یوسف خەلیل : بەشێك له جامه شيعرى ڕەبەنی پرچ .

لەخەونێكی خۆشدام دەترسم شتێك بەئاگام بهێنێت ئەو سۆزە پەرییەم پەرت بكات كەئێستا تیایدام * * * جریوەی بەیانەو لەژێر تارمایی مەرگەساتی دوونیای ئەفسانەو سریالدا دیدەكان وێڵن بەدووی حەزە سەرشێت و […]
هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە

لەخەونێكی خۆشدام دەترسم شتێك بەئاگام بهێنێت

ئەو سۆزە پەرییەم پەرت بكات كەئێستا تیایدام
* * *
جریوەی بەیانەو
لەژێر تارمایی مەرگەساتی
دوونیای ئەفسانەو سریالدا
دیدەكان وێڵن
بەدووی حەزە سەرشێت و بێ نەواكاندا
ڕاستە حەقیقەت لەنێو مەملەكەتی جەنجاڵی ئافاتدا
سەرەو ژێرە
بەڵام ڕاستی ناپێكێنرێ
لەبۆسەی زەمەنە بەوقوومەكاندا
جەستەكانیش
لەتاو شەهوەتی حەزە سەرشێتەكان
لەنامۆستانی بێ هودەیی ئەم گەردوونە
كەرنەڤاڵی ماسكە ڕەبەنەكان دەگێڕن
مەمك تلۆر دەكرێتەوە
حەز دادەمركێنرێتەوە
هەورەكان
ئەسرینی فەلەكە ڕۆژە بێ ئاسۆكان دەچێنن
بنەوشەكان
بەنەزۆكی چاو هەڵدێنن
دەروێشەكان بێ مەرام
بەرپەرچی باڕێژە دەبنەوە
تۆفانیش تادێ‌
زەمەن بەرەو كەندەڵ
بەرەو ئەشكەوتە خۆر نەدیوەكان
بەرەو دۆزەخە بێ مروەتەكان
بەڕێ دەخرێن
زوڵفەكان ڕووخسار لەئامێز دەنێن
لەهێرشە بێ پەردەكان
بێ بەری دەكرێن
چڕە شەقامەكان بێ گیان و بێدار
بێ حەزو بێ ناز
دەتەنێ‌ و
بەرەو دەریا بێ رۆخەكان
ڕاپێچ دەكرێن
كۆچ بەڵێ كۆچ
بەرەو مەملەكەتی ڕۆژ و
گردۆلكەی جەستە بێ گرێكان
كاروان بەڕێ دەخرێن
لەم شارە نامۆو بێ هوودەدا
مرۆڤەكان بێ خورپەن
بێ جەستەو بێ سەرن
سوڵتان
پەیكەری فیوداڵە سەركار تاج دارە
لۆ كەس نی یە بێژێ
بپرسێ
دیالۆگ بێ نمونەو ڕووخسار
ڕاستیەكی نیادرتاڵ
خۆرهەڵات
لەنێوەندی جاڵجاڵۆكەی ئەم پەیڤە بێ ڕاڤەدا
سەرگەردان بەدووی خۆردا
خۆریش ون بەدووی ناندا !!
شتە بەهاكان دەكرێنە قوربان
تا ڕەنگاڵەی سپێدەی
ئەم ڕۆژە بێ بۆنە
بگا بە ترۆپك
لەپێناو لوتكە
دەتوانن وێڵ بن
تاسەرەبێ مۆخەكان
خەرمانەی بیرۆكە دەبیننەوە
ئەوساتەی خۆم لەنێوەندی هاڤیدا دەبینمەوە
ئاسوودەگیم بەستراوە
چارەنووس سەرلێشێواوە
هەناویشم هۆبەیە
لەنێوەندی تەونە ئاڵۆزكاوەكاندا
هەست بەهەرزەیی دەكەم
لەئامێزی كەنیشكە خرۆشەكاندا
دیدەكانیش
بەهەژك لەدایك دەبن
ئێدی چۆن خەون بە هوورەوە ببینن
….
ئیرۆس وەك نەورەسی ڤینۆسێ
ماچە گەرمەكانم بگرە خۆت
گەر زەلكاو هەبێ
مێشوولەی كودەتای كەندەڵ
هێندەی تر
نەوەدو هەشت و
سەدوو دوو
سەدو چوار
بوركان ئاسا دێنە خوار
ئەفسوس
خۆپاڵەوانی سریالی ( ئوحود ) نیم
ددانم بشكێ‌
( كافكاش ) نیم
لەتۆفاندا بەدەركرێم
خۆ ( هیچكۆكیش ) نیم
پەنجا داستانی مەرگ جێ‌ هێڵم
خۆ دۆگی ( پاڤڵۆڤیش ) نیم
پەیكەری ڕێزم لۆ بنیات نێن
( عیسا ) ش نیم
مریەم بێ مامان دەرم هێنێ‌
سۆزدارم بەڵێ سۆزدار
عەشقم گوڵستانەو بەدڕكە چڕەكان
نابەزێنرێ
ڕاستە دەتوانن ژیانم دابماڵن
بەڵام هێزی جوودایی تۆیان لەدڵۆچكەما نی یە
پەرییەكان
خەرمەن دڵتان نەپێكێ‌
دڵنیابن
بەشەوقەوە گۆناتان دەپێووم
بێ پایان سۆزتان لۆ دەنێرم
دڵنیابن
تابوون لەفەلەكدا بێ
ئەفسوس هەردەمێنێ‌

تيبينى : سوود له هه ندى زاراوەى هه ورامى وەرگيراوه ..

هاوکارییەکەت تەنها کلیک کردنە سەر ئەو سمبولانەی لای خوارەوەیە
یوسف خەلیل

ئەرشیڤی بەڕێز: یوسف خەلیل