17-shwbat

 عیماد عەلی : ئەی کەسوکاری قوربانیانی 17ی شوبات – مەهێڵن کەس یادیان بکاتەوە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی بە وردی لە رووداوەکانی 17ی شوبات بروانێت و ، ئەو بارودۆخەی ئەو ئان و ساتەش لێکبداتەوە ، دەزانێت ، قوربانیانی ئەو روداوە ، کێ بوون ، چۆن خەڵک بە خۆ رسک بەشداری ئەو چالاکیانەی کرد و کێ خۆی کرد بە ساحیبی و نان و پیازی پێوە خوارد ، دوای ئەوەی لە سەرتادا تەنانەت بە ئاژاوەگێر لەقەڵەمی دان و، دواتر لە بەحزبی کردنی ئەو چالاکیانە زەرەری گەورەی لە چالاکی مەدەنی و ورەی خەڵک و ئامانجەکانی خۆپیشاندەران نارەزیبوان دا و ، وای لە وەزعەکە کرد کە تا ئێستاش لە بیرکردنەوە بۆ دووباەر کردنەوەی هەر چالاکی و داواکاریەکی حەقی خەڵک هەزار و یەک بیر بکرێتەوە ، بەڵکو بێ ئومێدی خەڵک بە سەرجەم حزبەکان وای کردووە سڵ لە سەرجەم چالاکیەکان بکرێتەوە نەوەک هەر جارەو حزبێک بۆ مەرامی تایبەتی خۆی ئیستغلالی هەست و نەست و چالاکیەکانی ئەوان بکات ، وەک چۆن لە 17ی شوباتدا کردیان و ، دواتر ماراسۆنی رووە و پیرمامیان لە پێناو بەدەستهێنانی بەشەکەیان لە کێکی دەسەڵات دەست پێ کرد .
بێگومان یەکێتی و پارتی وەک دوو حزبی دەسەڵاتداری ئەو کات ، سەرجەم بەرپرسیاریەتی توندوتیژی و کوشت و برەکەیان دەکەوێتە ئەستۆ ، بەڵام ئەو ریکخراو وکەسایەتیانەی لە پێشەوەی خۆپیشاندان و چالاکیەکان خۆیان دەنواند و لە ژێرەوە بە فەرمانی ئەم و ئەو رێرەوی چالاکیەکەیان گۆری و لەدەستی خەڵک دەریان هێنا و ، ئۆپۆزسیۆن خۆی کردە خاوەنی ، کەچی لە سەر داواکاری خەڵک و پەیمانەکانی خۆیشی بەردەوام نەبوو . بەڵکو لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن لە گەڵ ئەو لایەنە هاوپەیمانیان بەست کە بە بکوژی چالاکوانان و رەفتاری توند و تیژی تۆمەتبار دەکرێت و ، بێ ئەوەی بچوکترین رێژەی داواکاریەکانی خۆپیشاندەران و خەڵک بێتەدی ، ئێستا لە دەسەڵاتدان و لە گەڵیدا بەشدارن و بەهانە بۆ کەموکوریەکانی دەهێننەوە .
ئەوەی جێگەی سەرسورمانە ، کە رێکخراوە مەدەنیەکانیش دابەشبون بەسەر حزبەکاندا و ، هیچ کەس متانەی پێیان نەماوە ، بۆیە ، بۆ یادکردنەوە و داواکاری قوربانیانی روداوەکانی 17ی شوبات ، پێویستە تەنها کەسوکاریان بەخۆیان یادی بکەنەوە و نەچنە ژێر رکێفی هیچ ریکخراو و حزبێک ، کە تا ئێستا کەمتەرخەم بون لە داواکاری و ئامانجی خۆپیشاندەرانی 17ی شوبات ، مافخوراو بوون ، مەهێڵن هیچ کەسێک یان رێکخراوێک یان حزبێک بە ناوی ئێوەوە یادی ئەو روداوە بکاتەوە ، مەهێڵن زامەکانتان بە حزبایەتی و بەحزبیکردنی یادەکە بکولێننەوە ، مەهێلن روحی قوربانیەکان بە بەکارهێنانی خوێنەکانیان بۆ مەبەستی حزبی و بەرژەوەندی تەسک ئازار بچێشن . قبوڵی مەکەن کەس خۆی بکات بە خاوەنیان و بە خۆتان پێکەوە وەک خانەوادەی قوربانیان یادی بکەنەوە، هەموو خەڵکی کوردستانتان لەگەڵدایە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت