Mstefai-Said-qadir-Barzani

  عیماد عه‌لی : رێنماییه‌كانی كاك مه‌سعود بۆوه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ئامانجه‌كانی پێكا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

هه‌موو لایه‌ك ئاگاداره‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌ رۆژی پێكهێنانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌وه‌ ، داواكاری هه‌موان ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخرێت ، ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 1993 له‌ په‌رله‌مانی كوردستان یاسای تایبه‌تی خۆی له‌وباره‌وه‌ دره‌چووه‌ و ، زۆر له‌و خالێنه‌ی رێنماییه‌كه‌ی كاك مه‌سعود زیاتری تیدایه‌، خه‌ڵكی زۆر پرۆژه‌ی رێكوپێك و قابیلی جێبه‌جێ كردنی پێشكه‌ش كردووه‌ و ، رێوشوێنی گونجاوی دیاریكردوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئامانجی پێكهێنانی هێزی نیشتمانی كوردستان . به‌لێم هه‌ردوو حزب ، له‌ده‌رئه‌نجامی بێ متمانه‌یی و مێژووی پڕ له‌ شه‌ر و شۆر و ململانێی توندوتیژ و هه‌وڵدان بۆ یه‌كتر سرینه‌وه‌ وای لێ كردون كه‌ هه‌میشه‌ لایه‌نه‌ سه‌لبیه‌كه‌ی هه‌وڵی یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌ بخوێننه‌وه‌ .
پاش شه‌ری داعش و هاتنی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی تازه‌ بۆ كوردستان ، ئه‌و خاڵه‌ سه‌لبیانه‌ زیاتر ده‌ركه‌وتن و سیمای حزبایه‌تی به‌سه‌رو چاوی هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ بۆ هه‌موان زه‌قتر بووه‌وه‌ و ، وای لێهات كه‌ به‌ره‌كانی شه‌ڕ به‌سه‌ر هێزی هه‌ردوو لایه‌ندا دابه‌شكرا . بۆیه‌ ئۆباڵی ئه‌م وه‌زعه‌ی كه‌ له‌ زه‌قكردنه‌وه‌ی حزبیبونی پێشمه‌رگه‌ ده‌رده‌كه‌وێت بێ جیاوازیه‌كی ئه‌وتۆ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی هه‌ردوو حزب و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كه‌ سه‌رۆكی حزبێكه‌ و ، به‌ به‌شداری خۆی و به‌رپرسانی حزبه‌كه‌ی ره‌نگی حزبی ده‌به‌خشێت به‌ شه‌ره‌كان ، وه‌ك شه‌ره‌كه‌ی شه‌نگال و دورخستنه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و لایه‌نه‌كانی تر ، كه‌ له‌و به‌ره‌یه‌ ده‌ركه‌وت .
بێگومان رێنماییه‌كانی به‌رێز مه‌سعود به‌رزانی له‌كاتێدا ده‌ركه‌وتن كه‌ ره‌خنه‌یه‌كی زۆر ئاراسته‌ی خۆی و حزبه‌كه‌ی كرا له‌و شه‌ره‌ی دواییه‌دا و ، ته‌نانه‌ت خه‌ڵك له‌ رۆڵی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و جێگه‌و رێگه‌ی ده‌پرسی كه‌ له‌به‌رچاو نه‌مابوو بۆ ماوه‌یه‌ك به‌ تایبه‌تی له‌و شه‌ره‌دا، كه‌چی له‌ولاوه‌ لێدوانه‌كانی شه‌ر له‌ لایه‌ن به‌رپرسه‌ حزبیه‌كانه‌وه‌ بلێوده‌كرانه‌وه‌ .
بۆیه‌ پاش چه‌ندین پرۆژه‌ و هه‌وڵ و رێنمایی خه‌ڵك . دیاریكردنی كاتێكی هه‌ستیاری ئاوها له‌م قۆناغه‌ و پاش شه‌ره‌كه‌ی شه‌نگال ، كاك مه‌سعود رێنماییه‌كی كرچوكاڵی پێنج خاڵی سه‌رپێیانه‌ ده‌رده‌كات كه‌ ناگاته‌ نیوه‌ی هیچ پرۆژه‌یه‌كی پێشوو . ئه‌مه‌ش خه‌ڵك به‌ شێوه‌یه‌كی تر ده‌یخوێننه‌وه‌ و وای له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن كه‌ هۆكاری تری له‌ پشته‌وه‌ بێت نه‌ك جێبه‌جێ كردنی خودی ئه‌و خالێنه‌ ، به‌ڵكو خودی كاك مه‌سعود خۆیشی ده‌زانێت له‌م كاته‌دا ئه‌و خالێنه‌ جێبه‌جێ نابێت و ، هه‌موان له‌وباوه‌ره‌دان كه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی ره‌خنه‌ و قسه‌ وباس له‌سه‌ر به‌حزبیكردنی جه‌بهه‌كان له‌لایه‌ن خودی به‌رزانی و حزبه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ركراوه‌ ، ئه‌مه‌ش وا ده‌بینرێت كه‌ بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ره‌خنه‌كان له‌ سه‌ر چۆنێتی به‌رێوه‌چونی شه‌ری شه‌نگال به‌كار هێنرابێت . بۆیه‌ ره‌خنه‌یه‌كی زۆر له‌ حزبه‌كه‌ی كاك مه‌سعود و خودی خۆیشی گیرا له‌وباره‌وه‌، ئه‌م رێنماییانه‌ش ئامانجی خۆی پێكا كه‌ له‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وێت ، رووی خه‌ڵك وه‌رگێرا و قسه‌و ره‌خنه‌كان نه‌مان ، ئێستا راگه‌یاندنه‌كان و خه‌ڵكیش باسی رێنامییه‌كان ده‌كه‌ن نه‌ك به‌ حزبی ره‌نگرێژ كردنی شه‌ڕه‌كه‌ی شه‌نگال و شه‌ره‌كانی تریش . له‌وباره‌وه‌ ، دورخستنه‌وه‌ی رۆشنایی له‌سه‌ر روداوه‌كانی شه‌نگال به‌سه‌ر زۆرێك له‌ چاودێران و رۆژنامه‌نوسانیشدا تێپه‌ری و له‌بیر برایه‌وه‌ ، باسی رێنمایه‌ه‌كان گه‌رمه‌ له‌م كاته‌دا .