17shubatt

   پێشڕەو حەمید : ١٧ ی شوباتى خەڵک و ١٧ ی شوباتی ئۆپۆزسیون .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

١٧ ی شوبات نەشۆڕش بوو نە ڕاپەڕین , نەسەرە تای سەرھەڵدانی ناڕەزای بوو نە کۆتای توڕەبون , شۆڕش بەھێزی لۆجیستی دەکرێت و ئامانجی ھەیە و کۆی سیستەم و ڕژێم دەگۆرێت و سەرتایەکی نوێ دەسپێدەکات , ڕاپەرینیش دەرچونی دان بەخۆداگرتنەکانی خەڵکە لەبەرامبەر خراپی و نغرۆبونی ئەدای سیاسی و ئەو سیستەمەی کە ژیانیان رێک دەخات و بەڕێوەیان دەبات و ڕاپەرین دەکەن بۆ چاکسازی بنەڕەتی بەبێ بەکارھێنانی چەک و ھاوشێوەکانی !! بەڵام ١٧ ی شوبات ھیچیانی نەکرد نە سیستەم و ڕژێمەکەی گۆڕی نــە چاکسازی دروستکرد !! کەواتە ١٧ ی شوبات نەشۆِرش بوو نەڕاپەرین , یەڵکو ڕەتکردنەوەی ستەم و پاوەنخوازیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی بوو  ,  ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەتی دەسەڵاتداران بوو .
ڕەنگە ئەگەر تەنھا جەماوەر خۆی خاوەنی ئەو ناڕەزایەتیانەبوایە ئێستا بەشێوەیەکی ترقسەمان لەسەر ١٧ی شوبات بکردبایە و لەدوای ھیچ ھەڵبژاردنێکەوە خەڵک چاوەڕوانی ئەوەی نەکردبایە و ھەر جارەو ئەندام پەرلەمانێک بە موژەپێدانی ھاتنی موچەکەیان گاڵە بەھەستەکانیان بکات !!.
١٧ شوبات تاقیکردنەوە بوو بۆ میللەت کە بەشێکی زۆریان ئیکمال بوون !! بەشێکی زۆریان ھێشتا لەو ڕوژانەدا نەیان توانی دەنگەکانی سەرشەقام زیاتر بڵندتر بکەن و پەیامەکە بگەیەنە گوێ داخراوەکانی بەرپرسان !! ئەوانەی ئیکمال بوون ئەو کەسانەبوون کە بۆمانەوەی خۆیان و بەرژەوەندیەکانیان تەنانەت ئامادەش بوون براکانی خۆیان لەسەر شەقام بەردباران بکەن و تف لەناوچاوانی نەوەکانیان بکەن و مل شۆِرانە بڕۆنە بەردەم خانەی ئاغاکانیان و وەک کویلە شوێن شەق و زلەکانیان ماچ بکەن و بەتوندی دەستبگرن بەکڵاوەکەی سەریانەوە , سەرێک کە خاڵی بون لەبیرکردنەوە و پڕپڕ بون لەھیچ !!
شەھیدانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوای ئەوبەروارە سەربەرزانە چونە نێو لاپەرکانی مێژوو بۆھەمیشەش مێژوو نەمرانە لەئامێزیان دەگرێت و بکوژانیشان ڕۆشتنە دیوە ڕەشەکەی تری مێژووەکەوە کە ھەموو ١٧ی شوباتێک ناشرینتر دەیان خاتەوە بەرچاوان و سەرزوبان !!
ئەفسوس کە ١٧ شوبات نەگەیشت بەئامانجەکانی تا بەرژەوەندی گشتی میللەت بپارێزێت و لەتەنیشتییەوە بۆ ھەمیشە خوشنودی بکاتە دواقۆناغی سەرکەوتنەکانی خۆی !! بەڵام ١٧ شوبات بوو بە وەسیلەیەک بەدەست زۆرکەسەوە بۆگەیشتن بەئامانجی گروپ گەرایی و خۆسەپاندن بەسەر لوژیکێکدا ، کە ئەگەر ١٧ شوبات نەبایە ھیچ ھۆکارێکی تر نەبوو بۆ ھەڵوتۆقینیان !! ئەوانەی پشتیان کردە ئامانجەکانی ١٧ شوبات ھەرئەوانە بون کە بوونە ھۆکار بۆ دامرکاندنەوەی ئەو ناڕەزایەتیانەی کە ١٧ شوبات لە یەک دەنگدا کۆی کردنەوە ؟!
سڵاو بۆخەباتی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستان , سڵاو بۆشەھیدانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دوای ١٧ شوبات … سڵاو بۆکۆی ئەو کەس و لایەنانەی لە ١٧ شوباتدا بۆبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان پڕبەگەرویان ھاواریان بۆ خۆشبەختی خەڵکی کوردستان دەکرد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت