ئومێد قەرەداخی : تەکفیرکردنی ژنی کورد وەک بنەمای تەکفیرکردنی کۆمەڵگا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەلا فاتیح شارستێنی وەک نموونە

یەکێک لە دیارترین سیماکانی گوتاری دامەزراوە ئایینییەکانی کوردستان ، تەکفیرکردنی راستەوخۆ و ناراستەوخۆی کۆی کۆمەڵگایە ، هەواڵدانە بۆ گۆڕینی کۆمەڵگا لە کۆمەڵگایەکی فرە کەلتوور و فرە رەنگەوە بۆ کۆمەڵگایەکی یەک رەنگ و یەک کەلتوور کە تەنها رەنگ و بەهای ئسوڵییەتی دیینیەو هیچی تر ، ئەوەی تا ئێستا لە گوتاری زۆرینەی پارتە ئیسلامییەکان و سەلەفییەکان و ژمارەیەک مەلای توندڕەوەوە گوێمان لیً بوە لەمە زیاتر شتێکی تر نەبوە ، ئەم پڕۆسەی تەکفیرکردنەی کۆمەڵگا ، لە راستیدا لە چەندین پنت و رەهەندی جیاوازەوە ئەنجام ئەدرێت ، بانگخوازێک نیشتیمانپەروەری بە بتپەرستی ئەزانێت و بەرگری لە سەروەری نیشتیمان و نەتەوە لە ژێر ئاڵای نەتەوەدا بە کوفر ئەداتە قەڵەم، مەلایەکی دیکە نەک هە عەلمانی و لیبراڵەکان قبوڵ ناکات ، بەڵکو بەشی هەرە گەورەی ئیسلامییەکانیش بە بیدعەچی و گومڕا و لەرێ دەرچوو ئەزانێت ، مەلایەکی دیکە لە رێگەی تەکفیرکردنی کچان و ژنانی کوردەوە تەکفیری کۆی کۆمەڵگا ئەدات ، لە رێگەی پەلاماردانی ئازادی تایبەتی تاکەکەسەوە پەلاماری ئازادی گەورەی نەتەوە و بەهاکانی ئەدات ، هەموو ئەمانەش لە جەوهەردا تەکفیکردنی هەموو کۆمەڵگایە .

ئەم پرۆسەی تەکفیرکردن و پەلاماردانی ئازادیی و بە دیینیکردنی هەموو بوارەکانی ژیان ، پرۆسەیەکە بە ئاشکرا لە بەرچاوی دام و دەزگاکانی حکومەت و نوخبەی رۆشنبیر و بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنانەوە بەرێوە ئەچێت ، هەم حکومەت بەرانبەر بەم تەکفیرکردن و پەلاماردانی ئازادییە بێدەنگە ، هەم نوخبەی رۆشنبیر و بزووتنەوە مەدەنییەکانیش ( چەند حاڵەتێکی کەم نەبێت ) بێدەنگن ، ئەم بێدەنگییە لە راستیدا ئاگرێکە هەموان دەسوتێنێت ، رێگەدان بە گەشە و خۆ پەخشکردنی بیری توندڕەوی و سەلەفی شەڕێکە دژی هەموان ، داعشێکە لە ناوەوە، ئەگەر ئەمرۆ حکومەت و دام و دەزگاکانی ، رۆشنبیران و ئازادیخوازان بەرانبەر بەمە بێدەنگ بن ، بەدڵنیاییەوە سبەینێ داعشێک لە ناوەوە سەری حکومەت و حوکمرانی کوردی ئەخوات و، کۆمەڵگاش ئەکات بە کۆمەڵگایەکی تاریک هاوشێوەی سۆماڵ و ئەفغانستان .

لەم نوسینەدا لەسەر گوتاری ئەو مەلا و بانگخواز و دکتورانە راناوەستم کە بە توندڕەو و خاوەن هزری توندوتیژ بەناوبانگن ، بەڵکو لەسەر وتاری یەکێک لەو مەلایانە را ئەوەستم کە لای زۆر کەس وەک مەلایەکی میانڕەو دەناسرا ، ئەویش مەلا فاتیح شارستێنییە ، لە گرتەیەکی ڤیدیۆیدا کە بەشێکە لە وتاری هەینی ، مەلا فاتیح لە رێگەی تەکفیرکردنی کچانی سفورەوە نیوەی کۆمەڵگای ئێمە تەکفیر ئەکات، ئەو هێرشەی ئەم مەلا فاتیحە دەیکاتە سەر ژنانی بێ سەرپۆش لە راستیدا توندڕەوترین و دواکەوتوترین مەلای سەر ئەم گۆی زەوییە شتێکی زیاتر لەوەی نەکردوە و نەوتوە ، هیچ کاتێک نە زەرقاوی و نە قەرزاوی ، نە داعش و نە قاعیدە ، نە سعودیە و نە سۆماڵ ، لەمە زیاتریان نەوتوە و ، لەمە زیاتریشیان لە کۆمەڵگا نەویستوە .

فاتیح شارستێنی ، تەواوی وتارەکەی بۆ باسکردنی پەلاماردانی ئافرەتی سفور تەرخانکردوە ، واتە باسکردنی ئەم بابەتە تەنها زیادەرەوییەکی زمانەوانی نییە ، بەڵکو کارێکی بەرنامە بۆ داڕیژراوە و پێشتر خۆی بۆ ئامادە کردوە ، فاتیح شارستێنی سەرەتا و کۆتای وتارەکەی پەلاماردانێکی بێ وینەی و ماف و کەرامەت و ئەخلاقی ژنە ، لێرەدا بە کورتی لەسەر چەند برگەیەکی کەمی وتارەکە راوە ئەوەستم :

یەکەم : فاتیح شارستێنی هەر لە سەرەتای وتارەکەدا تەکفیری ئافرەتی سفور ئەکات و دەڵێت ئافرەتی سفور ئیعلانی حەرجی کردوە لەگەڵ خوادا ، ئافرەتی سفور بە ئاشکرا و بە راگەیەنراوی شەڕ لەگەڵ خوادا ئەکات ، بەمەش مانایەکی بۆ ئازادی ژن لە بواری هەڵبژاردنی جلوبەرگ و پۆشین نەهێشتۆتەوە ، بەڵکو لە رێگەی تەکفیرکردنی ئافرەتی سفورەوە تەکفیری نیوەی کۆمەڵگای ئێمەی کردوە

دووەم : فاتیح شارستێنی پێیوایە سفوری یان بی سەرپۆشی ئافرەت هاوشانە لەگەڵ دزی و زینا و هاوبەشی پەیداکردن بۆ خودا ، بەمەش تیرۆری کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی کەسایەتی ژنی سفوور ئەکات ، شارستێنی دەڵێت سفووری لە گەڵ دزی و حیزی یەک حسابە ، ئافرەتێک دز بێت ، زیناکەر بێت کەس نایەوێت و نایکات بە بووکی ماڵی ، سفوریش هەروایە ، ئەمە جگە لەوەی جارێکی تر پێداگیری ئەکات لەسەر بە کافرکردنیان و بەوەی سفووری وەک هاوبەش پەیداکردن وایە بۆ خودا و مرۆڤ پێی کافر ئەبێت .

سێیەم : مەلا روو ئەکاتە ئافرەتی سفوور و ئەڵێت ( شایانی ئەوەیە بەر لەعنەتی خوا و ئیمانداران بکەوێت ) لەشیکردنەوەی ئەو فەرمودانەی مەلا هێناویەتی ئافرەتانی سفوور مەلعونن و پێویستە نەعلەتیان لێبکەن چونکە خوا نەعلەتی لێکردوون ، بەمەش ئەم مەلایە نەک بە تەنها گەورەترین تیرۆری مەعنەوی دژ بە کەسایەتی ژنان ئەنجام ئەدات ، بەڵکو بە ئاشکرا هانی هەموو ئیمانداران ئەدات دژ بە ژنانی سفوور بوەستنەوە ، هانی باوکان و براکانیان ئەدات ماڵەکانیان بکەن بە دۆزەخێک بۆ ژن .

چوارەم : مەلا لەسەر مینبەرەوە و لە بەرچاوی هەزاران کەسدا دەڵێت ئافرەتانی سفوور مونافیقن ، خراپترین ئافرەتان ئەو ئافرەتانەن کە سفوورن ، دواتریش مەلا رێنمای گەنجان ئەکات کە خۆیان بپارێزن لە ئافرەتیک کە سافیرەیە و نەعلەتی لێکراوە ، پاشان باس لە زۆری رێژەی تەڵاق ئەکات و ئەڵێت ئەو ژنانەی تەڵاق دراون هەموویان مونافیقەن ، ئیدی نازانم ئەبێت چ سوکایەتییەک لەمە گەورەتر بێت کە ئەم مەلایە بە ژنی کوردی ئەکات .

پێنجەم : ئافرەتی سفوور لاسایکردنەوەی گاوور و جولەکەیە ، سفووری جاهیلیەتە ، ئەهلی ئاگر و دۆزەخە . ئەو چەند خاڵەی سەرەوە نموونەیەکە لە تەکفیرکردنی هەموو کۆمەڵگا لە رێگەی تەکفیرکردنی ژنانەوە لەلایەن مەلا فاتیح شارستێنییەوە، ئەو وتارە لە راستیدا لوتکەی سوکایەتییە بە ژن ، ئەوپەڕی تیرۆرکردنی کەسایەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی ژنە ، زیاتر لە هەموو ئەوانەش لێدانێکی کوشندەیە لە کۆمەڵگای کراوە و فرە کەلتوور و فرە بەها، ئەوەی ئەم مەلایە ئەیکات لە تەکفیرکردنی کۆمەڵگا لە رێگەی تەکفیرکردنی ژنانەوە ، ناوبردنی ژنانی سفوور دوژمنی خوا و فاجیر و مونافیق و مةلعون و کافر و زۆری تر .. کوشتنی هەموو خەونێکە بە کۆمەڵگای مەدەنی و کراوە و پلورالیستەوە ، کۆمەڵگایەک کە رێز لە ماف و ئازادی هەموان بگیرێت، ئەوەی مەلا فاتیح شارستێنی لە بارەی ئافرەتی سفورەوە وتی هەمان ئەو شتەیە کە داعش خەونی پێوەدەبینیت ، داعش بە تەنها ئەو دوژمنانە نین کە سەنگەریان لە کورد و پێشمەرگە گرتوە، بەڵکو هەموو هێز و دەنگێکی ئایینی تەکفیری داعشە ، ئەو ئاییندارەی ئەخلاق و ئیمان لەسەر خۆی تاپۆ ئەکات و ژنانێک کە لە بیر و رەفتار و جۆری ژیاندا لەو جیاوازن ، بە کافر و مونافیق و مەلعون و فاجیر و فاسید لەقەڵە ئەدات لە راستیدا داعشێکە زۆر مەترسیدارترە لەو داعشەی کە رووبەروومان وەستاوە، داعشێکە لە ناوەوە ، فاشیزمێکە هەرەشە لە هەموان ئەکات .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت