کاردۆخ  : کۆبانێ ، پەشێو و بیرازێک . 

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 عەبدوڵا پەشێو پەیامێکی سەبارەت بە کۆبانێ لە ١٣/١٠/٢٠١٤  بڵاو کردوەتەوە بە ناوی مانیفێستی کۆبانێ کە دەقەکەی لە لایەن ماڵپەڕی ڕووداو http://rudaw.net/sorani/culture/131020142 خراوەتە بەر چاوی گشتی. پەیامەکەی بە ڕواڵەت لۆ خەمخۆری کۆبانێ یە کە وادیارە ئەویش وەک زوربەمان کەوتبێتە ژێر کارتێکردنی خانمە پێشمەرگەکانی کورد لە کۆبانێ. ئەو ئەمجارەش وەک هەموو جارێکی تر ئەم هەلەی قوزتوەتەوە و بە زمانە شڕە تایبەتیەکەی خۆی ژاری خۆی ئەڕێژێ و ئەمجارە ئیتر تەنیا هێزو کەسایەتیە سیاسییەکانی باشووور نین کە ئەیانداتە بەر پەلامار بەڵکو لە بەڕەی خۆی زۆر زیاتر پای داکێشاوە و مێژووەکەشمانی سووک و پووچ کردوەتەوە کە ناکرێ لێی بێدەنگ بین و پێویستی بە بیراز کردنێکی باش و شیاو هەیە .

پەشێو ئەمجارە ئیتر داویە لە بن کوولەکەکە و کاری ڕاس نەبێت هیچی بە کورد و مێژووی کوردەوە نەهێشتوە و کۆبانێ و پێشمەرگەکانی لە مێژووی کورد دائەبڕێ و وەک دیاردەیەکی سەردەم کە بۆخۆشی نازانێت لە کوێوە سەری هەڵداوە، بە خەڵک ئەناسێنێ و هەر بەمەشەوە نەوەستاوە و ئێژی ئەمانە لە ڕەگەز و تێرەیەکی ترن وەک بێژی جیاواز لە هینی کوردن. نا، پەشێو ئەفەندی، ئەو کوڕ و کیژە جەنگاوەرانەی کۆبانێ نەوەی کوردن و ئەوەی کە ئازایەتی و نەبەردی و بەرخۆدانیان بوەتە جێگەی شانازی و ئافەرینی هەموو جیهان بە کوردیشەوە، هەر لەم ڕاستیەوە سەرچاوە ئەگرێ نەک هیچ شتێکی تر. چەند بەستە و لاوک و بەیتان لۆ لەهەنگێن کۆبانێ بهۆنرێتەوە و بە شان وباڵی ئەوان هێماێن بوێری و جەنگاوەری مرۆڤی کورد نەخاسما خانمەکانمان، هەڵبدرێت هێشتا کەمە لە ئاست ئاکاری پێشمەرگانەیان. بەڵام کێ ئەوە بە ڕەوا ئەزانێ و کەی ڕەوا وڕاستە کە پەشێوئاسایی و بەوپەڕی ناڕەسەنایەتیەوە تەوس و تەشەر لە قەڵای دمدم و قارەمانانی کورد بدرێت.

وادیارە پەشێو ئاگای لەو کوردانە نیە کە عەباسی ستەمگەری سەفەویی لە خۆراسان نیشتەجێی کردوون و ئێستاش پاش ئەوندە سەد ساڵە ، کوردستانێکی بچووکی خۆیان پاراستوە و هەستی نەتەوەییان لە پەشێو پترە. خواهەڵناگرێ کە پەشێو بەو شێوە سپڵانە (بابەتە وشەی پەشێوانە) سووکایەتی بەو خەڵکە ڕەسەنەی کورد بکات و تاقمێکی نەزان و نەشارەەزا و پفدراویش حەلەلەی لێ بکەن.  پەشێو ئەبێ کوڵکەی لە ئاشا سپی کردبی ( دیسان زار و فەرهەنگی پەشێوانە) و بازرگانی سیاسی سووک و چرووک بە وشە و پەیڤی کوردیەوە ، بیخاتە ئەو سەرچڵی و هەڵپەوە ، ئەگینا کێ هەیە کە نەزانێ ، بەلانی کەمەوە لە بەیتی دمدمەوە ، کە دمدمیان خۆیان نەدا بەدەستەوە و خوا ئەیزانێ کە سەدان ئافرەتی کورد ” لە شاخی هەزار بە هەزارەوە خۆیان هەڵداشتە شیو و دۆڵی تووناوتوون و خۆیان هەپروون بە هەپروون ئەکرد لە بەر ئەوەی نەکەونە دەستی “داعشانی” سەفەوییەوە”. کورد لە لایەک  دەقی بەیتی دمدم و بەرهەمی ئارەب شەمۆ لە مەڕ دمدم هەیە و بێ لە چێژ و زاخاوی مێشک و دەروون، وانەی بەرخۆدان و کوردایەتی کوردانەی لێ فێر ئەبین و لەم لاشەوە ئەوەتا پەشێو دمدمان لێ ئەکاتە ” ڕابردووی پڕ لە شەرمەزاری “.  دەبا خەڵکی نەدۆڕاوی کورد خۆیان دادوەر بن و بزانن کە پەشێو چۆن چۆناهی بێ ڕێزی بە گیانی پیرۆزی دمدم و شەهیدەکانی ئەکات. هەڵدێرگە و چەواشەکاری ئەو ئەفەندیە بەلایەک، ئەوە شانۆی دمدم بوو کە پەرییەکانی مەلکێ تاووس لە شنگال ژیانیانەوە و دیسان هەر هەمان شانۆی دمدم ە کە لە کۆبانێ ئەژیێتەوە و ئەمجارەش خانمە ئازیز و ئازاکانی کۆبانێ لە سەر شانۆن .

مەیتەری ئاستانەی لووسکەی مەغوول، ناتۆرەیەکە کە تەنیا لە پەشێوی نەخۆش ئەوەشێتەوە بیداتە پاڵ مێژووی کورد و نەتەوەی کورد بە گشتی. وتەیەکی ئاوەها قیزەوەن و دوور لە هەر داب و نەریت و ڕەوشتی مرۆڤانە و بێ ڕەوشتانە، دەرهاوێشتەی مێشکێکی نەخۆش وەک هینی پەشێوە و هیچ هەڵ ناگرێ. شیاوی ئەوەیە کە لێی گەرێی تاوەکو لە ناو زەلکاوی چەواشەکاریدا پەنگ بخواتەوە و بڕزێ. پەشیو ئەگەر یەک تۆزکال هەستی مێرخاسی کوردانەی تێدا مابا ئەوە ئیتر ئەو چەشنە دەم شڕییەی لە بەرانبەر شێرە ژنانی جەنگاوەری کۆبانێ دەرنەئەبڕی وڕێزیانی نەدەشکاند بە تایبەت بۆ ئەو کە ئەزموونی ژیان لە ئاستانەی  مسکۆ وخێوەت و ڕەەشماڵەکەی قەزافی وەک شاعێری ناوداری کورد هەیە.

قازی محەمەد بە گفتولفتی شیرین یان ناشیرینی شا تڕحێوەکە ئێران نەچووە بە پیر سپای داگیرکەرەوە و سێدارەی چوارچرا. وەک لە مێژووی کوردا تۆمارکراوە ، قازی تەنیا بۆ مەبەستی پاراستنی خەڵکەکەی ئەو کارەی کردوە و گومانی لە کوشتنی خویشی نەبووە. خەڵک و بە تایبەت جیلی نوێ بۆی هەیە لە ڕاست یان ناڕاستی ئەو هەڵوێستەی قازی بکۆڵیتەوە بەڵام بە دڵنیاییەوە کەس بۆی نیە پەشێوئاسایی مێژوەکە چەواشە بکاتەوە و بۆ مەبەستی بازرگانی سیاسی ئەو سووکایەتیە بە قازی محەمەد بکات. پەشێو و لایەنگرانی با جارێکی تر چاوێك بە دوا ئامۆژگاری سەرەمەرگێ قازی بخشێننەوە و بیرێک لە بێ ڕێزی مامۆستا گەورەکەی کوردایەتیەکەیان بکەنەوە  ئەوجار حەلەلەی لێ بکەن .

شکان و هەرەس هێنانی شۆڕشی بارزانی وەک ئاکامی پەیمانی ئەلجەزائیر ئەوە نەبوو کە پەشێو هەزاری وا بە قرۆشێک بکڕێ یان نا و بیشی هێرێتە سەر ئەوەی کە خۆمان و لە پلەی یەکەمیشدا بارزانی گەورە ، پیاوی ئەو مەیدانە نەبووین. ئەم خاڵە بە تایبەت جێگەی سرنجە کە پەشێو بێ ئەمەگی خۆی لە مەڕ ڕابەرەکەی پێشوی دەرئەخات و ئەبی هەر ئەوەندەشی لێ چاوەڕوان بکرێت لۆ ئەمانەی ئێستای. وەک ئەمەگی لۆ کیژە شۆخی عرووسی. پیلانێکی هەمە لایەنە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانی لە دژی کورد و زنجیرەیەک دیاردەی دزێو وەک بەزمەکەی بەکرەجۆ و دەس تێوەردانی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان بە تێکڕا لە دوا پلەی خۆیانا کارەساتی هەرەس هێنانی شؤڕشی گەرمێنی کوردی لێکەوتەوە و شؤڕش بۆ ماوەی دەوری دوو ساڵێک وەستا و پاشان دیسان بە گوڕ و تینتر لە جاران سەری هەڵدایەوە . کورد پێویستی بە خەڵکی زانا و لێزان و بەدەربەسە کە لە ماکە و چەند وچوونی ئاوەها ڕووداوێکی گرینگ لە ژیانی نەتەوەیی کورد بکۆڵنەوە و دەرئەنجامی کاریان وەک بەرهەمێکی زانستی و شیاو بخەنە بەردەس و چاوی گشتی کۆمەڵانی خەڵکی کورد نەک پەشێوێکە سەرچڵانە و سەرەڕۆیانە و دوورلە هەر چەشنە بەرپرسیاریەتێکە و فێڵەبازانە لە سەر زاری شەهیدەکانی کوردستان بەو بابەتە بۆچوون و بیرۆکە سووک وبێ نرخانە مێشک و هزری کوردان بۆژۆ بکات .

ئەمارەتی سۆران و ئەوانەی تریش ڕووخان و هەرەسیان هێنا و ئەو سەردەمە مێژوویی یەی کوردیش بە سەرچوو و بیرۆکەی داگیرکەران و گەزۆخۆرانی داگیرکەریش وایان بردوەتە مێشکی خەڵکانی وەک پەشێو، بەناو شاعێری ناوداری کورد ، کە فتوای مەلای خەتێ ئەمارەتی سۆرانی لە ناو برد. کەسیش نەبوو بپرسێ ئەدی ئەوەکانی دی چی ، خۆ ئەوان مەلای خەتێیان نەبوو. سەرجەم مەبەستی ئەم چەشنە چەواشەکارییانە ئەوەیە کە هەموو هۆکارگەلی هەر شکانێکی مێژووی کورد لە هەر قۆناخێکدا خڕ لە یەک دانە و ئەویش هۆکارێکی ناوخۆیی و تەنانەت تاکە کەسی و تاکە کەسایەتیدا کۆ بکرێتەوە هەموو دێزە و دەرخۆنەی جیهانیان بە سەرا بشکێ و هۆکارە ڕاستەقینە و کار وچارەسازەکان چ سیاسی و چ ئابووری و چ کۆمەڵایەتی و چ مێژوویی دێزە بە دەرخۆنە بکرێن. پەشێو لە سەر ئەم بنچینەیە بیرئەکاتەوە و ئەجوولێتەوە. هەڵوێستی چەواشەکارانە و ساویلکانەی لە مەڕ قازی و بارزانی و ئەمارەتی سۆران و دمدم قیزەوەن وناکوردانەیە و مایەی شەرم و شوورەییە .

پەشێو دەستی خۆی پێش ئەخات و دەبێژی کە مانیفێستەکەی باری زانستی و لێکۆڵینەوە و سەربازی نیە ( ئەکرێ بپرسین کە ئەدی بۆچی ناوی مانیفێستی لی ناوە کە خەڵک بیری مانیفێستی کۆمۆنیسم ئەخاتەوە) و بەمەش مەیدانێکی رەها و بەربەرەڵا لۆ خۆی ئەکاتەوە و ختووکەی هەست و سۆزی خەڵک ئەدات بە ئاقارێکی دیاریکراو و چەواشەکارانەدا ، بە زمانە شڕ و زوورەکەی خۆی کە هەر تایبەت بە خۆی و هاوبیرانیەتی.  ” ئەخلاقسزیی سیاسی ( لێرەدا جەنابی مامۆستا بووەتە ترک و پێشی وایە کە سیاسەت و ئەخلاق لف وجووتەی گونجاون ) ، فشەحزبی خۆخۆری بێ پرۆژە و ستراتیژ، حزبی سایکسپیکۆ پەرەست و لۆزاندۆست وبتەوان و موفاوەزەتچی بودجە،  مێژووی هەڵات هەڵات و ڕاکەڕاکە ، قاچاخچییاتیی سەرسنوور”، ئەو ناونیتکانەن کە پەشێو وەک پەیامی سیاسی خۆی بە هێزە سیاسیەکانی کوردستانیەوە ئەنووسێنێ و وەک بێژی کە جەنابیان لە هەسارەیەکی دیکەوە هاتبێتن و لە ناتالیا وناتاشا شۆخەکانەوە فێر بووبێت کە ئەوی کوردی زادەی هەولێر و مسکۆ دیدە فڕی بە سەرهێڕەکانی هەولێرەوە نیە و لە تیرە و ڕەگەزێکی ترە و حەیب نەبێت چاکراوە و فێری شارسانیەت کراوە. مخۆی مە نە وەکی مەخۆی دنە. ئەم کابرایە بە ڕاستی کویر بووە و توانایی ئەوەی نیە کە ببینێ کە هەر هەمان حزب و کەسایەتیانە ئەم کوردستانەی باشووریان پێک هیناوە بە هەموو کەم وکووڕیەکانیانەوە. بریا بمانزانیبا کە ئەم مەراییەی پەشێو لۆ کێیە چونکە ئاشکرایە کە لە دڵسۆزی بۆ کورد نیە.ئەو نەدەبا باسی فشەحزب بکات چوونکە خۆی هەر لەوکاتەوە کە سەری لە هێلکە دەرهێناوە بەو فشە حزبانەوە بەسترابوەوە و هەر ئەو فشەحزبانە بوون کە پێیان گەیاند و کردیان بەو پیاوە. لەمەش پتر ئەو ڕاستیە مێژوویی یە کە  پەشێو وخەڵکانیتری وەک ئەو لە ناو جەرگەی شەڕی ناخۆ و حزب حزبێبە و ئەو بنەما ئاڵۆزو خوێناویی یە پێکی هێنابوو هەڵیاندا و کاریان ئەکرد تا ڕادەیەک کە هێندێکیان نازناوی شاعری شەڕی براکوژیان بە سەرا بڕا .   

مرۆڤایەتی سەردەم لە مێژە وازی لە بنچینەی ڕزیو و پەرپووتی داد و داگەری چاخە کۆنەکانی هێناوە و دزەکانی یاساکانی هامۆرابی لە تەوڕات و ئینجیل و مەسحەفەکەی عوسمان (دوای ناویان نا قورئان ) کە کراسی خۆداییان وەبەر ئەو یاسایانەدا کردبوو، بینرانەوە و خرانە شوێنی خۆیان. ئیمڕۆ ئیتر هیچ یاساێکی دادپەروەریی مرۆڤانە ڕێگا بەوە نادات کە هەڵە و تاوانی تاکە کەسی بخرێتە پاڵ گشت و گشت سزا بدرێت و شارێک و وڵاتێک بسووتێندرێ و کاول بکرێ و نەتەوەیەک و خێل و هۆزێک کۆمەل کوژ بکرێن. جەنابی پەشیو هێشتا لە سەر ئەم بنچینەدا دادوەری ئەکات و هەڵە و تاوان و خەیانەت و پاشەڵ پیسی تاکەکەس ئەبڕێت بە سەر گشتدا و دوا بڕیاری خۆیشی بەسەریان دا ئەدات. دزو درۆزن و قاچاخچی و نەوت فرۆش و خوڕیلە و توێمەڕی و بوودەڵە و پاشەڵ پیش و خائین و خەیانەتکاری نەتەوەیی و دەست و داوێن و چاو پیس  و پیسکە و چاوچنۆک و زڕە – فەریکە سیاسی و لالەغاوە زەرد و لادەر و فێڵەباز و دەست – قۆڵ – گوێ بڕ وجاش و کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەر و فشەکەر و خۆهەڵکێش و…هتد ( زمانی کوردی دەوڵەمەندە لە ناونان و دیاریکردنی ئاکاری هەر بابەتە کاسایەتێک کە نیشاندەری ئەوەیە کە کورد ئاگاداری هەموو جۆرە دیاردەیەکی باش و نەباش لە کۆمەڵگای خۆی بووە ) دیاردەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای مرۆڤە و نەحاشای لێ ئەکرێ و نە نکوولی هەڵ ئەگرێ. کۆمەڵگای کوردەواریش لە ئاسمانەوە نەکەوتوتە خوارەوە و وەک تێکڕای کۆمەڵگای مرۆڤایەتی لەم دیاردانە بێ بەری نیە و کورد گوتەنی خەرمان بێ سەرە خەر نابێ. ئەرکی مرۆڤی ڕووناکبیر و خاوەن هزری زانستی مێژوویی ئەوەیە کە بە هەموو شێوەیەک شەڕی ئەم دیاردە دزێوانەی کۆمەڵگا بکات و لێیان بدات و ئەوش بزانێ کە ئەم شەڕە هەتاهەتاییە و پێوەندی بە سروشتی مرۆڤەوە هەیە کە هێشتا گرێ پووچکەکەی نەکراوەتەوە و زانستی مرۆڤ بەسەریا زاڵ نەبووە و پێی نەوەستاوە. ئائەمە ڕاستیێکی زەقی ژین و ژیاری مرۆڤی سەردەمە و هیچ زانایەک نکوولی لێی نیە و پێشکەوتوویی و پاشکەوتوویی تکنۆلۆجیای سەردەم و ئاستی بەرزیی و نزمی گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی دەورێکێ ئەتۆیان لە سەر ئەو دیاردانە نیە و گشت گیرە ،ئەڵبەت لە شێوە و ڕەنگی جیاوازا. پرسیارێکە کە ئەبێ ئاڕاستەی پەشێو و پەشێوەکان بکرێت ئەوەیە کە ئەوان خۆیان لە چ شوێنێکدا ئەبیننەوە وکار وکردەی ڕخنەگرانەی پێشڕەوانە و دادپەروەرانە و ڕووناکبیرانەیان کە ئەرکە لە سەریان بە گوێرەی خۆیان، لە چ ئاقارێکەوە ئەڕوات و چۆن خزمەت بە بەرژەوەندی کۆمەڵگاکەیان ئەکات. ئەرێ ئەو بنەما و بنچینە هزری و داد و دادپەروەری و دادگەریە کە خەڵکی مینا پەشێو دکاری تێنن ، هینی ئەم سەردەمەیە کە ئەوان بە کورد و کۆمەڵگای کوردەواری ڕەوا ی ئەبینن و بە گەز و ڕبەی پەڕپووت و بێ نرخ کراوی چاخە کۆنینەکان هەڵس و کەوت لەگەڵ کوردی سەردەمی ئێمە ئەکەن .

هۆڤانەکانی ئیسلامی شێواز وتاکتیکێکی دزێویان ڕەچاو کردوە و بە کۆمەڵ کوژی و سەرژێ کرن و بڵاوکردنەوەی، ترس و تۆقین دەخەنە دڵێ خەڵکەوە بە مەبەستی ڕەواندنی بە هەزارانی کۆمەڵانی خەڵک و ڕاونانیان بەرەو ناوچەکانی هەرێم و دەسەڵاتی باشوور بە مەبەستی دروست کردنی قەیرانی مرۆیی و ئابووری و سیاسی و سەربازی و سەرقاڵ کردنی بەشێکی بەرچاوی کێش و توانای پێشمەرگە و سیاسی و ئابووری دەسەڵاتی کوردی بەو قەیرانە یەک لە دوای یەکانە. ئاکامی ئەم ئاکارە نگریس ودژە مرۆڤانە هەنووکە بە بوونی دەوری دوو ملێون پەنابەر و لێقەوماو لە کوردستان بە سەر دەسەڵاتی کوردا شکاوەتەوە. دەسەڵاتەکەشمان بە لەبەرچاو گرتنی کێشی دراویی و سامان و باری ئابووری و تەنانەت بڕینی نامرۆڤانەی مووچەی کوردان لە لایەن عارەبانەوە، زۆر باش بەدەم لێقەماوانەوە چوون و سەربەرزی و ڕووسووری و شانازیێکی نوێیان بۆ کورد بە گشتی  تۆمار کردوە لە ئاستی جیهانی و مێژووییەوە. دەبا خەڵکینە با لە پەشێو ئەفەندی و هاوتا و هاوبیرانی بپرسین کە ئەرێ ئەوە دز و نەوتفرۆش و قاچاخچی و پۆخڵەکانی باشوورن کە ئەم شانازییەیان خۆلقاندوە؟ ئەرێ خوا بەردارە کە تاوان و هەڵەی تاقمێکی کەمی توێمەڕی و بوودەڵە بخرێتە پال ئەو خەڵکانە کە شانازیێکی مێژووییان بۆ کورد ئافراندووە. وەک گوترا ئەوەی پەشێو کردوویە و ئەیکات فەرمانی قەرەقووشی سەدە کۆنەکانە .

بە پێچەواندەی مانیفێستەکەی و ئەو ناتۆرە ناڕەسەنانەی پەوشێو لە دەسەڵات وهێزەسیاسیەکانی باشوور، باشوور بنکە و پێگەی بڕیاردەری چارەنوسی گەلی کوردی کەوتوەتە سەرشان ومێژووی سەردەمی کوردستان بە لانی کەمەوە لە سەردەمی شێخ عەبدلسەلام بارزانی (کاکە) ەوە پێی بڕیوە و شەڕە جنێو و دەم پیسی پەشێو و ئەوانیتریش هیچ لەم ڕاستیە ناگۆڕی و کوردیش بە گشتی لەگەڵی دایە و هەتا ئێستاش باشوور باشی هێناوە و بووەتە جێگەی ئافەرینی هەموو جیهانیش. بە بێ گوێدان بە مانیفێستەکەی پەشێو ، کۆبانێ وەک هەر سووچ و کەلێنێکی تری کوردستان بە ڕەوا و  بە ڕاستیش هاواری یارمەتی و دەستەک لە باشوور ئەکات . سیاسەتی جیهانیی رۆژئاوا و ئامریکا و ئوسترالیا و ناوچەیی و دەرەکی هەر هەمان هەلس وکەوت لەگەڵ باشوور ئەکەن و کوردیش بە گشتی خڕ شاییان پێیە . لەوانەیە پەشێو زۆر بەوە جنگز بێت کە ڕاست دوای مانیفێستەکەی ئەو ڕۆژئاوا و هێزە سیاسیەکانی بۆ چارکردنی کێشەی کۆبانێ ڕوویان کردوەتە باشوور و هەر باشوور و دەسەڵاتی سیاسی باشووریش بوو کە لە ڕابردوودا ئەم دەورەی گێڕاوە و ئێستاش دەی گێرێ. هێلی سیاسی کورد لە هەولێر تەنیا بۆ چارسەرکردنی کارەساتی کۆبانێ نیە بەڵکو تەنیا هێڵ و ئاقارە کە ستراتیژی سەرکەوتنی رەوتی بزاڤی ڕزگاری نەتەوەیی کورد بۆ داهاتووش و بە تایبەت پاش ڕووخانی بەعسی سووری مسۆگەر ئەکات و بوار بۆ ڕۆژئاوا خۆش ئەکات کە بە سەنگ و قورسایی خۆیانەوە سەرکەوتووانە لە گەمەی سیاسی سووریەی داهاتوو دەور بگێڕن و ببنە هۆکارێکی گرینگیتر بۆ ڕی خۆش کردنی سەربەخۆیی کورد و کوردستان .

هێرشی هۆڤانەکانی ئیسلامی بۆ سەر کۆبانێ دوای کونفرانسەکەی پاریس دەستی پێکرد و سیاسەتی ڕکەبەرایەتی ناوچەیی و تەنانەت جیهانیش لە پشت ئەو دەس درێژیەی ئەو هۆڤانانە بۆ سەر کۆبانێ بوو. کۆبانێ بووتە مەیدانی ڕکەبەری و ململانێی سوڵتان و شای گۆرین و هەرکامەیان هەڵپەی ئەوەیەتی کە ئاکامێکی سیاسی و ستراتیژی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن لە سەر خوێن و ئازاری کورد لە کۆبانێ . هێلی تاران- دێمشق بە ئاشکرا لە لایەن عرووسانەوە پشتگیری لێ ئەکری بۆ دوو مەبەست. یەکەمیان بەکارهێنانی کارەساتی کۆبانی بۆ پێکەوەنانی هۆکارێکی جیهانی لۆ بەرژەوەندی ڕژیمی بەعسی سووری و گەڕانەوەی بۆ ناو سیاسەتی نێونەتەوەیی و ژیانەوەی قەوارەی دەولەتی بەعسی کە لە گیانەڵڵادایە. ئی د دوو ژی بۆ تێوەگلاندن و گلانی ئامریکا و ئاوروپا لە شەڕی هۆڤانەکانی ئیسلامی و سووک و کویر کردنەوەی قەیرانی ئۆکراینایە. ئامریکا و ئاوروپا بە دوو هۆی سیاسی و سەربازی ناوێرن خۆیان لە شەڕی داعش بدەن چونکە لێیان مسۆگەرە کە بە خسارێکی گەرەی مرۆیی بەسەریاندا ئەشکێتەوە وەک ئەزموونی پێشووتری عیراق پێی سەلماندن و خۆیان تەنیا ، کورد گوتەنی بە دوورە تەقەی ئاسمانی بەستوەتەوە و یارمەتی چەک و چۆڵەی هێزی پێشمەرگە وەک کاراترین هێزی مەیدانی شەڕەکە ئەکەن و تەنانەت لەمەش دا تەنیا بە چەکی بەرگری نەوەک چەکی هێرش و پەلاماری سەربازی و پێشمەرگانە بەسیان کردوە. ئەوەی کە دیارە و هەستی پێ ئەکرێت ئەوەیە کە ئامریکا و ئاوروپا نایانەوێ کە کورد وەک لایەنی سەرکەوتوو لە شەڕی داعش لە عیراقا دەرکەوێ و بەمەش سەنگی کورد لە هاوکێشە و ململانێی پاش شکانی داعش فرەتر بێت و رەوتی بەروپێش چوونی سیاسی و ستراتیژیکی ناوچەکە لە دەس ئەوان و هێزە ناوچەییەکان وەک سعوودی و عەجەمان و ترکان دەربچێت .هێلی تاران-دێمشق لەم دوایانە و لە پێوەندی لە گەڵ کارەساتی کۆبانێ چالاک بوەوتەوە و بە شێوەیێکی نائاسایی و نەبینراو بواری بە ڕۆژهەڵات داوە کە کێشەی کۆبانێ زەق بکەنەوە وهەر ئەم هەوڵەی تاران – دێمشق گەیشتە باکووریش و کۆمەڵێک خەسار و قوربانی کوردی لێ کەوتەوە. دۆخەکە خەریکە بەرەو ئەوە بڕوات کە کوردی باکوور دیسان بگلێتە شەڕی سوڵتان و شای گورین. هێڵ و ئاقاری کوردی لە هەولێر تا ئێستا وەستایانە هێناویە و زۆر باش یاریی و گەمەکەی بەڕێوە بردوە ، لێیان پیرۆز بێت و ئاوات و هیوای سەرکەوتنیان بۆ ئەخوازین .

کورد بە گشتی ڕووبەڕووی پلان و پیلانێکی گەورە و دزیوی نەیاران و دوژمنانی بووەتەوە و لە گەمەیەکی سیاسی مەترسیدارەوە گلاوە کە ژیانی خەڵکەکەمانی خستوەتە بەر هەڕەشەی کۆمەڵ کوژی و ماڵ وێرانی. گەمەی کانتون بازی پ ک ک ، کۆبانێ ی بە تەنیا باڵی تووشی شەڕی هۆڤانەکانی ئیسلامی کرد . ئەوەی ئێمەی کورد تێی کەوتوین ئەوەیە کە هێزی بە چەک و نەفەری تەیاری هۆڤانەکانی ئیسلامی لە سەرپانتایێکی بەربڵاو پەلاماری کوردستانیان داوە و کۆبانێ تاک کەوەتوتەوە و کێشی بەرانبەرکێی کورد لە دژی ئەو هۆڤانانە لە کوردستان و تەنانەت بەشی ڕۆژئاواش، دەستی ناگاتە کۆبانێ . باشوور بەلانی کەمەوە پاڵەپشتی هێرشی ئاسمانی هێزە هاوپەیمانەکانی نێونەتەوەیی بۆ کۆبانێ دەستەبەر کرد کە تا ئێستا لە نەکەوتنی کۆبانێ دەورێکی کاریگەر و چارەنووس سازی بووە. چارە نووسی کۆبانێ وەک بەشێکی دانەبڕاوی کورد و کوردستان بە کوردەوە گرێ دراوە و دووڕیانی سوڵتان و شا – دێمشق-تاران و ئانکارا،  رێچکەی چاری کۆبانێ نیە و تەنیا ڕێ ، ڕێی کورد و هەولێرە و کە ئێستا کارا بووەتەوە ، .بە پێچەوانەی پەشیو .

قووڵایی چەواشەکارییەکەی پەشیو کاتێک ڕوونتر ئەبێتەوە کە سرنجێ ئەو ڕاستییە بدەین کە پەشێو لە مانیفێستەکەیدا پانە ڕێێ کورد و هەولێر لە کۆبانێ کوێر ئەکاتەوە و بێجگە لە هێندێک ختووکەدانی بێ ناوەرۆک و خەیاڵ پڵاوانە هیچ شتێک دیاری ناکات و کۆبانێ ی گەمارۆدراو و تاک کەوتە لە کورد و کوردستان وەک خۆی ئەهێڵێتەوە پێی وایە کە قارەمانانی کۆبانێ لە ” بەرانبەر تاعونی ڕەش و قاسەی پڕی نەفت فرۆشان چەقیون” کە کەس بە قروشێکی ناکڕێ و تازە ئەشی کاتە کاراترین کارگەی نەتەوەسازی بۆ کورد.

هەڵم و بۆقی ریخ و شیاکەی سەلوێنکی قەل و قاڵاوان ناخ وهەناویی پەشێوی تێکداوە و خۆی کردەوتە نوێنەری شەهیدەکان و لە زمانی ئەوانەوە بە خەڵک ئێژێ کە جەیلان ” ڕابردوویەکی پڕ لە شەرمەزاری …پێکا “. ئارین ” خەندەقی براکوژان وشەڕە پەڕۆی بەرەبابان وتانکەری قاچاخچییانیشی ئاگر دا  “. دابەزین و نەوی بوونەوەی پەشێو وادیارە سنوور ناناسێ و ئەوتا دەرهاوێشتەی مێشکی نەخۆشی خۆی ئەداتە پاڵ شەهیدەکانی کوردستان. ئەتوانین بە دڵنیایەوە بێژین کە ئەو دوو شەهیدەی گەلەکەمان لەوانەیە کە ئەو دەستەواژە دزێوانەی پەشێویان هەر نەبیستبێ و مشووری ژیانی خەباتکارانەیان نەبووبێت و ڕابردووی کوردیان پێ پڕ لە شەرمەزاری نەبووبێت. کام کورد ئەتوانی گومانی لەوە بێت کە ئەو دوو شەهیدە بە تایبەت لە ڕۆژئاواوە وەک زۆربەمان هۆزانی جگەرخوێنیان ” کیمە ئەز ” و یان لە زمانی شوانپەروەرەوە نەبیستبێ کە ئەم سەربلیندین بە مێژوومان. ئاستی بەرز و قووڵی تێگەشتینی مێژووی ئاپێ جگەرخوون لەو بەستەی کیمە ئەز ، ئەو شتەیە کە کورد لە بیرمەندانی خۆی چاوەڕوان ئەکات. کورد ئاپێ جگەرخوونی هەیە لەو ئاستە هەرە بەرزەدا و پێویستی بە چەواشەکاری پەشێوێک نیە ڕابردوو و مێژوومان بە ناڕەوا و سەرچڵانە  بۆژۆ و پۆخڵ بکات. ئەوەی کە یەک دەنکاڵ شارەزایی لە پێشمەرگە و ژیانی پێش گیانبەختکردنی شەهیدەکان بێت ، ئەیان ناسن و ئەزانن کە ئەوان لە پێناو سەربەرزی و سەرفەرازی و ژیانی سەربەست و ئازادی خەڵکەکەیان خۆیان بەخت ئەکرد و ئارمانج و مەبەستی پیرۆزیان لە ژوور حزب و ڕێکخراوەکانیشانەوە بوو. کابرای پەشێو یەکەم کەسە لە ناو کوردا کە ئەو شیوە گیان بەختکردنە نامۆیە لە ناو جەرگەی بزاڤی نەتەوەیی و ڕزگاری بەو شێوە ئەنرخێنێ و تەنانەت ئارمانج و مەبەستیشیان چەواشە ئەکاتەوە و ئەوەکەی خۆی ئەداتە پاڵیان. دابەزین و نەوی بوونەوە وفیلەبازی سیاسی و وێژەیی لەم ئاستە و لەم پلەدا لەوانەیە تەنیا لە پەشێو وخەیاڵ و بیرۆکەی تەریک کەوتەی بوەشێتەوە و بەس.   دیسان داوا لە خەلکی کورد ئەکەین کە دادوەر بن لە نێوان پەیڤی بەرز و پڕ بەها ی مێژووی ئاپێ جگەرخوون لە مەڕ مێژوو و ڕابردووی کورد و چەواشەکاری و سووکایەتی وهەڵیت وپڵیتی پەشێوو سەبارەت بە ڕابردوومان .

کوردیش وەک هەر نەتەوەیەکی تر ڕێزی تایبەتی لە شەهیدەکانی ئەگرێ و ئەم ئاکارە لە باشوور گەیشتە ئاست و پلەیەک کە تەنانەت شەهیدانی شەڕی ناوخۆیی و براکوژی وەک گیان بەختکردوانی ڕێگای ڕزگاری ڕێزیان لێ ئەگیرێت. نەریتەکە بە و شیووەیە کە بە گیانبەختکردنی هەر تێکۆشەر و خەباتکارێکی کورد لە هەر مەیدانێکی شؤڕش، یەکسەر هەڵ ئەدا بۆ جیهانی شەهیدان و گیانبەختکردووان و لە ژیانی خاکی و مادی ئەم جیهانەی زیندووان و تەنانەت ژیانی ئاسایی و مرۆڤانەی پێشووی خۆشیان جیائەکرێنەوە و بەرگی پێرۆزیان بە خەڵات پێ ئەبەخشرێ. هەر بەم بۆنەشەوەیە کە هەموومان یادی شەهیدان وەک شەهیدانی کورد و کوردستان ئەکەینەوە و تاجی ڕێز لێ نان و خوشەویستی و ئەمەگ و پێزانینان بە سەری چەماوەوە پێشکەشیان ئەکەین . کورد لە پێوەندی لە گەڵ شەهیدانا یەکە و یەکگرتووە و شەڕە سیاسی و حزبایەتی کوێر ئەبێتەوە . بەپێچەوانەی ئەم داب و نەریتە جوان و مرۆڤانە و کوردانە کە پڕ بە پڕلە جێگای خۆیەتی، ئەوەتا په‌شێو بازرگانی بە گیانی پیرۆزی شەهیدانی کۆبانێ وە ئه‌کات و بۆ مەبەستی شەڕە ( سەگی – زمانەکە شڕەکەی پەشێوو بۆ جارێکێ تر ) حزبایەتی و سیاسی بەکاریان ئەهێنێ . وەک باسکرا ، شەهیدان لەوە بەرز و پیرۆزترن کە ئاوێتەی شەڕی زیندوان بکرێن و دەبا پەشێو خۆی تووشی ئەم ناپیرۆزیە (کفر ) نەکردایەت . 

دابەزینی پەشێوو بۆ سەر سەلوێنکی قەل و قاڵاو بەمەشەوە نەوەستاوە و وەک ئاماژەی پێکرا  تاعوونی ڕەشی (ئیسلامی) و قاسەی پڕی نەفت فرۆشان ( دیاریشی ناکات مەبەستی کێیە ) ئەخاتە یەک بەرەوە کە گوایە لەهەنگێن کۆبانی دژیان وەستاون و ئەمانن کە ” سنوورە حەرامزادەکان ” بە سنوور نازانن. پەشێو ئەبێ لە گوێی گادا نووستبێت و ئاگای لەوە نەبێت کە هەر دوێنێ بوو کە جەمیل بایکی قارەمانی ڕێزی لە سنوورە دەسکردەکان ئەگرت وئەوان  بە ئاشکرا وازیان لە کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمان هێناوە و بڕوایان بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی نیە و هەوڵیشی بۆ نادەن وپێشیان وایە کە ئێستا کە سەرەی کورد هاتوە ، ئیتر سەردەمی دەوڵەتی نەتەوەیی بە سەرچووە و کورد فریای نەکەوت بەڵام لۆ ترک و عەجەم و عارەب ڕاستێکی مێژووییە و لۆ کوردان تەنیا ئەوە ماوە کە مافی هاووڵاتی لە ناو ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەدا دەستەبەر بکات . پرسیارەکە لۆ پەشێو و هاوبیرانی ئەوەیە کە ” کاراترین کارگەی نەتەوەسازی ” بە چ ئاواێک لە سەر ئاوه ها بیرۆکەیەک چێ ئەبێت. بیرۆکەی سەقەتی پ ک ک کە ئێستا بە تەواوەتی خویا بووە ، بەرەو کویر کردنەوە و پووکانەوە و بنەبڕ کردنی هەیکەلی نەتەوەیی کورد داژوێ و خۆشیان حاشای لێ ناکەن و تیئۆری سەیر و سەمەر و بێ بنەمای لۆ دائەتاشن و خەڵکێکیشیان چەواشە کردووەتەوە. کارەساتی هەنووکەی کۆبانێ و چارەنووسی نادیاری بەرهەمی ئەو سیاسەت و بۆچوونەی پ ک ک یە. ئەوەتا لە ڕۆژئاوای کوردستان باسی کورد وەک نەتەوە و کوردستان وەک نیشتمان بەرەو کویر بوونەوە ئەڕوات و بەکردەوە کورد و کوردستان کراوە بە ژمارەیەک شار وشارۆچکەی لێک دابڕاو و تەریک کەوتە ،( گەمەی کانتۆن بازی ) ڕاست وەک ئەوەی کە ڕژیمی بەعسی و سیاسەتی بە عارەب کردن و توانەوەی کورد ، پێشتر سازی کردبوو کە لەگەڵ سیاسەتی ئەمارەت سازی کۆنی عوسمانی لۆ پارجەپارجە کردنی کوردان یەک ئەگرێتەوە . ئەمەش لە کاتێدایە کە کورد لە ڕۆژئاوا دەرفەتی ئەوەی بۆ ڕەخساوە کە نەک هەر سیاستی توانەوەی کوردان لە لایەن بەعسەوە بەرپەرچ بداتەوە نەڵکو  کوردستان وەک مێژووی خۆی سەر لە نوێ ببووژێنێتەوە وەک ئەوەی لە باشوور کرا. سەیر لەوەدایە کە شەڕە حزبایەتی و بازرگانی سیاسی پەشێو و لایەنگرانی لە حاست ئەم ڕاستیە حاشاهەڵ نەگرە ، کەر و کەڕ و کوێر کردوە و خۆشیان وەک کورد و خاوەنی بیر و هزری نەتەوەیی بە خەڵک ئەفڕۆشن. ” کارگەی کارای نەتەوەسازی ” یەکەی پەشێو ئەشێ لەم پێوەندییەدا هەڵ بسەنگێندرێت و لێک بدرێتەوە.

لەوانەیە کە پەشێویش وەک فرەێکی تری هاوشێوەی خۆی هەر ئەوەندە لە ماک وناوەرۆک و کاکڵی نەتەوە وەک دیاردەیەکی مێژوویی – کۆمەڵایەتی تێگەیشتبێت و ئەو دەستە واژەی نەتەوەسازی یە کە لەم دواییانە و لە کاتی جۆرج بووشی بچووک ( جۆرجۆك = حەمەدۆک ) بە مەبەستی سیاسی چەواشەکارانەوە لە لایەن ڕۆژئاواوە هاتە ئاراوە ، کاوێژ ئەکاتەوە. نەتەوە و ئاکاری نەتەوایەتی کورد کە ئیمڕۆ لە کۆبانێ شانۆی زیندوی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەلێزێ و لاپەڕەێکی زێڕینی تری خستوەتە سەر مێژووی کوردەواری، درێژەی ڕەوتێکی نەپساوەی مێژوویی دوور و درێژە کە ڕەگ و ڕیشەی بە قووڵایی مێژوودا ڕۆچووە و وەک ئاپێ جگەرخوون دەبێژێ بە هەزاران ساڵە لە شەڕدایە و هێژ زیندوە و کۆبانێش بەڵگەیەکی تری ئەم ڕاستی یە. هەنە کاسانێک لە ڕیزی کەونە هاوبیرانی پەشێو کە لەوپەڕی نەزانی و بێ ئەمەگییەوە شۆڕشەکانی پێشوو بە دۆڕاو ئەزانن و وەک شۆڕشی دۆڕاو باسیان ئەکەن . ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا کورد بە گشتی بوار و دەرفەتی ئەوەی لۆ ڕەخساوە کە خۆی لە ڕابردوو و مێژووی بکۆلێتەوە و واز لە کاوێژ کردنی بیرۆکەی داگیرکەران و پاشاخوڕی داگیرکراویی کوردستان بهێنن و چیتر لە هەمان ڕوانگەی بۆژۆی دوژمنانی کوردەوە و بە گەز و ڕبەی ئەوان لە خۆیان و مێژووەکەیان نەڕوانن .

پەشیو وەک زۆرێکیتری وەک خۆی گیرۆدەی ڕۆمانتیسیزم و خەیاڵ پڵاوی شۆڕشگێڕانە بووە و لە هەر شوێنێک و بابەتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە سەری ڕۆمانتیسیزم و خەیال پڵاوەکەی لە بەردی ڕەقی ڕاستەقینەی ژیانی کۆمەڵایەتی سەردەم بدات کە فرمانێکێ نکوولی هەڵنەگرە، هەڵ ئەچێت و دۆ و دۆشاو تێکەل ئەکات. پەشێو لەوانەیە هێشتا ئەو ڕاستیە نەزانێ کە کوردیش جیاواز نیە لە نەتەوەکانی تر و کەم و کووڕی و کامایەسی لەوان کەمتر نیە و ژیانی داگیرکراوی لە ساڵانێکی دوور و درێژا ، کارێکی زۆری کردوەتە سەر کەسایەتی کۆمەڵایەتی کورد و پاشاخوڕی داگیرکراویی بە زەقییەوە لە ژیانی ڕۆژانەی کۆمەڵگای کوردەواریدا خویایە. ئەوەش پەشێوو ئەیکات نەک هەر هیچ یارمەتێک بە گەشە و نەشە و پەرەسەندنی بیر و هزری سەردەمیانە و مرۆڤانەی کورد ناکات بەڵکو بە پێچەوانەوە تەنگ و چەڵەمە و ئاریشەی سیاسی و کۆمەڵایەتی پتر ئەکات بە تایبەت بەو زمانە نەگونجاو و تێکدەرانەی تایبەتی خۆیەوە.

وێنە و نموونەی پەشێو لە ناو نەتەوەکانی ترا بە ڕاستی دەگمەنن و گەلێک زەحمەت و ئاستەمە کە کەسێکی وەک ئەو بدۆزیتەوە کە ئاوەها تف لە مێژووی نەتەوەکەی و ڕابردووەکەی بکات و بە ئاکارێکی نەتەوەیی وەک کۆبانێ بە جۆرێک هەل بچێت کە دۆودۆشاوی لێ تێکەڵ بێت. خانمە جەنگاوەر و پێشمەرگەکانی کۆبانێ بە تایبەت ئیمڕۆ تاجی سەری  جیهانی مرۆڤایەتین و کورد بە گشتی ئەوپەڕی شانازیان پێوە ئەکات و شیاوی لەوەش زیاترن. بۆ ئیمەی کورد ئەوان هەمان لەیلا قاسمی سەرداری سەردارانن ، خانمە قارەمانەکانی هەڵه‌بجە و گەرمێن و بارزانن کە چرا ومۆمی ژین و ژیاری کوردێنیان لە شەوەزەنگ و تاریکستانی عەرەبی-بەعسی دا بە زیندوویی و بە دایساووی ڕاگرت و دێوەزمەی کیمیاباران و ئەنفالە ناوزڕاوەکەی عارەبیان بەزاند، دەستە خوشکی بە ئەمەگی تەواری جەستە بە گوللە ئاژین کراون، سەرقافڵەو و پێشەوای خانمە گیان بەختکردوەکانی ڕۆژهاڵات و کۆمەڵێک شاگول و شاسواری ئازایەتی هەتا شیرین دوا بووکی زەماوەندی ئازادی و سەربەرزی ، کۆمەڵیک شاگوڵ و باش پەهلەوانی ترن لە بازنەی هەڵپەڕکێی ڕزگاری و سەرفرازی و دەست لە ناو دەستی سەکینە و هەڤاڵانی ، گیانی پیرۆزی پەرییەکانی تاوسی مەلیکن لە شنگال و قرمە و شریخەی چەکیان سەمفۆنیای پەریێن شنگال دەچڕێ. کۆبانێ شنگالێکی ترە، کۆبانێ هەڵەبجەیە ، کۆبانێ پاڵە و گەنجەیە ، کۆبانێ دێرسیمە ، کۆبانێ مهاباد و سەقز و بۆکانە، کۆبانێ بارزانە ، کۆبانێ گشت کوردستانە ، مێژووی جەنگاوەرانەی کورد ئەوا دیسان لە کۆبانی دووپات ئەبێتەوە ، لێیان پیرۆز بێت . کۆبانێ تەواوکەری مێژووی کوردە و ناکرێ وەک پەشێو لە بەرانبەر یان لە دژی ئەو دا بنرێت جا بە هەر مەبەستێک بێت. کۆبانێ هەر هەمان سنە و سەقزی ڕۆژهەڵاتە کە پتر لە ٣٠ ساڵ لەمەوبەر ئەزموونی هەمان شێوە شەڕی لە دژی ئیسلامیەکانی عەجەمان تێپەڕاند .

کۆبانێ ئاخر و دوا باج و ژانی لە دایک بوونی سەربەخۆیی و ئازادی کوردە و ئاخرینیش نابێت. کورد باجێکی قورس و گرانی تەنیا لە پێناوی پاراستنی خۆی وەک کورد داوە. هەیکەلی نەتەوەیی کورد لە ناو ئاگر و خوێن و شەڕ و هەڵات هەڵات و ڕاکە ڕاکە و کۆچ و کۆچڕەوە و ماڵ  ومناڵ بە کۆڵی و هەڵوەدایی و دوورخستنەوە و تاراوگە و دوورەوڵاتی …هتد قاڵ بووە و چارژاوە و خەمەلییە. ئاکامی هەموو ئەو ئازارەش بە پێچەوانەی بیرۆکە چەواشەکارانەکەی پەشێو، ئەم کوردەی ئێستایە بە کۆبانێ یشەوە کە وەک مرۆڤ ، سەربەرز و سەرکەوتوو دەرچووە و وێنە و مینا شنگال وکۆبانێ وباشووریش ، گیانی مرۆڤانەی گشت جیهانی مرۆڤایەتی بووژانوەتەوە و کوردستانیش بووەتە پەناگە و جێ داڵدەی لێقەوماوان لە هەموو ڕەگەز و تیرە و ئایین و ئایینزایه‌کەوە کە بەلانی کەم ئافەرینی گشت جیهانی مرۆڤایەتی بۆ کورد بە گشتی دەستەبەر کردوە. باجی خۆپاراستن وەک نەتەوە و کورد گەلەک گران و دژوار بوو و باجی سەربەخۆیشمان لەوانە لەوە دژوارتر بێت و کوردیش ئێستا لەو شەڕەدایە و باشوور و دەسەڵاتی سیاسی کورد لە نیشیمانی کورد لە باشوور جڵەوی کاروباری کەوتوەتە دەست و سەرباری دەردانیش ئەوەیە کە خەڵکی وەک پەشێویش چەت ئەخەنە کارەکە و گابۆڕ و حەپەیان ئاوێتەی سەمفۆنیای سەربەخۆیی کورد و کوردستان ئەکەن و گوێ ومێشک و دەروونی مرۆڤی کورد بە کیڕەکیڕ و زیقەزیق و شیڕەشیڕی ناساز ئازار ئەدەن.

ئەبێ پەشێو لە چ جیهانێکی خەیاڵاوی و ناساخدا بژی کە کۆبانێ وەک خۆی ناناسێ و تەنانەت بە ڕەگەز و تیرە لە کورد و مێژوەکەی دائەبڕێ. کێ و چی لەمە زیاتر ئەتوانێ سووکایەتی بە کۆبانێ بکات . دلنیاین لەوەی کە زمانە شڕەکەی پەشیو شێاوی باش پەهلەوانەکانی کۆبانێ نیە و ئەو بە ڕواڵەت ڕێز لێنانەی ئەو بەو دەم شڕی و ناو ونارتۆرانە و ناونیتکانەوە لە جێگەی خۆیدا نیە و پەشێو ئەبوایە ئەو بابەتە زمانە ناسراو و تایبەت بە خۆی ، ئاوێتەی پەیامەکەی بۆ کۆبانێ نەکات و لەو بۆنەدا دووپاتیان نەکاتەوە . ئەوەی تۆزکالێک سەری لە جیهانی وێژە و بێژەی کوردا دەرئەچێت ئەزانی کە پەشێو ئاستی باڵای فەرهەنگ و کولتووری کوردی دابەزاندوەتە ئاستێک کە نەک لە ناو کورد بەڵکو لە جیهانی وێژە و بێژەی جیهانیشدا جێگەیەکی نیە و زۆرێک بێزی لێ ئەکەنەوە و پەشیو چێوی ئەم ئاکارەی خۆی ئەخوات و خۆی و بەرهەمەکانیشی قەت ناچنە ڕیزی ناودارانی کورد هەر لە جەزیری و خانی و خانا و حاجی هەتا کاەسایەتییەکانی سەردەم وەک هەژار و جگەرخوێن. پەشێو بەو زمانە و لەم زەمانەدا دۆڕاندویەتی لە باری مێژووییەوە و نەیتوانیوە هۆبە و هەوارۆکەیەک لۆ خۆی لە کوردستان دەستەبەر بکات و هەر زوو کوردستانی دڵداری کاتی لاویەتی و ئێستاش کوردستانی دایکی لە کیس خۆی دا و ڕقی خۆیشی بە خەڵک ئەڕێژی و بەمەش ئەوەوندەی دیکە خۆی ڕەزاگران ئەکات و دیسان ئێژینەوە کە بەو کارانەی ئاو ئاژین ئەکاتە ئاشی نەیاران و ناحەزانی کورد و کوردستان . 

 

کۆمەڵەی یەکسانیی کوردستان

١٥/١٠/٢٩١٤

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت