردى كۆمارى و دژه‌ تیرۆر و ده‌زگاى زانیارىدا هه‌یه‌ , ئه‌م هێزانه‌ به‌ دوو شێوه‌ رِۆڵى یه‌كلا كه‌ره‌وه‌ ده‌بینن , یه‌كه‌میان كه‌ بوونى هێز لاى حزب تا ئێستا له‌ هه‌رێمى كوردستان فاكته‌رى به‌هێزى مانه‌وه‌ى حزبه‌ و رِۆڵى گه‌وره‌ى هه‌بووه‌ له‌ باڵانسى نفوزى حزبه‌كاندا به‌ تایبه‌ت له‌م دوایه‌دا كه‌ كوردستان توشى شه‌رِى داعش بوو , هه‌روه‌ها له‌ ناوخۆشدا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى خاوه‌نى هێزى سه‌ربازین هه‌ژمونى خۆیان ده‌سه‌پێنن و به‌شى زۆرى هه‌ژمونه‌كه‌ش له‌ ئینێرژى هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌وه‌یه‌ , حسابكردنى پارتى و گۆرِان بۆ یه‌كێتى ئه‌گه‌ر جارێك به‌هۆى جه‌ماوه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ بێت ، ئه‌وا بێگومان دووجار به‌هۆى هێزه‌ چه‌كداره‌كانیه‌وه‌یه‌ ، كه‌ ناتوانرێت فه‌رامۆش بكرێت .
شێوه‌ى دووه‌م ئه‌وه‌یه‌ ، كه‌ ئه‌م هێزانه‌ كردیان له‌ كۆنگره‌ى رِابردووى یه‌كێتى چونكه‌ ئه‌م هێزانه‌ هه‌مویان ئه‌ندامى حزبن و له‌ چوارچێوه‌ى مه‌ڵبه‌ندى پێشمه‌رگه‌ و كۆمیته‌كانى رِێكخستنى ئاسایش و هێزى ناوخۆ رِێكخراون توانیان ئه‌نجامه‌كانى كۆنگره‌ بۆ باڵه‌كه‌ى هێرۆخان مسۆگه‌ر بكه‌ن و زۆرینه‌یه‌كى سه‌ربازى بگه‌یه‌ننه‌ كورسى سه‌ركردایه‌تى , له‌ ئێستادا به‌هۆى شه‌رِى داعشه‌وه‌ ماڵى تاڵه‌بانى زیره‌كانه‌ سودیان له‌م هێزانه‌ بینیوه‌و سه‌ركه‌وتنى یه‌كێتى له‌ به‌ره‌كانى شه‌رِبه‌ قازانجى باڵه‌كه‌ى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د شكاوه‌ته‌وه‌ , كێشه‌ى به‌رهه‌م ساڵح ئه‌وه‌یه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ى شاخ نیه‌و كورِى شاره‌ قوڵایه‌كى واى نیه‌ له‌ ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كان كه‌وه‌ك فاكته‌رى هێز و وه‌ك كارتى ده‌نگ له‌
كۆنگره‌ سودیان لێ ببینێت , بۆیه‌ داواى ئه‌وه‌ ده‌كا لانى كه‌م ئه‌م هێزانى له‌ ژێر هه‌ژمونى كه‌سه‌ نزیكه‌كانى هێرۆخان نه‌مێنن و بخرێنه‌ سه‌ر فه‌رمانده‌ی گشتى .
داواكارى چوارم له‌ ده‌ورى ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى ده‌سورِێته‌وه‌ و داوا ده‌كا ئاڵوگۆرِ له‌و شوێنانه‌ بكرێت ، كه‌ په‌یوه‌ستن به‌كۆنگره‌وه‌ , به‌ ده‌سته‌واژه‌ى ( بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین كۆنگره‌یه‌كى شه‌رعى و بێخه‌وش و دواجار سه‌ركه‌وتو ببه‌ستین ) شه‌رعیه‌ت له‌ ئۆرگانه‌كان ده‌سه‌ننه‌وه‌ و مه‌رجى ئالوگۆرِ و چاره‌سه‌رى ئه‌و برِیارانه‌ داده‌نێن كه‌ بوه‌ته‌ هۆى شێواندنى ئۆرگانه‌كان , ئۆرگانه‌كانى یه‌كێتى پێك دێن له‌ مه‌ڵبه‌نده‌كان و مه‌كته‌به‌كان و كۆنترۆڵى زۆربه‌ى مه‌كته‌به‌كان لاى باڵى هێرۆخانه‌و مه‌ڵبه‌نده‌كانیش نفوزى ماڵى تاڵه‌بانى زیاتر به‌سه‌ریدا زاڵه‌و له‌ هه‌ندێ شوێنیش نفوزى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ , كێشه‌ى به‌رهه‌م ساڵح له‌ میكانیزمى هاتنى ئه‌وانه‌دایه‌ بۆ كۆنگره‌ كه‌ له‌ ئۆرگانه‌كانه‌وه‌ دێن , چونكه‌ ئه‌گه‌ر به‌هه‌ڵبژاردن بێن یان به‌ ته‌زكیه‌ چانسى باڵه‌كه‌ى هێرۆخان زیاتره‌ چونكه‌ كۆنترۆڵى مه‌كته‌بى رِێكخستنیان كردوه‌و كۆنگره‌ى رِابردووش گه‌واهیده‌رى ئه‌و رِاستیه‌یه‌ كه‌ ئۆرگانه‌كان باڵانس به‌قازانجى هێرۆخان و باڵه‌كه‌ى ده‌شكێننه‌وه‌ و وێرِاى ده‌ستكراوه‌ى باڵى هێرۆۆخان له‌ به‌خشینى ئیمتیازو پله‌ و پایه‌ بۆ مسۆگه‌ر كردنى هه‌ژمونى خۆیان , له‌كۆى 13 مه‌ڵبه‌ند ته‌نها سێ لێپرسراو مه‌ڵبه‌ند له‌سه‌ر باڵى به‌رهه‌م ساڵح و كۆسره‌ت رِه‌سوڵ حساب ده‌كرێت , ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ مه‌كته‌به‌ كاریگه‌ره‌كان كه‌ له‌ ژێر هه‌ژموونى ماڵى تاڵه‌بانیدان و ئه‌نجومه‌نى ناوه‌ندیش سكرتێره‌كه‌ى عادل موراد یه‌كێكه‌ له‌ كه‌سه‌ متمانه‌ پێكراوه‌كانى خانه‌واده‌ى تاڵه‌بانى .
خاڵى كۆتاى نامه‌كه‌ى هه‌ردوو جێگره‌كه‌ له‌سه‌ر دارایى یه‌كێتیه ‌, و داواكراوه‌ دارایى یه‌كێتى شه‌فاف بێت و له‌ ژێر یه‌ك چه‌تر كۆبكرێته‌وه‌ , ئه‌م داواكارییه‌ شتێكى نوێ نیه‌ ، چونكه‌ مه‌كته‌بى دارایى و ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى سپێردراوه‌ به‌ رِازگرى نهێنیه‌كانى تاڵه‌بانى دلێرى سه‌ید مه‌جید و ئه‌م پیاوه‌ هیچ پۆستێكى له‌ مه‌كته‌بى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى نیه‌ ، به‌ڵام
له‌ مه‌كته‌ب سیاسیه‌ك زیاتر له‌پێشه‌و له‌دوا سه‌ردانى هێرۆخان بۆلاى نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار هاورِێى هێرۆخان بوون و نهێنى سه‌رجه‌م داهات و مومته‌له‌كاتى یه‌كێتى . لاى ئه‌م پیاوه‌یه‌و یه‌كێتى جگه‌ له‌و بودجه‌یه‌ى كه‌ له‌ حكومه‌ت وه‌ریده‌گرێت ده‌یان كۆمپانیاى هه‌یه‌و له‌ ژێرناوى نۆكان گروپ كۆی كردونه‌ته‌وه‌ و هاوبه‌شى چه‌ندین پرِۆژه‌ى گه‌وره‌ن له‌ كوردستان و عێراقدا , نۆكان و ئیداره‌ى گشتى هێنده‌ كاریگه‌رن به‌سه‌ر یه‌كێتیه‌وه‌ ، كه‌ زۆرجار كه‌سه‌ سه‌ركه‌وتوه‌كانى ناو نۆكان له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌ بۆ پۆستى گه‌وره‌ ده‌پاڵێورێن نمونه‌ى پارێزگارى پێشوى سلێمانى به‌هرۆز مه‌حه‌مه‌د قه‌شانى و خه‌یروڵا بابه‌كرى وه‌زیرى پێشوى بازرگانى عێراق , بۆیه‌ هه‌ردوو جێگره‌كه‌ دركیان به‌وه‌ كردوه‌ كه‌ ، پاره‌و قاسه‌كه‌ى یه‌كێتى له‌ توانایدایه‌ زۆر شت بگۆرِێت و له‌ ده‌ستى هه‌ركه‌سدا بێت ، ده‌توانێت گۆرِانكارى گه‌وره‌ى له‌ به‌رژه‌وه‌ندى خۆى پێ دروست بكات .
ئه‌م گێمه‌ى یاریه‌كه‌ كه‌ هه‌ردوو جێگره‌كه‌ى تاڵه‌بانى به‌ هاوبه‌ش به‌رامبه‌ر خێزانه‌كه‌ى تاڵه‌بانى دابه‌زیون پێده‌چێت گێمى كۆتاى یاریه‌كه‌ بێت یان گێمێكى قورس بێت , ئێستا كۆسره‌ت رِه‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح وهێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د سێ جه‌مسه‌رى گرنگى ناو یه‌كێتین و هه‌مویان شه‌رِى عه‌رش و میراته‌كه‌ى تاڵه‌بانى ده‌كه‌ن .
ئێستا تاڵه‌بانى وه‌كو جاران نیه‌ تا بتوانێت به‌ سیحرى خۆى هه‌مویان رِازى بكات و ناكۆكیه‌كان تا ماوه‌یه‌كى تر خه‌فه‌ بكات , ئێستا به‌ریه‌ككه‌وتنه‌كان رِاسته‌وخۆن و چاوه‌رِوانى ئه‌نجامى یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان لێ ده‌كرێ , هه‌ریه‌ك له‌م سێ كه‌سایه‌تیه‌ به‌ سێ وێستگه‌ى زۆر جیاواز له‌ یه‌كتر گه‌یشتونه‌ته‌ ترۆپكى ئه‌م جه‌مسه‌رانه‌ و هه‌ریه‌كێكیان پاساوى خۆى هه‌یه‌ ، كه‌ خۆى به‌ میراتگرى عه‌رش بزانێت .
هه‌رچى هێرۆخانه‌ خاڵى به‌هێزى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌ كۆنگره‌ ده‌نگى یه‌كه‌م بوه‌و خێزتانى تاڵه‌بانیه‌و رِاگه‌یاندنێكى به‌هێز له‌ به‌رده‌ستیدایه‌و
جگه‌ له‌ هێزو پاره‌و ئۆرگانه‌كان و پارتى و گۆرِان و ئێران و هێزه‌ عێراقیه‌كان وه‌ك میراتگرى تاڵه‌بانى لێ ىده‌رِوانن و ته‌نانه‌ت له‌ رِێكه‌وتنى ئه‌م دوایه‌ى نێوان گۆرِان و یه‌كێتى گۆرِان داواى گرنتى له‌ هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كردووه‌ , جگه‌ له‌وه‌ى تیمێكى به‌هێزى هه‌یه‌ له‌ كورِه‌كانى و برازاكانى تاڵه‌بانى و نزیكه‌كانى خانه‌واده‌كه‌ى پێك دێن و ئێستا هه‌مویان پۆستى هه‌ستیاریان له‌ چنگ دایه‌ , خاڵى لاوازیشى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ هۆى ئه‌وه‌ى هاوسه‌رى تاڵه‌بانیه‌ بۆیه‌ ئه‌و پێگه‌یه‌ى به‌ده‌ست هێناوه‌ و به‌ پلیكانه‌ى تاڵه‌بانیدا سه‌ركه‌وتوه‌ و هه‌روه‌ها پاوانكردنى ده‌سڵاته‌كانى ناو یه‌كێتی له‌ لایه‌ن كه‌سه‌ نزیكه‌كانیه‌وه‌ ، كه‌ زۆرجارتۆمه‌تى ئه‌وه‌ى ئه‌درێته‌ پاڵ ئه‌یه‌وێت یه‌كێتى وه‌ك پارتى لێبكات و بنه‌ماڵه‌ هاوشێوه‌ى پارتى به‌مۆدیرنیزه‌ بكات له‌ ناو حزبدا , و هه‌روه‌ها خاڵێكى ترى لاوازى له‌ سه‌رده‌مى هه‌ژمون و ده‌ركه‌وتنیدا توشى بزوتنه‌وه‌ى گۆرِان بوو ، كه‌ له‌ هه‌ناوى یه‌كێتى جیا بوه‌ته‌وه‌ و شه‌رِى گه‌وره‌ له‌سه‌ر سلێمانى ده‌كات ، كه‌ هێرۆخانیش هه‌مان شار به‌ پێگه‌ى خۆى ده‌زانێت .
كۆسره‌ت رِه‌سوڵ خۆرِسك دروست بوه‌و سه‌ركرده‌ى شاخه‌ , ئه‌م به‌هێزیه‌كه‌یه‌تى به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ولێر و گه‌رمیان و له‌ ناو به‌شێك له‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازیه‌كان , به‌ڵام خاڵى لاوازى به‌ پله‌ى یه‌كه‌م نه‌خۆشیه‌كه‌یه‌تى كه‌ بوارى ئه‌وه‌ى ناداتێ وه‌كو پێویست له‌ كایه‌ى سیاسیدا رِۆڵى خۆى بگێرِێت و هه‌روه‌ها پێشخستنى كورِه‌كانى بۆ سه‌ركردایه‌تى و پۆستى وه‌زاره‌ت كه‌ به‌لاى هه‌ندێكه‌وه‌ له‌سه‌ر حسابى باڵه‌كه‌ى بووه‌ یه‌كێكى تره‌ له‌ خاڵه‌ لاوازه‌كانى , به‌رهه‌م ساڵح دیپلۆماتێكى لێزان و ئه‌كادیمیه‌كى حكومرِانى باشه‌ و خاكیه‌ , وه‌لێ له‌به‌رئه‌وه‌ى سه‌ركرده‌ى شاخ نیه‌و به‌شدارى خه‌باتى چه‌كدارى نه‌كردووه‌و به‌ ته‌زكیه‌ى تاڵه‌بانى گه‌یشتوه‌ته‌ ئه‌و شوێنه‌ , ئه‌مه‌ بوه‌ته‌ هه‌ل بۆ نه‌یارانى و هه‌روه‌ها هاوشێوه‌ى كۆسره‌ت رِه‌سوڵ تیمى نیه‌و ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵیدان سێ جۆرن به‌ شێكیان له‌ به‌رپرسانى سه‌ره‌وه‌ى یه‌كێتین له‌سه‌ر هۆكارێكى خودى خۆیان سه‌نگه‌ریان بۆ لاى به‌رهه‌م ساڵح گواستوه‌ته‌وه‌ تا ئه‌وه‌ى ئه‌یانه‌وێ له‌سه‌ر حسابى ئه‌م به‌ ده‌ستى بهێنن و به‌شێكى ترى ئه‌وانه‌ى له‌ چوارده‌ورى به‌رهه‌م ساڵحن هه‌ندێك میدیاكارى یه‌كێتین , كه‌ هه‌ندێكیان له‌ناو ده‌زگاكانى یه‌كێتى كه‌سانى ویستراونین و زۆرجار زانیارى هه‌ڵه‌ ئه‌ده‌نه‌ به‌رهه‌م ساڵح وه‌ك له‌وه‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنى 30 نیسان كردیان , پێیان وابوو یه‌كێتى له‌ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان خراپتر ده‌بێت كه‌چى به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ بوو , هه‌رچى جۆرى سێهه‌مه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ى یه‌كێتین كه‌ به‌رهه‌م ساڵحیان خۆشده‌وێ كادرى سه‌ره‌تایى یان هه‌وادارى ئاسایى یه‌كێتین و ناتوانن له‌ ناو یه‌كێتى باڵانس بگۆرِن .
له‌ ئێستادا به‌رهه‌م ساڵح له‌وه‌ تێگه‌یشتوه‌ ، كه‌ ده‌بێت شه‌رِى كۆتاى بكات له‌ ناو یه‌كێتىدا یان پارێزگارى له‌ پێگه‌ى ئێستاى بكات هه‌رچه‌نده‌ وه‌ك پێویست ده‌سەڵاتى نیه‌و له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى پۆستى ترى نیه‌ بۆیه‌ رِیسكێكى وا گه‌وره‌ ده‌كات له‌ به‌رامبه‌ر هێرۆخاندا  ، چونكه‌ ده‌زانێت به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ناتوانێت به‌هۆى یه‌كێتیه‌وه‌ هیچ پله‌و پایه‌یه‌ك له‌ هه‌رێم و عێراقدا به‌ ده‌ست بهێنێت و لانى كه‌م ئه‌گه‌ر له‌م رِیسكه‌دا سه‌رنه‌كه‌وێت ته‌نها كورسیه‌كه‌ى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات . هه‌روه‌ها له‌وه‌ش تێگه‌یشتوه‌ ، كه‌ ئه‌و لاى خودى هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د كۆتاى هاتوه‌و ده‌رگاى به‌ رِوودا داخراوه‌ و تاڵه‌بانیش وه‌كو جاران نیه‌ گرنتى بكات  ، بۆیه‌ ئێستا خۆى هاتوه‌ته‌ گۆرِه‌پانه‌كه‌وه‌ , كۆسره‌ت رِه‌سول پێناچێت وه‌كو ستراتیج ئیمزاى له‌سه‌ر نامه‌كه‌ كردبێت ، چونكه‌ ئه‌و ئێستا چاوى له‌ كورِه‌كانیه‌تى و پێگه‌ى كورِه‌كانى بێ ده‌سته‌به‌رى ماڵى تاڵه‌بانى زامن نابێت و پێده‌چێت تا كۆتایى یاریه‌كه‌ له‌گه‌ڵ به‌رهه‌م ساڵح نه‌بێت و  ، چونكه‌ پێشتر هه‌مان تاكتیكى له‌گه‌ل چوار مه‌كته‌ب سیاسیه‌كه‌ى باڵى رِیفۆرم په‌یرِه‌و كرد و پێشوتریش له‌گه‌ڵ نه‌وشیروان مسته‌فا و پێگه‌ى خۆى و كورِه‌كانى له‌وه‌ گرنگتر ده‌بێت رِیسكێكى وا بكات بێ ته‌وافوق و رِێكه‌وتن بچێته‌ كۆنگره‌وه‌ , هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ بۆ ئه‌مه‌ دراوه‌ و پێشنیار كراوه‌ هه‌ریه‌ك له‌م سێ كه‌سه‌ لیستێكى 15 كه‌سى دروست بكه‌ن و پێكه‌وه‌ 45كه‌س به‌ ته‌وافوق بگه‌یه‌ننه‌ سه‌ركردایه‌تى به‌ڵام هێرۆخان رِه‌تى كردوه‌ته‌وه‌ .
پێده‌چێ‌ پاش هێور بونه‌وه‌ى شه‌رِى داعش یه‌كێتى برِیارى به‌ستنى كۆنگره‌ بدات و ئه‌وه‌ش رِوونه‌ باڵى هێرۆخان قایل نابن به‌پێنج خاڵه‌كه‌ى ناو نامه‌كه‌و پێده‌چێت بتوانن كۆسره‌ت رِه‌سوڵ له‌ به‌رهه‌م ساڵح بكه‌نه‌وه‌و شه‌رِه‌كه‌ له‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌ددا بێت و ، پێده‌چێت ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه‌ ئاوا بێت به‌رهه‌م ساڵه‌ح نه‌چێته‌ كۆنگره‌وه‌ ، مه‌گه‌ر له‌ ده‌ره‌وه‌ به‌ناوبژیوانى هه‌ندێك سه‌ركرده‌ى یه‌كێتى زامنى كورسیه‌كه‌ى ئێستاى بكه‌ن و بگه‌نه‌ رِێككه‌وتن ، وه‌كو هه‌وڵى ئه‌مجاره‌ى مه‌لا به‌ختیاره‌ ، عیماد ئه‌حمه‌د و حاكم قادر  ، كه‌ توانیان له‌ 15ى ئه‌م مانگه‌ دیدارێك له‌ نێوان هه‌ردوو جێگره‌كه‌و هێرۆخاندا سازبكه‌ن , نیازى هێرۆخان رِوونه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ده‌سته‌به‌رى كورسیه‌كه‌ى تاڵه‌بانى بكات ، ئیتر ئه‌گه‌ر خۆى وه‌كو شاژن میراتى كورسیه‌كه‌ى تاڵه‌بانى وه‌رگرێت یان ئه‌م لۆبی كردنه‌ى بۆ كورِه‌كه‌ى بێت ، كه‌ ئێستا جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ته‌ , شه‌رِى ئه‌مجاره‌ له‌ غیابى تاڵه‌بانیدایه‌و كه‌س نیه‌ هاوشێوه‌ى رِابردوو وه‌ك تاڵه‌بانى ململانێى جه‌مسه‌ره‌كان ئیداره‌ بدات ، به‌ڵكو ئه‌مجاره‌ شه‌رِی كۆتاییه‌و ته‌سفیه‌ى حسابى ساڵانێك له‌ ململانێی خه‌فه‌ كراوو ئاشكرایه‌.