بورهان شێخ رەئوف : لەیادى ڕاپەڕیندا ڕاپەڕین بۆ ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 ئیستا لە پاش 24 ساڵ لە ڕاپەڕینى خەڵکى جوامێرى کوردستان , ئەگەر ئاوڕێک بۆ دواوە بدەینەوە و بە تایبەت چەند ساڵ و ڕۆژ و مانگى پێش ڕاپەرینەکە بهێنینەوە پێش چاومان و ئەگەر یادەوەریمان یارمەتیمان بدات ئەوا کوردستانى باشوور بێجگە لە شارەکانى سلێمانى و هەولێر و دهۆک و کەرکوکى تەعریب کراو چەند شارۆچکەو چەندین ئۆردوگاى زۆرەملى بوو , کە خەڵکى دێهاتەکانى کوردستانى تێدا دیل و یەخسیر کرابوو ، ئیتر هیچ سیمایەکى ووڵات و ئاوەدانى و بووژانەوە پێشکەوتن بەدى نەدەکرا زۆربە زۆرى گەنج و پیاوانى ووڵات بە هەردوو بڕیارى 936 و 937 ى ئەنجومەنى بەناوسەرکردایەتى شۆرش لە ڕیزەکانى سوپاى عێراقدا سەرباز بوون هەرلە لە دایکبووانى 1949 ەوە تاوەکو 1970.
لە دواى وەستانى جەنگى هەشت ساڵەى ئێران وعێراق و پرۆسە بەدناوەکانى ئەنفال و کیمیاباران کردنى هەڵەبجە وزۆرێک لە گوندەکان و داگیرکردنى کوەیت لە لایەن ڕژێمى عێراقەوە ئیتر بارودۆخى ووڵات بە جۆرێک شڵەژابوو کەهەموو چاودێرانى دۆخەکە هەستیاندەکرد کە بێدەنگى پێش بوومەلەرزەیەکە .
برینەکانى ئەنفال و کیمیاباران و تاوانەکانى چەندساڵەى ڕژێمى بەعس داخێک بوو بە سەر دڵى هەموو نیشتمان پەروەرانى کوردستانەوە کە نەدەکرا تا کۆتاییى بێدەنگى و قڕوقپى لێبکرێت .
بۆیە هەر لە پاش دەستپێکردنى جەنگى ڕزگارکردنى کوەیت لە لایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانیەوە وەدەرنانى سوپاى عێراق لەو ووڵاتە و ڕاپەڕینى خەڵکى باشورى عێراق دژ بە دامودەزگا سەرکوتکەرەکانى عێراق خەڵکى کوردستانیش بە هەموو چین وتوێژەکانیەوە پەلامارى دامودەزگا ئەمنى و جاسووسى سەرکوتگەرو داپلۆسێنەرەکانى بەعسیان دا ولەبەریەکیان هەڵوەشانەوە .کە ئەمە باشترین وەڵام و کاردانەوەى خەڵکى کوردستان بوو بە بەرامبەر ئەو تاوانەى کە پێشتر باسم کردن .
ئیستا لە دواى 24 ساڵ لە ڕاپەرین ئەگەر چاوێک بە بارودۆخى باشوورى کوردستاندا بخشێنینەوە سەرەڕاى گازندەو گلەیی و کەموکورتیەکانى ترو زۆر برینى بە سوێ کە حەزناکەم بیان کولێنمەوە ، گەلێک دەستکەوتى مەزن بە دەستهاتوون کە مایەو نرخەکەى ڕووبارێکە لە خوێن دەریاییەکە لە فرمێسک کەوادیارە ئێستاش خوێنى زیاتر و خۆڕاگرى زیاتر و گیانبازى زیاترو بە خۆداچوونەوە و یەکڕیزى و لێبووردەیى و رَێزگرتن لە مافى مرۆڤ و پابەند بوون بە شەفافیەت و مافە سەرە تاییەکانى مرۆڤى گەرەکە ، چ لە ئازادى تاک و کۆ و دیموکراسى و ڕێزگرتن لە مافەکانى ژنان و کەمە نەتەوەو ئتنیکەکان و دەستاودەستکردنى ئاشتیانەى دەستەڵات . جوانترین ووتەش کۆتایى ئەم وتارەى پێبینم ووتەیەکى کوردلۆجى بە ناوبانگى تورک ئیسماعیل بێشکچى یە کە دەڵێت : حکومەتێکى کوردى خۆجێ ى بە هەموو کەموکورتیەکانیەوە لە چەندین حکومەتى باشترى عەرەب و تورک و فارس باشترە بۆ کورد .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت