پەشێو حەمەد ئەمین : هاتنەوەی مەلا کرێکار لەنێوان (وەهم و واقیع ) دا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

دەرزی لە چاوی خەڵکدا مە بینە لە کاتێکدا شوژن لە چاوی خۆتدا بەدی ئەکرێ

ئەم جوملەیە ئاماژەیە بۆ ئەو مرۆڤانەی کرێکار وەك جەللاد دەبینن وخۆشیان وەك فریشتە . لە ڕاستیدا ئەوانە جۆرە مرۆڤێکن لە سایەی کۆت بونیان لە نێو حیزبدا ، لە قوڕی بەردەستی گۆزەگەرێك دەچن گەرگۆزەگەر چۆن بیەوێت ئاوا لە قاڵبیان دەدات و دروستیان ئەکات ، دواتریش بازرگانیان پێوە دەکات .
من نامەوێ بەرگری لە کرێکار بکەم ، چونکە نەپێی سەرسامم و نە جیهاد کارێکی سەلەفیشم بەڵکو ئەوەی مەبەستمە زیاتر وێناکردنی وڵاتێکە ، کە ڕۆژانە بە سەدان جەللاد و دێوەزمەی جەنگ ، بە سەربەستی تیا دێن و ئەڕۆن . کە چی بە تەنها کرێکار بەد ناوە .
لەم وڵاتە بەشێوەیەك وێنای ئەو پیاوە کراوە ، لە ئەگەری هاتنەوەی بۆ نیشتمان وڵات وێران دەبێ وهەموان بە دەستی خۆی سەر دەبڕێت . ئاخرئەوەی کە باس دەکرێ دەجاڵە نە ك کرێکار وە لە قورئانیشدا نەوتراوە دەجاڵ کوردە . من تێ ناگەم کە هێشتا ئیسڕافیل فوی بە نەفغی سوردا نەکردووە ، ئیترهەڵسانی ئەو قیامەتە ی کە باس دەکرێ چ بایەخێکی دەبێ ؟ لە کاتێکدا کرێکار لە نەرویجە نەك وەك دەجاڵ لە خۆراسان .
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کوشتو بڕێکی گوماناوی لە گوندی خێڵی حەمەی ناوچەی هەورامان ئەنجامدرا ، ئەم تاوانکاریە دژ بەمرۆڤایاتیە ، لەلایەن ڕاگەیاندنەکانی یەکێتیەوە خرایە ئەستۆی ( انصارالاسلام ) کە مەلاکرێکار ئەمیریان بوو . بەو هۆیەوە زیاترلە ٤١ جار لە دادگای نێودەوڵەتی نەرویجدا بانگهێشت کراوەو ، سەرەنجام تێیدا بێ تاوان دەرچوە و هیچ کەس ولایەنێك نەیتوانیوە ئەوە بسەلمێنێت ، کە مەلاکرێکار دەستی لەو تاوانکاریەدا هەبووە . وە هەر بۆ ئەو مەبەستەش بۆ سەلماندنی بێ تاوانی خۆی چەندین جار داوای کردوە کە بچێتە بەر دەم دادگای لاهای نێودەوڵەتی . بەڵام تاوەکو ئیستا بانگهێشت نەکراوە ، چونکە کەس نەیتوانیوە دەلیلێکی وای هەبێت کە بیسەلمێنێ مەلا کرێکار تیرۆرستەودەستی سورە بە خوێنی قوربانیانی خێڵی حمە .
بەو پێیەی لە ئیستادا یەکێتی نیشتمانی کوردستان زۆر بە توندی دژی هاتنەوەی مەلا کرێکارن . دەمەوێ ئەوەبڵێم ، باوادابێین تەواوی ئەو مرۆڤانەی لە خێڵی حەمەدا تیا چون ئەو کوشتوونی وە بۆ خۆیشی پێ لەو راستیە بنێ .
بەڵام یەکێتی بۆ لەخۆی ناپرسێ کرێکار دەستی زیاتر سورە بە خوێنی کورد یا فڕۆکەوانەکەی هەڵەبجەی کیمیا باران کرد ؟ کە تاوەکو ئیستا زامەکانی ئەوشارە هەرماون وتا دونیاش ماوە مەیسەر نابێ . کەچی ئەوان بە لوتفەوە جەللادەکەیان لە باوەش گرت ودواتریش ئازادیان کرد .
با لەخۆیان بپرسن ئەو شەڕە قۆچەی یەکێتی وپارتی لە شەڕی ناوخۆدا کردیان و بەدرێژایی ٢٠ ساڵ ، کە زیاتر لە 50 هەزار کەس بونە قوربانی لە ژێر سەرکردایەتی ( مامی گەورەو کاکی سەرۆك ) دا ، بەراورد بە کارەساتی خێڵی حەمە کامیان کاریگەرترن ؟ لەوانەیە بڵێن ئەوانە مرۆڤ نەبون ، بۆیە لازم بو لە ناو بچن .
بپرسن کێ بەرپرسە لە زیندانی کردنی ٥ ملیۆن هاوڵاتی ئەم نیشتمانە لە ساڵانی نەوەدەکاندا ، کە هیچ کەس بۆی نەبو لە سلێمانیەوە بچێت بۆ هەولێرو، وە پێچەوانەش سەفەر بکات . بەشێوازێك بوك وزاوا بە قاچاغ لە نێوان ئەو دوشارەدا زەواجیان دەکرد ، ئەم واقیعە کرێکار دروستی کردبو لەم ووڵاتە یا سەرانی یەکێتی و پارتی ؟
هەموو ئەم پرسانە مشتێکن لە خەروانێك ، بۆیە هەر بەڕاستی سەیرە خوێنەوار بیت ولە سەدەی بیست ویەکدا ژیان بکەیت ، کە چی باوەڕدار بیت بەوە ی ئەو هەزاران کرمەی لە لاشەی خۆتدا دێن وئەڕۆن نەیانکوشتوی وناتکوژن ، بەڵام کرمێکی لاوازی بچوك لە دەرەوە دێت وهەموو گیانت ئەخوات .
بە ڕاستی مەهزەلەیە کوشتنی دەیان هەزار کەس کە قاتیل بێ شەرمانە دەڵێ من کوشتومن ، لات کەمتر بێت لە کوشتنی چەند کەسێك ، کە بە هیچ جۆرێك نەسەلمێنراوە .
بۆیە باوەڕ پێ کردن بە وەهمی هاتنەوەی کرێکار قوڕمیش بونی عەقڵی مرۆڤە بەدەستی سەعەتچیەکانی بازاڕی حیزب . بەڵکو ئەوەی خەتەرە بۆ ئاسایشی وڵات سەربەست سوڕانەوەی ئەو هەزاران جەللادەن بە ئازادی دێن وئەڕۆن و ، نەك وەك تیرۆرست وێنا نەکراون بەڵکو پیرۆز کراون وئەشپەرسترێن .