Be-naw

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ــ بەشى 4

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەپڕ کەسەکانى ناخم هەموویان بەیەکەوە بێدەنگ بوون ، وەک بڵێى بێتاقەت بووبن لەو زۆر بڵێیەى دەستیان پێکردوە ، بە شێوەیەک خامۆش بوون هەستم کرد لە هەموو تەمەنیاندا گوێیان لەمن نەبووە ، یاخود قسەیان بۆ من نەکردوە، زۆر مرۆڤ هەن تا ئەمرن ڕۆژێک لە ڕۆژان قسە لەگەڵ خۆیان ناکەن ، تا ئەچنە ژێرگڵ گوێ لە ناخیان ناگرن ، بەردەوام ئەوە ئەکەن و ئەڵێن کە چاویان ئەیبینێ ، ئەو جۆرە مرۆڤانە هەموو شتێکن جگە لە خۆیان، هەموو شتێکن تەنیا خۆیان نین ، مرۆڤ تا نەبێتە خۆى نابێت پێناسەى مرۆڤ بوون بەسەرخۆیدا فەرز بکات ؟ گەر هەمیشە بەو ئاوازە خوێندمان کە هێزێکى گەورە لەسەرەوە ئەیەوێ یا ئاراستەمان ئەکات، گەر تەنیا لە ساحەى ئەوانى تر یاریمان کرد ماناى وایە ئێمە جگە لە ڕۆبۆتێکى بەرمەجەکراوى دەستى ئەوانى دى زیاتر هیچى تر نین ، لە کەرەستەیەک کە بەدەست ئەوانى ترەوەین زیاتر هیچ نین. زۆر کەس هەن هەموو هەوڵ و ماندوو بونى ژیانیان بۆ ئەوەیە نەبنە خۆیان ، ئەیانەوێ ببنە هەموو شتێک تەنیا نەبنە خۆیان ، یا بە مانایەکى تر ئەترسن ببنە خۆیان ، ترس لەوەى گەر ببنە خۆیان ڕەنگە ژیانیان لەناو ببات ، بۆیە بەردەوام لاى سەرۆک ئاوازێک و لاى مناڵ نمایشێکى تر و لاى هەژار جۆرێکى تر خۆیان ئەنوێنن. زۆرینەى مرۆڤەکانى دونیا تەواوى ژیانیان بریتیە لە نمایشێکى بەردەوام و دانەبڕاوە. 

کەسەکانى ناوەوەم وەک بڵێى تەواوى قسەو بێدەنگیەکانیان سیناریۆیەک بێ دیانڕشتبێت بۆمن تاوەکو قسە بکەم ، هەموویان بەیەکەوە فەرموویان لێکردم بۆ ئەوەى قسە بکەم ، وەها سەیریان ئەکردم وەک بڵێى من نهێنیەکم لایە کە پەیوەستە بەمان و نەمانى ژیانى ئەوان، ئەم جۆرە گوێگرتنە بۆمن زۆر سەرنجڕاکێش بوو ، چونکە لاى من گوێگرێکى بە توانا کاریگەرى زۆرتر و زیاترە لە قسەکەرێکى بە توانا، ئەو سیحرەى کەسێکى گوێگر لەسەر دەرونت بەجێى دێڵێت زۆر بەهێزترە لەو جادوەى قسەکەرێک ئەیخاتە ناوەوەت ، هەر ئەمەشە واى کردوە ئێمە هەموومان لە مرۆڤە زۆر بڵێیەکان بێزاربین نەک کەمدوەکان؟
کاتێک هەموویان بەیەکەوە و بە جددیەتێکى زۆرەوە وتیان دەتۆش شتێک بڵێ ، منى ڕاچڵەکاند ؟ وەک کەسێک بووم کاتێک لە حەمام خۆى ئەشۆرێت لەپڕ کەسێک بە خێرایى ئەچێتە ژوورەوە و جەستە ڕووتەکەى ئەبینێ ، ئەو هەڵوێستەى ئەوانیش بۆمن ئاوابوو ، بۆیە وەک کەسە ڕووتەکەى گەرماو خێرا خۆم کۆکردەوە و بە شەرمێکەوە و بەدەم یاریکردن بە پەنجەکانم دەستم بە قسەکردن کرد. کاتێک قسەم ئەکرد وەک ئەوە قسەم ئەکرد کە کتێبێک لە پێشمە و بە پچڕ پچڕى ئەیخوێنمەوە ، زۆربەى جار نەمئەزانى وشەکان چۆن لە تەنیشت یەکەوە دابنێم ، کاتێک قسەم ئەکرد پتر لە هەموو شتێک لە ساویلکەیەک ئەچووم ، لە مناڵێکى هەرزەکار ئەچووم کە تازە فێر ئەبێت چۆن وشەکان بە تەنیشت یەکەوە ڕیز ئەکات دواتریش بە پچڕ پچڕى ئەیانڵێتەوە، هەندێکجار لەکاتى قسەکردندا وشەم لێ ون ئەبوو ، هەندێکجاریش گەروم ئەگیراو نەمئەتوانى ڕستەکان دەرببڕم . وشەکانم وەها دەر ئەبڕین گەر کەسێک منى ببینیایە هەستى ئەکرد من بۆ یەکەمجارە لە ژیانمدا قسە ئەکەم ، یا قسەکردن تاقى ئەکەمەوە ، وەها قسەم ئەکرد وەک بڵێى ماوەیەکى زۆر زۆر لە بەندیخانەیەک بووبم کە هەموو شتێک تیایدا ڕێگەپێدراو بووە جگە لە قسەکردن . ئەم ئەزمونە خراپەى من لە قسەکردن بۆ ئەوە ئەگەڕێتەوە کە من بەگشتى بە بێ دەنگى قسەم کردوە ، ئەوەندەى لەگەڵ خۆم دواوم ئەوەندە لەگەڵ خەڵک نەدواوم ، ئەوەندەى سەیرى ناخى خۆم کردوە سەیرى ناوەوەى خەڵکم نەکردوە ، ئەزمونى قسەکردن بۆ من ئەزمونێکى نوێیە و کەم تاقیم کردۆتەوە ، کەم حەزم لێى بووە ، لەبەر ئەوەى پێم وابووە باشترە ببمە گوێگرێکى بەتوانا نەک قسەکەرێکى بلیمەت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت