گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد ، قیادە موەقەت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ئەحمەد ئەسکەندەری

*  کڕۆنۆلۆژی ڕۆژەکانی دەورووبەری دەرچوونی گەڵاڵەی ٨ خاڵی مەهاباد

*  دەقی گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد

*  چەند پرسیارێك لەسەر ناوەرۆکی ئەو گەڵاڵەیە و بەتایبەتی خاڵی هەشتەم

*  زەمینەی دژایەتی لەگەڵ قیادە موەقەت

*  ئیسرائیل و شۆڕشی کورد

*  ئایا نووسینی ماددەی ٨ لەو گەڵاڵەیەدا پێویست بوو ؟

*  قیادە موەقەت پاش نووسینی ماددەی هەشت

*  لێکدانەوەی ڕا و بۆچوونەکان

*  شێخ عێزەدەین حوسەینی ، سەلاح موهتەدی ، غەنی بلووریان ، دوکتور قاسملوو ، سەننار مامەدی ، برایم یۆنسی ، ڕەحیم  خەڕازی ، عەبدوڵڵا حەسەن زادە ، نەوشیروان مستەفا ، جەلیل گادانی ، ئەحمەد موفتی‌ زادە ، کریس کووچێرا ، دەیڤید مەکداوڵ

*  سەرچاوەکان

 

پێشەکی

نیوەشەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨  لەسەر١٩ی مانگی٢ی ١٩٧٩) کۆمەڵێک لە نوێنەرانی شارەکانی کوردستان لە مەهاباد لەگەڵ نوێنەرانی حکوومەتی تازە دامەزراوی ئێران وتووێژیان کرد و گەڵالەیەکی ٨ خاڵییان پێشکەش کرد . ئەم گەڵاڵەیە کە بە هەشت ماددەییەکەی مەهاباد ناوبانگی دەرکرد ، دەنگدانەوەیەکی ئێجگار زۆری هەبووە و ئێستایش دوای ٣٦ ساڵ ململانێی لەسەر دەکرێت و بووەتە باسێکی گەرم لە نێوان چالاکانی سیاسی ، توێژەران و ئەندامان و ڕێبەرانی ئێستا و ئەوکاتی هێزە سیاسییەکانی کوردستان .

هەر لە مامۆستا شێخ عێزەدین حوسەینی‌یەوە بگرە هەتا بەڕێزان سەلاح موهتەدی ، غەنی بلوریان ، دوکتور قاسملوو ، عەبدوڵڵا حەسەنزادە ، جەلیل گادانی ، برایم یۆنسی ، نەوشیروان مستەفا ، ڕەحیم خەڕازی لەسەر ئەو گەڵاڵەیە قسەیان کردووە. تەنانەت لە نووسراوەی کریس کووچێرا و دەیڤید مەکداوڵ‌ و هی‌تریشدا دەگێڕدرێتەوە و بەتایبەتی لەسەر خاڵی هەشتەمی ئەو گەڵاڵەیە کە سەبارەت بە بارزانی و قیادە موەقەتە ، بە شێوەی جۆراوجۆر و جاری وایە زۆر شێوێندراو باسکراوە . سەیر ئەوەیە هیچکەس ناچێتە ژێر ئەو خاڵە و بەرپرسیارەتییەکەی قبووڵ ناکات .

هەڵسەنگاندنی ڕووداوێکی مێژوویی دەبێ هاوکات لێکدانەوەی هەلومەرجی مێژوویی ئەو کاتە بێت کە تێیدا ڕووداوەکە هاتووەتە پێش و لە چوارچێوەی کەش و هەوای سیاسی سەردەمی خۆیدا بەراورد بکرێت . نابێ دواتر و بەپێی بەرژەوەندی ئێستا و ترازووی هێزەکان بکەوینە گێڕانەوەی ڕووداوەکانی پێشتر و پاکانە کردن بۆ خۆمان .

لە سەردەمێکدا کە ڕژیمی شا ڕووخاوە ، بەشێك لە دەسەڵاتی ئەرتەشی شاهەنشاهی هێشتا لە شاری مەهاباد لە جێی خۆیدا ماوەو هاواری دروشمی جەماوەری لە دژی هەموو نیشانەکانی ڕژیمی پاشایەتی هێشتا هەر بەردەوام لەسەر کۆڵان و خیابانی کوردستان دەبیسترێت . لە کاتێکدا کە هەلومەرجی شۆڕش و کەفوکوڵی هەستی شۆڕشگێڕانە لە هەموولایەکەوە بەدی دەکرێت و هەموو ڕەوتە سیاسییەکان لە کوردستان خۆیان بە دوژمنی ساواک و ئەرتەشی شا و پشتیوانە نێونەتەوەیی و ناوچەییەکانی دەزانن ، لە کاتێکدا کە دروشمی دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل و . . بە گەرم و گوڕی دەگوترێت و دەبیسترێت ، لە وەها کاتێکدایە کە دەوڵەتی مەهدی بازرگان سەرەکوەزیرانی تازە دەستنیشانکراوی خومەینی ، دەستەیەکی نوێنەرایەتی بە سەرۆکایەتی داریووش فرووهەر دەنێرێتە کوردستان. رژیمی شا ڕۆژی ٢٢ دەڕووخێت و ئەم نوێنەرانە تەنها یەک هەفتە دواتر ، واتە ٢٩ی ڕێبەندانی ١٣٥٧ (١٨/١٢/١٩٧٩) دەگەنە شاری مەهاباد .

قسەوباسی ئەم ماددەی هەشتە لە دیدار و گفتوگۆ و هەروەها لە دیمانەی ڕۆژنامەوانی و لە کتێبی بیرەوەری و تەنانەت لە کتێبی مێژوونووسە بێگانەکانیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە . بەشێك لە لێکدانەوەکان نەک هەر تەمومژی دەورووبەری ئەم گەڵاڵەیە ناڕەوێننەوە ، بەڵکوو زیاتر تەماویی دەکەن . ئەم نووسراوەیەی من هەوڵدانێکە بۆ توێژینەوەی ئەو هەلومەرجەی گەڵاڵەی هەشت خاڵی مەهابادی تێدا نووسراو و هەروەها بەسەر کردنەوەی هەموو ئەو کەسانەیە کە سەرنج و بیروبۆچوونی خۆیان لەسەری دەربڕیوە . دیارە دەرگای ئەم باسە هەر ئاوەڵایە و لەوانەیە بە بڵاوبوونەوەی بیرەوەری و هەروەها دەرکەوتنی بەڵگەی کۆن چ لە ناو حیزبەکانی کوردستان و چ لە لای دەزگا پەیوەندیدارەکانی وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەت ئێران و عێراق و تورکیایش شتی زیاتر دەرکەوێت .

ئێمە هەموومان ، چ ئەوانەی لە ناو حیزب و ڕێکخراوەکاندا بەرپرسیارەتیمان هەبووە ، چ ئەوانەی لە دەرەوە وەکوو چاودێرێک دەڕوانینە مێژوو ، هەر هەموومان بەرپرسین لەبەرامبەر گەلی کورددا و لەبەرامبەر نەوەی داهاتوودا . ناتوانین بە دروشم و قسەی بریقەدار باس لە گەورەیی گەلی کورد و سەربەخۆیی و مافی نەتەوایەتیمان بکەین ، بەڵام لەکاتی گێڕانەوەی مێژوودا لایەنە ناشیرین و دزێوەکان بشارینەوە و بکەوینە شێواندنی ڕابردوو و دەست بردنە ناو ڕووداوگەلێك ، کە درەنگ یان زوو ڕاستییەکەی دەردەکەوێت .

مەبەست لە نووسینی ئەم وتارە ئەوەیە کە تیشك بخرێتە سەر مێژوویەکی گرینگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بەداخەوە تەنانەت ئارشیڤێکی ناڕێك و پێکیشمان لەسەری نییە . ئەگەر بمانەوێ ڕووناکی بخەینە سەر بارودۆخەکە و خوێندنەوەی هەڵوێستی لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییەکان ، دەبێ پەنا ببەین بۆ ڕۆژنامە ڕەسمییەکانی ئێران و هەروەها چەند ڕێکخراوەیەکی سیاسی ئێرانی و یان بیرەوەری کەسانێک کە لەم مێژووە دواون . کەسانێکی زۆر کەم و بە دەگمەن یادداشت و نووسینیان هەیە و دەیکەنە سەرچاوەی لێکدانەوەکانیان . جێگای داخە کە زۆربەی کەسەکان لەسەر ئەساسی ئەوەی کە چەندەیان لەبیرماوە و یان بەپێی بەرژەوەندی و بۆچوونی ئێستایان ، شتەکان دەگێڕنەوە …

ئامانجی من تەنها ڕۆشن بوونەوەی ئەم مێژووەیە و لەگەڵ ڕێزمدا هیوادارم هیچکەس لەوانەی ناویان هاتووە پێیان وانەبێت کە مەبەستێکی تایبەتی هەیە بەرامبەر بەوان ، یان بەرامبەر بە لایەنێکی سیاسی دیاریکراو . هەوڵم داوە بە بێ بەڵگە هیچ داوەرییەك نەکەم . دیارە ئەمە دادگایی کردنی کەسیش نییە و قەرار وانییە لە ئەنجامدا کەسێك بە تاوانبار بزانرێت . لە هەمان کاتدا جێگای خۆیەتی ئاماژەکان و بەرپرسیارەتییەکان دەرکەون .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی نوسینەکە کلیک بکەرە سەر ــ گەڵاڵەی ٨ ماددەیی مەهاباد ، قیادە موەقەت و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 س ـ ن ن س ڕۆژ

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت