ناسیۆنالیزمی دوور مەودا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی  ـ  ئۆنلاینی کوردانە ، لە ئەڵمانیادا

نووسینی : Uwe Hunger , Menderes Candan & Sascha Krannich

وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: هەڵۆ بەرزنجەیی

ناسیونالیزمی دوورمەودا ، بۆچوونێکی تری گەشەسەندووە ، لە تیوریی ناسیونالیزمی  (ئەندەرسۆن ) ، کە نەتەوە بە جڤاتێکی رامانکراو ImagindCommunity  دادەنێت ، لێرەدا خەڵکانی نەتەوەی رامانکراو ، هەستی پێوەندارێتی هاوبەشیان هەیە ، بێ ئەوەی ئەمانە ، هیچ جارێ یەکتریان دیبێ و ناسیبێ.  ئەم هەستی پێوەندارێتییە بۆ نەتەوەیەک ، لە رێگای زمانێکی هاوبەش و مێژووەوە ، بە هۆی سیمبۆلە هاوبەشەکان و ئەفسانەوە تینوتاو وەردەگرێت و بەسەر سنووری دەوڵەت و نەوەکان دا دەبەزێنێ و پارێزگاریی لێ دەکرێ. ئەندەرسۆن ئەمەی ناوناوە ، کەرەسەی خاوی ناسیۆنالیزم ، Raw Material of Nationalism  ، لە کاتێکدا کە چەمکی ـ ناسیونالیزم ، بە شێوەیەکی سەرەکی پشت بە ئەندامانی نەتەوەیەک ، لە نێو چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دەبەستێ.  لێ چەمکی ناسیونالیزمی دوورمەودا زیاتر ئەوانە دەگرێتەوە ، کە کۆچبەربوون و جاران ئەندامی ئەم نەتەوانە بوون و تەنانەت ئەوانەی دوای ئەوانیش دێن ، کە لە وڵاتی باوباپیرانیان نە کاریان کردووە و یاخود سەردانیان نەکردووە .

ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران ، زۆربەی کات ، هەڵگری پێناسی رەسەنی نەتەوەیی خۆیانن ، هزر و کاریشیان ، گەلەک جاران ، لەمەڕ نیشتمانی رەسەنەوە ، بەم هەست و هۆشەوە گرێدراوە.  بەمەش وەک دەڵێن ، مەشقی ناسیونالیزمی دوورمەودای خۆیان دەکەن . ئیدی بۆیە شتێکی سەیروسەمەرە نییە ، کە هەستی نەتەوەیی ئەم کۆچبەرانە لە هەندەران ، فرە خەمڵیوترە لەوانەی ناوەوەی وڵات. ئەو هۆکارەی بەزۆریی لێرەدا دەبینرێ ، ئەوەیە ، کە کۆچبەران لەو کۆمەڵگەیانەی تێیدا دەژین  ( مەبەستی هەندەرانە ، و  ) هەستی نامۆییان هەیە و تەنیا لە رێگای پەنابردنەوە بۆ نیشتمان ، هەستیی پێوەندارێتییان دەبزوێ و بەمەش ئاسایشێکی کەم لە نامۆییدا ، دەستەبەر و مسۆگەر دەکەن .

ئەم هەستی وابەستەییە بەرچاوەی کۆچبەران ، بۆ نەتەوە رەسەنەکانی خۆیان ، بە شێوەیەکی زەق ، بەرەو ئەوە دەڕوات ، کە ئەمانە هێشتا هەر ، زۆر بە توندی ، سەرقاڵی رووداوەکان وڵاتەکەی خۆیانن و لە رووی سیاسیشەوە چالاکی دەنوێنن .

لەم هەلومەرجەدا , مرۆ قسە لەسەر دیاردەیەک دەکات,  کە ناسراوە بە سیاسەتی ناسیونالیزمی دوورەمەودا Long Distance Nationalismu Politics  کە لە لایەن کۆچبەرانەوە بەڕێوەدەبرێ . ئەم سیاسەتی دوورمەودایە ، خۆی نابینێتەوە لە چوارچێوەی هەوڵی ، تاکە ئازادیخوازەکانی چەند کۆچبەرێکدا ، لە فۆرمی کۆکردنەوەی یارمەتی و باربوو ، دەنگدان لە کاتی هەڵبژاردن دا یاخود هاوکاریی پارتێکی وڵاتی رەسەنی خۆی. سیاسەتی دوورمەودا ، گەلەک جاران لەسەر ئاستی هەرەوەرزیی و بە کۆمەڵ ، بە ئەنجام دەگەێندرێ . بەواتایەکی دیکە لە رێگای رێکخراوەکانی کۆچبەران ، یاخود پارتەکانی هەندەرانەوە .

بۆ خوێندنەوەی تەواوی بابەتەکە کلیک بکەرە سەر ــ ناسیۆنالیزمی دوور مەودا

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت