Vladmer-Sharof

ڤلادمێر شارۆف : بۆ کەسێک دەنووسم کە خۆمم  .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

 ڤلادیمێر شارۆڤ براوەی ٢٠١٤ـی مەن بووکەری ڕووسی

و : شاڵاو حەبیبە

ڤلادیمێر شارۆڤ ، لە ٢٠١٤ ـدا بۆ ڕۆمانی ” گەڕانەوە بۆ میسڕ ” خەڵاتی ئەدەبیی ” پی – می- یەر ” ـی بردەوە ، کە بە ” مەن بووکەری ڕووسی ” ناسراوە . شارۆڤ لە گفتوگۆیەکی کورتی rbthـ دا ڕۆمانی بە منداڵێک چواند ، کە پاش ناوکبڕین ژیانێکی تازە دەست پێ دەکات . شارۆڤی ٦٣ـساڵە، بە ڕیشی درێژ و سپییەوە ، هاوشێوەی لیۆ تالستۆیە و لە ڕۆمانی ” گەڕانەوە بۆ  میسڕ ”  ـدا مێژووی ڕووسیا سەرلەنوێ دەخاتەوە ڕوو .

پ : بردنەوەی خەڵاتی مەن بووکەری ڕووسی بۆ تۆ چی مانایەکی هەیە ؟

بۆ من بە واتای زۆرتر-خوێندنەوەی ڕۆمانەکەم دێت لە لایەن خەڵکییەوە . ڕێیەکی ئاسانە بۆ بەستنی پەیوەندی لەگەڵ پەخشخانە ڕووسی و بیانییەکاندا . چونکە ئەوان خوێنەرانێکی زیاتر پەیدا دەکەن . لە لایەکی ترەوە، دروستکردنی پەیوەندییەکی تازەیە لەگەڵ وەرگێڕدا ، چونکە وەرگێڕ بۆ نووسەر زۆر گرنگە ، نەفەرێکی تر کە دەبێت ببێتە هاووەزنی تۆ ، هاوڕیتمی تۆ و مەلەوەر بێت لە  تێکستەکەتدا و کارەکەت ئاسان بکات تا خوێنەر بە زمانێکی تر لێت تێ بگات و درکت پێ بکات .

پ : تکایە بۆ خوێنەرانی بیانیی ڕوون بکەوە ، چۆن گەڵاڵەی ڕۆمانی ” گەڕانەوە بۆ میسڕ “ـ ت داڕشت .

دەستم کرد بە بیرکردنەوە لە ژیانی ڕووسیا و مێژووی ڕووسیا لە سەدەی بیستدا ، تەنانەت نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدە و بە هەوڵدان بۆ کۆتایی- نووسین بۆ ڕۆمانی ” ڕۆحە مردووەکان ” ـی نیکۆڵای گوگوڵ- دامەزرێنەری ڕیالیزمی ڕەخنەگرانە لە ئەدەبیاتی ڕووسدا ؛ دووەمین بەشێک کە گوگوڵ سووتاندی و بەشی سێیەمی هەرگیز نەنوسی- بیرم لەمانە کردەوە و ئەوەی کە نووسەرانێک هەوڵیان دا کۆتایییەکی بۆ بنووسن و تەنانەت بەرپرسەکان بوون بە هۆکاری خوێنڕشتینش . خەڵکێک کە دوو یان سێ نەوە مەودایان لەگەڵی هەبوو، هەوڵیان دا لە گوگوڵ تێ بگەن .

پ : ئایا دەتوانین بڵێین ڕۆمانی ” گەڕانەوە بۆ میسڕ ” تەنیا بۆ ڕووناکبیران نووسراوە ، نەک بۆ خەڵک بە گشتی ؟

بۆ من سەختە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە . کاتێک نووسەرێک ڕۆمان دەنووسێت ، بەشێکی دیاریکراو لە هێزی خۆی لە سنوور و قاڵبگەلێکی دیاریکراوی خۆیدا بە کار دەبات . بەڵام کاتێک ڕۆمانەکە بڵاو کرایەوە ، نووسەر ئاخرین کەسە بایەخی دەبێت و من پێم وایە ئەوان تەنانەت نابێت لە بارەی تێکستەکەوە بۆچوونیش دەرببڕن . نووسەران تەنیا دەبێت گوێ لەو خەڵکە بگرن کە ڕۆمانەکەیان دەخوێننەوە . جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ئەوەی کە تۆ نووسیوتە و ئەوەی کە لە ئەسڵدا نووسراوە و درک  دەکرێت .

پ: باشترە وا بپرسم کە خوێنەرانی تۆ چی کەسانێکن ، ئاخۆ بۆ کەسانێکی دیاریکراو دەنووسیت ؟

من بۆ خوێنەرێکی تایبەت نانووسم . بۆ من ، ئامانجی نووسینی کتێب هەوڵە بۆ درککرن بە شتانێک کە تەماوی ماونەتەوە . لە کۆتاییدا وا پێ دەچێت دەست بە فامکردنی هێندێک لە شتەکان بکەم ، هەرچەند ئەم هەستە بە زوویی لەناو دەچێت . بۆ من نووسین  وەکوو ئامرازە : ئەگەر من بۆ کەسێک بنووسم ، ئەو کەسە خۆمم .

بەڵام هەڵبەت کاتێک کەسێک تێکستێکی من دەخوێنێتەوە ، وەک ئەوە وایە دیارییەکی پێ بەخشیبم : سەبارەت بەو تێکستە لەگەڵ مندا دواوە ، وێنای کردووە ، وەری گێڕاوە و یان ئەو شتەی بڵاو کردووەتەوە کە من نووسیومە .

ڕۆمان وەکوو منداڵ وایە. کاتێک لەناو تۆدایە درکێکی تایبەتت سەبارەت بەو هەیە ، بەڵام بە زوویی کاتێک ناوکی دەبڕیت ، لە تۆ  جیا دەبێتەوە و ژیانێکی تازە دەست پێ دەکات و تۆ تەنیا دەتەوێت چاک بێت . تۆ کونتڕۆڵێکی ئەوتۆت لەسەری نامێنێت .

پ : ئایا دەکرێت لە نێوان تۆ و بزاوتێکی ئەدەبیی تایبەتدا لێکچوون بدۆزینەوە ؟

ئەندرێ پلاتۆنۆف بە بۆچوونی من گرنگترین نووسەری سەدەی بیستە نەک هەر هیی ڕووسیا . بەڵام کاتێک من شتێکم خۆش دەوێت ، نامەوێت دووبارەی بکەمەوە . هەنگاوێک دەکشێمەوە و ستایشی دەکەم . چەند پرسیارێکم هەیە و دەمەوێت بۆ سەرگەرمییەکانی خۆم وەڵامێک بدۆزمەوە . زیاتر هەوڵ دەدەم ڕووداو- تۆمارکەرێکی مێژوویی بم ، لە زەمەنێکدا کە نەبووم و هەوڵ دەدەم بیگەڕێنمەوە . بەشێکی مەزن لە زەمەن بە سادەیی لە شەڕی ناوخۆدا بە فیڕۆ چووە و ئەم بابەتە تۆمار نەکراوە . لە ئەرشیفدا دانراوە و یان تەنانەت سووتێنراوە و دەبێت وەکوو دێرینەناسێک سەرلەنوێ پارچەکان پێکەوە بنێیتەوە و چێیان بکەیتەوە و بۆ نموونە بە پێکچنینەوەی ئێسکەکان جۆری ئاژەڵەکە بناسیتەوە و هەوڵی من بۆ نووسینی ” گەڕانەوە بۆ میسڕ ” گەڕاندنەوەی   ژیان و سەرهاتی نەنووسراوی مرۆڤ بووە نەک ئەرشیفسازی .

پ : پاوڵ باسینسکی ، پێی وایە پەخشانی هاوچەرخ ئاماژەیەکی بۆ ڕابردوو تێدایە ، بۆ وڵاتانی تر و فەزاکانی تر . ئەو ئەم پرسیارەیش دەخاتە ڕوو ، کە ئایا ژیانی ئەدەبیی ئێمە بووەتە ژیانێکی ماندووکەر و تاقەتپڕووکێن ؟ بۆچوونی تۆ چییە ؟

من ناتوانم وەڵامێکم ” بۆ هەموان ” هەبێت . بەڵام ئەگەر هەوڵ بدەم سەبارەت بە شتێک بنووسم ، بە شەخسی پێویستم بە مەودایە . لانیکەم ٣٠-٤٠ ساڵ . خەڵکی بە درێژاییی ژیانیان ئەزموون پەیدا دەکەن و بێژوومار هەست تاقی دەکەنەوە ؛ ئەوان قسە دەکەن ، کار دەکەن ، دەچن بۆ شانۆ ، دەچنە دەرەوە و پاشان یادنووسەکانی ڕۆژانەی خۆیان تۆمار دەکەن . وشەی جۆراوجۆر لەو شتەی  کە لە دەروونیاندا بووە و هەستیان پێ کردووە ، دێتە دەرەوە و دەچێتە سەر کاخەز.

من کەسیک نیم بە یادنووسی سات – ساتییەوە خەریک بم . دەبێت ئەوەی ئەزموونم کردووە سەرلەنوێ دایڕێژمەوە . ژیان بە  خێرایی دەڕوات ، خێراتر لە قەڵەمی تۆ و هەوڵەکانت .

پ : ببوورە پرسیارێکی وا دەکەم ! ئایا بیرت لەوە کردووەتەوە چی لەو یەک میلیۆن و نیو ڕۆبڵە بکەیت کە وەک خەڵاتی مەن بووکەری ڕووسی وەرت گرتووە ؟

من تەنیا لەسەر هێڵی ژیان ڕێ دەکەم . ڕۆمانێک ٥ تا ٦ ساڵ کاتی دەوێت بۆ ئەوەی بنووسرێت و ئەم خەڵاتە بۆ ئەو ساڵانەیە ، کە نابێت ڕەقەمێکی زۆریش بێت . پێم وا نییە ژیانم بگۆڕێت . تەنیا بیرکردنەوەم بۆ شتە ڕۆتینییەکانی ژیان ئازاد دەبێت و بۆ  نووسین کاتی زیاترم دەبێت .

 س – م