Iran-Turkey

   بەختیار شارەزورى : گفتۆگۆکانى نێوان بەغداد و هەرێم بەرەو کوێ .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

گەڕانەوە بۆ خاڵى سفر … قۆناغى دواى داعش  .

دەرکەوتنى داعش ئەگەر پلانێکى ناونراو بێت ، بە سیاسەتى کورەى هەنگ ، ئەوا بۆ خۆى هەر وڵاتەوە هەوڵ دەدات لە ڕوانگەى بەرژەوەندى خۆیەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەرکەوتەیەدا بکات ، شانۆى گۆڕانکارییەکان وەک تەونى جاڵجاڵۆکە پڕە لە تاکتیک و سیناریۆ ، لەم نێوەندەدا دەبێت بپرسین … کورد بە گشتى و باشورى کوردستان و حکومەتى هەرێم دەکەوێتە کوێ ى ئەم یارییانەوە ، ئەوە دەزانین لە دواى پاشەکشەى تورکیا لە دەرکەوتەى داعشدا ئێران دەبێتە یارچییەکى سەرەکى ، ئەوەش دەزانین کە ئەمریکا لەسەر بناغەى بەرژەوەندى خۆى و هاوپەیمانەکانى لە ناتۆ هەنگاو دەنێت ، ئەگەر دەرکەوتەى داعش هەڕەشە بێت بۆ ئاسایشى وڵاتانى ئەوروپى ، ئەوا ئێمە ئەو بازنەیە جێدەهێلێن قسە لەسەر ئێران و تورکیا دەکەین ، تورکیا دەروازەى دابینکردن و گواستنەوەى غاز و نەوتى ئەوروپایە ، ئێرانیش پێگەى سیاسى سەربازى وەک ئەختەبوت لە زۆرێک لە وڵاتانى ناوچەدا بەهێزە ، خۆ ئەگەر داعش .

ناتۆ و ئێرانى خستبێتە بەردەم ترسێکى هاوبەش ، ئەوا لە تەونەکانى تردا ململانێکان و تاکتیکەکان بەردەوامیان هەیە ، ئەگەر هەرێم نەوتى کەرکوکى بەدەستەوە بێت و پێ ى وا بێت ئەو بۆرییە ناتوانى زیاتر لە نەوتى هەرێم هەناردە بکات ، ئەوا چونى عەبادى بۆ تورکیا بە کارتى سورى ئێرانیەوە ، دەکاتە ئەوەى کە کورد دەگەڕێتەوە خاڵى سفر ، هەر دەبێت بگەڕێتەوە بەغداد و ڕازى بێت بە داواکارییەکانى بەغداد ، خۆ ئەگەر تورکیا و عێراق ڕازى ببن بە ڕێککەوتنێک ، ئەوا کورد ناچار دەکرێت بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغداد چونکە کورد هیچ ڕێگەیەکى نیە بۆ هەناردەکردنى نەوت جگە لە تورکیا ، ئەمەش وا دەکات کارتەکانى عەبادى و تورکیا نزیکتر بن لەیەکەوە تا هەرێم و تورکیا ، خۆ ئەگەر یەکێتى و پەیەدە و پەکەکە و بەشار ئەسەد و حیزب اللە دریژکراوەى قەڵەم ڕەوى ئێرانى بن ، ئەوا کورد دەبێت مێزى گفتوگۆکەى هەرسێ لایەنى لەسەر بێت ( ئێران و عێراق و تورکیا )  بەڵام کاتێک کورد دەیەوێت لەگەڵ تورکیا بە تەنها بڕیار بدات و سود لە هاتنى داعش ببێنیت و نەوتى کەرکوک ببستێتەوە بە بۆریەکانى کوردستانەوە ، ئەوا تورکیا لە بەرامبەر داواکارى ڕاگرتن و بەکارهێنانى کارت بۆ باشور دەیبەستێتەوە بە بەرژەوەندییەکانى خۆیەوە ، ئەوش دەزانین کە تورکیا چاوى لە نەوت و غازى  روِژئاوایە و ئەویش لاى ئێران و عێراقە ، کاتێک عەبادى دەڕوات بۆ تورکیا و ڕیککەوتنەکانى کورد لە بەغداد دەگەڕێتەوە خاڵى سفر ، بەکارهێنانى ئەو تاکتیکەیە کە بەرژەوەندیەکانى بەغداد و ئەنقەرە گەورەترە لە بەرژەوەندییەکانى کوردو ئەنقەرە ، ئەکرێت لە بەرامبەر فشار بۆ کورد لە لایەن تورکیاوە ڕیکەوتنێک هەبێت بە کارت بە کارت لەگەڵ بەغداد و ئەنقەرە .

 بە گڵۆپى سەوزى ئێران و ناتۆوە ، ئیتر ئەو کارتە پەیەدەیە یان پەکەکەیە یان یەکێتى ، لاى ئەوان گرنگ نیە کارتێک دەسوتێنێ بۆ کارتێکى بەهێز تر ، بۆیە کورد نەیتوانیوە ئەو یارییانە بکات تا لەسەر مێزى گفتوگۆ ، کارتى بەهێز فڕێ بداتە بەردەم نەیارەکانى ، هەر بۆیە دەبێت کورد لەیەک کاتدا لەگەڵ بەغدادا ڕێکبکەوێت بە چاودێرى ئێران و تورکیا و ناتۆ ، ئەگەر نا ئەوا باشور لەسەر کەرکوک توشى کارەساتى گەورە دەبێت ، ئەگەر لە ئێستادا کورد بە هەموو کارتەکانییەوە نەتوانێت لەگەڵ بەغداد ڕێکبکەوێت ، ئەو کات دواى دەرکردنى داعش لە عێراق کورد کارتەکانى لاوازتر دەبێت ، سەرەتاى شەڕى دواى داعش دیارە ، هێنانى حشدى شعبى بۆ دواى قۆناغى داعشە ، بۆیە پێویستە کورد لە ئێستاى بەهێزبونیدا بتوانێت هاوسەنگى ئەو هاوکێشەیە ڕابگرێت ، پێویستە لە ئێستاوە کورد خۆى ئامادە بکات بۆ دواى دەرکردنى داعش لە عێراق و ئەم چەند پرسیارە لە خۆى بکات .

1 – بەشدارى پێشمەرگە وەک هبَزیکى کاریگەر لە دەرکردنى داعشدا ، لە بەرامبەر چى دەبێت .

2 – دواى داعش لەسەر نەوتى کەرکوک چۆن ڕێکدەکەون .

3 – دواى چاککردنەوەى بۆرى (کەرکوک – موسڵ – بەندەرى جیهان) کەرکوک بەرەو چى ئاراستەیەک دەڕوات . 

4 – کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسەیى ڕۆژئاواى کوردستاندا دەکات .

5 – حشدى شعبى بە چى پێوەرێک لە کەرکودا دەمێنێتەوە  .

6 – کیشەى سۆمۆ و کۆمۆ چى بەسەر دێت .

ئەمانە و چەندین پرسیارى تر ئەو ئەگەرانەن کە دەبێت کورد خۆى بۆ ئامادە بکات و تاکتیک و سیناریۆى خۆى هەبێت  ، بۆ قوناغى دواى داعش لە عێراقدا .