عیماد عەلی : کام سەرکردەی کورد رۆژی رەشی بەرهەمهێنا ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە کاتێکدا یادی راپەرینە مەزنەکەی گەلی کوردستانی باشور دەکەینەوە و ، بیر لەو خەو و خەیاڵانە دەکەینەوە کە لە مێشکی هەموماندا بوو لە کاتی راپەریندا ، بەڵام ئێستا پاش تێرامان لە چونێتی گەیشتنمان بەم واقعەی ئێستا بە هەموو هەوراز و نشێویەکانیەوە ، هەمومان بێ شکین لەوەی کە هەڵە و کەموکورتی و گەندەڵی و نەزانی و بەرژەوەندیە هەمەجۆرەکانی سەرکردەکانمان گەیاندیانین بەم رۆژەی ئەمرۆ . بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە و مەبەستمانە لێرەدا دەریخەین ، هۆکاری تایبەتی و شەخسی سەرکردەکانمانە کە لە کاروانی شۆرش و خەباتماندا ، کاریگەری نەرێنیان هەبووە و هەمیشە شکستیان هێناوە و ئەوان هۆکاری نەگەیشتن بوون بە ئامانجە سەرەکیەکانی گەلی کوردستان و ، لە دەرئەنجامدا رۆژێکی رەشیان بۆ گەلەکەمان هێناوەتە ئاراوە .
بە درێژای مێژوو ، کێن ئەو سەرکردانەی شکستیان بە شۆرشەکانی کوردستان هێنا و ، مێژوو وەک خۆیان باسی نەکردون و تا ئێستاش وردەکاری روانین و رەفتار و مامەڵەیان لەگەڵ روداوەکاندا جێگەی پرسیار بووە و ، دواجار دەرکەوتوە کە جگە لە نەزانین و شکست هیچیان بەرهەم نەهێناوە ، هەرچەند زۆرێک لەم سەر کردانە بە پێی خوێندنەوەی رادەی رۆشنبیری و عەقڵیەتیان ، بە هۆی نەزانین و ساویلکەیی و کەم ئەزمونی رەفتاریان کردووە و ، لە ناخدا مەبەستیان نەبووە زەرەر لە شۆرش و خەباتی گەلی کوردستان بدەن .
دیارە زۆر جار یان بە شێوەیەکی رەها ، دەتوانین بڵێین : بارودۆخی بابەتی هۆکاری سەرەکی روخان و دواکەوتن و شکستهێنانی زۆرینەی شۆرشەکانی کورد بووە ، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێت کە بارودۆخی خودی و نەزانین و بەرژەوەندی تاکە کەسی و حزب و کوتلەبازی هۆکاری دواکەوتن و شسکتهێنان نەبوبن . ئەگەر زۆر نەگەرێینەوە بۆ سەرکردە دیارەکانی مێژووی کۆنی کوردی وەک شێخ سەعید و عوبەیدوڵای نەهری و سمکۆی شکاک تاوەکو قازی موحەمەد ، کە لەو باوەرەدام شکستەکانیان تا رادەیەکی باش ناکەوێتە ئەستۆ و ، بۆ دەرخستنی راستیەکان و حەقیقەت و هۆکاری سەرەکی شکستهێنانیان ، وردەکاری زۆری دەوێت ، ئەوەش لێرەدا مەبەستمان نیە ، بەڵام لە شۆرشی ئەیلول بە دواوە ، زۆر بە روونی و وەک ئاوێنە هەموو رووداو و بەسەرهاتەکانمان لا ئاشکرایە و تەنانەت بۆچونی ورد و رەفتاری هەمەچەشنی سەرکردە دیارەکانمان لەبەرچاوە لە سەرکردایەتی و بەرێوەبردنی کاروانی خەبات و رێرەوی ململانێکان و ، تەنانەت پەیوەندیە ژێربەژێرەکانیشیان لای خەڵک روونە .
ئەو سەرکردە دیارانە کە خۆیان لە مەلا موستەفای بارزان و برایم ئەحمەد و جەلال تالەبانی و ئیدریس بارزانی و عبدولرەحمان قاسملۆ و عەبدوڵا ئۆجەلان و نەوشیروان موستەفا و مەسعود بارزانی و مەلا بەختیار و زۆرێکی تر لە سەرکردایەتی شۆرشی نوێ لە خۆ دەگرێ ت، کە چوست و چالاک بوون و جموجوڵی فراوانیان هەبووە و کاریگەری راستەوخۆیان لەسەر ئاراستەی شۆرش هەبووە لە ماوەی سەرکردایەتیاندا ، بە تایبەتی لەم چەند دەیەی دواییدا ، هەرچەند دەتوانین بڵێین تەنها عەبدوڵا ئۆجەلان بە شێوەیەکی کەمتر ئەو رەخنانەی دەکەوێتە ئەستۆ . دەکرێت لاپەرەیەک بۆ هەڵسەنگاندنیان بکەینەوە ، لەوێشدا ئەوەشمان بۆ دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی شکستەکان لە بۆچون و سەرکردایەتی و بریارو رەفتارەکانی ئەمانەدا خۆی دەنوێنێت ، نەک لاوازی کورد . بۆ ؟
یەکەم : ئەمان خەڵکی یەکلاکەرەوەی بریار و رەفتاری لایەنەکانی خۆیان و شۆرش بوون و بە بۆچون و هەڵوێستی ئەمانە ئاراستەی شۆرشەکان دیاری دەکران و کاروباری سیاسی و عەسکەری و پەیوەندیەکانی چەندین ساڵەی شۆرش رایی دەکرا .
دووەم : ئەمانە زۆر جار ، هەر یەکە و لای خۆیەوە چ لە نەزانی بێت یان لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی یان حزبی یان خۆ بەستنەوە بە چەند بۆچون و بیرێک کە لە قازانجی کۆی گشتی شۆرشەکان نەبوون ، هۆکاری سەرەکی جیابونەوەکان بوون و زەرەری گەورەیان لە شۆرشەکان دا .
سێیەم : ئەمانە داهێنەری شەری براکوژی بوون لە شورشی کورد دا ، هەر ئەمانەش یەکگرتوویی شورشی کوردیان هەڵوەشاندەوە و توانای سیاسی و عەسکەری و خەباتی گەلی کوردیان لاواز کرد , نەک دوژمنەکانمان .
چوارەم : هەرچەند زۆرینەیان ئیدعای دیموکراسی دەکەن ، بەڵام لە ناو حزبەکانیان و لە نێو خودی شۆرشەکانیشدا بە گشتی ، کەشوهەوایەکی سیاسی وایان دروست کردووە ، کە موریدێکی زۆریان لەدەوردا کۆبۆتەوە و هیچ بریارێکیان رێگری لە نەکراوە ، ئەگەر هەڵەش بوبێت .
بۆیە دەکرێت لە توێژینەوەیکی زانستی فراوانی هەمەلایەندا ، زۆر بە راشکاوی و بێ لایەنی لە هەڵسەنگاندنی رۆژ بە رۆژی شۆرشی نوێ دا ، بیر و رەفتار و هەڵوێست و کردەوەی ئەم سەرکردانە و کاریگەری بۆچونەکانیان لەسەر کاروانی شۆرشی گەلی کوردستان باس بکەین ، بۆ ئەوەی نەوەی نوێ پەندی لێ وەربگرێت و بزانێت کێ بوو زەرەی بە دوارۆژی کوردستان گەیاند و کێ خۆی بەخت کرد ، نەک وەک ئەوەی کە لە نوسینی بەرژەوەندخوازانەی زۆرێک لە نوسەر و توێژەرە حزبیەکانی ئەم چەند ساڵەی دواییدا دەردەخرێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت