هەژار نامیق : شەهید هوجام  .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتێک سەیرى وێنەى چاوەکانى دەکەیت هەزاران ووتە و هەزاران ئاوات لە چاوەکانى قەتیس ماوە دەیەوێت بیڵێت هاوار بکات بەڵام بێدەنگە ؟! وێنەى چاوەکانی و بەرزکردنەوەى سەرى بە سەربەرزى نیشانەى قارەمانێتى و ئازایەتى ئەنوێنێ ؟ ئەو کەسەى کە خاوەن 10 منداڵە بەڵام لە پێناو بەرگرى کردن لە خاک و نیشتمان خۆى گیان فیدا دەکات تا ڕۆڵەکانى بە ئازادى ژیان بکەن ، خاوەن 10 منداڵە و لەبەرەکانى پێشەوەى جەنگدایە تەنها بە بڕە پارەیەکى کەم کە بەشى کارتى کوڕە مەسئولێک ناکات ، ئەو لە پێناو پارە شەهید نەبووە لە پێناو پارە نەڕۆشتوەتە بەرەکانى شەڕەوە شتێکى سروشتیشە کە ماف و ئیمتیازى خۆى وەربگرێت بەڵام بە مووچەى تەنها 500هەزار کە 3 مانگ جارێ ئەدرێت ئەبێت چى ژیانێکى پێ دروست بکرێت ؟ ئەبێت ئەمە چى جۆرە خێزانێک بێت کە بتوانێت بە بڕە پارەیەکى کەم ژیانێکى خۆش هەڵبژێرێت ،لە پرسەکەشیدا کەسانێک بەشداری دەکەن کە مووچەى ڕۆژێکى هى ساڵێکى ئەوە !! شەرم نایانگرێت ئەوە حاڵی پێشمەرگە بێت و بڕۆنە ناو پرسەکەیەوە ؟ بەڕاستى لە ڕوویان دێت سەریان بەرز بکەنەوە ،  ئەبێت چى شەرمەزاریەک بێت کە ئەو بارودۆخەى ژیانى پێشمەرگە بێت ؟؟؟

بەڕاستى شەرم نایانگرێت لە کاتێکدا ئەو سنگى خۆى ئەکاتە قەڵغانێک بۆ بەرگری کردن لە پێناو پاراستنى شەرەف و ناموس و کەرامەتى تاک بە تاکى کورد لە پێناو پاراستنى ئاڵاى پیرۆزى کوردستان لە پێناو خاکى کوردستان ، هاوار ئەکات هانا بۆ خێرخوازان ئەبات تا هاوکارى کچە نەخۆشەکەى بکەن ، ئەبێت شەرمەزار بن کە وا حاڵى پێشمەرگە ئاوابێت ؟ لە هەموو دنیا کاتێک کەسێک لە پێناو خاک و نیشتمان شەهید دەبێت هەمووان ڕێزى لێ ئەگرن ئەویش خەمى ئەوەى نیە دواى نەمانى منداڵەکانى چیان بەسەر دێت چوون دەزانێت کە خێزانەکەى خۆشگوزەران ئەبن و پێویستیان بە کەس نیە ؟؟ بەڵام پێشمەرگەى کوردستان چى ؟؟؟ئەبێت خەمى کرێکەى بخوات !! خەمى ئەوە بخوات منداڵەکانى لە قوتابخانە کەم نەهێنن کاتێک هاوڕێکەى دەست ئەکات بە باخەڵیدا بۆ ئەوەى شت بخوات و ئەم تەنها سەیرى دەمى بکات ، ئەبێ خەمى جل و بەرگ و ژیانى خێزانى بخوات ، کامە بەرپرسە ئەتوانێت بە بڕە پارەیەکى کەم ژیانێکى وەها دروست بکات کە ئێستا هەیەتى؟؟

دە با حکومەت بڕیارێک وەها دەربکات کە ژیان و گوزەرانى پێشمەرگە خۆش بکات ، با مووچەیان لە کاتی خۆى پێش هەموو وەزارەتەکانى تر بدرێتێ ؟ با مووچەکەیان بەرز بکرێتەوە ، دەبا تەنها لە کاتی شەڕ ناوی پێشمەرگە نەهێنرێت ، چیتر با پێشمەرگە لە پێناو مەرامى سیاسى و تایبەتى بە کار نەهێنرێت ، با کچ و کوڕە پێشمەرگەیەک سەربەرز بن لەوەى باوکیان لە پێناو کوردستان دەجەنگێت ، با ڕێز لە کەسایەتى و کەسەکانیان بگیرێت ، ئەگەر شەهید بوو تەنها ڕۆشتنە پرسەکەی و دوو قسەى گەورە نەبێت بۆ ڕاگەیاندنەکان و خۆ دەرخستن و دواتر وەک ئەوەى (( نە بایان دیبێت نە بۆران )) لە بیریان بچێتەوە ، ئەگێڕنەوە ڕژێمى گۆڕ بە گۆڕى سەدام کاتی خۆى کە ئەفسەرێکى شەهید دەبوو ڕێزێکى تایبەتى لێ دەنرا لە سەرجەم دام و دەزگا فەرمیەکان ، بەڵام ئێستا تەنها دوو ڕۆژە و دواتر کەس لێ ناپرسێتەوە لە پێناو چى و کەى و چۆن شەهید بوو …

خۆشەویستى پێشمەرگە بۆ نیشتمانەکەى هێندە گەورەیە کە سەرکردەیەکى وەک شەهید شێرکۆ بریندارە و لەسەر جێگایە بەڵام بە پێکەنینەوە دەڵێت دوو ڕۆژى تر دەگەرێمەوە بەرەکانى پێشەوەى جەنگ ، یاخود ئەوەى شەهید لیوا حسێن مەنسور خێزانەکەى دەڵێت لە ماوەى هەشت مانگى شەڕ تەنها چەند جارێک بینیومە ، خۆشەویستى پێشمەرگە بۆ نیشتمان و خاکەکەى هێندە گەورەیە کە دەیان و سەدان کتێب و ڕاپۆرتى لەسەر بنوسرێت هێشتا کەمە ئەبێت بەرخۆدان و ئازایەتى پێشمەرگە لە مێژوو بنوسرێتەوە ، ئەبێت سەرکردەکانى جیهان بێن و فێر بوون کە ماناى بەرخۆدان و ئازایەتى چیە؟

لە کۆتایدا داواکارم لە یەزدان کە ئەم شەڕەمان لە کۆڵ بکاتەوە سەرکەوتن بۆ هەموو تاکێکى کورد دەخوازم لە هەر شوێنێکى دنیا ، هیوادارم خواى گەورە لە شەهیدەکانمان خۆش بێت و شیفاى زوو چاک بوو بوونەوە بۆ ئەفسەران و پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان ئەخوازم ، هیوادارم حکومەتى هەرێمى کوردستانیش پێداچوونەوەى بە هەموو ئیمتیازەکانى پێشمەرگە بخشێنێتەوە و ژیانێکى وەهایان بۆ دروست بکات کە شایستەى بن وەک چۆن ئەوان لە بەرەکانى پێشەوەى جەنگ بەرگرى لە ئێمە دەکەن تا بە ئارامى بخەوین، گەشبینم بە هەموو ئەو پێشکەوتنانەى کە پێشمەرگە قارەمانەکانى کوردستان کردوویانە هیواى سەرکەوتن و سەرفەرازى بۆ تاک بە تاکیان دەخوازم …

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت