yari

  پەشێو حەمەد ئەمین : کێمان کۆیلەین .؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شەریعەتی دەڵێ : ( فریودانی مرۆڤێك زۆر ئاسانترە لەوەی کە تێی بگەیەنی لەوەی فریودراوە ) ، لێرەوە کۆمەڵگایەکی مەڕ ئاسا دەست پێ دەکات و شەرعیەتی بونی هەر تاکێكیش دەکەوێتە ژێر پرسی گاڵتە پێ کردنەوە ، بە دەستی شوانێك کە ئەجندای گورگەکان بە سەر کۆمەڵدا دەسەپێنێت .

ئاستەمە تۆ بە کەسێك بڵێی کۆیلە ، لە کاتێکدا ئەو خۆی لە تۆ ئازادتر ببینێت ، کاتێك ستایلی کۆمەڵگایەك لە سەر ئەم شێوازە بارگاوی کرابێت و ئاوازەکانی ژیان کردن لە سەر ئەم ڕیتمە بڕۆن ، ئەوکات نە قسەی نوسەرەکان بایەخی دەبێت و نە هەوێنی پارتێکی دیوکرات خوازیش لە کانیاوی ئازادیدی سەرچاوە دەگرێت .

لە کۆندا کۆیلە بون بە زۆر لێ کردن دەسەپێنرا بە سەر مرۆڤەکاندا ، بەڵام لە ئیستادا مرۆڤەکان بۆخۆیان دەچنە ژێر باری ئەو سوکایەتی پێکردنە .

لێرەدا من باس لە واقیعێك دەکە م کە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەرجەستەیە ودەمەوێ پەی بەجۆرێتی شێوازی کۆیلە بونەکان بەرم ولە نێو هەموشیاندا جەخت لە کۆیلەی نێو پەرستگای حیزبەکان دەکەم . بە تایبەت پەرستگا کۆنەکان .

نامەوێ ئەو زوڵمە لە هەر تاکێك بکەم وئەو مافەی پێ ڕەوا نەبینم کە نابێت خاوەنی هیچ ئایدۆلۆجیایەك بێت و سەر بەهیچ مەدرەسەیەكیش نەبێت ، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین بە ناوی ئایدۆلۆژیاو ئازادی فرەحیزبیەوە زۆرێك هەن ئازادیە تاکیەکانیان قەتیس دەکەن وپەیکەرێك لە کۆیلە بوون بۆ خۆیان دا ئەتاشن . ئەوە دروستە کە مرۆڤ هەر جۆرێك لە بەشەریەت لە هونەر لە حیزب لە ئاین و … هتد . خۆشبوێت ، بەڵام با بپرسین چۆن خۆشویستنێك ؟

کەسانێك هەن بە ئەندازەیەك کۆیلەن وبۆ ئامانجێك دەژین کە تا دونیا ماوە خزمەت بکەن لە پێناو ئەوەی ڕۆژێك ئاغاکانیان وێنەیەکیان لە گەڵدا بگرێت ودەستێك بە سەریانا بێنێت ، بۆ ئەوەی بارگاویان بکاتەوە ، ئەمانە خراپترین جۆری کۆیلەن .

کۆمەڵێکی تر هەن وەك ساختە چی مشەخۆری ماڵی ئاغان وبۆ پەیدا کردنی لەتێك لە نانی ڕیسوایی ئامادەیی ئەوەیان تیا هەیە هەموو ئەو ڕێزەی خودا لە گەورەیی مرۆڤی ناوە یەکسانی بکەن بە وەی پێیان باشترە بچوك و بێ کەسایەتی بن ، نەك گەورە وپڕ فەخر بن .

دەستەیەکی تری بێ مۆڕاڵ هەن حیزب وەك بابەغا ڕایهێناون ، کە چی بڵێن ئەوە بڵێنەوە . بەو پەڕی قەناعەتەوە ماستیان لاڕەشەو ئاگریش سارد . لەنێو ئەم دەستەو تاقم و گروپانەدا هەن ، خاڵی لە دزی کردن ، بێ ئامانج لە نێو حیزبدا ، برسی بە ئەندازەی سواڵکەری سەر شۆستەکان ، کەچی پەرستنی ئاغا لە ڕۆحانا گەورە بوەو تا هەتایە هەر وا دەژین .

جگە لەمانەش دەستەیەکی تر هەن لە فەلسەفەی سیاسیدا وەك مافیا وێنا کراون وکاریان بە تەنها تیرۆر کردن ولێدان لە کەسایەتی مرۆڤە ئازادەکان وڕوتکردنەوەی خەڵکی سڤیلە ، کە لە نێو حزبدا وەك قارەمان و ڕێکخراوێکی دژە تیرۆر یا پاراستنی کۆڵگا ناوزەند کراون وبە کوردی گێل کراون .

کاتێك ئەم دەستانە شاهیدی بۆ حیزبێك بدەن وهەوڵ بۆ مانەوەی بدەن ، دەبێ لێرەدا دیمۆکراسیەت چ تاوانێکی لێ بکرێت ؟ دەبێ دنیا بینی وئازادی ئەندامەکانی ئەم حیزبە ، لە کام پلەی ڕەهاییدا وێنا بکرێ ؟ دەبێ شکۆو مەزنی حیزبێك کە لەم ئاستەدا بێت ، چی بێ وچۆن پێناس دەکرێت ؟

لێرەدا با من وتۆ بڕیار بدەین . کێمان لە نێو شانۆی ئەم جۆرە لە حیزب کارەکتەرین ؟ وابەستە بوونی من و تۆ بە حیزبەکانمانەوە لە پێناو چیدایەولە سەر چ ئەساسێکەو بۆ چ ئامانجێکە ؟ تۆیەك کە مەبدەئی پارەو تموحی سەیارەو وەرگرتنی ئیمتیازو گەندەڵی لە کەلەی داوی ، ئەسەف بخۆ ئیتر تۆ ناتوانی بێ نانی ڕیسوایی ژیان بکەیت وسادە بژیت ، چونکە سادە بوون شەڕەفە بەر هەموو کەسێك ناکەوێت .

بەڵام ئەسەف دەخۆم لەوانەیە هێشتا پێت وابێت ئەوە منم بەو جۆرەم ، نەك خۆت ..! منێك تا ئەم تەمەنە تەحەدای هەرچی مرۆڤە دەیکەم تەنهاخاڵێکی لەسەرم هەبێت ، ئیتر ناحەقت ناگرم بەو جۆرە بمبینی چونکە حیزب وایلێکردووی نەك هەر نابیستی بەڵکو کوێریش کراوی … ئیتر بە داخەوە هاوڕێ ،،، چونکە تۆ هیچ نابینی باخەڵکی بڕیار بدەن کە کێمان کۆیلەین . ؟ .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت