کونجرینی : بارزانیش بووە زەحییە ، لەپاش دەستخۆشییەکەی سەرۆکی فەرنسا بۆ پەکەکە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەکرێت گریمانە نەبێت شەڕی ناوخۆی کوردستان بەشێک بێت لە سینارۆ جیهانییەکە ، حکومەتە داگیرکەرەکانی کوردستان ، هەرهەموویان بوون و دەسەڵاتیان لەسەر هەرێم هەبوو ، هەرهەمووشیان ئەوەیان دەزانی کورد لەهەرشوێنێک نەمامێکی بەربگرێت ، بەرەکەی روحیانەتی بەشەکانی تریش زیندوڕادەگرێت . کەچی گەمەکارێکی سیاسی و ئیداری و مانی هەرێم بوون و لەولاشەوە میلەتەکەیان برسی دەکرد تا کۆیلەیەکی باشی بن بۆ دەسەڵاتی کوردیی .

20 ی مانگی دوانزەی دوو هەزار و چواردە ، گۆڕانکارییەکی تر لە سیاسەت هاتە ئاراوە لە کوردستان . ڕۆژی هێرشبردن بۆسەر شەنگال ، لەهاوکێشەی پیلانی نێوان حکومەتی هەرێم و بەغداد و هاوپەیمانەکانی دژی داعش بوونی نەبوو . ئەوان وا ڕێککەوتبوون ، کە لە 22 ی هەمان مانگ و ساڵدا بەپێی پیلانێکی چڕ و پڕ هێرش بکەنە سەر تەلەعفەرو بیگرن و ئەو شوێنەیان بە چاوگی کۆتایی هێنانی داعش لە نەینەوا دەزانی . کەچی پەکەکە دوو ڕۆژ پێشتر هێرشی کردە سەر شەنگال بۆ ئازاد کردنی ، ئیتر ڕاگەیاندنەکانی پارتی پەلاماریی پەکەکەیان داو ، بەهێزێكی تێکدەر ناوزەندیان کردن .  

تا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە داعش لەزۆربەی ئەو شارەدا بوونی نەبوو ، زۆربەی شەنگال لەدەستی پەکەکەو کەمێک هێزی مەڵبەندنی نەینەوای یەکێتی دا بوو ، هێزەکانی زێریڤان و پێشمەرگە لەبەیانییەکی درەنگ جوڵان و توانیان پێشڕەوییەکی باش بکەن ، بەڵام پێشڕەوییەکە بەسەر بەزین و دۆراندنی داعش بەدەستی هێزی یەکەم ، کە لەشەوەوە ئەنجامیان دابوو دەستی پێکرد .

هێزەکانی ئەمریکا بەپێی هێرشەکانی پەکەکە ، بۆردومانی بەرەکانی شەڕی دەکرد . ئەم بۆردوومانە ، دیارە بەپێی ڕێکەوتنێکی مەیدانی و ، بەپێی پیلانێکی وردو بەئاگا ئەنجام دراوە . ئەمە لەوە دەچێت هەمان گەمە بێت ئەمریکا کەلە 31 ئابدا ئەنجامی دا ، خۆی لەئاسمان بوو لەژێرەوە سەدام هێزەکانی جوڵاندو بڵانسی هێز بەلای پارتیدا شکاو ، پاشان بەڕۆکێت بەسڕەی کوتی .

قسەکانی هۆڵاند هێندە بەسە ، کە وای وت لەڕۆژی 16 -1-2015 دا : ئەوانەی لە کۆبانی دەجەنگن شایستەی پاداش و ڕێزن ، فەرەنسا پشتیوانیان دەکات و پێویستە هاوکاری سەربازیی باش بکرێن .

لەسیاسەتدا بەرژوەندیی پێش هەموو شتێکە ، بەرژەوەندییەکانی دوێنێ وای دەخواست پارتی چۆنی بویستایەو چۆنی بۆی بلوایە دەبوو ببێت ، ئەم ویستنە بەپێی بەرنامەیەک بوو ، دەوڵەتانی دەوروبەر ، چاوگی گەیاندن و لەوێشەوە بۆ ئەو زلهێزە جیهانیانەی گەمەکاری سەرەکین بوون لەناوچەکە . هەندێک بۆچوونی هەڵە هەبوون لەلای زۆربەی سیاسیە کوردییەکان ، کە دەیان ووت :  ماڵی بارزانی تەنها خوا دەتوانێت پێی بوێرێت ، یان دەیان ووت : ئەوان لەپێناو سەپاندنی بوونی خۆیان ، کورد بەپچوکترین خاڵی بەرژەوەندیەکانیان دەزانن  . زۆرجار زەمەن و کات سەرقاپی کۆمەڵێک سیاسەتی شارەوە هەڵدەدەنەوە ، هیچ بیرمەندێک نەیتوانیووە بەلایدا بچێت …  ئەوە دەرکەوت ، ماڵباتی بارزانی زەحیەی هەموو گەمە سیاسیە جیهانییەکانن و دەرکەوتەی ئەو هەموو هەڵسوڕاندنانەن ، بەس خۆیان تێی ناگەن و دابەستەی سیاسەتێکی هاوشێوەی گسکەکەی هەباسن ، ڕۆژێک دایان دەبستن و ڕۆژێک پێشانی گورگیان دەدەن ..

 ساڵی 1974 تا ساڵی 2014 سەرەتاو کۆتایی هەمان سینارۆیە ، دەرگاکان لەسەر کردنەوەو داخستن مەوداکانیان یەک ساڵە و کۆتاییەکەی جێهێشتنی هەموو ڕابردووە بەبێ ئەنجام .

لە قسەکانی هۆڵاندەوە دەچین بۆ وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەوەڵامی تیڤییە لۆکاڵەکەی ماڵباتی بارزانی و وای وت : بۆ وەڵامی گلەییەکەی بارزانی و وەڵامی پرسیارەکەی تۆ : سەرۆک وەزیرانی عێراق سەرۆکی وەزیرانی هەموو عێراقە .. ئەمە چ واتایەک دەبەخشێت و چ ئەستۆیەکی سیاسی دەسێنیت لەبارزانی ..  پێشتر بارزانی و سەری ڕەش ببووە یەکەم دەستپێکی هەموو هەواڵەکانی جیهان و کوردستان لەپاش شەنگال ، ئەو ڕۆژانە دبلۆماسییەتی جیهان لەسەر سکەی ماڵباتی بارزانی شەمەندەفەریان دەرۆیشت . کەچی 22 – 1 – 2015  کۆنگرەی لەندەن ، بەبێ بارزانی ئەنجام درا ، کورد هیچ نوێنەرێکی لەو کۆنگرەدا نەبوو ، لەکاتێکدا کورد بەشێکە لە هاوپەیمانی دژی داعش ..

لە ساڵی 1947 لەپاش کۆتایی هێنانی جەنگی جیهانی دووەم و دابەشکردنی ئەوروپا بۆ بلۆکی وێست و ئۆست ، جەنەراڵ ماڕشاڵ ی وەزیری بەرگری و دەرەوەی ئەمریکا ، لەبەلجیکا لەبەرامبەر نوێنەرەکانی یەکێتی ئەوروپای ئەوسا وای وت : ئێمە قسەدەکەین و ئێوە گوێ بگرن  . واتە ئەمریکا قسە دەکات و ئێوە گوێ بگرن . ئەم سیستەمە لەئەوروپایەکی هێندە بەهێز و خاوەن تەکنەلۆژیاو ئابوریەکی بەهێز ، تا ئێستا ئەمریکا قسەدەکات و ئەوان گوێ دەگرن .

 لەڕۆژهەڵاتی ناوەندا بەو وڵاتانەی دەوردەگێرن لە سیاسەتی ناوچەکەو بە هەژمار خاوەن سیادەن ، دەکرێت ئەوروپاییەکان گوێبگرن و ئێوە بڕیار بدەن . لەکاتێکدا کۆتایی قسەکردنی ئەمریکا و گوێگرتنی ئەوروپاییەکان هاوتایە بە بەردەوامی و کۆتایی یەکێتی ئەوروپا .

تورکیا لەدوای دامەزراندنی یەکێتی ئەوروپا ، سنگ دەکوتێت بۆ ئەوەی گوێ بگرێت ، بەڵام ئەو گوێگرتنەی پێ رەوانابینن ، سیادەی ولاتەکەی خستۆتە بەردەم ئەمریکا بۆ ئەوەی لە ڕیزی گوێگرەکانی ئەوروپا جێگای بکاتەوە ، هێشتا خەون بە بەڵێی گوێگرەکانەوە دەبینێت بڵێن بەڵی  .

زۆر دەبیستین ، قسەی زۆر دەکرێت لەسەر سیادەی وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵات ، لەولاوە ئەوروپاییەکان ، هیچ ئەفسەرێکیان لە ئەستێرەی سێ بەرەوژوور لەدەسەڵاتی خۆیاندا نییە پلەیان بەرزبکەنەوە ، تەنها پەنتاگۆن نەبێت . یەکێک لە وڵاتە پچوکەکانی ئەوروپا سویسرایە ، پێوانەی خاکەکەی هێندەی پارێزگای سلێمانی و هەولێر نابێت ، بەلام توانا سەربازییەکانی هێندەیە دەتوانێت لەماوەیەکی کەمدا وڵاتێک وەک تورکیا لەسەر نەخشە بسڕێتەوە . دەکرێت گومانمان نەبێت لەوەی سیادەی ئەو هەموو وڵاتانەی ڕۆژهەڵات ، وەک مەیدانی تۆپ تۆپێنی بڕیارەکانی ئەمریکا نەبن .

 * کاتێک خومەینی لەفڕۆکە فەڕەنسییەکەدا بوو بۆ ئێران دەگەڕایەوە ، لەنێو فڕۆکەکەدا ڕۆژنامە نوسێک لێی دەپرسێت ، قوربان بۆ کوێ و بەرنامەت چییە ؟ لەوەڵامدا دەڵێت : هیچ نازانم  .

 * لەساڵی 1981 دا بەقسەی شۆفێرەکەی ڕەفسنجانی ، دوواتر هەڵهات لەئێران :  ڕۆژی تەقینەوەکەی ئەنجومەنی شورای ئێران ، کاتێک ئۆتۆمبیلەکەی نزیک دەبێتەوە لەبینای پەڕلەمان بۆماوەی کیلۆمەترێک ، ڕەفسنجانی داوا لە شۆفێرەکەی دەکات تا ڕابووەستێت و ، دەڵێت :  من وەستام وئەویش یەکسەر هاتە خوارەوە و دەستی گرت بەسکییەوەو ، من ویستم شان بخەمە ژێر باڵییەوەو نەیهێشت و توڕە بوو وتی : بۆ دادەبەزیت ، بڕۆ ناو سەیارەکە . من چوومەوە ناو ئۆتۆمبیلەکەو تەقینەوەیەک تارانی هەژاند ، ئیتر ئەو خۆی ڕاستکردەوەو ڕووی کردە ئۆتۆمبیلەکەو سواربووەوەو وتی لێبخوڕە هیچ نییە . ئەوە بوو تەقینەوەکە بووە هۆی کوشت و کوشتارێکی زۆر و لەناویاندا بەهەشتی ، بەهەشتی نەلەلای ئەمریکاییەکان و نە لەلای ڕەفسنجانی دانی نەدەکوڵا . کەچی ئەم تەقینەوەیە موجاهیدنی خەڵک خۆی کرد بەخاوەنی .

* 31 ئاب ئەمریکا لەئاسمان بوو ، بەڵام سەدام لەسەر زەویی  پێشەلی هەموو بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد ، کلینتۆن دەڵێت : ئەوەی بارزانی کردی من لێرە بمکردایە ، شاربەدەریان دەکردم . کەچی سزادانی سەدام چەند ڕۆکێتێک بوو بەسڕەی کوتی  ..

* لەمێژووی حکومەتی داڕیژراویی ئەتاتورکدا ، چەند جارێک کودەتا کراووە ، بۆ هەر کودەتایەک ئەمریکا ڕازیی و دەستخۆشی ناردووە .

* گەمە سیاسیەکانی دروستبوونی ئیسلامی سیاسی ، سعودییەو قەتەر چاوگیانن . بەقسەی سۆشیال دیموکراتەکانی وڵاتی سویسرا بێت ، ئۆرگانەکانی خوارەوەی ئەو حیزبە ناڕازیین  ، لەبەرئەوەی سویسرا ساڵی 2014 ، بایی 40 ملیار دۆلار چەکی فرۆشتووە بە قەتەر . ئەم چەکانە ڕاستەوخۆ ڕەوانەی لێوارەکانی سوریاو ، لەوێشەوە ڕادەستی داعش  ..

ئەم نمونانەم تەنها بۆ ئەوەیە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوین ، بەشێکی دابڕاویی گەمەسیاسیەکانی ئەمریکا نین ، زۆر کەسایەتی و تەنانەت کۆی حکومەت و تا پێکهاتەی بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانی بەکارهاتووی هەموو سینارۆکانی سەر شانۆی ئەمریکان و ، هەندێکیان تا هاوڵاتییەکانیان لەخەڵتانی خوێندا نەگەوزێنن ، دواتر خۆشیان دەبنە زەحیەی دوا کۆتای سینارۆکە و سینارۆیەکی تر دەستپێدەکات ، وەک لە قەزافی و سەدام و … هتد ، بینیمان .

پارتی و بنەماڵەی بارزانی هەمان زەحیەی دەستی گەمە سیاسییەکانی ناوچەکەن ، ئەمانیش لە پێگەییەکی سینارۆدا بەسەر کوردەوە ڕۆژێک وەک پاشاو ، ڕۆژێک دوورخراوەو ، ڕۆژێکیش دێت کەشتتیەکەیان بەخۆیان و مێژووەکەیانەوە نقومی سینارۆیەکی سیاسی دەبن . تادوێنی پارتی کارەکتەریی یەکەمی هەموو سینارۆکانی ئەو وڵاتانە بوون ، کە کوردیان بەسەردا دابەشکرا بوو ، یان کوردیان پێ ڕەشەکوژ دەکرد ، یان کوردیان پی دەخستنە سەما بەهۆی کۆمەڵێک دروشم و سینارۆی کورتخایەنەوە .

* مێژوویەکی کورتە پارتی پێشی پاسدار کەوت و گوند بەگوندی کوردستانی  ڕۆژهەڵاتی بۆ لەشکریی پاسدار دەکردە خەڵات ، کەچی کوردانی ڕۆژهەڵات هەر لەبیریشیان چۆتەوە .

* مێژویەکی کورتە سەدان لەشکر و جبەخانەی مۆدێرنی ئاسمان و زەویی تورکیا ڕۆژێک پەلاماری پەکەکەو ڕۆژێک پەلاماری یەکێتیان دەدا ، کەچی کوردانی باکور و باشور وادەزانن وەک ئەوەی تورکیا هەمیشە گەزۆی بەسەریاندا بەخشیبیتەوە .

* مێژویەکی کورتە 31 ئاب ، سەدام بە نامەیەکی بارزانی و بەسینارۆیەکی هاوپەیمانان هەولێری داگیرکردو سەدان گەنجی ئەم وڵاتەی کوشت و بێ سەروشوێن کرد . کەچی پارتییەکان واتای کوردایەتی هەڵدەگێرنەوەو ناپاکی پێش نیشتمان بوون دەخەن و ، کوردیش سەرۆکی 31 ئابی وەک سەرۆکی هەرێم ، هەڵیبژارد .

هەموو ئەم سینارۆیانە ، سیانرۆیی پەرچەکردار لەخۆ دەگرێت ، جونکە سیاسەت لەمنداڵانی بەرژوەندیدا لەدایک دەبێت . تا دوێنی پەکەکە هێزێکی تیرۆریستی کەنارخستووی نێو بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بوو . ئەمڕۆ ، سەرۆکی وڵاتێکی خاوەن بڕیاری وەک فەڕەنساو گوێگرێکی باشی ئەمریکا ، بەوشێوەیەی لەسەرەوە ئاماژەم پێدا قسە دەکات . ئەمە کۆمەڵێک واتاو ، پەیامێکی گرنگە بۆ سەرانی ئەمڕۆی کورد و ناوچەکە ، بەتایبەتی بۆ تورکیا .

1 – کاتێک هۆڵەند دەڵێت : ئەوانە شایستەی ڕێزن ، روودەکاتە ئەمراڵی و دەڵێت : ئاپۆ تۆ شایستەی ڕێزیت . رووش دەکاتە تورکیا و دەڵیت : ئێوە مرۆڤێکی شایستەی ئەم جیهانەتان جەندین ساڵە خستۆتە کونجی زیندان  .

2 – ڕوو دەکاتە پارتی و هەموو هێزەکانی تر ، پەکەکە هاوپەیمانێکی نوێی ئێمەیەو ، لە ئێستادا لەهەمووتان لەپێشتر و بەڕێز ترە .

ئیتر لێرە بەدوواوە شیکارییەکان بۆ ئێوەی خوێنەر جێدێڵم ، لەکاتێکدا قاسملۆیەکی نەمر لەناو جەرگەی گوێگرەکانی ئەمریکادا شەهیدی دەکرێت . لەکاتێکدا پەکەکەیەکی بەناو تیرۆریست لەشەنگالدا دیمۆگرافیای شەنگال دەگۆڕێت و لەئاسمانەوە ئەمریکا هاوکاری پێشڕەوییە سەربازییەکانی دەکات .

لەکاتێکدا لەشەنگالدا بڕیار لەپجوکردنەوەو کەم کردنەوەی دەسەڵاتی پارتی و ، لەلەندەنیش هیچ واتایەک بۆ بوونی بارزانی نامێنیت . بەخواتان دەسپێرم ..

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت