Shino-Muhamad-1

شنۆ محەمەد : وڕێنەکانى من ، بەشى ( 7 ) .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من ڕقم لەو کەسانەیە کە سوارى ئەسپ یا ئاژەڵەکانى تر ئەبن ، لەو کەسانە بێزارم کە بۆ تێرکردنى سکى برسى خۆیان ئاژەڵ و باڵندە ئەکوژن و گۆشتەکەى ئەخۆن ، هاوکاتیش لەسەر سفرە و لەکاتى خواردنى گۆشتەکەدا باسى ئینسانیەتى و میهرەبانیمان بۆ ئەکەن ؟ ڕقم لە عەقڵى ئەو کەسانە ئەبێتەوە کە کوشتنى ئاژەڵێک یا باڵندەیەک ویژدانى مردویان ناهەژێنێت ؟ هەڵبەتە کاتێک باسى ویژدان ئەکەم من لە دیدى خۆمەوە باسى ئەکەم .

لاى من بێویژدانى ئەوەیە تۆ گۆشت بخۆیت و ڕێز لە بونەوەرانى تر نەگریت بە مرۆڤەوە ، من بەمە ویژدانم ئاسودە ئەبێت کە گۆشت نەخۆم و وا لەخەڵک بکەم گۆشت نەخۆن، هاوکاتیش کەسانێک هەن بەوە ویژدانیان ئاسودە ئەبێت کە لەناو سەدان مناڵ و ژنى بێتاوان خۆیان بتەقێننەوە و هەزاران جەستەى بێتاوان پارچەپارچە بکەن ، لاى ئەو کەسانە بێویژدانیە گەر خۆیان نەتەقێننەوە، ویژدان لاى ئەوان بریتیە لە خۆتەقاندنەوە لەناو هەزاران کەسى بێتاوان ، ئەوان بەم کارە ویژدانى خۆیان ئاسودە ئەکەن و ئەژدیهایەکەى ناخیان دڵخۆش ئەکەن .
ئەرکى ویژدان تەنیا هەڵبژاردنە و بەس ، هەڵبژاردن لە نێوان دوو شت یا زیاتر ، هەموو ئەو کەسانەى بێ بیرکردنەوە و تێفکرین یەک شت ئەکەن و دووبارەى ئەکەنەوە ماناى وایە ویژدان لاى ئەوان ئامادەیی نیە ، ئەرکى ویژدان گۆڕینى ئەژدیهاکەى ناخى مرۆڤە بۆ بونەوەرێکى میهرەبان .
ئەژدیها بەخەبەرەکەى دەرونى مرۆڤ ، لە ناخى هەموو کەسێکیشدا هەم ویژدان هەم ئەژدیها هەیە ، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ کامیان زاڵن بەسەر ئەوى تردا ، ویژدان یا ئەژدیها ؟ گەر لە تەواوى وێستگەکانى ژیانتدا بێ بیرکردنەوە بڕیارتدا و چوویتە پێشەوە ماناى وایە ئەژدیهاکەى ناخت بەسەر ویژدانتدا زاڵە ؟ ئەو ئەژدیهایەى لە ناخى مرۆڤیشدا هەیە یەک جۆر ئەژدیها نیە ، هەر یەکێک لەو حەوت ملیار مرۆڤەى دونیا خاوەن ئەژدیهایەکى تایبەت بەخۆیەتى کە لە هیچێک لە ئەژدیهاکانى ترى دونیا ناچێت ، ئەژدیهاى تیرۆرستێک بەوە بەختەوەر ئەبێت مرۆڤەکە بچێت لەناو حەشامەتێکى گەورەى ژن و مناڵدا خۆى بتەقێنێتەوە ، ئەژدیهاى بوزیەک بەوە شاد ئەبێت مێرولەیەکى بچووک لەناو ئاو ڕزگار بکات ، ئەژدیهاى سەرۆکەکانى ئێمەش بەوە بەختیار ئەبن کە ئێمە وەها سەیریان بکەین کە جگە لەوان هیچ ئینسانێکى تر نیە لە دونیا وڵاتمان بۆ بەڕێوەبەرێت ، ئەژدیهاى ئەوان حەز ئەکات ئێمە بە شێوەیەک سەیریان بکەین کە جگە لەوان هیچ مرۆڤێکى دونیا شایانى سەرۆکایەتى نیە ، هەر ئەمەشە واى لە میللەتى کورد کردووە کە هەموو دونیا سود لە کورد ببینێت تەنیا کورد نەبێت ؟ کورد تاکە نەتەوەى سەر زەمینە کە سودى لە کورد نەبینیوە ؟ هەندێک جۆرى ئەژدیهاش هەیە هێزى ویژدان بەسەریدا زاڵە بۆیە تەنیا بەوە بەختەوەر ئەبێت کە ئەوانى تر بەختەوەر بکات ، ئەم جۆرە ئەژدیهایە لاى گرینگ نیە ئاخۆ خۆى بەختەوەرە یا نا ، پێئەکەنێت یا نا ، ئەوەى لاى گرینگە ئەوەیە چۆن وا بکات ئەوانى تر پێبکەنن و بەختەوەر بن ، بەردەوام کار بۆ ئەوە ئەکات پێکەنین دروست بکات ، پەتى ئەم جۆرە ئەژدیهایانە بەدەست ویژدانەوەیە ، ئەم جۆرە ئەژدیهایە پتر لە کارگەیەکى دروست کردنى پێکەنین و خۆشى ئەچێت، لە کارگەیەک ئەچێت کە ئەرکى تەنیا دروست کردنى شادیە ، ئەو ئەژدیهایە زۆرترین بەختەوەرى لەوە ئەبینێت کە زۆرترین شادى بۆ خەڵک دروست بکات .
بۆیە زۆرجار تەواوى پێکەنینەکانى خۆى ، شادیەکانى خۆى ، ئەبەخشێتە خەڵک تا ئەوان پێبکەنن ، زۆر مرۆڤ هەن هەزاران کەس بەهۆى ئەوانەوە ڕۆژانە لەوپەڕى شادى و خۆشیە ، کەچى خۆیان خاڵین لە خۆشى و شادى ، چونکە تەواوى خۆشیەکانى خۆیان بەخشیوە ، بەخشینى خۆشیەکانى خۆت جوانترین جۆرى بەخشینە ، هەروەکچۆن بەخشینى پارچەیەک لە جەستەى خۆت بە کەسێکى تر جوانترین و نایابترین جۆرى بەخشینە لە گەردون . هەندێک جۆرى ئەژدیهاش هەن بەوە دڵخۆش ئەبن کە زۆرترین ئازار دروست بکەن بۆ ئەوانى تر ، هەمیشە زۆرترین چێژ لە دروست کردنى زۆرترین ئازارى ئەوانى تر ئەبینن ، هەموو خۆشى و شادیەکانى ژیانیان لەسەر حیسابى ناخۆشى ئەوانى تر بەرهەم دێنن ، تەنانەت پێکەنینەکانیشان هى خۆیان نیە ، ئەوەى هەیەتیان سەرتاپاى بریتیە لە دزینى خۆشیەکانى ئەوانى تر. هەموو خۆشیەکى دونیا حەڵاڵە جگە لەو خۆشیانە نەبێت کە لەسەر حیسابى ناخۆشى کەسێکى تر بەدەستى دێنیت ، ئەژدیهاى ئەو جۆرە کەسانە هیچ نیە جگە لە یەک پارچە ئازار و مەینەتى بۆ هەموو شتێک .
زۆر کەس هەیە ئەتوانێت هەموو کەسێک ئازار بدات جگە لە خۆى ؟ هەندێکیش هەن ڕێک پێچەوانەن ، ناتوانن هیچ بونەوەرێکى دونیا ئازار بدەن ، بەڵام هەمیشە جەللادن بەسەر جەستەى خۆیانەوە ؟ ئەمانە لاى من هەردووکیان یەک جۆرە نەخۆشیە ، تەنیا کەمێک جیاوازى هەیە ، چونکە هەمیشە ئەو کەسانەى جەللادن بەسەر هەموو بونەوەرانى دونیا بە دڵنیاییەوە ڕۆژێک لە ڕۆژان جەللاد بوونە بەسەر خۆیانەوە ، ئەستەمە لە دونیا جەللادێک بدۆزیتەوە بێ ئەوەى باگڕاوندێکى جەللاد بوونى هەبێت بەسەر خۆیەوە ، ئەو کەسانەى ئەتوانن ببنە جەللاد بەسەر خۆیانەوە زۆر بە ئاسانیش ئەتوانن ببنە ئەژدیها بەسەر جەستەى هەموو کەسێکەوە ، بۆیە هەر کات ویستمان نەبینە جەللاد بەسەر خەڵکەوە ئەبێت سەرەتا خۆمان خاڵى کردبێتەوە لەجەللاد بوون بەسەر خۆمانەوە ، چونکە جەللاد بوون بەسەر جەستەى خۆمانەوە سەرەتاى دەستپێکردنى ڕەگى جەللادە بەسەر جەستەى ئینسانەکانى تر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت