drbarham_nawsherwan

دکتۆر فایق گۆلپی : گۆڕان لە ناو تەڵەی پارتی و یەکێتیدا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای هەلبژاردنی ٢١-٩-٢٠١٣پەرلەمانی کوردستان ، رای زۆرینەی خەلکی کوردستان و رای هەندێک لە ئەندام و لایەنگرانی بزوتنەوەی گۆران وابو کە کاتی ئەوە نیە بزوتنەوەی گۆران بەشداری کابینەی هەشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات ، لەبەر ئەوەی سیستەمی حوکمرانی هەرێم هیچ گۆڕانکاریەکی بەسەردا نەهاتوە و هەر هێزێکی سیاسی بە گوێرەی ئەو سیستەمە حزبیە بنەمالەییە بەشداری حوکرانی بکات چاکسازی و گۆرانکاری پێناکرێت دەبیتە بەشێک لەو سیاستەمە .

لە بەرامبەر ئەو بۆچونە لۆژیکیەی خەلکی نارازی و هەندێک لە گۆرانخوازاندا ، سەرکردایەتی گۆڕان دەیوت بۆماندەرکەوت لە درەوەی دەسەلات گۆرانکاری و چاکسازی ئەم سیستەمە ئەستەمە ، دەبێت بچینە ناو دەسەلات و لەوێوە گۆرناکاری بکەین ، لە وەلامی ئەو بۆچونەی سەرکردایەتی گۆراندا ، خەلکی نارازی دەیوت کاتێک ئێوە دەچنە ناو دەسەلات لە پەرلەمان و لە حکومەت دەبنە کەمینە ، کەمینە چاکسازی پێناکرێت ، بەلام لە کۆتاییدا بزوتنەوەی گۆران گوێی لە دەنگی خەلکی نارازی کوردستان نەگرت و بەشداری حوکمرانی هەرێم وعراقی کرد .
هەندێک لە چاودێرانی سیاسی وای بۆ دەچون سووربونی پارتی و یەکێتی لەسەر بەشداریکردنی گۆڕان لە حوکمرانی هەرێمی کوردستاندا ، پیلانگێریەکیشە دژی گۆڕان ، ئەو دو حزبە هەلوێستی ساڵانی رابوردوی گۆڕان و هاوپەیمانەکانی لە بیر نەچۆتەوە کە لە راگەیاندن و لە شەقام و لە پەرلەمان چیان بەسەر پارتی و یەکێتیدا هێنا ، بۆیە بە گوێرەی کلتوری سیاسی هەرێم کە سەرەکیترین کلتوری سیاسی ، سیاسەتی پیلانگێریە ( موئامەرەیە) دژی دۆستەکان ، بە لای پارتی یەکیتیەوە ئاسایی بو گۆران راکێشنە ناو دەسەلات و دواتر چیان بوێت و چیان نەوێت بە گۆڕانی بکەن و تۆلەی بەر و کۆتای لێبکەنەوە .
یاساکانی پەرلەمان و قولکردنەوەی کیشەکانی هەرێم
لەو کاتەوە پەرلەمانی کوردستان کەوتۆتە دەستی گۆڕان ، یاسەیەک دەرنەکراوە بنەما بێت بۆ چاکسازی و بۆ گۆرینی سیستەمی حزبایەتی لە هەرێمدا ، بە پێچەوانەوە یاسای بوجەی حزبەکان مافی ئابوری بۆ ٥ پینج حزبی بەشداربوی دەسەلات مسۆگەر کردوە وچالاکی سیاسی حزبەکانی تری سنوردار کردوە . یاسای کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەلبژاردنەکانی هەرێم هەر بە تەواوی بو بە یاسای حزب و هەلبژاردنی لە جاران زیاتر حزباوی کرد .
پوکانەوەی وەزارەتی پێشمەرگە
لەو کاتەوە وەزارەتی پێشمەرگە کەوتۆتە دەست بزوتنەوەی گۆڕان ، نەک هەر هێزی پێشمەرگە یەکینەگرتۆتەوە و نەبۆتە هێزێکی نیشتمانی وەک گۆڕان دەیخواست ، بەلکو دیاردەی حزبایەتی لە ناو وەزارەتی پێشمەرگەدا زۆر فراوان بووە ، ئەوەی کە ناوی نەبێت وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانە و دامو دەزگاکانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزیری پێشمەرگەیە ، ئەوەشی کە ناوی دیار بێت و سەرپەرشتی بەرەی شەر بکات ، مەکتەب سیاسی پارتی و یەکێتی و هێزەکانی ئەو دو حزبەیە لە میحوەرەکانی بەرەی شەردا و دابرانی زیاتری حزبیانەی هێزی پیشمەرگەیە .
وەزارەتی دارایی و قەیرانی ئابوری هەرێم
لەو کاتەوە گۆڕان پۆستی وەزارەتی دارایی وەرگرتوە ، هەرێمی کوردستان قەیرانی ئابوری وای بە خۆوە نەدیوە ، لە دوای راپەرینەوە تا ئەمرۆ قەت نەبوە بەسەر یەکەوە کارمەندانی هەرێم موچەی دوو مانگ وەرنەگرن ، بانقەکان هەرێم خالی ببنەوە لە پارە ، وەزارەتی دارایی هێندە پارە قەرزار بێت ، جالاکی ئابوری و بەرهەمهێنان بەو رادەیە سست ببێت و سەدان کۆپانیای وەبەرهێنان ئیفلاس بکەن .
مانگرتنی فەرمانبەران و هەلوێستی گۆڕان
لە هەفتەی رابوردودا بەرامبەر بە دواکەوتنی موچەی مانگی ١١،١٢ سالی ٢٠١٤ کارمەندانی شاری سلێمانی و شارەکانی تر نارەزاییان نیشاندا و مانیان گرت ، بەرامبەر بە نارەزایی خەلکی کوردستان ، پەرلەمانتارانی لیستی گۆران ، کەوتنە تۆمەت بەخشینەوە بەسەر خەلکادا و خەلکیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بە فیتی یەکێتی و ئێران خۆپیشاندانیان دژی وەزارەتی دارایی گۆران کردوە ، باشە ئەم تۆمەتەی گۆران چی لەو تۆمەتەی دەسەلات کەمترە کە بۆ خۆپیشاندانی ١٧ شوبات و رۆژانی دوایی دەبەخشیەوە ، کە دەیوت گۆران و ئیسلامیەکان و ولاتانی دەوروبەر لە پشتی خۆپیشاندانی ١٧ شوباتەوەن .
تەڵەی پارتی و یەکێتی و لنگەفرتێی گۆڕان
چاودیرانی سیاسی پێیانوایە بەشداریپێکردنی گۆران لە حوکرانی هەرێمدا ، وە پێدانی پۆستی دوو وەزارەتی هەستیاری وەک دارایی و پێشمەرگە بە گۆڕان ، وە بەو شێوەیە شکستپێهێنانی ئەو دو وەزارەتە ، پیلانی ( موئامەرەی ) پارتی و یەکیتی بوە بۆ ئەوەی ئەو خەلکە نارازیەی کوردستان کە گۆران لە سالانی رابوردودا سودی لە نارەزاییەکنی وەرگرت و دژی دەسەلاتی پارتی و یەکێتی بەکریهێنا ، ئەمجارە پارتی و یەکێتی سود لە نارەزایی خەلک وەربگرن و دژی گۆڕان بەکاریبێن .
ئەگەر بە وردی شوینی دروستبونی کێشەی موچەی مانگی ١١ و ١٢ و مانگرتنی فەرمانبەران بکەوین ، ئەو راستیەمان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن پارتی و یەکێتی مانگرتنی ئەم هەفتەیەی موچەخۆرانیان دژی گۆران دروستکرد . هەمو دەزانین ئەو برە پارەیەی کە دەکەوێتە دەست وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ پێدانی موچە دو سەرچاوەی هەیە ، وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی حکومەتی عراقن کە هەردوکیان بە دەستی پارتیەوەیە ، ئەگەر ئەو دو سەرچاوەیە پارە بۆ وەزارەتی دارایی نەنێرن ، وەزارەتی دارایی هەرێم بەچی موچەی فەرمانبەران بدات ؟،لای هەمومان ئاشکرایە کە ئەو دو وەزارەتە ئەرکی خۆیان جێبەجینەکردوە بۆ ئەوەی وەزارەتەکەی گۆران دوجاری کێشە بکەن .
رۆژی ٨-١ بە بێهۆکار سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێم و بەرپرسی پارتی ، لێداونێکی دا کە لە توانای حکومەتی هەرێمدا نیە لەم کاتەدا موچەی مانگی ١١و ١٢ سالی ٢٠١٤ فەرمانبەران بدات ، ئەم لێدوانەی دزەیی تورەیی خەلکی لێکەوتەوە ، تۆرەکانی فەیسبوک حکومەتی هەرێم و وەزارەتی داراییان رەخنە باران کرد و موجەخۆرانیش دەستیان بە مانگرتن کرد.نارەزاییەکی زۆر و خۆپیشاندان بەرامبەر بە گۆران و وەزارەتی دارایی دروستبوو .
بەشی دوەمی سیناریۆکە یەکێتی ئەنجامیدا ، لە راگەیاندنەکانی یەکێتیدا باسی کیشەی موچە بلاوکرایەوە ، پەرلەمانتارەکانی یەکێتی چونە پال خەلکی نارازی و پشتیوانی خەلکیان کرد بۆ نارەزایی دەربرین ، ئەو رێکخروا و سەندیکایانەی سەر بە یەکێتی بون یان نزیک بون لە یەکێتیەوە بەشداری مانگرتنیان کرد .
بزوتنەوەی گۆران بە مەبەست بێت یان بە نەزانی ، تەنها بەشی دوەمی سیناریۆکەی بینی و تەنها باسی لە رۆلی یەکێتی کرد لە دروستکردنی نارەزایی و خۆپیشاندا ، لە هەموی خراپتر حسابی بۆ نارەزایی خەلکانی بیلایەنی نارازی نەکرد و هەمو کەسی خستە ناو ریزی یەکیتی و وەک ئەندام و لایەنگری یەکێتی سەیریکردن . خراپتر لەوەش پەرلەمانتارانی گۆران هاتنە سەر خەت و وەک کارەکتەرێکی حزبی داکۆکیان لە وەزیری دارایی کرد و پشتی خەلکی نارازییان بەردا و بیریان چویەوە کە ئەوان بە دەنگی خەلک ئەو کورسیەیان بە دەستهێناوە .
بەشی سێهەمی سیناریۆکە هەلویستی جێگری سەرۆک و سەرۆکی حکومەتی هەریم ( یەکیتی و پارتی) بوو، ئەم دو بەریزە تەنها نوینەری پارتی و یەکێتی نین لە حکومەتدا ، نوێنەری دو بنەمالە حوکمرانەکەی هەرێمی کوردستانیشن،هاتن و فریای گۆڕان کەوتن و خەلکی تورەیان سارد کردوە ، جیگری سەرۆکی هەرێم رەخنەی لە ئەندام پەرلەمانەکانی یەکێتی گرت کە دژی وەزارەتی دارایی قسەیان کردوە و پشتیوانی مانگرانیان کردوە و پشتیوانی خۆی بۆ وەزارەتی دارایی دوبارە کردەوە ، سەرۆکی حکومەت پارەی بۆ وەزارەتی دارایی نارد و لە لیدوانێکدا پشتیوانی خۆی بۆ وەزارەتی دارایی و بۆ هەولە جاکسازایەکانی وەزیری دارایی دوبارە کردوە .
ئەگەر بە وردی سەیری دیمەنەکە بکەین بۆماندەردەکەوێت :
١ – پارتی و یەکێتی دەتوانن بە ئارەزوی خۆیان و بە گویرەی بەرژەوەندی خۆیان ، گۆڕان بەکاربێنن و خەلکی لێهاندبدەن و لەبەرجاوی خەلکی بخەن ، دواتر بە لاوازی گۆڕان ببینن و لە کاتی لاوازیدا گۆڕانە لاوازەکە لە نارەزایی خەلکی کوردستان بپارێزن پێی بڵێن لە کاتی تەنگانەدا فریات کەوتین .
٢ – ئەو بەرپرسانەی پارتی و یەکیتی کە داکۆکیان لە گۆڕان کرد ، نەک هەر بەرپرسی حزبین بەلکو نوێنەری بنەمالە حوکرانەکانی هەرێمن ، بەوشیوەیە دەبینین بنەمالە حوکمرانەکانی هەرێم دەبنە پاریزەری ئەو لایەنەی کە دەیویست حوکمی بنەمالگەرێتی لە هەرێمی کوردستاندا کۆتایی پیبێنیت ، دەبیت گۆرانیش لە بەرامبەردا پشتیوانی حوکمی بنەمالەگەری هەرێم بکات و داوای بەرقەراربون و گەشەپێدانی سیستەمی حوکرانی بنەمالەیی هەرێمی کوردستان بکات .
٣ – لەو ماوەیەدا کە خەلک دژی سیاسەتی وەزارەتی دارایی گۆران نارەزایی نیشاندا و مانیگرت،هەر هەمو پێکهاتەکانی گۆران ، حزب ، پەرلەمان ، راگەیاندن ، بە هزریکی دیمۆکراسی لە کێشەکە نزیک نەبونەوە ، بەرگەی رەخنەی خەلکیان نەگرت و هەڵچون و چەندان تۆمەتیان خستە پال خەلکی نارازی . هەر باشبو وەک جاران کە لە ناو یەکیتیدا بون ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ و پارێزگایان بەدەستەوە نەبو ، ئەگینا لە کاتی پەلەقاژێی ناو تەلەکەی پارتی و یەکێتیدا گۆران وەک باڵە توندرەوەکەی جارانی یەکیتی بەردەبوە گیانی مانگرتوان .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت