Mexmwr

هەڵۆ ناناکەلی : مەخمور لەنێوان سیستەمو کۆمەڵگادا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رەنگە قسەکردن لەسەر تەفسیرکردن و پێناسەکردنی کۆمەڵگا ، کارێکی وەها سانا نەبێت ، هەڵسەنگاندنێکی بەپێزو رەهای بۆ بدەیت ، ئەمە پێویست بە کەسانێک دەکا ، لەبوارەکانی زانستی سایکۆلۆژی و سۆ سیۆلۆژی پسپۆرو خاوەن ئەکادیمیا بن . 

ئەمە لەکاتێکدا بۆ ئەوکەسانەش ئەوەندە قورس و گرانیش نییە کە لەناو واقعی کۆمەڵگایەک ژیان گوزەردەکەن ، کە سیستمی بەرێوەبردن و پەروەردکردنی تووشی قەیران و نەخۆشی کوشندە هاتوونە ، کە شکل و وێنەیان بۆی دەبێتە حەقیقەتێکی حاشاهەلنگرو راستەقینە ، دواجاریش ئەم شکل و فیگەرانە دەبنە یاریدەدەری مەنتق و ویژدانی ئەو کەسە کە بیەوێ لەسەر ئەو دۆخانە خاوەن گوتارو سەنتەرێکی ئیندەڤیوجەلی بێ . بەمانایەکی تر” لەهەر سیستەمێک ئەگەر یەک گووتاری سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی خۆی بنوێنێ بەسەر تەواوی ئیرادەی ( کۆلەکتیڤی ) یاخود زۆرینە ، ئەمە ئەم سیستەمە توشی قەیران و لێکترازان دەبێت ، وە لەهەر شوێن و پنتێکی ئەم دوونیایەدا ئەم کلتوورە ئامادەبووە ، ئەوا توێژێک یاخود نوخبەیەک دەبێ دەنگ هەڵبرێ و قسەوباس لەسەر شێوازو ئەدای ئەم سیستەمە هەبێ ، پسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ، ئایا کۆمەڵگەی ئێمە لە مەخمور لەکوێ ئەم سیستەمە دایە ؟ وە ئایە یەکەی تاکی ئێمە لەبەردەم پرۆسەی گەشەکردن و بەرەو پێشەوە چوونی کۆمەڵگەیەکی نموونەیی کە پایەکانی لەسەر سیستەم و ئیدارەیەکی تەندرووست و شایستە ، کە داخوازیەکانی ئێمەی تێدا فەراهەم کرابێ لەکوێ دایە ؟..
بەبروای من لەهیچ شوێنێکی ئەم دوونیایەدا نییە ، کە سیستەمێک هەبێ ئەوەندە یەکسان بێ ، کە ڕای گشتی رەزامەندی لەسەر بنوێنن ، وە ئەو سیستەمەی کە لەبیری سیاسی ئەفلاتۆن و فارابی دا هەبوە ، کە ناویان نابو ( یۆتۆپیا ) یاخود مدینة الفاضلة ، کە لەدوو توێی کتێبەکانیان بانگەشی مرۆڤایەتی دەکەن بۆ ئەم سیستەمە ، بۆ ئەوەی تێکرای مرۆڤایەتی لە سایەییدا بحەوێنەوە . کە بەدرێژایی مێژوو ئەم خەونەیان بێ بەرهەم بوو . لە بیری ماکیاڤیڵیدا ، ئەوەی تیۆریەکانی بخوێنێتەوە بۆی دەردەکەوێ سیاسەت و سیستەمی ئێستا هەمان پرۆژە چێبەجێ دەکەن ، کەماکیاڤیلی هۆشیاری و ئامۆژگاری دەدا ، کەچۆن سەرکردە لەگەڵ گەلەکەی مامەڵەبکاو وە بۆ درێژەدانی حوکمرانی چ چۆرە میکانیزمێک بەکاربێنێ .
بەکورتیەکەی پرۆژەکەی ماکیاڤیلی لەرووی سیاسەت و سیستەمەوە پرۆژەیەکە درێژەدانە بەمانەوەی لەسەر کورسی دەسەڵات ، با لە بابەتەکەمان دەرنەچین . من لێرەدا مەبستم یەک خاڵە ، لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا ، کە هیج سیستەمێک نیە عەیار ٢٤ بێ کۆمەڵگە خۆشبەخت بکە ، بەڵام حەجم و قەبارەی گەندەڵی و نایەکسانی لە شوێنێک بۆ شوێنێکی تر یاخود شارێک بۆ شارێکی تر جیاوازیه هەیە ، لەو مەخمورە ئەگەر مرۆڤ بە تێروانینێکی ووردو قووڵەوە داوەریەک بکات لەڕووی سیستەم و کۆمەڵگاوە ، بۆی دەردەکەوێ ، کە چ کۆمەڵگەیەک و سیستەمێکی نەخۆش و گەندەڵمان هەیە ، بەڵام بەمەرجێک ئەو ئینسانە سەرەتا دەبێ خۆی لە قالبە کەسایەتیە رۆبۆتەکە داماڵێنێ بە پێوەری عەقڵ و مەنتق موقارەنە بکە . واتە حەق و راستی و یەکسانی بخاتە نەشتەری لۆژیک و هەست و ویژدانی ، با سادەتری بکەمەوە مرۆڤ لە یەک کاتدا دەزانێ ئەوەی بۆ دزی دەچێ و وە ئەوەی بۆمزگەوتیش دەچێ جیاوازیی لە نێوانیان دا چیەو کام پاداشتەو وە کامیش شەڕە .
مەبەستم لەم قسەش واتا بۆ هەموو تاکێکی ئەم شارەیە . هە روەک و لەسەرەوە ئاماژەمان پێدا دەتوانین لەدەرەنجامی ئەم مۆدێلە حوکم رانیە کردنەدا ، برێک نەخۆشییەکانی ئەم کۆمەڵگایە ، یاخود ئەم خەڵکەیە دەست نیشان بکەین .
سەرەتا دەمەوێ باسی هێڵە گشتیکانی بنەمای بیرکردنەوی ئەم کۆمەڵگەیەی خۆمان بکەین ، کە دەرهاوێشتەی ئەرێنی و نەرێنیان هەبوە . لەرووی خەباتی سیاسیەوە لەریزی شۆرشگێرانەوەوە بە شانازیەوە رۆڵ کاریگەریی هەبوە ، لەرووی ئابووریشەوە خەڵکێکی بە ئەزموون و لێوەشاوە بوونە ، نامەوەێ بچمە ووردەکاریکانەوە لەرووی هونەرو ئەدەب و وەرزیشیشەوە بەهەمان شێوە ، کۆمەڵگەی ئێمەو لەدوای پرۆسەی ئازادیەوە ئازادی ناسنامەی نەتاوایەتی و کوردایەتی بەرویدا کراوە ، وە لەگەڵ گرتنە دەستی جلەوی حکومەتی هەرێم و ، وەسیاسەت و کلتوری ئەم حیزبە ئیدی نەخۆشیەکانی کۆمەڵگەی ئێمە دەستیپێکرد و زەقتر خۆیان نمایندە دەکرد .
پرۆژەی هەرسەرەکی حیزبی لەم شارە ئەوە بووە خەلک بە حیزبی بکەن ، بگرە نەک هەر لەمەخمور لە تەواوی شوێنەکانی تر بێگومان سەرکەوتوش بوون . حیزب دەستی لە هەموو جومگەکانی تەواوی دام و دەزگاکانی ئەم شارەدا هەیە ، وە ئەوەی دەست لەسەر سنگ و سەر لەقێن بێ ، بێ گوومان لە پۆست و ئیمتیاز ، لەسەر حیسابی ئەو خەلکە پارووی دەکەوێتە رۆنەوە ، وە هەر کەسێکیش پەرجەکرداری بنوێنێ بە خۆفرۆش و خاین لەقەڵەم دەدرێ ، وە بێگومانیش مرۆڤ خۆی وەک سرووشت کائینێکی بەرژەوەندیخوازە ، بەڵام دەبێ بە ئاگاش بێ ، کە جڵێسی و خواستەکانی تەنزیم بکە ، بەرژەوەندی گشتی دەبێ لەبەرچاو بگری یاخود رەهەندەکانی بنەمای یەکسانی وهاوبەشی بخاتە رەگەزی ئەخلاقەوە .
هەڵبەتە سیستەم و کلتوری ئەم حیزبە لە غیابی ناهۆشیاری ئەم خەڵکە زەمینەکەی فراوانتر بووە بۆ پێکانی ئامانجکانی ، وە ئەو بازنە سیستەمە هەندێ دەرزی تێکەوتوە ، کە کەم تا زۆر تاقو لۆق خەڵک پرس و قسەی لەسەر ئەم نایەکسانیە دەکە . بەڵام هەڵوێست وەرنەگرتنی خەلکەکە وای کردوە ئەم رێژەیە کاریگەریەکی ئەوتۆ نەنوێنێ ، بەکورتیی و پوختی کۆمەڵگەی ئێمە ، لەبەردەم ئایندەیەکی خراپ دایە ئەگەر لەمەودوا بەرەش نەڵێن رەش و بە سپیش نەلێن سپی ، ئەوە چارەسەرکردنی کەموکوری و گەندەڵیەکان ئەستەم دەبێ ، وە ئەو برە رۆشنبیریەی ، کە هەشمانە ئەوان ئەرکیان قورسترە ئەبێ ئەوان سەر قافلە بن بۆ چارەسەرکردنی گرفت و کێشەکانی ئەم کۆمەڵگایە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت