Jin-Islam-319x210

 دارا خونچە : تیرۆری ئیسلامیی و تیرۆری دەولەتیی .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 

بەرانگژبوونەوەی هەر جۆرە ( تیرۆر و تیرۆرکاریی ) ـەک و لەنێوبردنی هۆیەکانی پەیدابوونیان تا وەیەکجاریی بنەبڕ دەبن کار و تێکۆشانەکی زۆر گرنگ و بایەخداری مرۆییانەیە جا هەر کەس و لایەنەک ئەنجامی دەدەن ، راوەستان لە دژی ئەو کارە تیرۆریستییەی ئەو دواییەی فەرەنساش * کە بەرئەنجامی راستەوخۆی جێێبەجێکردنی ( ئایەتەکانی قورئان و فەرموودەکانی پێغەمبەری ئیسلام ) ـە و لە لایەن سێ کەسی موسڵمانەوە ئەنجام درا .. کار و ئەرکی سەرشانی تێکڕای ئەو مرۆڤە ئازادییخوازانەیە کە ئیدی دینەکان – وە تایبەتییش دینی ئیسلام – ناتوانن لەخشتەیان ببەن .

هەڵبەتە بێجگە لە تیرۆری ئیسلامیی تیرۆری دەولەتییشمان هەیە ، لە راستییدا بەرانگژبوونەوە و دژ راوەستان لە بەرانبەر ئەو تیرۆر و تیرۆرکارییەی دووەم کە فرە فرە گشتگیرتر و گورچکبڕترە و بە شێوەیەکی لەسەرەخۆ و بێ دەنگ و بێ تەقە لە لایەن سیستەمی دەسەڵاتی دەوڵەتانەوە ئەنجام دەدرێ زۆر پێویستترە ، ئەو تیرۆر و تیرۆرکارییە دەولەتییە لە ئەنجامی خراپیی و ستەمکاریی سیستەمی دەسەڵات و چاوچنۆکیی دەسەڵاتداران و خاوەن کۆمپانیایە ئابوورییەکان پەیدا دەبن .. ئەوانەی خوارێ هێندەک نموونەن لەو جۆرە تیرۆرە :

* رۆژانە خەڵکانەکی یەکجار زۆر وە هۆی برسیێتیی و خراپیی و وەسەرچوون و ژەهراوییبوونی خواردن و خواردنەوەکان گیان لەدەست دەدەن .. کەچی کۆمەڵە خەڵکەکی زۆر زۆر کەم لە هەر وڵاتەک و لە تێکڕای جیهان بانکەکانیان پڕ پڕن لە پارە و کۆگایەکانیان پڕ پڕن لە خواردن و خواردنەوەی چاک و کەلوپەلی پێویستی ژیان لێ نایدەن وە خەڵک و درێژە وە برسییبوونیان دەدەن و کەلوپەلە خراپەکانیانیان وەسەردا ساغ دکەنەوە !

* ئێستا زانستی پزیشکیی هێندە پێشکەتییە و داودەرمانی هێندە چاک هەن کە دەتواندرێ زۆر وە ئاسانی قەلاچۆی زۆربەی هەر زۆری نەخوشییەکان بکرێ .. کەچی رۆژانە خەڵکانەکی یەکجار زۆر وە هۆی نەبوون و خراپیی داودەرمان و خەستەخانەکان و دەستڕانەگەیشتن وە وەکاربردنی بەرهەمی زانستە پزیشکییەکان گیان لەدەست دەن و تەنێ خەڵکەکی کەم لە سەرمایەدارن و دەسەڵاتداران سوود لە باشترین چارەسەرە تەندروستییەکان دەبینن !

* زۆر لەمێژە مرۆڤ توانستی ئەوەی هەیە بڕواتە نێو بۆشایی ئاسمان و سەر مانگیش تەنانەت لە کۆششی ئەوە دایە بگاتە سەر ئەستێرەکانیش .. کەچی رۆژانە لەسەر زەوەی خەڵکانەکی یەکجار زۆر وە رووداوی فڕۆکە و کەشتی و ترومبێل و هۆکارەکانی دیکەی گواستنەوە گیان لەدەست دەدەن یان کەلوکرۆم دەبن .. ئەوەش هەر دەسەڵاتداران لێیان بەرپرسن چونکە زۆربەی هەرە زۆری ئەو کارەساتانە لە ئەنجامی خراپیی رێوبان و سیستەمی هاتوچۆ و گەندەڵکارییەکانی نێوی روودەدەن !

* رۆژانە وە هۆی گرنگیینەدان وە ئاسایشی ژیانی کرێکاران و فەرمانبەران لە ( وەکاربردنی ئامێر و کەلوپەلی خراپ و مادەی زیانبەخش و سەختیی کار و خراپیی باری کار و هەبوونی مەترسیی لەسەر کارەکانیان ) خەڵکانەکی یەکجار زۆر لە کرێکاران و فەرمانبەران گیانیان لەدەست دەدەن ئەوانەش هەمووی لە پێناو ئەوەی تا خاوەن کارەکان سەرمایەیەکی کەمتر لە پڕۆژەکانیان خەرج بکەن و زۆرترین قازانج وەدەست بخەن !

* لەبارچوونی منداڵان و گرنگیی نەدان وە ژیانی تایبەتییان .. نەخۆشکەتنی ژنان لە کاتی باردارییان وە هۆی کار و ماندییبوون و نەسانەوە و نەبوونی پێداویستییە مادیی و تەندروستییەکان و نەبوونی کەش و بارودۆخەکی لەبار و ئارام لە رووی دەروونییەوە .. رۆژانە ژنان و منداڵانەکی یەکجار زۆر رووبەڕووی مەرگ دەکەنەوە !

* دەکرێ لە رێی وەکاربردنی دەستکەوتە زانستییەکان و خەرجکردنی توانستە مادییەکان رێ لە زۆربەی هەرە زۆری کارەساتە سروشتییەکان کە لە( ئاو و ئاور و با ) پەیدا دەبن بگیردرێ و ژیانی مرۆڤەکان لە مەترسیی هێرشی ئاژەڵە دڕندەکان و زیندەوەرە زیانبەخشەکان دوور بخرێتەوە .. کەچی دەسەڵاتداران دەربەستیان نین و زۆر جار خودی خۆیان هەلی روودانی ئەو کارەسات و مەترسییانە دەڕەخسێنن و ڤایرۆس و میکرۆبی نەخۆشییەکان بڵاودەکەنەوە .. ئیدی رۆژانە خەڵکانەکی یەکجار زۆر بەو هۆیانەوە گیان لەدەست دەدەن !

* ئیدی و … ئیدی و … هتد !

لێ دەسەڵاتداران وە تایبەتییش حیزبەکان و دامودەزگە سیخوڕییەکانیان هەرگیز دەستبەرداری ئەو جۆرە تیرۆرە بێ دەنگە نابن چونکە مان و ژیانیان لەسەر ئەوە بەندە ، هەمیشە لە کۆششی ئەوە دان خەڵک لەخشتە ببەن و خۆیان وەها پیشان بدەن کە دەیانەوێ تیرۆری ئیسلامیی لەنێو ببەن و زۆر جاریش وە شێوەیەکی زۆر تاکتیکبازانە شەڕیشیان دەکەن ! ئاخەر لە کن هەر کەسەکی هۆشیار ئاشکرایە کە هیچ رێکخراوەیەکی تیرۆریستی ئیسلامیی نییە لەو جیهانە لە سەرەتای دروستبوون و وەهێزبوونیدا دەستی ئەوان وە تایبەتییش دەسەڵاتدارە دڕەندەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی تێدا نەبی ، لێ هێندەک جار کە هاوکارییەکانیان لەسەر دەبڕن و شەڕیان دەکەن ئەوە تەنێ لە پێناو ئەوەیە کە ئازادییخوازان و یەکسانییخوازان لە شەڕەکە وەربدەن تا نەتوانن بپەڕژێنە سەر ئەوەی بەرانبەر تیرۆری دەولەتیی کە لەسەرێ ئاماژەمان پێی دا رابوەستن و هەر خەریکی بەرانگژبوونەوەی ئیسلام و کارە تیرۆریستیەکانی بن .. ئیدی ئەوانیش هەمیشە جلەوی بەڕێوەبردنی ژیان هەر لە دەست خۆیاندا بی و وە ئارەزووی خۆیان خەڵک بچەوسێننەوە .

دیارە وەکاردبردنی ئیسلام وە پلەی یەکەم لەو جۆرە تیرۆرە ئەوە نییە کە وڵاتە زلهێزەکانی رۆژاوا دینی دیکەیان هەیە و دژی ئیسلامن.. چونکە دینەکان لە کن ئەوان هیچ جوایەزییەکیان نییە و کاربەدەستە گەورەکانیان هیچیان بڕوایان وە دین نییە و گرنگ ئەوەیە بتوانن دین وەرکار ببەن جا هەر دینەک بی .. بەڵکە ئەوە توندڕەویی ئیسلام و خودی دەقە نووسرایەکانی ئیسلامن کە لە دەقەکانی هەر دینەکی دیکە لەبارتر و ئاسانترن لەو بارەوە وەرکارببردرێن و وەک ڤایرۆس بەربدرێنە گیانی گەلان ، لەو نێوەشدا ئەو گەلانەی ولاتەکانیان سەربەخۆیی نیشتیمانیی و نەتەوەییان لاواز و شلۆقە یان وەک کوردان کە هیچ سەربەخۆییەکیان نییە دەبنە باشترین پێخۆری ئەو تیرۆرە ئیسلامییە .. وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین کە ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی داعش ( دەوڵەتی ئیسلامیی لە عێراق و شام ) وەکار دەبەن و وە درێژایی سنووری رۆژوا و باشووری کوردستان هەر لە عفرین و کۆبانێوە تا دەگاتە خانەقین و مەندەلی .. یەک شەڕی زۆر دڕندانەیان هەڵگیرساندییە و موسڵمانە رەسەنەکان رێک وەک ئیسلامەکەی محەمەد و خەلیفەکانی پێش چاردە سەدە کوردان و باوەڕدارانی دینەکانی دیکە کوشتوبڕ دەکەن !

* تیرۆرکردنی هەر کەسەک هەر تیرۆرە و پێویستە هەموومان دژی بینب ، لێ دەسەڵاتە وە ناو دیموکراسییەکەی فەرەنسای لانکەی شارستانیەت کە لەو رۆژانە کۆمەڵە هاوڵاتییەکی خۆیان لە پاریس تیرۆر کران لە ماوەیەکی زۆر کەم بکوژەکانیان ئاشکرا کردن و لەنێویان بردن، کەچی ئەوە دوو ساڵە سێ سیاسەتمەداری کوردی باکوور ( ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا سۆیلەمەز ) لە پاریس تیرۆر کرانە .. هێشتا دۆسیەکەیان هەر بای لێدەدا و پیلانی پشت تیرۆرکردنەکەیان ئاشکرا نەکرایە !!! بێ گومان ئەوە تەنێ خولیای رەگەزپەرستیی و ملهوڕیی دەسەڵاتدارانی فەرەنسا پیشان دەدا ، ئیدی پێویستە کوردان چیدی وە هومێدی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان دەسەڵاتدارنی وڵاتان و وە ناو سەرکردەکانی کورد نەبن و ماف و ئازادییەکانیان تەنێ لە رێی خەباتی خۆیان و پشبەستن وە خەڵکانی ئازادییخوازیی وڵاتان – نەک دەسەڵاتدارەکانیان – وەدەست دێن .