ئاراز حاجی مستەفا: با هەر ژنێک چوار مێردی هەبێت .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هاوسەرگیریی گرێبەستێکی ڕۆحی و کۆمەڵایەتیی نێوان دوو مرۆڤە . دەسپێکێکی نوێیە لەژیانیانداو دۆزینەوەی خودی مرۆڤە ، لەڕەگەزی بەرامبەرداو هەڵگرتنی لێپرسراوێتی نوێیەو هۆکاری مانەوەو بەردەوام بونی کۆمەڵگایە .

لەناو گەلاندا هاوسەرگیریی چەند جۆرێکی هەیە ، لەوانە : هاوسەرگیریی فەرمی ، هاوسەرگیریی ” نافەرمی ” مەدەنی . هەروەها فرەهاوسەرییش ، کە لەوڵاتانی ئیسلامییدا هەیە . زەمەنێکە ، ئەم بابەتە بووە بە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی هەردووک جەمسەری لیبڕالیزم و کۆنەپەرست. پیاوانی ئایینیش چەندین پاساوی سادەو بێ بنەما دەهێننەوە بۆ ئیدامەدان بە فرەژنی. بەڵام لەڕاستیدا گرێدانی چوار ژن بۆ ئەبەد بە یەک پیاوەوە ، بەهیچ پاساوێک لۆژیک نییە. بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم یاسایەش دەبێت هەموو ڕێگەیەک بگیرێتەبەر .
بۆیە پێمباشە فرە پیاویش وەکو ئیقتڕاح بدرێت بە گوێی پیاوانی ئایینیی . واتا هەرژنێک مافی ئەوەی هەبێت لەیەککاتدا چوار مێردی هەبێت !
دیارە هەندێک ، بەم بۆچونەم قەڵس دەبن. بەڵام منیش بەهەمان شێوە سەرسوڕمانی دامئەگرێت کە ئەوان ڕەوایەتی بە فرە ژنی ئەدەن ! تەبعەن هەردووک بۆچونەکان جێگای ئەوەن کە لەکۆتایی ڕستەکەیا نیشانەی سەرسوڕمان ” ! ” دابنرێت.
لەڕاستیدا من باوەڕی موتڵەقم بە یەکسانی ژن و پیاو هەیە ، هەر لەم سۆنگەیەوە ڕاموایە کە فرە هاوسەریی ، دەبێت هاوشێوەی یەکتر ، بۆهەردووکیان قەدەغە یان حەڵاڵ بێت.
ئەوانەی دژی ئەم بۆچونەن ، لای ئەوان ژن ، مرۆڤێکی ناکامڵ و ناتەواوە ، بەڵام ئەمڕۆ زانست و ئەزمونی ژیانی مرۆڤ ، لەمێژوودا ، پێمان ئەڵێت : کە لەهەموو بوارێکدا ژن و پیاو هاوتان . بۆیە یان بافرەپیاویش بە یاسایی بکرێت . یان فرەژنیش بە یەکجاری بنبڕبکرێت . ئەمەش ئەرکی سەرشانی ڕێبەرانی ئیسلامە . پێویستە خۆیان ئەم یاساییە هەموار بکەنەوە.
ئایینەکان بە گوێرەی بەرژەوەندی پیاوانی ئایینی خۆیان و میزاجی خەلیفەکانیان ئەم یاسایەیان داناوە ! بەڵام لەسەر بنەمای عەقڵ و زانست نا . لەم سەردەمەدا زانست بۆمان ئەسەلمێنێت : کە لەڕووی عەقڵ ، هەست و نەستەوە ، ژن و پیاو هاوتان . تەنها جیاوازی لەڕووی توانایی جەستەییەوەیە ؛ کەواتە مادام عیلم دوور لەسیاسەت و ئایدۆلۆژی ، لەخزمەتی مرۆڤایەتیی ڕێنوێنیمان دەکات ، عەقڵانیەت ئەوەیە ، کە باوەڕ بە عیلم بکەین ، نەک ئەوەی سەرکردەو خەلیفەیەک لەپێناو شەهوەتی پیاوە موجاهیدەکانیدا چوار ژن حەڵاڵ دەکات بۆ یەک پیاو .
” شاملۆ ” دەڵێت : ئه‌وانه‌ی كه‌ ئێمه‌ له‌ هاوڕێیه‌تی ژن به‌ ئاگری دۆزه‌خ ده‌ترسێنن. خۆیان نوێژه‌كانیان به‌هیوای جوتبوون لەگه‌ڵ حۆرییه‌كانی به‌هه‌شت ده‌خوێنن .
درک بەوە ئەکەم ، کە ئێستا زۆرێک لە خەڵکی وەکو پرسیارێکی تەقلیدی و کۆن و نالۆژیک ئەپرسن: ئایا ئەوانەی لەدژی فرەژنی ، باسی فرەپیاوی دەکەن ، بۆ ژنەکانی خۆشیان قەبوڵی وەها یاسایەک دەکەن ؟
لێرەدا ئەڵێم : ئەوەڵەن ئەمە بابەتێکی فیکریی ، ئایینی و کۆمەڵایەتییە . پێویستە ، بە شێوەیەکی گشگیر مناقەشەی فیکریی لەسەربکەین ، نەک بابەتێکی هێندە حەساس بچوک بکەیتەوە لەسەر چەند کەسێک. هەروەها ، ئێمەمانان کە دەڵێین : با ژنێک چوارمێردی هەبێت ، لەناوەڕۆکدا باوەڕمان پێی نییە. تەنانەت بە سوکایەتیشی دەزانین بۆژن . ئەم نوسینەشم ، وتارێکی فیکری ” تەنز ئامێزە ” نەک پڕەنسیبم بێت . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، هەرپیاوێک ، کە چوار ژن بۆخۆی بەڕەوا ببینێت ، دەبێت ، خیانەتی زەوجی ژنەکەیشی پێ ڕەوا بێت. چونکە فرە هاوسەریی ، هاوشێوەی خیانەتی زەوجییە .
ئەمەش باوەڕی هەرپیاوێکی عەلمانی ڕاستەقینەیە . کەمافی ژن و پیاو وەکو یەک ئەبینێت .
پاساوێکی تر ، کە ئیسلامییەکان بەردەوام وەکو قسەیەکی کۆن و سوواو ، دەیڵێنەوە. ئەوەیە کە : ئەگەر چنگێک گەنم لەزەوییەکدا بجێنیت . دواتر نازانیت کام گوڵەگەنمە ، لەکام دەنکە گەنمەوە ، بەرهەم هاتووە! واتا ژن بە زەوی دەشوبهێنن و تۆوی پیاو بە دەنکە گەنم . دیسانەوە ئەمەش پاساوێکی نازانستییە . چونکە . زەوی و جەستەی مرۆڤ لەڕووی پێکهاتە ، ماددە ، چۆنێتی و توخمەوە زۆر جیاوازن. بۆیە ژن و زەوی بە هیچ پێوەرێک بە یەکتر ناشوبهێندرێن. هەروەها ژنانێکی زۆر مناڵیان نابێت . ئەی ئەوانەچی؟ ئەم پاساوە زادەی ئەم حەدیسەیە کە دەڵێت : جەستەی ژن ، کێڵگەی پیاوە ! پیاو دەتوانێت هەرچۆنێک بییەوێت بیکێڵێت ! کە لێرەشدا ئیهانەیە بە ژن دەکرێت .
پاساوێکی تر، کە بەهۆیەوە تاڕادەیەکی زۆر قەناعەتیان بە خەڵکە عەوامەکە هێناوە ، کە دەڵێن : کاتێک ڕێژەی ژن زۆرتر بوو لەهی پیاو ، ئەوا فرەژنی باشترین چارەسەرە . جارێ هیچ ڕاپرسییەک نەکراوە ، تابزانین کام توێژە زیاترە. یاخود ئێمەش دەپرسین: ئەی لەوشوێنانەی کەتێیدا ژن لەپیاو زۆرترە ، بۆ حەلی بۆدانەندراوە ؟ بۆنمونە : لەیەکێک لەشارەکانی ئۆکڕانیا ، ڕێژەی ژن %٨٠ یـە .
دیارە وەکو ” حەز ” زۆربەی پیاوان ، پێیانخۆشە چوار ژنیان هەبێت . بەڵام وەکو مەبدەء .
ئەوانەی باوەڕیان پێیەتی ، توشی داڕمانی ئەخلاق و ویژدان هاتوون .
واتا بابەتی فرەژنی ، لەنێوان حەز و ویژداندایە. هەیە تەسلیمی حەز بووە ، هەشە هی ویژدان .
سەبارەت بەم سوکایەتیانەش کە بەردەوام بە توێژی ژن دەکرێت لەکوردستان ، مەلاکان و حیزبە بەناوعەلمانییەکان تاوانباری ئەوەڵن . گەورەترین کێشەش ئەوەیە کە هیچ حیزبێکی عیلمانی ڕاستەقینەو جەریئمان نییە. ئەگینا لەسایەی سیستەمی عیلمانیدا ، کەڕامەتی ژن هاوشانی پیاو پارێزراوە. بۆئەوەی قسەکەم بسەلمێنم سەرنجتان ڕادەکێشم بۆ ئەم یاسایانەی باری کەسێتی . دیقەتبدەن ! چۆن مافه‌کانی ژنان له‌ هه‌ناوی یاسایەکانه‌وه‌ خراونەتە گۆڕەوە .
لەیاسای‌ باری‌ که‌سێتیدا ، ‌‌بڕگه‌ی‌ ژماره‌ ٨ که‌ رێگه‌ به‌ فرەژنیی ده‌دات.
دەڵێت: پیاو ده‌بێ ره‌زامه‌ندیی ژنی یه‌که‌م وه‌ربگرێ بۆ هێنانی ژنی دووه‌م ” ئه‌مه‌ش ژنان توشی فشاری جۆراوجۆری وەک : توندتیژیی کۆمه‌ڵایه‌تیی ‌و فیزیکیی ‌و ده‌روونیی دەکاتەوە . تا ڕازیبن به ‌ژنهێنانی دووه‌م . تەنانەت زۆرێک لەژنان ، بە هەڕەشەی تەڵاق ناچاری ڕازیکردن دەبن . کەواتە ، خۆی یاسایەکی مەتاتییەو مەجالی حیلە شەرعی زۆری تێدایە . هەر بەپێی هەمان یاسا ژن ده‌توانێ له‌ کاتی گرێبه‌ستی هاوسەرگیرییدا مه‌رج دابنێ که‌ پیاو نەتوانێ له‌ ته‌مه‌نی‌ هاوسه‌رگیرییاندا ژنی دووه‌م بێنێت . بەڵام زۆر کەمن ئەو ژنانەی کە ئاگاداری ئەم بڕگەیەبن و لەگرێبەستەکانیاندا بیچەسپێنن . ئینجا ئه‌م یاسایە بارودۆخی ئەوژنانەی لەبەرچاو نەگرتووە. کەپێشتر هاوسەرییانکردووە .
ناحەقیەکیتر کە لەژن کراوە ، ئەوەیە : پیاوی موسوڵمان ده‌توانێ هاوسەرگیریی لەگەڵ ژنێکدا بکات ئەگەر موسوڵمانیش نەبێت . که‌چی ژنی موسوڵمان ناتوانێ هاوسەرگیریی له‌گه‌ڵ پیاوی ناموسوڵماندا بکا .
بۆیە لەبەرئەم هۆکارانە ، لەئێستادا پێویستە هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدان ، ئازادیخواز ، ڕۆشنبیران ، ڕێکخراوانی کۆمەڵی مەدەنی و بەتایبەت ژنان خۆیان ، بە هەموو جۆرەکانی خەباتی مەدەنی و ململانێی فیکری ڕووبەڕووی ئەم نابەرامبەرییانە ببینەوە. کە ئەم یاسایانە لەمیمبەری مزگەوتەکانەوە هەڵقوڵاون . پێویستە یاسای مەدەنی ، جێ بەم یاسایانەی ئەشکەوت لێژبکا . لەبەرئەوەی ئەم یاسایە هەڵقوڵاوی سروشتی کۆمەڵگای کوردی نییە . یاخود ئەگەر هیچ نەکرا با ژنیش مافی چوار مێردی هەبێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت