abas-weli

کاردۆخ : وەڵامێکی سەر پێیی بۆ عەباسی وەلی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەڕی نیشتمانیی و جەفەنگی ئاکادیمیانە 

هیدایەت جان ناوێک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ عەباسی وەلی کردووە و هێندێک پرسی گرێدراوی بە دۆخی ئێستای باشوور لەگڵدا هێناوەتە ئاراوە و لە ماڵپەڕی وشە لە ١٦/٠٨/٢٠١٤ دا (http://wishe.net/index.php/interview/2242-2014-08-16-08-46-57)بڵاوی کردووەتەوە کە بە پێویستمان زانی وەڵامیان بدەینەوە و ماکەی بۆچوون و هەڵسەنگاندنەکانیان شی بکەینەوە و بیخەینە بەرچاوی گشتیی.

هەباسی وەلی لە ئاستی ئاکادیمیکی دابەزیوەتە سەر ژۆرناڵیزمی میدیایی و وازی لە شێوە وشێوازی زانستی و ئاکادیمیانە هێناوە و بە چەشنێ ئەدوێ کە بابەتی ناو چاخانە و سەرشەقامە. هەباسیش کە لە جیهانی ئاکادیمیادا شکاوە و خۆی وەک دۆڕاوێک ئەبینێ ، بۆچوون و وتەکانی بە شێوەیەک دائەڕیژێ و دەری ئەبڕێ کە پێداویستی و داخوازی پرسیارکەرانی دابین بکات . ئەو بەرانبەرەکەی باش ئەناسێ و ئەزانێ کە لەچی ئەگەڕێن . کە بێتە سەر کێشەی کورد و ڕەوتی گەشە و پەرەسەندنی کوردایەتی ، هەباس یەکێک لەو پێڕە خەڵکەیە کە بۆچوون و بیرۆکەی دژە مێژویی و نازانستانە ونەزۆکیان ، زانراوە بۆ ئاکادیمیای کورد بەتایبەتی ، و بۆ رۆشنبیری کورد بە گشتی . هەباس وەک هاوبیرەکانی ، بەرهەمی ڕەوتی توانەوە و فەوتانی ((assimilation خەڵکی شارەکانی کوردستانن کە بە بیرو هزری ژاراویی داگیرکەرانی کوردستان فرچک دراون .   ئەمەش دیاردەیێکی مێژوییە و لە دۆخی ئێستادا ماڵە بە سەر کوردەوە . هەباس وەک زانیومە لە کوردستان گەورە نەبوە و زمانەکەشی دەری ئەخات کە لە  گیانی کوردەواریەوە زۆر دوورە .

کوردستان لەم ماوەی دوایانەدا کەوتوەتە دۆخی شەڕی نیشتمانیی و شەڕەکەش هەم لە روانگەی سەربازی و هەم کۆمەڵایەتی یەوە بەربڵاوە جا ئیتر با بارە سیاسیەکەشی بوەستێ کە بە تێکرا درێژەی قەیرانێکی زۆر گەورەتر لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیشە . کوردستان بە نیمچە دەسەلاتێکەوە ئاوێتەی ئەم یاریە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و مێژویی یە بووە . کێشەی ناوخۆ و بەرهەمی مێژویی داگیرکراویی و توانەوەی بەشێکی گرینگی هێزە کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگای کوردەواری لە شارەکان و توێژی خوێنەوار کە هەباس بە مودێڕنیان ناو ئەبات ، نەک هەر یارمەتیدەری پێشکەوتن و گەشەی کوردستان لە هەموو بوارێکەوە نین بەڵکوو هەر وەک ڕابردوو بونەتە کۆسپ و لەمپەر و لە بواری سیاسی  و کۆمەڵایەتیدا بونەتە سەرچاوەی ئالۆزی و تێکچڕژاویی کۆمەڵایەتی .

سەرهەڵدانی ڕەوتی ئیسلامی لە ناوچەکەش کە ڕۆژئاوا و لە پێش هەمویشانەوە ئامریکا رێکیان خست و سازیان دا ، کوردستانیشی گرتوەتەوە ، تاڕادەیەک کە لە سلێمانی لە پارتی بەهێزترن و لە دهۆک لە یەکیەتی نیشتمانیی لە پێشترن . ئەم ڕەوتە لە کوردستان هێژ لە قۆناخی ئیسلامی مەکەدان و ماویانە تا بگەنە قۆناخی مەدینە بەگوێرەی تاکتیک و فێڵی ناسراوی ئیسلامی . ڕووداوەکانی بەردەرکی سەرای سلێمانی دەری خست کە ئەو هێزە چی لە باردایە و چۆن دەبێتە هۆکارێک بۆ لە خشتە بردنی ڕەوتی کوردایەتی . ئەو ئاژاوە کە وا رێکخرابوو و سازکرابوو کە بەروە کارەساتێک لە مێژوی کوردا بڕوات ، دەری خست کە توێژە مودێڕنە مشەخۆرەکەی هەباس بوونە هۆی ئەوەی بانکی جیهانی و IMF کوردستانی سەربەخۆ هەر لەکاتێکەوە کە هێشتا لە ناو منداڵدانە ، بکەن بە ژێر قەرز و قۆڵەی ماڵوێرانکەریانەوە . ئەوەی گۆڕان وەک نوێنەری سیاسی ئەو توێژە کردیان ڕاست درێژەی ڕەوتی بەکرەجۆی گۆڕین و کارەساتی ٦٦ ی باشوور بوو .

لە پێوەندی لەگەڵ ئەم توێژەدا ئەوەی ئەمڕۆ ئەبێ زۆر بە سووری سرنجی بدرێ ئەوەیە کە ڕۆژئاوا بە گشتی زۆر بە گەرمی خەریکی ئەوەیە کە لە لایەن خۆیانەوە و بۆ مەبەستی دیاریکراو و چاوەڕانکراوی بەرژەوەندیی خۆیان ، پێخۆری بیرو هزری سیاسی و کۆمەڵایەتی و تێئوریکی و تەنانەت مێژوویی بۆ ئەم توێژە لە ئاستی جیهانیا دابین بکەن و زۆرێک لە ناوەندە زانستی و توێژەروەکانیان بە بەربڵاوی کاری لە سەر ئەکەن .

هەباسی وەلی بەرهەمی ئەو ڕەوتەیە و زۆریکی تریش سەریان هەڵداوە کە تز و تزەڵۆک و بیرۆکەی نەزۆک ودانسقەی مامۆستا ڕۆژئاواییەکانیان بە فیزێکی ئاکادیمیانەوە دەرخواردی توێژەکەی خۆیان ئەدەن و بۆ ستراتیژیکی درێژخایەن پەروەردەیان ئەکەن . ڕووی هێرشی ئەم بابەتە بە ناو ئاکادیمسینانە لە مێژوو و دیاردە مێژووییەکانی ئەو کۆمەڵگایانەیە کە کاری لە سەر ئەکەن . ئەوەی لە ئاکامی ڕەوتی ڕەسەن و خۆماڵیانەی کۆمەڵگا ئیمڕۆ ماوەتەوە و درێژە بە ژیانە مێژووییەکەی ئەدات ، ئەبێ بەگوێرەی بیرۆکەی وان چەواشەکاران لەناو بچێت و سەرکوێر بکرێت و لە دواڕۆژیش دا کۆمەڵگا لە مێژووی خۆی بە گشتی داببڕن.

ئەوەتا ناسیۆناڵیزمی کورد بەلای هەباس و هاو پێڕەکەی ئەێیتە ناسیۆناڵیزمی شوانکارە. تەنانەت بوونی کورد وەک دیاردەیێکی مێژوویی نکولی هەڵنەگر دەخرێتە ژێر پرسیارەوە و بیر و هزری نەتەویی کورد کە لە ڕوانگەی مێژووییەوە فڕی بە سەر ناسیۆناڵیزمی ڕۆژئاواییەوە نیە ،بە بەرهەمی دەستێوەردانی ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەی داگیرکاران و لەویشەوە سەرمایەداری جیهانیەوە ئەبەستنەوە. شێواز ( methodology )  ئەمانە هەمان شێوازی کۆمۆنیستی مردارەوە بوو و بێنرخکراو و ماتریالیزمی مێژوویی لە باری زانستیەوە پوچەڵ کراوەی کۆمۆنیستەکانە کە هیچ جێگا و شوێنیکی مێژوویی بۆ مرۆڤ و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە کوردستانیشەوە لە دەروەی ڕۆژئاوا و سەرمایەی پارەپەرست و سووخۆرەکانی جیهانی زاڵ بە سەر ڕۆژئاوا، ناهێڵنەوە و ئەو ملیارد ملیاردە خەڵکە ڕەنگاوڕەنگ و هەمە چەشنەی جیهان ئەکەونە دەرەوەی بازنەی مێژوو ونرخێکیان نامینێ. ئەمەش لەگەڵ ئەوەدا کە هیچ بنەماێیکی زانستی نیە، هزرێکی ڕەگەزپەرەستانیە کە لە ڕۆژ ئاوا سەری هەڵدا و لە کۆمۆنیزم دا زۆر زەقە.

لە سەر ئەم بنەما بێ ناوەرۆک و نازانستی و ڕەگەزپەرستانەوە سمکۆی شکاک ئەکەنە کابراێیکی دڕ و تاڵانکەر و زۆربەی زۆری کاسایەتیە مێژووییەکانی کورد ئەکەونە بەر پەلاماری خەڵکانێک وەک هەباس و فەریدەی کوهی کەناری هاوبیری. ئەوەی کە شێخ عەبدلسەلامی بارزانی (کاکە) پتر لە سەد ساڵ لەمەوێیش گەڵاڵەی مافی ئافرەت و پێکەوەژیان و یەکسانیی گەلانی زۆر زۆر پێشتر لە ڕۆژئاوا ڕاگەیاند و بە کردەوە بەرێوەی برد بەلای بابەتە خەڵکی وەک هاباس و کەناری و شوێنکەوتەکانیان لە سلێمانی و هەولێر، شیاوی سرنج و لێ وەدبونەوەی سور نیە. هەر لەم پێکیە هەباس بەرنامەی ئابووری هەرێمی کوردستان بە دیواخانی ئاغا وات ئەزانێ و پێشی وایە کە هەرێمی کوردستان فەرهەنگی سیاسی نیە و ئەو دۆخە  ئاڵوز و قەیراناوییەی شەڕی نیشتمانیی ئێستا پێکی هێناوە بەرهەمی ئەو بێ فەرهەنگی یە و ئیتر وەک ( reductionist ) یەکچاوێکی ڕاستەقینە تێکڕای هۆکارە ناوخۆیی و دەرەکیەکان نابینێ و بە تەماشە خۆی وەک ئەکادیمیسینێکی چازان پێمان بفرۆشێ.

هەباس وەک ( tv embedded commentator    ) لێکۆڵەریکی ناوئاخنی تەلەڤیزیونی و لەو ئاستەدا، باسی فرمانی سەربەخۆیی کوردستان ئەکات و لەوە تێ نەگەیشتوە و نایەویێ و ناتوانێ تێ بگات کە ئەو فرمانە فرمانێکی مێژووییە و ڕوودای ڕۆژانەی سیاسی و سەربازی کارێکی ئەوتۆی نیە لە سەری. هەباس ئەوە نابینێت و لە بیسەران و خوێنەرانیشی کوێرۆ ئەکات کە باشوور بە کردەوە سەربەخۆیە و لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەنگاوی زۆرباشی لەم ئاقارەوە هەڵگرتووە. لۆ کەسێک کە چکێک شارەزایی لە سیاسەتی ڕاستەقینە (real policy ) بێت و هەباس ئاسایی ئالوودەی بیرۆکەی ناڕاست و دوور لە ڕاستی و خەیاڵاویی ئاکادیمیە سەر کورسی نشینەکانی ژوورە دێوەرژەنگ گرتووەکان (small room chaired scholarship) نەبووبێت، ئەزانێ کە شەڕ و قەیرانی ئێستا و هەڵس وکەوتی دەسەڵاتدارانی باشوور لەم پێوەندیەدا زۆر باش فرمانی سەربەخۆیی کوردستانی زەق کردوەوتەوە و لە ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەشدا پێشیان خستووە کە لێزانیی و لێهاتوویی وپلەی بەرزی ئاستی سیاسەتکارانی باشوورئەسەلمێنێ. بۆچوونی هەباس لەم بوارەدا جەفەنگە و ئاستی شپڕێوی هەباس دەرئەخات.

لە پێوەندی لەگەڵ کێشەی چەک وتەیار کردنی هێزی پێشمەرگە بە تفاقی تازەبابەت و پێویست، هەباس دیسان نەزانیی و چەواشەکاریی بەمەبەستی خۆی ئاشکرا ئەکات. هەموو کەسێک لە کوردستان و دەرەوەش و تەنانەت خەڵکی چاخانەکانیش گشت ئەزانن و ئاگادارن کە باشوور هەموو هەولێکی لەم بوارەدا داوە و هۆی ئەوەی سەرنەکەوتووە تا ئێستا ، ئەوە نیە کە هەباس بەمەبەست باسی ئەکات. نەزانیی ڕووت ( total ignorance ) و چەواشەکاریی هەباس بە ڕاستی جێگەی سەرسووڕمانە. هەباس بەمەشەوە ناوەستێ و باسی ئەوە ئەکات کە ئامریکا، سوریە و تورکیەشی لەگەڵدا بێت، داعشی بۆ ئەوە ساز کردووە و ئەی هێڵێتەوە کە حكوومەتی یەكگرتووی نیشتمانیی لە عێراقدا بەدی بهێنێ. بە گوێرەی ئەم هەڵسەنگاندنە سەیر و سەمەرە ( wild notion and speculation ) ی هەباس، ئەبێ ئامریکا زۆر شپڕێو بێت و تێکڕای کەرەستەی ئابووری و سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسی خۆی لە کیس چووبێت و ئاوەها ڕێبازێکی کە هەباس ئاماژەی پێ ئەکات، ڕەچاو کردبێت. تەنانەت ژۆرنالیستە پسپۆڕ و پیشەییەکان، جا ئیتر با ئاکادیمەکان بەگشتی وازلێ بێنین، ئەزانن کە قووڵ بوونەوە و زەق بوونەوەی قەیرانی سیاسی و سەربازی عێراق بەرهەمی حكوومەتی یەكگرتووی نیشتمانیی یە. داڕێژەران و بەرێوەبەرانی سیاسەتی ڕۆژئاوا و زۆر لەوانیش گرینگتر،ئامریکا بە پێشینە و مێژینە و ئەزمونی دەوڵەمەندی سەدان ساڵە، لەو ئاستەدا نین کە هەباس بازرگانی پێوە ئەکات. بە پێچەوانەی بۆچوونە سەمەرەکەی هەباس، ئەوەتا ئەبینرێ و ئەبیسرێت کە سیاسی و پسپۆڕ و تەنانەت مێژونووس و مێژووکاری ڕۆژئاوایی و لە پێش هەمووشیانەوە ئامریکایەکان  لە سەربەخۆیی کوردستان ئەدوێن و هێدی هێدی باسی دەسکاری سنوور لە عێراق و ناوچەکە ئەکەن و فرمانی سەربەخۆیی کوردستانیش بووەتە وتەی ڕۆژانەی سەر زاری میدیا و دەزگای ڕاگەیاندنی جیهانی.

ئەوەی کە ڕاستە و ئەبێ ئاماژەی پێبکرێت ئەوەیە کە قەیرانی هەنووکەی کوردستان و دۆخی شەڕی نیشتمانیی کوردستان درێژەی ڕەوتی قەیرانێکی دوور و درێژە و ڕوولە پەرەسەندن و قووڵ بوونەوەیە و لە مێژە دەستی پێکردوە و هێشتا نەگەیشتوەتە قۆناخی دوایی. هەر بۆیە پسپۆڕانی زانستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و مێژوو بە پارێزەوە هەڵس وکەوتی لەگەڵ ئەکەن. ئەوەش کە زانایانی لێزان و دڵسۆزی خۆماڵی پێوەی خەریکن لە جێگەی خۆی دایە و ئەبێ لەئاقاری بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانیی یەوە کاری بۆ بکەن و ببنە هۆکاری ڕێگە خۆشکەر بۆ سەرکەوتنی کورد بە سەر ئەم قەیرانەدا. لە دۆخی تایبەتی و دەگمەنی شەڕی نیشتمانیی و نەتەوەیی کوردستان کە دەق بە پێچەوانەی چەواشەکارییە قیزەونەکەی هەباسی وەلی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی خرۆشاندووە و لە ئاستێکی پێشتر نەبینراو و نەزانراو جووڵاندووە، ئەرکی سەرشانی زانایانی کورد لە هەموو بوارەکانا ئەوەیە کە بۆ هەرچی باشتر و کارامەتر و بەبڕشتتری رێکخستن و سازدانی ئەو هێزە گەورە و گرانە کۆمەڵایەتی بە گەرمە و سوور هەوڵ بدەن. ئەرکەکە ئەوەندە قورس و گران و بەربڵاوە کە بە دلنیاییەوە سیاسیەکانی کوردستان بە تەنیا پێی ناوەستن. لە شەڕی نیشتمانیی دا و ئەو دۆخە کۆمەڵایەتیە کە ئەیخوڵقێنێ، ئیتر ڕۆژی ململانێی ئاکادیمیایی باوی ڕۆژانی ئاسوودەیی نیە. بۆ کورد بە پێشینە و سامانی پڕ دەوڵەمەندی فەرهەنگ و داب و نەریتی جەنگاوەرانەی پێشمەرگانەوە (  warrior culture) کە ئێستا بووەتە مایەی سەربەرزی و شانازی بۆ نەتەوەی کورد، ڕۆژ ڕۆژی پێشمەرگە و پێشمەرگایەتی یە لە هەمو بوارەکانەوە و ئەش بینین کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە شاری و دێهاتەوە و بە گەورە و بچووکەوە و بە ژن و پیاوەوە بەشداری چالاکی شەڕی نیشمانیین وداستان و ئەفسانەی مێژوویی خۆڕاگریی و بەرخۆدان تۆمار ئەکەن. لێمان پیرۆز بێت.

کوردستان تەنانەت لەم دۆخە قەیراناویی یەی ئێستادا کە حکومەتی یەکگرتووی نیشتمانیی عەرەبی عێراقی نان و ئاوی مانگانەی لێ بڕیون، بووەتە ماڵەباوان و شوێنی حەسانەوە و داڵدەی ملیۆنێک و چەند سەد هەزار لێقەوماوی قەیرانی ناوچەکە و هەتا ئێستاش سەرڕای تەنگەژە و کەمایەسی و ئاریشەی  ئابووری و سیاسی، کەمی نەهێناوە وبووەتە جێگەی ئافەرینی گشت جیهان کە خۆی لە خۆیدا جێی شانازیە و سەرکەوتنێکی هەرە گەورە و مەزنە بۆ نەتەوەی کورد. بێ لە سیاسیەکانی ڕۆژئاوا، ئەوەتا پاپا وەک گەورە پیاوی جیهانی کریستیان شەڕی پێشمەرگەی کوردستان بە ڕەوا و ڕاست ئەزانێ کە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا وێنەی نەبووە. ئەمە ئەو کوردستانەیە و ئەو بابەتە دەسەڵاتداریەی کوردستانە کە هێشتا لە دایک نەبووە، ئافەرینی تێکڕای جیهانی مرۆڤایەتی بە ئاکاری مرۆڤانەی بە جێ ماوی مێژوومان هەر لە شێخانی نەهری و پالۆ و گەنجۆ و دێرسم هەتا شێخ مەحموود و شێخ عەبدولسەلامی بارزان، بۆ خۆی دەستەبەر کردووە. دەمڕاسانی سەرچەوران و بە ناو مودێڕن باش ئەزانن کە لە باری مێژوویی و کردەوەیی یەوە کێشی ئاوەها ئەرکێکی گران و زراڤی مێژوویی یان نیە. دەبا لە دۆخی شەڕی نیشتمانیی کوردستانا ئەمانیش بێنە ڕیزی پێشمەرگایەتی وهەروەها فەرهەنگ و دابی پێشمەرگایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی و رێکخستن و سەربازی بکەنە رێچکەی هەنووکەیی یان و شەڕ دەندووک و چڕەکەوی ناو ژووری تەلەڤیزیۆنەکان و ژووری فێرگەکان دابنێن بۆ کاتی ئاسوودەیی کۆمەڵایەتی.

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت