Be-naw

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ، بەشى 6 .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەمى مرۆڤ و ڕوخسار و کردارى ، سێ کیشوەرى زۆر لەیەک دوورن ، دەگمەنن ئەو کەسانەى ئەتوانن هەر سێ کیشوەرەکە لەیەک بدەن ، واتا وابکەن دەم و ڕوخسار و کرداریان ئاوێتەى یەکتر بکەن ، وا بکەن هیچ جیاوازیەک نەمێنێت لە نێوانیان ، هەرکەسێک توانى ئەو سێ کیشوەرە بکاتە یەک کیشوەر کەسێکى نایاب و دەگمەنە ، هەر کەسێکیش نەیتوانى سێ کیشوەرەکە یەک بخات کەسێکى دوو ڕووە ، جوانترین شتێک کە لە مرۆڤدا بیبینیت ئەوەیە کاتێک سەیرى ڕوخسارى ئەکەیت ناخى ببینیت ، کاتێک سەیرى دەمى ئەکەیت کردارى ببینیت ، بەڵام وا نیە ، زۆرینەیان وانین ؟ زۆرینەیان ڕووى دەرەوەیان وەک پەیکەرێکى گرانبەها و دەگمەنە ، ڕووى ناوەوەشیان وەک وێنەیەکى کۆن و بێ کەڵکە . کاتێک سەیرى ڕوخسارى ئەکەیت سیمایەکى جوان و نایاب ئەبینیت کە خۆى لە ژێر دەرونێکى وەحشیدا حەشارداوە ، کە گوێى لێ ئەگریت هەست ئەکەیت گوێ لە مۆسیقا ئەگریت ، بێ ئاگا لەوەى ئەو مۆسیقایە لەسەر ئاوازى ئەژدیها بەرهەم هاتوە . تۆ بڵێى مرۆڤەکان هەموویان درۆزن بن تا ئەو کاتەى ڕاستگۆیى خۆیان ئەسەلمێنن ، یا ڕاستگۆبن تا ئەو کاتەى درۆزن بوونى خۆیان ئەسەلمێنن ، ڕەنگە وەڵامەکە هەردوکیان بێت بەیەکەوە ؟ لاى من جوانترین مرۆڤ ئەوانەن کە هەڵئەستن بە کەمکردنەوەى ئازارى ئەوانى دى ، باشترین جۆرى ئینسان ئەوانەن هەمیشە لە هەوڵى ئەوەدان نەهامەتى مرۆڤ کەم بکەنەوە ، خراپترین جۆرى ئینسان ئەوانەن کە تواناى کەمکردنەوەى ئازاری خەڵک و ئاژەڵ و باڵندەیان هەیە بەڵام نایکەن ، یا لە ئەنجامدانى ئەترسن . خراپترین جۆرى ئینسان ئەوانە نین کە ئاگر لە جەستەى ئەوانى دى بەرئەدەن ، بەڵکو ئەوانەن هەمیشە بەدیار جەستە سوتاوەکانى مرۆڤەوە پێ ئەکەنن ؟ ئینسان کاتێک کەسێک ئەبینێت لەئاگردا ئەسوتێ یەکەمین شت بیر لەخۆى ئەکاتەوە نەک قوربانیەکە ؟ بیر لەوە ئەکاتەوە گەر قوربانیەکە ڕزگار بکات ڕەنگە خۆشى بسوتێ ، یا ڕەنگە لەکاتى کوژاندنەوەى ئاگرەکەدا پڕوشکێکیش بەر خۆى بکەوێ .! ئێمە ئاواین ڕۆژانە ملیۆنان مرۆڤ ئەبینین ئەسوتێن و ئەمرن ، کەچى بێ باک و بێ غەم بە دیاریانەوە وەستاوین و تەنیا سەیر ئەکەین و سەیر ئەکەین و سەیر ئەکەین ، ترس لە پڕوشکێک ئاگر واى لێکردون بێ باک بین بەرامبەر ئەو هەموو جەستە سوتاوەى مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە .

خۆ ویستترن و ڕوقامیترین بونەوەرى سەر زەوى مرۆڤە ، لاى من ئینسانە گۆشت خۆرەکان مەلعونترین بونەوەرى دونیان ، لەهەر کەسێکى گۆشت خۆر بپرسیت ئاخۆ تۆ ویژدانت هەیە یاخود نا ، ڕاستەوخۆ ئیستیفزاز ئەبێت ، ئەو پرسیارە وەک ئەوە وایە لە ڕۆژێکى زۆر گەرمدا ئاوێکى سارد بە جەستەى دابکەیت ، کاتێکیش پێى ئەڵێى ئاخر ئەى ئەو بونەوەرەى ناوت مرۆڤە ، ئەو هەموو کوشت و کوشتارەى بەسەر ئاژەڵى دێنیت چۆن لەگەڵ ویژدان و بەها ئینسانیەکان یەک ئەگرێتەوە ، بیانوێکى نا لۆژیکیت بۆ ئەدۆزێتەوە ، بیانو ؟ مرۆڤ بۆ هەر چەشنە کردارێکى خراپ بیانوێکى ئامادەى هەیە ، گەر لە یەک ساتدا حەوت ملیار مرۆڤ بکوژێت بیانوێکى هەیە بۆ ئەوەى باوەڕ بەخۆى بێنێت ئەو حەوت ملیار مرۆڤە باشتر بوو بمرن نەک بژین ؟ سەدام ، هیتلەر ، مارکیۆنى و تەواوى جەللادەکانى دونیا ، ئەوانەى دەستیان بە خوێنى هەزاران و ملیۆنان کەسى بێ تاوان سور بووە ، کاتێک دادگایى ئەکرێن بیانوێکى ئامادەیان هەیە بۆ خوێنڕشتنەکانیان. گەر مرۆڤ یەک بیانوى هەبێت بۆ چاکە ، ئەوا سەدانى هەیە بۆ خراپە ، گەر بۆ بەرژەوەندیەکانى خەڵکى دوو چاوو و یەک عەقڵ و لوتێکى هەبێت ، بۆ بەرژەوەندیەکانى خۆى هەزاران چاوو و عەقڵ و دەمى هەیە . لاى من مرۆڤ بوون ماناى ئەوەیە تۆ ڕێز لە هەموو زیندەوەرێک بگریت ، نەک تەنیا مرۆڤ ، ڕێزگرتن لە مرۆڤ بە بێ ڕێزگرتن لە ئاژەڵ بێماناترین جۆرى ڕێزە، خۆشویستنى مرۆڤ بە بێ خۆشویستنى تەواوى بونەوەرانى دونیا قەباحەتترین جۆرى خۆشەویستیە ؟ هەر جۆرە ڕێزگرتنێکیش لەسەر ئەساسى بەزەیى بەرهەم هاتبێت بۆخۆى جۆرێکە لە بێ ڕێزى کردن بە ڕێزگرتن ، هیچ شتێک لە دونیادا مایەى بەزەیی نیە ، بەزەیی ئەو وشەیە مرۆڤەکان دایان تاشیوە بۆ ئەوەى نیشانى بدەن ئەوان چەندە میهرەبان و جوانن ، تەواوى بونەوەرانى دونیا بە مرۆڤەوە پێویستیان بە ڕێزە نەک بەزەیى ، بەرخێک ، گوێدرێژێک ، سەگێک ، مێرولەیەک ، مناڵێک ، پێویستیان بە ڕێزە نەک بەزەیی ، هەر کات لەبەر بەزەیى ڕێزمان لەکەسێک گرت ماناى وایە هەم لە ڕێز هەم لە بەزەیی نەگەیشتووین .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت