Fuad - Ibadi

عیماد عەلی : مامەڵە کردنی حکومەتی هەرێم و ئەمریکا .

سمبولی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

کەس گومانی لەوەدا نیە کە تەرازوی هێز لەرووی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابووریەوە لە نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە پێوەری هاوکێشە نێودەوڵەتیەکان بە هیچ شێوەیەک بەراورد ناکرێت ، کە هۆکارەکانی روونە لای هەموان پێویست ناکات بیخەینە روو ، بەڵام ئەوەی دەکرێت حکومەتی هەرێم بیخوێنێتەوە و ئەو دەرچانەی کە دەتوانێت تێیدا بە شێوەیەکی ئاسایی و ئازاد بەکاری بێنێت و پشتی پێ ببسەتێت لە ولاتێکی سەربەخۆ کەمتر نیە . بەڵام پێش هەر یاریەک کە بیەوێت لەگەڵ ئەمریکادا بیکات پێویستە زەمینەی نێوخۆی کوردستان لە رووی یەک هەڵوێستی و متمانەپێ کردن و توانای سیاسی و دیبلوماسی و نەبونی گەندەڵی و کۆدەنگی سەرجەم لایەنەکان و فەراهەمبونی ئارامی ئابوری و سیاسی ئامادەباشی تێدا کرابێت . واتە ، زەمینەی لەباری نێوخۆیی بۆ ململانێی سیاسی هەبێت و کۆمەڵیک کارتی گشتی وەک پێگەی ستراتیجی و یاریکردنی نێوان تورکیا و عیراق و ئێران بە شێوەیەک بەکار بێنێت کە ئەمریکا ناچار بکات مامەڵەی جدیتر لەگەڵیدا بکات نەک وەک تا ئێستا دەیکات بێ منەت بێت لێی . پرسیارەکە لەوێدایە چۆن ؟بۆ سەرکەوتن لەم ئامانجە دەبێت :
یەکەم : دەبێت وا پیشانی ئەمریکا بدرێت کە کورد روحی سەرکێشی تێدایە و سەرەرای لاوازی هەڵوێستی بەڵام دتوانێت هەنگاوی وا بهاوێژێت کە زەرەر لە ستراتیژیەتی ئەمریکا لەناوچەکە دەدات ، ئەگەر ئەمریکا بەم شێوەیە لەم سیاسەتەیدا بەردەوام بێت و لەو رووەوە لەسەر ئەرز هەنگاو بنێت .
دووەم : دەبێت کورد وەک یەک تیم بە سەرجەم حزبەکانەوە بە نوێنەرایەتی حکومەت ، یان پاش پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای سیاسەتی ستراتیژی هەرێم ، وەک ئەمرۆ بەسەر هەردوو میحوەری سونە شیعە دابەش نەبن ، بەڵکو لەو نێوانەدا بە پێی خوێندنەوەی سیاسەتی رۆژانە و بەرژەوەندیەکانی مامەڵە لە گەڵ هەردوو میحوەر بکات . واتە هەموو سەلاحیەتێک بداتە دەست لیژنەی باڵا بۆ ئەوەی هیچ حزبێک تۆمەتبار نەکرێت بە پەیمان شکێن لەلایەن وڵاتانی ناوچەکە و دەرەوەدا ، ئەو لیژنەیە لە رەسمی مامەڵە لەگەڵ دەرەوە و ململانێی ناوچەکە و میحوەربەندیەکان بەرپرسیار بێت و ، چی بەباش بزانێت لە هەڵوێستی راست و دروست لە ئاست وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەتی ئەمریکا پێنیاری رۆژانەی بۆ سەرۆکایەتی هەرێم هەبێت و بینوێنێت ، واتە ، لەو خاڵە لاوازە زۆرانەی کە لە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەکە بەدیدەکرێت کاریگەری خۆی هەبێت و، بتوانێت لە موقایەزەی سیاسی لەگەڵ هەموو لایەک قازانجی خۆی بکات .
سێیەم : کورد لە سیاسەتەکانی دەکرێت کاری وابکات و رەفتاری وا بنوێنێت کە هەنگاوەکانی هاوتەریبی هەڵوێستەکانی نەبن ئەگەر پێویست بکات و ، لە مامەڵەی لەگەل تورکیا و ئێران لە روانگەی فشارخستنە سەر ئەمریکا یاری بکات .
چوارەم : تا ئێستا کورد لە رووی سیاسی و دیبۆماسیەوە قازانجی لە راگەیاندن نەکردووە ، کەچی وڵاتان لە یەکلاییکردنەوەی زۆرێک لە پرس و کێشە گەورەکان پێش هەر هەنگاوێکی سیاسی ، چ بە رێنمایی یان بە هسەتکردنی بەرپرسیارانەی دەزگا راگەیاندنەکان ، ئەوان بە جوانی رۆڵی خۆیان بینیوە . بۆ ئەم مەبەستەش ، پێویستە پلانێکی گەورەی هاوبەشی دەزگاکانی راگەیاندن و لێژنەی باڵای سیاسەتی هەرێم هەبێت و هەنگاوێکی چر بگرنە بەر و ، بەپێی پێویستی هەر ئەرکێکی سیاسی هەنگاوێک بنێن و ئامنجێک بپێکن کە یارمەتیدەر بێت لە دروستکردنی قورسایی لەسەر لایەنە کاریگەرەکانی ناوچەکە و بەشێک لە پلانە هەمەگیرەکە جێبەجێ بکەن .
پێنجەم : تا ئێستا رای گشتی نێوخۆی کوردستان بە شێوەیەک تەیار نەکراوە کە لە قازانجی ئامانجە سەرەکیەکانی خەڵکی کوردستان بێت ، لە بەر نەبونی راستگۆیی و گەندەڵی و هەڵەی گەورەی بەرپرسان و نەبونی عەدالەتی کۆمەڵایەتی، هەڵچون و داواکاری وردی بەرژەوەندخوازانەی تاکی کۆمەڵگەی کوردەواری کاری زیاتری کردۆتە سەر رای گشتی نەک هەنگاونانی ستراتیژی بۆ گەیشتن بە ئامانجە گشتیەکان .
شەشەم: ئەگەر لە سیاسەتی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندا ، بەرژەوەندی حزبی و شەخسی بنبر نەکرێت ، دەبێت لێرەدا بەراشکاوی خەڵکی کوردستان ئاگادار بکەینەوە کە سەرکەوتنمان لە هەوڵەکانمان لە پێناو پەرینەوە لەم قۆناغەدا تەنانەت بە رێژەیەکی کەمیش مسۆگەر نابێت .
حەوتەم : کاردنی چر و پر لەماوەیەکی کورتدا لەوبارەوە کە بتوانرێت متمانە لەنێوان دەسەڵات و خەڵک بگەرێتەوە، لە رێگەی باسکردنی پرس و کێشە و گیروگرفتە گەورەکان بە راستگۆیانە و خەڵک لە بەربەستەکان ئاگادار بکرێنەوە ، خەڵکیش گەر باوەری پێکردن و راستگۆیی دەسەڵاتی بۆ دەرکەوت ئەوە قوربانی زیاتر دەدات .
هەشتەم : دەبێت لە سیاسەتی درەوەماندا ، بەتایبەتی لەگەڵ ئەمریکا ، هەمیشە تا حەدێکی باش بە سەرکێشیەکی وا مامەڵە بکەین کە قەناعەت بکات بەزەرەری ئەو دەکەوێتەوە و ، لەوێشدا پێوستە بە دیقەت بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا وەک خۆی بخوێنینەوە و هەنگاوی لەو جۆرە بنێین یان بە راگەیاندن ئەو مەرامە دەربخەین، لەم کاتەدا کە داعش زەفەری بردوە دەبێت خاڵە لاوازەکانی ناوچەکە بدۆزینەوە و هەنگاو لە ئاستیدا بنێین ، نەک وەک باوەگەورە و فریادرەس تەماشای ئەمریکا بکەین . زۆر پێویستە دوور بین لە پارانەوە ، چونکە هەمووان دەزانن سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لەسەر سۆز و عاتیفە بنیاتنانرێت و تەنهاو تەنها لەسەر راگرتنی بەرژەوەندیەکانی خۆی وەستاوە .
نۆیەم : گرنگترین هەنگاو بۆ سەرکەوتنمان لە قازانج کردن لە سیاسەتەکانمان لەگەڵ ئەمریکادا ئەوەیە بە فیعلی بۆیان بسەلمێنین کە رێژەیەکی باش لە بەرژەوەندیەکانیان لە ناوچەکە لەسەر هەنگاو و هەڵوێستی کورد بەندە و بێ کورد هەنگاوی گەورەیان پێ نانرێت ، لە ئەمریکاش وا تێبگەیەنرێت کە کوردیش بۆ گەیشتن بە دوا ئامانجی خۆی سەد جاری تر شۆرش دەکات و قوربانی دەدات و کۆرەو دەکات و لەو کاتەشدا راستگۆیی ئەمریکا لە رووی مرۆڤایەتی و سیاسیەوە دەخاتە ژێر پرسیاری گەورەوە .
بۆیە ، گەر دەسەڵاتی هەرێم بیەوێت لەم قەیرانانە دەربچێت ، دەبێت ریفۆرمێکی گەورە و بە خۆداچونێکی هەمەلایەن لە خۆیدا بکات و ، دان بەوەدا بنێت کەلە سیاسەتی دەرەوەیشیدا شکستی هێناوە ، لەبەر ئەوەی بە چاوی حزبیانە سەیری سەرجەم پرسەکانی کردووە . بۆ دوورکەوتنەوە لەم سیفەتە ، پێویستی بە خەڵکی پرۆفیشناڵ و سەربەخۆ هەیە نەک کەسی حزبی بەرژەوەندخواز ، ئەمەش قوربانی دەوێت لەلایەن حزبەکانی دەسەڵاتەوە .
ئەگەر دیبلۆماسیەتی کورد لەئاست پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەمریکا پێش ناوچەکە خوێندەوەی خۆی هەبێت و رۆڵێکی کاریگەری گێرابێت لەوبارەوە ، بێگومان ئەمەش رەنگدانەوەی گەورەی دەبێت لەسەر سیاسەتەکانی لەناوچەکە و ، هەموو لایەک ، دەوڵەتی عیراق لەپێشەوەیاندا حیسابی تایبەتی بۆ دەکەن .
لە لایەکی ترەوە کە باسی زۆر هەڵدەگرێت و ئێرە جێگەی ئەوە نیە ، دەکرێت دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەو لێژنەیەی کە زۆر پێویستە پێکی بهێنێت و مۆرکی حزبی تێدا کەم بکاتەوە ، دەتوانێت یاریەکی باش لە نێوان جەمسەرە جیهانیەکان بکات ، ئەگەر رۆڵ و هەڵوێستەکان لەمەر پێشهاتەکانی ناوچەکە بە دابەشکردنی رۆڵ لە نێوخۆ دا دەربخات و ململانێی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی جیهان دیراسەت بکات و راو بۆچونی خۆی دەربرێت و هەنگاوی پێویست لە جموجوڵی دیبلۆماسی لەو بوارەدا بنێت .