عیماد عەلی : ئەوەی تێکیداوە ناتوانێت چاکی بکاتەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژ نیە باسی گەندەڵی و نالەباری وەزعی سیاسی و ئابووری کوردستان لەلایەن ئەو کەسانەوە نەبیستین کە بە خۆیان بەشداری کارای یەک لە دوای یەکەکانی حکومەت و دەسەڵاتی کوردستان بوون و، باش دەزانن کە ئەم بارودۆخە بەرهەمی دەستی ئەوانە نەک کەسانی تر . ئەوە باسی سەرکردایەتی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار هەر مەکە ، رۆژ نیە یەکێکیان لە میدیاکانەوە لێدوان نەدات و باس لە بارودۆخەکە نەکات و ، وەک چۆن خەڵک باس دەکات، ئەویش بگرە زیاتر رەخنە دەگرێت و ، ئەویش زۆر زیارتیش لێی دەدوێت و وەک ئەوەی خۆی و حزبەکەشی لەراپەرینەوە ئۆپۆزسیۆنی ئەم هەرێمە بووبن و لە دەسەڵات نەبوبن و دەستیان لەو گەندەڵیە نەبوبێت .
ئەگەر گۆڕان لە دامەزراندنیەوە تاوەکو بەشداریکردن لە دەسەڵات و هاوپەیمانێتیان لەگەڵ پارتی ، لە بەرپرسیارێتی ئەو سلبیاتانە بێبەری کەین ، بەڵام سەرکردە دەسترۆیشتوەکانی گۆڕانیش تا کاتی دامەزراندنی ئەم بزوتنەوەیە لە ریزەکانی یەکێتی خاوەن دەسەڵات و نفوزی خۆیان بوون و ئەوانیش لەو سلبیاتانە بەشدارن و لەو گەندەڵیە بێبەری نین .
ئەم برادەرانە ، گەر تا رۆژی ئەمرۆ نەیانتوانیبێت بە سەرکەوتویی دەسەڵاتی کوردستان بەرێوەبەرن و ، بەو هەموو داهاتە زۆرەوە هەنگاوێک کوردستانیان نەبردتبێتە پێشەوە ، کەچی لەبەرامبەردا ، پارە و داهاتی خەڵک رەوانەی بانکەکانی دەرەوە کرابێت و جیاوازی لە بژێوی ژیانی خەڵک فراوانتر کرابێتەوە و ، ئەوان و حزبەکانیان فاکتەری سەرەکی ئەو هەموو گەندەڵیە بن ، هەر هەمان ئەو کەسانە چۆن دەتوانن چاکی بکەنەوە ، کێ هەیە قازانی تایبەتی لەم دەسەڵاتە وەرگرتبێت و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی بەکاریهێنابێت و ، لەم کاتەدا بە خۆیدا بچێتەوە و پارەو پوڵەکانی لەدەرەوە بگەرێنێتەوە . کەس هەیە دزی بکات و بڵێت ئەمرۆ کرودستان لە قەیراندایە، ئەوەی لای منە دەیهێنمەوە !
لەم روانگەوە ، ئەگەر لە هەڵسەنگاندنماندا بۆ هەرێمی کوردستان بەو دەرئەنجامە دەربچین کە کوردستان پێویستی بە گۆرانکاریەکی ریشەیی هەیە، گەر تەماشای وەزعی سیاسی و ئابووری کوردستان بکەین ، دەبێت بپرسین؛ چارەسەری ئەم بارودۆخە چی و چۆن بێت و بەکێ دەکرێت ؟
تا شەری داعش و ئەم ئاڵۆزیە مابێت ، بەهیچ شێوەیەک ئاسۆی گۆڕانێکی هەمەلایەن لە دەسەڵاتی سیاسی کوردستاندا لە هیچ شوێنیکەوە دەرناکەوێت ، بەڵکو خەڵکەکە پێش دەسەڵات گیرۆدەی دەستی داعشن ، چ وەک بەرەنگاربونەوەیان و قوربانیدان و شەر لە دژیان ، یان دواخستنی داواکاری چارەسەر و چاکسازی لە حوکمرانی و راماڵینی گەندەڵان بە هەموو رێگە و ئامرازێکەوە . بەڵام ئەوەی خەڵکی کوردستان لێی ئاگادارن و یەکلابونەتەوە لێی ، کە تۆزقاڵێک هیوای چاکبونەوە و چاکسازیان بەم دەسەڵاتەی کوردستان نەماوە . بۆیە تا ئەو کاتەی رزگاربونمان لەم واقعی شەرە سەپێنراوە مەیسەر دەبێت ، دەبێت هەمووان بە وریاییەوە لە مەسەلەکان بروانن و بە چەواشەکاری و هەڵخەڵاتاندن و زمانلوسی فریومان نەدەن ، دەبێت رەش و سپی لەیەکتر جیابکرێتەوە و ، هەوڵ بدەین بە هەموو شێوازەکانی گۆرانکاری دیموکراسی گەندەڵکاران پەراوێز بخیەن و ئەوانەی توانای رێکخستنەوەی کوردستانیان هەیە پێشبخەین ، ئەگینا بە هیچ شێوەیەک دەسەڵاتی ئەمرۆی کوردستان لەتوانایدا نیە باری لاری کورستان راست بکاتەوە ، مێژووش رەحم بەکەس ناکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت