رێبوار کەریم : بنبڕکردنی داعشیزم تەنها بە شەری سوپایی و لەشکرکێشی ناکرێت .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

بنبڕکردنی داعش و داعشیزم ، یان هێزە تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەو و سەلەفییەکان ، تەنها بە بە هێزی سوپایی و لەشکرکێشی ناکرێت . داعشیزم چۆن لە کۆبانێدا تێشکان ، دڵنیام ئەمرۆ یان سبەی لە هەموو بەرەکانی جەنگدا تێدەشکێن ، رەنگە تێشکانێکی وا بە خۆیانەوە ببینن، کە بۆ ماوەیەکی دوور نەبێت نەتوانن هێزی سەربازی کۆبکەنەوە . لەوانەشە تێشکانەکانیان کاتی بێت و بتوانن چەندین جاری دیکە لە دوای هەر تێشکانێک خۆیان کۆبکەنەوە و جارێکی دیکە دەستبکەنەوە بە هێڕش و پەلاماردان .

بەرپەرچدانەوەی هێزی تیرۆریستان بە شێوازی هێرشی سوپایی ناچاریی نەبێت شتێکی دیکە نەبوو لە لایەن حوکمڕانانی کوردستانەوە . ئەگەر تیرۆیستانی داعش پەلاماری کوردستان و شاری موسڵیان نەدایە، یان پەلاماری کۆبانێیان نەدایە ، ئەوە هێزی پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانانی رۆژاوا ناچار نەبوون ئەو شەڕە پڕ لە کوشتن و بڕینە بکەن لەگەڵیاندا .

کاتێک داعش شاری موسڵیان داگیرکرد و دەوڵەتی خەلافەتیان راگەیاند ، زۆرێک لە بەرپرسەکانی کوردستان و بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیانوت :  ـ ئێستا سنورێکی دوورودرێژمان لەگەڵ دەوڵەتێکی تردا بۆ دروستبووە ـ ناوڕۆکی ئەم قسەیەش ئەوەی دەگەیاند، کە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە تیرۆریزمییەیان بەلاوە ئاسایی بوو . شەڕی داعشی تیرۆرستییان نەدەکرد، ئەگەر داعش پەلاماری کوردستانی نەدایە .

کاتێکیش ئەو شەڕە هاتە گۆڕێ و ناچارکراین بیکەین ، حەق وایە بە وردتر بڕوانینە ئەم کێشەیە . کە بە خوێندنەوەی من کێشەکە لەوە گەورەتر و ئاڵۆزترە ، کە شەڕی تیرۆرستانی داعش و قاعیدە ، یان هەرچ گروپێکی دیکە لە تیرۆریستان ، تەنها بە هێزی سەربازیی و سوپایی بکرێت .

لە ڕاستیدا ، شەڕکردن لە گەڵ داعشیزم، واتا شەڕکردن لەگەڵ فکرێکی ئیسلامیی توندڕەو کە دەیەوێت بە زۆر هەموو کوردستان و ناوچەکە بەکێشکاتە ژێر فکری تێکستە پیرۆزە خوێنڕێژ و بە زەبروزەنگەکانی ئسلامی سیاسییەوە ، کە هەموو فکرێتک ڕەتدەکاتەوە و داننانێت بە هیچ جۆرە ئاین و بیروباوەرێکی دینی و نادینییدا جگە لە دینی خۆی بەو میتۆدە فکرییە فاشییەی کە هەیەتی. هەرچ فکر و بیرکردنەوەیەک لە دەروەی فکر و بیرکردنەوەکانی قورئان و حەدیسە توندڕەوەکان بە کوفر لە قەڵەم دەدات و کوشتنییان حەڵاڵ دەکات .

فکری داعشیزم ئەو فکرە توندڕەوە ئیسلامییە سیاسییە سەلەفییەیە ، کە دەیەوێت سەرتاپای هەموو کۆمەڵگاکان بخاتە ناو چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی فێندەمێنتالیزمیی ، کە هیچ جۆرە ئازادیی و بوارێک نەمێنێتەوە بۆ ژیان جگە لە خواپەرستی و شەرعیەت وەرگرتن لە تێکستە پیرۆزەکانەوە .

ئەم بیرکردنەوەیەیی داعشیزم ، خۆراک لەو بیرکردنەوە ئیسلامییە سیاسییەوە وەردەگرێت ، کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئیخوانەکان لە ساڵی ١٩٢٨دا .

خۆراک لە ئینتیمایی دینیەوە وەردەگرێت نەک لە بڕواداریی و ئیماندارییەوە، بەو واتایەی کە هەموو کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمەڵگای ئیسلامیی دەناسێت و ، وای دادەنێت کە دەبێت تەنها پەیڕەوەی فکری ئیسلامی سیاسیی توندڕەوەی سەلەفی بکەن و هیچ جۆرە فکرێکی تر بۆی نییە بانگهێشت بۆ خۆی بکات و پراکتیکە بکرێت، چونکە ئەم کۆمەڵگایانە بە کولتوور ئیسلامن ، شوناسی تاکەکانی کۆمەڵگا بە گوێرەی یاسای کەسیی لێی نووسراوە ( ئیسلام )، کەواتە حساب لەسەر ئینتیما کولتووریەکە دەکەن ، نەک ئیمانداریی .

داعشیزم ، خۆراک لە نادادپەروەریی و نەبوونی ئازادیی و نا هۆشیاری و داخراوی عەقڵەوە وەردەگرێت . حوکمڕانە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی ناوچەکە ، نموونەی زەقیشیان ، حوكمڕانیی دەیان ساڵەی فاشیەکانی بەغدا و سوریا و میسرەوە خۆراکێکی زۆریان دا بەم فکرە فێندەمێنتالیزمەی ئیخوان کە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە و بە خەڵکی بڵێن : تەنها چارەسەر حکومی ئیسلامی سەلەفی و قورئان و حەدیسەکانی پەیامبەرە . چونکە دەیان ساڵ بوو کۆمەڵگاکانی ئەم وڵاتانەی عێراق و سوریا و میسر و لیبیا و تونس و هەموو ئەوانیتریش هیچ جۆرە ئازادییەکی تیا نەبوو بۆ خەڵکی گشتی و خەڵک بە کولەمەرگی دەژیا و لە ژێر پۆستاڵی عەسکەرتاریی ئەم حکومە دڕندانەدا دەیناڵاند ، بۆیە رۆژ بە رۆژ فکری توندڕەوەی ئیخوانەکان لە زیاد بووندا بوو .

لە کوردستانی خۆشماندا ، ٢٠ ساڵ زیاترە لە سایەیی حکومی ( پارتی و یەکێتی ) ەوە ، هەمان خۆراک دەکرێت بە قوڕگی ئەو بیرکردنەوە سەلەفیەدا . شەڕە و پێکدادانە نەگریسەکانیان ، نادادپەروەرییان ، گەندەڵیە ئیداریی و دارایی و حیزبیی و حوكمڕانییان ، پەلامار و هێڕشکردن بۆ سەر بەرەی ئازادیخوازان و کوشتن و بڕینی دەیان کەس لە رۆژنامەنووسان و کەسە رۆشنبیر و ئازاکانی کوردستان و تیرۆرکردنی گەنجە خۆپیشاندەرەکانی حەڤدەی شوبات و قاچاخچێتی نەوت و بازرگانێتیکردن و خۆدەوڵەمەندکردن بە سەروەت و سامانی خەڵکی ڕەشوڕوتەوە . ئەمانە و دەیان ئەوەندەی تریش لەگەڵ بەکارهێنانی حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان دژی یەکتری و بەهێزکردنیان لەو پێناوەدا ، خۆراکێکی سەرەکی بوون بۆ ئەو بیرکردنەوە فێندەمێتالیزمەی کە دەلێت : تەنها چارەسەر ئیسلامی سیاسی و حکومی قورئانە .

 ئەوتا بە ئاشکرا مەلا کۆنەپەرستە قورگدڕاوەکان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە دەنەڕێنن و گاڵتە بە دیموکراتیی و ئازادی دەکەن، سوکایەتی بە بیری سوکلاریزم دەکەن، جنێودەدن بەوانەی بەرگری لە مافی ژنان و مافی مرۆڤ دەکەن ، شاڵاو دەبەن بۆ سەر ئەوانەی داوای نەمانی توندوتیژیی ناو خێزان دەکەن. هەڕشە لە ئازادیخوازان دەکەن ، قوتابخانە تیکەڵەکانی کچان و کوڕان لەسەر قسەی ئەوان دادەخرێت . گاڵتە بە هەموو ئەو نووسین و کتێبانە دەکەن کە لەسەر زانستپەروەریی و پیداگۆگی سەردەمیانە چاپ دەکرێت .  

خوێنبەری دڵی داعشیزم ئەو فەزا کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسیەیە ، کە خۆی نوقمکردوە لە موجامەلەی دین و سود وەرگرتن لە دین، بە ناوی کولتووری دینی ئیسالام و کۆمەڵگای موسڵمانەوە ، موجامەلەو پشتیوانی لە ئیسلامی سیاسی دەکەن .

چونکە چینی بۆرجوازی و حوکمڕانی بۆرجوازی لە رۆژهەڵات و وڵاتانی ئیسلامدا خۆی لە خۆیدا دواکەوتووە ، بۆیە هێشتا چێژ لە بیریی دواکەوتووی دەرەبەگایەتیەوە وەردەگرێت ، هێشتا نەیتوانیوە خۆی ئازد بکات لە زۆرێک لە کولتوور و داب ونەریتی دەرەبەگایەتی ،  بۆیە ناتوانیت دەورە سروشتیەکەی خۆی ببینێت وەک چینێکی شارستانی و مۆدێرن . ناتوانێت کۆمەڵگا و دەوڵەتی سکۆلار بەرهەم بهێنێت ، لە جیاتی دژایەتیکردنی کلوتوورە باوەکان و بەسەرچوەکان ، لە جیاتی کێبرکێ لەسەر بە سوکلارکردنی کۆمەڵگا و حکومڕانییەکەی ، تەنها بە دوای خۆ دەوڵەمەندکردن و پارە و سامان کۆکردنەوەیەکی گەندەڵیانەوەیە ، بۆیە بەردەوام دڵداریی دەکات لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی و کولتوورە دواکەوەتووەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتییدا و دەیانکات بە پشتیوان بۆ حوکڕانییە گەندەڵێەکەی خۆی .

شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلام ( داعش ) دا چەند بە شەڕی سوپایی و لەشکرکێشی دەکرێت ، پێویستە شانبەشانی ئەوەش شەری فکرییان لەگەڵدا بکرێت . واتە پێویستە شەرێک بکەین لەگەڵ سەرچاوەی فکری تیرۆریستان بە گشتی . ئەو فکر و بیروڕایەی کە خوێنبەرێکی بەردەوامە بۆ دڵی تیرۆریستان ، جا ئەو تیرۆرستییە لە ژێر هەرچ پاساو و بیانوویەکدا بێت ، یان هەڵگەری هەرچ بیرێکی کۆنەپەرستانەو سەلەفیەت بێت ، یان هەڵگەری بیرو باوەڕێکی بە ناو دیموکراتی و ئازادی و مۆدێرنەو هەندێک جاریش بە ناوی نەتەوەیی و نیشتیامنییەوە بێت، جیاوازییان نییە . بیریی تیرۆریزمی و زەبەروزەنگ ، کە بێ باکانە هیچ کوشتنوبڕین و وێرانکارییەکی بەلاوە گرنگ نییە ، لە پێناوی دەسەڵاتگەرایی خۆیدا هەرچی بۆ بکرێت دەیکات ، بۆیە بەرەی ئازادیخوازی گەل و نیشتیمانیش پێویستە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە شەڕی خۆی بکات لە گەڵ ئەم بیرکردنەوە فاشیزمییەدا .

ئەگەر شەڕی فکری لەگەڵ بیرکردنەوە تیرۆریستییەکاندا بکرایە و بتوانرایە میتۆدێکی فکریی فەلسەفیانە و زانستیانە جێگەی بگرێتەوە ، ئەوە نەک هەر تووشمان نەدبوو بە تووشی هێزێکی دڕەندەی وەک قاعیدە و داعشەوە ، کۆمەڵگاکان و گەلانی رۆژهەڵات لە سیکتاریزمی شیعەگەرایی و سونیگەرایش دەپارێزرا، کە بە لای منەوە ، داعشیزمیش بەشێکە لە شەری ئەو سیکتاریزمییە دینیەی ، کە بە دوای دەسەڵاتگەرییەوەن و هیچ لایەک لەم لایەنانە نەک هەر بە دوای کاری مرۆیی و ئازادی و دیموکراتییەوە نییە ، بەڵکو دژایەی تەواوی کولتووری دیموکراتی و پایەکانی دیموکراتی وەک ئازادی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەکات .

تێشکانی داعشیزم لە بەرەکانی شەری پێشمەرگەی قارەمان و شەڕڤانە دلێرەکانی رۆژاوادا ، وەک ئەوە وایە گیاکەڵەی داعشیزمیان قرتاندبێت ، گیاگەڵەی داعشیزم جیناتێکی هەیە ، ڕەگەێکی هێندە قووڵی هەیە ، کە دەیان جار بیقرتێنیت دەتوانێت سەرهەڵبداتەوە . بۆیە پێویستە خۆراک لەو گیاکەڵەیە ببردرێت . هەموو ئەو خۆراکانەی کە لەم بابەتدا ئاماژەم پێداوە و دەیانیتریش کە کاری ئەم بابەتە نییە ، تا بنەبڕ نەکرێن ، تیرۆیستانی ئیسلامی سیاسیی وەک خۆیان دەمێننەوە و زیاد دەکەن .