ویلایەتی‌ بارزانی لە 19 – 8 – 2015 دا كۆتایی‌ دێت‌ .

یاسا كارپێكراوەكانی‌ هەرێم رێگەنادەن بۆ جاری‌ سێیەم هەڵبژێردرێتەوە . ” شانەی‌ تاوتوێكردنی‌ قەیران ” رایدەگەیەنێت : ویلایەتی‌ بارزانی لە 19/‌8/2015 كۆتایی‌ دێت ‌، یاسا كارپێكراوەكانی‌ هەرێم رێگەنادەن بۆ جاری‌ سێیەم […]
سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت

یاسا كارپێكراوەكانی‌ هەرێم رێگەنادەن بۆ جاری‌ سێیەم هەڵبژێردرێتەوە .

” شانەی‌ تاوتوێكردنی‌ قەیران ” رایدەگەیەنێت : ویلایەتی‌ بارزانی لە 19/‌8/2015 كۆتایی‌ دێت ‌، یاسا كارپێكراوەكانی‌ هەرێم رێگەنادەن بۆ جاری‌ سێیەم هەڵبژێردرێتەوە .
“شانەی‌ تاوتوێكردنی‌ قەیران ” لەسەنتەری‌ لێكۆڵینەوەی‌ ستراتیجی‌ كوردستان بەسەرۆكایەتی ، كە‌ بە بەشداری فەرید ئەسەسەرد‌و ئەندامەتی‌ هەر یەك لەبەرپرسی‌ بەشی‌ لێكۆڵینەوە لەئەكادیمیای‌ هۆشیاری‌‌و پێگەیاندنی‌ كادران نەجمەدین فەقێ‌ عەبدوڵلا‌و پارێزەر چێنەر عەلی‌ جۆڵڵا تیمێكی لۆكۆلینەوەیان پێكهناوە .
مەبەست لەپێكهێنانی ئەو تیمە‌ شیكردنەوەی‌ هەموو لایەنەكانی‌ مەسەلەی‌ كۆتاییهاتنی‌ ماوەی‌ درێژكردنەوە لە19ی‌ ئابی‌ داهاتوودا ، كە پێشتر بەسەرۆكی‌ هەرێم بەخشرابوو ، هەروەها پەیوەندی‌ ئەو مەسەلەیە بەكێشەكانی‌ هەمواركردنەوەی‌ پرۆژەی‌ دەستور‌و یاسای‌ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكی‌ هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی‌‌و سیستمی‌ پەرلەمانی‌‌و ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكانەوە .
بەپێی راگەیەنراوێكی سەنتەرەكە تیمەكە دیدێكی‌ گشتی‌ لەبارەی‌ ئەو بابەتانەوە پێشكەشبكات ، هەروەها هەوڵدەدات خوێندنەوە بۆ ئاسۆكانی‌ داهاتوو بكات لەڕێگەی‌ روونكردنەوەی‌ وێنایەكی‌ ئایندەیی‌ لەهەموو روویەكەوە .
بۆ ئەو مەبەستە لەئێستادا راپۆرتێكیان لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی مەسعود بارزانی ، هەمواری دەستووری هەرێمی كوردستان ئامادەكردووە ، كە ئەمە ناوەڕۆكەكەیەتی .

دەروازەیەكی‌ گشتی ‌:
ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم لە 19ی‌ ئابی‌ 2015 دا كۆتایی‌ دێت‌و یاسا كارپێكراوەكانی‌ هەرێمیش رێگەنادەن بۆ جاری‌ سێیەم هەڵبژێردرێتەوە . مەسعود بارزانی‌ لەساڵی‌ (2005) وە سەرۆكایەتی‌ هەرێم دەكا ، بۆ یەكەمجاریش لەساڵی‌ 2005 لەناو پەرلەمانەوە هەڵبژێردراوە . لەساڵی‌ 2009 دا لەرێگای‌ هەڵبژاردنی‌ راستەوخۆوە بۆ ویلایەتی‌ دووەم هەڵبژێردرایەوە‌و رێژەی‌ 69%ی‌ دەنگەكانی‌ بەدەستهێنا . لەساڵی‌ 2013 دا ‌و پێش تەواو بوونی‌ ماوەی‌ ویلایەتی‌ دووەم ، بەهۆی‌ پێكنەهاتنی‌ هەر دوو حیزبە سەرەكییەكە لەسەر ئەنجامدانی‌ راپرسی‌ لەبارەی‌ پرۆژەی‌ دەستورەوە ، یەكێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان رازیبوو بەدرێژكردنەوەی‌ ویلایەتەكەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بۆ دووساڵ بەرامبەر رازیبوونی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەهەمواركردنەوەی‌ چەند ماددەیەكی‌ پرۆژەی‌ دەستورەكە . بەهۆی‌ ئەمەوە هەڵبژاردنی‌ سەرۆكایەتی‌ لەساڵی‌ 2013 دا ئەنجام نەدرا. هەرچەندە ئەو ماوەیەی‌ لەو درێژكردنەوەیە كەماوەتەوە نزیكەی‌ پاش كەمتر لەشەش مانگی‌ تر كۆتایی‌ پێدێت ، بەڵام هیچ هەمواركردنەوەیەك لەپرۆژەی‌ دەستوردا نەكراوە. ئەمەش دەبێتەوە مایەی‌ سەرهەڵدانەوەی‌ ئەو بارگرژییەی‌ كە لە2013 دا پێش رێككەوتنی‌ درێژكردنەوەكە باڵی‌ بەسەر هەرێمدا كێشابوو .
لەرووی‌ یاساییەوە ، ئەو دۆخەی‌ پەیوەستە بەو بابەتانەوە پشت ئەستورە بەو دۆكیومێنتە یاساییانەی‌ پەیوەندییان بەماوەی‌ ویلایەتی‌ سەرۆكایەتی‌‌و چۆنێتی‌ هەڵبژاردن‌و دووبارە هەڵبژاردنەوە هەیە . لەو بارەیەوە لەماددەی‌ سێیەمی‌ یاسای‌ ژمارە 1ی‌ ساڵی‌ 2005 دا كەبەیاسای‌ سەرۆكایەتی‌ هەرێم ناسراوە ، هاتووە كە : ” ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم چوار ساڵ دەبێ‌‌و دەشێ‌ بۆ ویلایەتی‌ دووەم هەڵبژێردرێتەوە “. هەردوو ویلایەتی‌ پێشوو ‌و ماوەی‌ درێژكردنەوەكەش ، پشت ئەستورن بەچەند دەقێكی‌ یاسایی‌ روون ، ئەویش بەم شێوەیەی‌ خوارەوەیە :
1 – لەساڵی‌ 2005 دا سەرۆكی‌ هەرێم لەپەرلەمانەوە بەپێی‌ ماددەی‌ 17 ی‌ یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 هەڵبژێردرا. بەپێی‌ ئەو ماددەیە : ” سەرۆكی‌ هەرێم لەلایەن ئەنجومەنی‌ نیشتمانیی‌ كوردستانی‌ عیراقەوە ( پەرلەمان) بۆ ویلایەتی‌ یەكەم هەڵدەبژێردرێت ، ئەویش بەزۆرینەی‌ ئەندامەكانی ‌، بەجیا لەحوكمی‌ ماددەی‌ دووەمی‌ ئەم یاسایە “.
2 – سەرۆكی‌ هەرێم بۆ ویلایەتی‌ دووەم بەپێی‌ ماددەی‌ دووەمی‌ یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 لەرێگای‌ هەڵبژاردنی‌ راستەوخۆوە بۆ ماوەی‌ نێوان 2009 ـ 2013 هەڵبژێردرا .
3 – درێژ كردنەوەی‌ ماوەكە لە 20 ی‌ ئابی‌ 2013 بەپێی‌ یاسای‌ ژمارە 19 ی‌ ساڵی‌ 2013 كە بەیاسای‌ درێژكردنەوەی‌ ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم ناسراوە ، ئەنجام دراوە ، ئەویش بۆ یەك جار‌و تازە ناكرێتەوە. ماوەی‌ درێژكردنەوەكە لە 19ی‌ ئابی‌ 2015 دا تەواو دەبێ‌ .

ئەگەری‌ كاندیدبوونەوەی‌ سەرۆك بارزانی‌ بۆ ویلایەتی‌ سێیەم .
یاسا كارپێكراوەكان لەهەرێمدا هیچ دەرفەتێك نادەن بە مەسعود بارزانی‌ بۆ خۆ پاڵاوتن بۆ ویلایەتی‌ سێیەم . بەرێز بارزانی‌ پاش تەواو بوونی‌ ماوەی‌ ویلایەتی‌ دووەم ، تەنها لەرێگەی‌ درێژكردنەوەیەكی‌ كاتی‌‌و بۆ یەكجار‌و بۆ دوو ساڵ مافی‌ ئەوەی‌ دراوەتێ‌ فەرمانڕەوایی‌ هەرێم بكات .
سەرۆك بارزانی‌ رێزێكی‌ زۆری‌ لەناو توێژگەلێكی‌ فراوانی‌ هاووڵاتیاندا هەیە‌و بە دڵنیاییەوە دەتوانێت رۆڵێكی‌ كاریگەر لەپرۆسەی‌ سیاسیدا بگێڕێت ، تەنانەت ئەگەر لەدەرەوەی‌ دەسەڵاتیش بێت ، ئەویش بەو پێیەی‌ سەرۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە . ئەو دەتوانێت پشتگیریی‌ كاندیدی‌ حیزبەكەی‌ بكات لەهەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوودا‌و لەرێگای‌ نوێنەرەكانی‌ حیزبەكەیەوە لەحكومەت‌و پەرلەماندا سیاسەتەكانی‌ هەرێم ئاراستە بكات .
ئەو دیمەنە دەرفەتێك بۆ دەستاودەستپێكردنی‌ ئاشتیانەی‌ دەسەڵات لەهەرێم دەرەخسێنێ‌ . هەروەها بەشێكی‌ فراوانی‌ كۆمەڵگەی‌ سیاسی‌ پێی‌ وایە هەرێم لەهەلومەرجی‌ ئێستادا پێویستی‌ بەجۆرێك لەگۆڕانكاری‌ هەیە . بۆ خودی‌ بارزانی ‌، دەشێ‌ هەنگاوێكی‌ لەم چەشنە ، هەم لەناوخۆدا ، هەم لەسەرئاستی‌ نێو دەوڵەتی ‌، بەچاوی‌ رێز‌و پێزانینەوە تەماشا بكرێ .
هەرچەند لەروی‌ یاساییەوە‌و بەپێی‌ یاسا كارپێكراوەكان هیچ چانسێك بۆ مانەوەی‌ بەرێز بارزانی‌ لەدەسەڵاتدا نییە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری‌ مانەوەی‌ لەدەسەڵاتدا لەدەرەوەی‌ چوارچێوەی‌ یاسا كارپێكراوەكاندا لەئارادایە . ئەو ئەگەرەش لەم بژاردانەدا خۆی‌ دەبینێتەوە :

بژاردەی‌ یەكەم : ئەگەری‌ ئەوەی‌ پرۆژەی‌ دەستور بەبێ‌ هیچ هەموار كردنێك پێش 19 ی‌ ئابی‌ 2015 بخرێتە راپرسییەوە .
ئەم ئەگەرە لەئەگەرێكی‌ واقیعی‌ ناچێت چونكە پێچەوانەی‌ خواستی‌ حیزبە سیاسییەكانە كەدەیانەوێ‌ پرۆژەكە هەموار بكرێتەوە . ئەگەر سەرۆكی‌ هەرێم لایەنگریی‌ ئەو ئاراستەیە بكات ، ئەگەری‌ زۆرە رووبەرووی‌ نارەزایەتییەكی‌ توندی‌ ئەو حیزبانە ببێتەوە كەدژی‌ ئەوەن بەبێ‌ هەموار كردنەوە پرۆژەكە بخرێتە راپرسییەوە . لەهەموو حاڵەتەكاندا كارێكی‌ لەوچەشنە كارێكی‌ پڕ لەمەترسییە ‌و دەبێتە مایەی‌ سەرهەڵدانی‌ قەیرانێكی‌ سیاسیی‌ گەورە لەهەرێمدا. هەروەها جێبەجێكردنی‌ راپرسی‌ لەسەر پرۆژەكە بەبێ‌ هەمواركردن‌و پێش 19 ی‌ ئاب پێناچێت رۆشنایی‌ ببینێت ، ئەویش لەبەر دوو هۆ :
یەكەم / كۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان لەو ماوەیەی‌ كە لە ماوەی‌ درێژ كردنەكە ماوەتەوە ناتوانێت ئامادە بێت بۆ ئەنجامدانی‌ راپرسییەكە .
دووەمیش / ئەو حیزبە سیاسییانەی‌ دژی‌ ئەوەن پرۆژەكە بەبێ‌ هەمواركردن بخرێتە راپرسییەوە ، تەنها بەوەندە راناوەستن كەبایكۆتی‌ راپرسییەكە بكەن ، بەڵكو لەوانەیە رێگریش بكەن لەئەنجامدانی ‌، لانیكەم لەنیوەی‌ وڵاتدا .
ئەوەش واتای‌ ئەوەیە كە ناتوانرێت لەرووی‌ عەمەلییەوە زەمانەتی‌ سەركەوتنی‌ راپرسییەكە بكرێت . لەراستیشدا هەنگاونان بەرەو راپرسی‌ بەبێ‌ هەمواركردنەوەی‌ پرۆژەكە‌و بەبێ‌ سازانی‌ نیشتمانی ‌، دەشێ‌ ببێتە مایەی‌ روودانی‌ قەیرانێكی‌ سیاسیی‌ گەورە لەهەرێمدا .
بژاردەی‌ دووەم : هەمواركردنی‌ پرۆژەی‌ دەستور بەجۆرێك چانسی‌ سێیەم بدات بە سەرۆكی‌ هەرێم تا كاندید بكرێتەوە .
ئەمە ئەگەرێكی‌ دوور نییە‌و دەكرێ‌ حیزبە سیاسییەكان بسازێن بۆ هەمواركردنی‌ هەندێك ماددەی‌ پرۆژە دەستورەكە . بەڵام روودانی‌ سازانێكی‌ لەو چەشنە خۆی‌ لەخۆێدا هەروا ئاسان نییە . ئەوەش بەشێوەیەكی‌ سەرەكی‌ پەیوەندیی‌ بەجیاوازیی‌ تێڕوانینە سیاسییەكانەوە سەبارەت بە بابەتگەلێكی‌ زۆر هەستیار هەیە ، لەپێش هەمووشیانەوە دیاریكردنی‌ جۆری‌ سیستمی‌ سیاسی‌ هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆك .
مەبەستی‌ بنەڕەتی‌ لەخواستی‌ هەمواركردنی‌ پرۆژەكە پێش ئەوەی‌ بخرێتە راپرسییەوە بریتییە لە دەستكاریكردنی‌ پرۆژەكە بەجۆرێك زەمانەتی‌ ئەوە بكات ماددەكانی‌ دەستور گونجاو بن لەگەڵ ناوەرۆكی‌ سیستمی‌ پەرلەمانیدا بەوجۆرەی‌ لەماددەی‌ یەكەمی‌ پرۆژە دەستورەكە ئاماژەی‌ پێ‌ كراوە ، لەكاتێكدا پرۆژەكە بەشێوەیەك دارێژراوە كە بانگەشە بۆ جۆرە سیستمێكی‌ نیمچە سەرۆكایەتی‌ دەكات لەهەرێمدا ، كەچی‌ بۆچوونەكەی‌ تر ، كەفشار دەكات بۆ هەموار كردن ، كار بۆ ئەوە دەكات سیستمێكی‌ پەرلەمانیی‌ تەندروست‌و تارادەیەكی‌ زۆر نزیك لەسیستمی‌ پەرلەمانیی‌ كارپێكراوی‌ عیراق بێتە كایەوە .
پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێی‌ وایە پرۆژەی‌ دەستورەكە بەتەواوەتی‌ تەعبیر لەدیدی‌ سیاسیی‌ خۆی‌ دەكا ، هەر ئەوەش وای‌ كردووە لەساڵی‌ 2013 دا فشار دروست بكات بەو ئاراستەیەی‌ كە پرۆژەكە بخرێتە راپرسییەوە . بەڵام ئەو نارەزایەتییەی‌ لەو بارەیەوە رووبەڕووی‌ بۆوە ، ناچاری‌ كرد سەبارەت بەمەسەلەی‌ هەمواركردنەوەكە نەرمییەك نیشان بدا بەرامبەر بەدرێژكردنەوەی‌ ماوەی‌ سەرۆكەكەی‌ بۆ دووساڵ .
ئەوەش روونە ئەگەر لەبارەی‌ ئەو بابەتە‌و چەند بابەتێكی‌ تری‌ پەیوەست بەوەوە نەگەنە سازان ، پرۆسەی‌ هەمواركردنەوە سەر ناگرێ‌‌و پرۆژەكەش بەهەڵپەسێردراوی‌ دەمێنێتەوە.
بەڵام ئەگەر لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەمواركردنەوەی‌ پرۆژەكە رێككەوتن ، ئیتر دەتوانرێ‌ بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكێكی‌ نوێ بەدەسەڵاتێكی‌ پرۆتۆكۆلییەوە . ئەوەش بەواتای‌ وازهێنان دێت لەمیكانیزمی‌ هەڵبژاردنی‌ راستەوخۆی‌ سەرۆك . جەوهەری‌ سەوداكە بریتییە لەپەسەندكردنی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌ لەبەرامبەر هەڵبژاردنەوەی‌ سەرۆك بارزانی‌ لەناو پەرلەمانەوە بۆ ویلایەتی‌ سێیەم ، بەڵام بەدەسەڵاتێكی‌ پرۆتۆكۆلییەوە .
بەڵام تەنانەت ئەو بژاردەیەش لەوانەیە چارەسەری‌ كێشەكە نەكات ، چونكە پاش سازان لەسەر پرۆژەكە ، دەبێ‌ راپرسی‌ ئەنجام بدرێ ‌. ئەنجامدانی‌ راپرسیش بەهۆی‌ هەلومەرجی‌ ئەمرۆی‌ جەنگەوە ، هەروەها بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌‌و نەبونی‌ كاتی‌ پێویست لەبەردەم كۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردن بۆ ئەنجامدانی‌ راپرسی ‌، كارێكی‌ ئەستەمە .

بژاردەی‌ سێیەم : درێژكردنەوەی‌ ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم .
ئەگەر سازان لەبارەی‌ هەمواركردنەوەی‌ چاوەڕوانكراوی‌ پرۆژەی‌ دەستورەكە نەكراو یاسای‌ ژمارە ( 1 ) ی‌ ساڵی‌ 2005 یش هەموار نەكرایەوە كەویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێمی‌ بۆ دوو خول دیاریكردووە ، گەڕانەوە بۆ سیناریۆی‌ درێژكردنەوە وەك ئەوەی‌ لەساڵی‌ 2013 دا روویدا ، دێتەوە ئارا .
بەڵام بژاردەی‌ درێژكردنەوە بژاردەیەكی‌ دیموكراتیانە نییە‌و بەهاكانی‌ دەستاودەستپێكردنی‌ دەسەڵات پووچدەكا‌و چەمكی‌ شەرعییەت بەواتا گشتییەكەی‌ بێبایەخدەكات‌و كاریگەریی‌ زۆر خراپی‌ دەبێت لە سەر دیموكراتی‌ لەهەرێم‌و دەبێتە پەڵەیەك بەناوبانگی‌ سیستمی‌ سیاسییەوە .
دیارە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان زۆرینەی‌ پەرلەمانیی‌ نییە تا توانای‌ درێژكردنەوەی‌ پێببەخشێت. ئەوە ناچاری‌ دەكات پێویستی‌ بە پشتگیری‌ فراكسیۆنەكانی‌ تر هەبێت. بەڵام لەو فراكسیۆنانەدا لانیكەم دووانیان سەخڵەت دەبن لەپەسەندكردنی‌ درێژكردنەوەدا ، ئەو دوو فراكسیۆنەش بریتین لەیەكێتی نیشتمانیی‌ كوردستان‌و بزووتنەوەی‌ گۆڕان . یەكێتی نیشتمانیی‌ كوردستان لەساڵی‌ 2013 دا پاڵپشتیی‌ پرۆسەی‌ درێژكردنەوەی‌ كرد ، ئەویش لەچوارچێوەی‌ رێككەوتنێك لەگەڵ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا لەسەر ئەنجامدانی‌ هەموراركردنەوەی‌ پرۆژەی‌ دەستور . جا لەبەر ئەوەی‌ هۆكاری‌ پەنابردنە بەربژاردەی‌ درێژكردنەوە بریتی‌ بوو لە رێكنەكەوتن لەسەر هەمواركردنەوەی‌ پرۆژەی‌ دەستور ، كەوابو ، ئەوە بەو واتایە دێت كەیەكێتی نیشتمانیی‌ كوردستان لەبەدیهێنانی‌ ئەو بەشە تایبەتەی‌ خۆی‌ لەرێككەوتنەكەدا شكستی‌ هێناوە‌و لەسەر درێژكردنەوەكە رازیبووە بەبێ‌ ئەوەی‌ لەبەرامبەردا هیچ دەستكەوتێكی‌ هەبووبێ ‌. لەبەر ئەوە ئەگەری‌ زۆرە رازیبوونی‌ یەكێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بەدووبارە كردنەوەی‌ درێژكردنەوە ببێتە مایەی‌ نارەزایەتییەكی‌ توند لەناو ئەندامان‌و كادیران‌و سەركردەكانیدا . یەكێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان بڕوای‌ وایە كەیەكێك لەهۆكارەكانی‌ دۆڕاندنی‌ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكانی‌ ساڵی‌ 2013 دا لەپاڵپشتیكردنی‌ پرۆسەی‌ درێژكردنەوە بووە . بەواتایەكی‌ تر ، ئەگەر یەكێتی‌ نیشتمانی‌ بۆ جاری‌ دووەم پاڵپشتیی‌ درێژكردنەوەی‌ ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بكات پێگەی‌ خۆی‌ بەشێوەیەكی‌ گەورە لەدەستئەدات . هەرچی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕانە ، ئەویش لەوكاتەدا دژی‌ درێژكردنەوەی‌ ماوەی‌ سەرۆكایەتی‌ وەستایەوە‌و ئەندامەكانی‌ لە پەرلەماندا لەكۆبوونەوەی‌ درێژكردنەوەكەدا هەڵلایەكی‌ گەورەیان نایەوە‌و هێرشیان كردە سەر سەرۆكی‌ پەرلەمان . ئەمە وادەكات پشتگیریی‌ بزووتنەوەی‌ گۆڕان بۆ دووبارە درێژكردنەوە زۆر ئەستەم بێت . جا ئەگەر هەردوو فراكسیۆنی‌ یەكێتی‌ نیشتمانی‌و بزووتنەوەی‌ گۆڕان پشتگیری پرۆژەی‌ درێژكردنەوەكە نەكەن ، دیارە لایەنەكانی‌ تریش بەئەگەری‌ زۆرەوە پشتگیری‌ ناكەن .
لەرووی‌ یاساییەوە كۆسپێك لەبەردەم پرۆسەی‌ درێژكردنەوەكەدایە كەبریتییە لەیاسای‌ ژمارە 19ی‌ ساڵی‌ 2013 . دیارە هەر بەپێی‌ ئەو یاسایە بووە كە ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بۆ دوو ساڵ درێژ كراوەتەوە ، بەڵام هەر لەوێشدا جەخت كراوەتەوە سەر ئەوەی‌ كە درێژكردنەوەكە تەنها بۆ یەكجارە . بەڵام سەرەڕای‌ ئەوەش دەتوانرێ‌ یاسایەكی‌ نوێ‌ بۆ درێژكردنەوەی‌ ویلایەتەكە دەربكرێت ، بەڵام ئەوە پەرلەمان دەكاتە دەزگایەكی‌ كارتۆنی‌ كەتەنها لەخزمەتی‌ دەسەڵاتی‌ جێبەجێكاردا بێت‌و ملكەچی‌ ئەو بێت‌و سەربەخۆیی‌ خۆی‌ لەدەستبدات‌و ئاماژەیەكی‌ خراپ بێت بۆ بێتوانایی‌ پەرلەمان لەرێزگرتن لەیاسا‌و بڕیارەكانی‌ خۆی ‌، هەروەها هەر یاسایەكی‌ نوێ‌ بۆ درێژكردنەوە دەبێتە بەڵگەی‌ بێهێزیی‌ ستراكچەری‌ یاسایی‌ لەهەرێمدا‌و لاوازیی‌ دەزگا یاساییەكان .

بژاردەی‌ چوارەم : هەمواركردنی‌ یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005
یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 ی‌ كارپێكراو لەهەرێم چانسی‌ دووجار پاڵاوتنی‌ داوە‌و دەتوانرێت هەمواریش بكرێتەوە بەجۆرێك چانسی‌ سێبارە بوونەوەی‌ پاڵاوتن فەراهەم بكات . ئەوەش پەیوەستە بەرێككەوتنی‌ لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە . لێرەدا ناتوانرێت نكۆڵی‌ لەوە بكرێت كەهەر هەمواركردنەوەیەكی‌ لەو جۆرە خۆی‌ لە خۆیدا نیشانەی‌ ئەوە دەبێت كە ئارەزووە كەسییەكان تا چ رادەیەك دەتوانن رێگا لەدەستاودەستكردنی‌ دەسەڵات بگرن‌و كۆسپ بخەنە بەر جێبەجێكردنی‌ یاسا رێكخەرەكانی‌ پرۆسەی‌ دیموكراتی ‌.
تاكە حاڵەت كەدەتوانرێ‌ تیایدا پەناببرێتە بەر ئەو بژاردەیە ، كاتی‌ رێككەوتنی‌ لایەنە سیاسییەكانە لەسەر پێدانی‌ چانسێكی‌ تر بەسەرۆكی‌ هەرێم بۆ مانەوەی‌ بۆ ویلایەتی‌ سێیەم . جا هەرچەندە پرۆسەی‌ هەمواركردنەوەی‌ یاساكە رووبەرووی‌ هیچ كۆسپێكی‌ تەكنیكی‌ نابێتەوە ، بەڵام هەنگاونان بەرەو ئەو بژاردەیە تەنها بەرەزامەندیی‌ لایەنە سیاسییەكان دەبێت ، ئەویش دوای‌ دابین كردنی‌ ژمارەی‌ پێویستی‌ دەنگەكان بۆ تێپەڕاندنی‌ یاساكە . كێشەكە لەوەدایە كە هەمواركردنی‌ یاساكە پێویستی‌ بە ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ گشتییە لەهەرێم ، ئەوەش كارێكی‌ پڕ لە تەنگوچەڵەمەیە بەهۆی‌ نەبوونی‌ كاتی‌ پێویست بۆ رێكخستنی‌ هەڵبژاردنەكان‌و هەلومەرجی‌ ئێستای‌ جەنگ‌و قەیرانی‌ دارایی ‌.
ئەگەر پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان ئارەزووی‌ ئەوەی‌ هەبێت چانسێكی‌ تر بدرێت بەسەرۆكەكەی‌ بۆ ویلایەتی‌ سێیەم ، پێویستە چاوەڕوانیی‌ ئەوەش بكات كەلایەنە سیاسییەكان كۆمەڵێك مەرجی‌ بۆ دابنێن لەبەرامبەر پێدانی‌ ئەو چانسە بەسەرۆكی‌ هەرێم بۆ ویلایەتی‌ سێیەم . ئەگەری‌ زۆری‌ ئەوە هەیە مەرجەكان چەند بوارێك بگرنەوە لەچەشنی‌ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكی‌ هەرێم لەناو پەرلەمان نەك لەرێگای‌ هەڵبژاردنی‌ گشتییەوە‌و كەمكردنەوەی‌ دەسەڵاتەكانی‌ بەوجۆرەی‌ لەسیستمە پەرلەمانییەكاندا كاری‌ پێ‌ دەكرێ ‌، یان پێدانی‌ ئەو دەسەڵاتانەی‌ هاوشێوەن لەگەڵ دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆك لەسیستمی‌ سیاسی‌ عیراقیدا‌و گواستنەوەی‌ زۆربەی‌ دەسەڵاتەكانی‌ بۆ سەرەك وەزیران . لەوانەیە ئەو دۆخە پێویستی‌ بەوەبێت چاو بەپێكهاتەی‌ ئێستای‌ حكومەت بخشێنرێتەوە ‌و پێداچوونەوە بەدۆخی‌ یاسایی‌ هەندێك دام‌و دەزگا بكرێت .
ئەو سیناریۆیە لەگەڵ ئارەزووی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستاندا دەگونجێ كە دەیەوێ‌ چانس بەسەرۆكەكەی‌ بدرێ‌ بۆ ویلایەتی‌ سێیەم ، هەرچەندە بەدەسەڵاتێكی‌ كەمتریشەوە بێت . هەروەها لەگەڵ خواستەكانی‌ یەكێتی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان‌و بزووتنەوەی‌ گۆڕانیشدا دەگونجێ‌ كە پرۆتۆكۆڵێكی‌ هاوبەش كۆیان دەكاتەوە ‌و تیایدا هەردوكیان خوازیارن سەرۆكی‌ هەێم لە ناو پەرلەمان بەپێی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌ هەڵبژێردرێت . لەڕووی‌ تەكنیكییەوە دەتوانرێ‌ هەمواركردنی‌ یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 هاوتەریب بێ‌ لەگەڵ هەمواركردنی‌ ماددەی‌ سێیەمی‌ ئەو یاسایە كە رێ‌ دەدا سەرۆكی‌ هەرێم تەنها بۆ دووجار هەڵببژێردرێ ‌.
دیارە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان زۆر بە زەحمەت ئەو مەرجانە پەسەند دەكات ، بەلام ئەو دۆخەی‌ تیایدایە رێگای‌ پێنادات ئەڵتەر ناتیڤی‌ وا پێشكەش بكات كە جێگای‌ رەزامەندی‌ هەموو لایەنەكانی‌ تربێت .

بژاردەی‌ پێنچەم : نە هەمواركردنەوەی‌ پرۆژەی‌ دەستور‌و نەهەمواركردنی‌ یاساكە‌و نە درێژكردنەوە‌و نە هەڵبژاردن .
ئەمە ئەگەرێكی‌ یەجگارخراپە . ئەگەر لایەنە سیاسییەكان نە گەیشتنە رێككەوتنێك لە بارەی‌ پرۆژەی‌ دەستورەوە‌و لەسەر هەمواركردنی‌ یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 یش رێكنەكەوتن كە دەرفەتن خولی‌ سێیەم بەسەرۆكی‌ هەرێم دەبەخشێت بەرامبەر بەچەند مەرجێك ، هەروەها ئەگەر ماوەی‌ ویلایەتی‌ سەرۆكی‌ هەرێم درێژ نەكرایەوە‌و هەڵبژاردنی‌ گشتیش ئەنجام نەدرا بۆ هەڵبژاردنی‌ سەرۆكێكی‌ نوێ‌ ، ئیتر سەرۆكی‌ هەرێم شەرعییەتی‌ یاسایی لە دەست ئەدات ، بەڵام بڕێك سەڵاحیاتی‌ دەمێنی‌ كە دەسەڵاتی‌ ئەوەی‌ پێدەبەخشن كارەكان بەرێخات .
ئەگەر سەرۆكی‌ هەرێم شەرعییەتی‌ یاسایی‌ لە دەستبدات ، هەرێم تووشی‌ بۆشایی یاسایی‌ نابێت چونكە سەرۆك لەپۆستەكەیدا دەمێنێتەوە تا ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ داهاتوو . هەروەها توانای‌ ئەوەی‌ نابێت خۆی‌ بۆ هەڵبژاردنەكانی‌ داهاتوو كاندید بكاتەوە چونكە یاساكە جەخت لەسەر تەنها دوو خول دەكاتەوە .
لەو دۆخەدا سەرۆكی‌ هەرێم ناتوانێت دەسەڵاتە تەنفیزییەكانی‌ بەپێی‌ ماددەی‌ یەكەمی‌ پاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 بەكار بێنێت چونكە ئەم ماددەیە دەڵێ‌ سەرۆكی‌ هەرێم ( سەرۆكی‌ باڵای‌ دەسەلاتی‌ تەنفیزییە ) ، هەروەها دەسەڵاتی‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ پەرلەمانیشی‌ نامێنێ‌و چیتر ناتوانێت دەسەڵاتەكانی‌ وەك فەرماندەی‌ گشتی‌ هێزە چەكدارەكانی‌ لەهەرێم بەكار بێنێت .
بە حوكمی‌ دیفاكتۆش دەكرێ‌ لەو ماوەیەدا سەرۆكی‌ حكومەت ببێتە سەرۆكی‌ باڵای‌ دەسەڵاتی‌ تەنفیزی‌‌و دەسەڵاتی‌ ئەوەی‌ دەبێ‌ نوێنەرایەتی‌ پەیوەندییەكانی‌ هەرێم بكات لەگەڵ‌ حكومەتی‌ فیدرالی‌‌و وڵاتانی‌ جیهاندا .
بەڵام گۆڕانی‌ دەسەڵاتەكانی‌ سەرۆكی‌ هەرێم بۆ تەنها كار بەرێكردن ، دەشێ‌ كاریگەریی‌ گەورەی‌ لە سەر جموجوڵی‌ پەرلەمان هەبێ ‌، چونكە ئەو یاسایانەی‌ پەرلەمان دەریاندەكات پاش واژۆكردنیان و دەركردنیان لەلایەن سەرۆكی‌ هەرێمەوە ئینجا جێبەجێ‌ دەكرێن . جا لەبەرئەوەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم شەرعییەتەكەی‌ لەدەست ئەدات ، كەوابو دەسەڵاتی‌ دەركردنی‌ یاساكانیش لەدەست ئەدات .
ئەوەش بەڵگە نەویستە كە هەمواركردن‌و رێككەوتن لەو بارەیەوە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا ، دەبێ‌ پێش 19 ی‌ ئاب بە ماوەیەكی‌ زۆر ئەنجامبدرێت ، چونكە سازان لەسەر پرۆژەكە تەنها هەنگاوێكی‌ سەرەتاییە بەرەو هەڵبژاردنی‌ سەرۆكی‌ ئایندە . پاش هەمواركردن گرفتی‌ راپرسی‌ دەستور وەك گرفتێكی‌ گەورە دێتە پێش ، چونكە لەوانەیە كۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان پێش 19 ی‌ ئاب نەتوانێت راپرسی‌ رێكبخات ، بەتایبەتی‌ ئەگەر كەشی‌ جەنگی‌ ئێستای‌ دژی‌ داعش‌و پتر بوونی‌ ژمارەی‌ ئاوارەكان لە هەرێمدا ‌و قوولبوونەوەی‌ گرفتی‌ دارایی‌ لەبەرچاو بگیرێن .

بژاردەی‌ شەشەم : دەستلەكاركێشانەوەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم .
بە بۆچوونی‌ شانەی‌ تاوتوێكردنی‌ قەیران ، بژاردەی‌ نموونەیی‌ بریتییە لە پابەندبوونی‌ بەبژاردەی‌ دوو خول بۆ سەرۆكی‌ هەرێم ، ئەویش بەو جۆرەی‌ لە یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 دا هاتووە . ئەگەر پارتی‌ دیموكرات دەست لە هەوڵەكانی‌ بۆ بەسەرۆككردنەنەوەی‌ سەرۆكەكەی‌ بۆ خولی‌ سێیەم هەڵبگرێت ، دەشێ‌ ئەو هەنگاوە یارمەتیدەر بێت بۆ هێوركردنەوەی‌ قەیرانەكە ، بەتایبەتی‌ كە سەرۆكی‌ هەرێم لەدوایین چاوپێكەوتنی‌ خۆیدا لەرۆژنامەی‌ (( ئەلحەیات )) لە8 ی‌ شوباتی‌ 2015 دا لەو بارەیەوە نییەتی‌ خۆی‌ ئاشكرا كردووە بۆ دەستبەر داربوون لە پۆستەكەی‌‌ و وتویەتی‌ : (( پێم خۆشە ئەمانەتەكە رادەستی‌ كەسێكی‌ تر بكەم . هەرگیز رازی‌ نیم بۆ هەتاهەتایە سەرۆك بم . ناكرێ‌ رێگا بە خۆم بدەم تاقیكردنەوەی‌ خەڵكانی‌ تر دووبارە بكەمەوە … مێژووی‌ خەباتكارانە‌و ناوبانگم لەو كورسییە گەورەترن كە لەسەری‌ دانیشتووم )) .
ئەگەر بژاردەی‌ دەستلەكاركێشانەوە بكەینە بناغە ، ئیتر دەبێ‌ ئەگەری‌ هەمواركردنی‌ پرۆژەی‌ دەستور‌و درێژكردنەوە‌و هەڵبژاردنی‌ راستە‌وخۆ لە هاوكێشەكە بخەینە دەوەرە ، چونكە دەستلەكاركێشانەوە كە لەبنەڕەتدا دەرەنجامی‌ شكستهێنانی‌ هەمواركردنی‌ پرۆژەی‌ دەستور‌و رەتكردنەوەی‌ درێژكردنەوەیە . هەروەها توانای‌ جێبەجێكردنی‌ هەڵبژاردنی‌ راستەخۆ ئەگەرێكی‌ دوورە چونكە كۆمیسیۆنی‌ هەڵبژاردنەكان ناتوانێ‌ لە كاتی‌ دیاریكراودا ئەنجامی‌ بدات ، تەنانەت ئەگەر ئەنجامیش بدرێت ، مشتومڕێكی‌ گەورەی‌ لێدەكەوێتەوە چونكە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بە هەموو شێوازێك هەوڵ ئەدات كاندیدە نوێیەكەی‌ خۆی‌ بگەیەنێتە كورسی‌ سەرۆكایەتی‌ بۆ قەرەبووكردنەوەی‌ كاندید نەكردنەوەی‌ سەرۆك بارزانی ‌. ئەگەری‌ ئەوەش ئەوەیە حیزبەكانی‌ تر لەسەر كاندیدێكی‌ هاوبەش رێككەون ، بەڵام ئەوەی‌ زۆرتر رێی‌ تێدەچێ‌ ئەوەیە دژی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنی‌ راستەوخۆ بوەستنەوە ، چونكە ئەجێنداكانیان جەخت لەهەڵبژاردنی‌ سەرۆك لەناو پەرلەمان دەكەنەوە نەك لەدەرەوە‌و ئەگەر هاتو هەڵبژاردنی‌ راستەخۆیان پەسەند كرد ، ئەوە بەو مانایە دێت كە ئەو حیزبانە وازیان لەبژاردەی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌ هێناوە .
بەڵام لەبەر ئەوەی‌ هەڵبژاردنی‌ راستەوخۆ لەم هەلومەرجەی‌ ئێستادا زۆر لەمپەری‌ لەبەردەم دایە ، تەنها یەك بژاردە دەمێنێتەوە ئەویش هەڵبژاردنی‌ سەرۆكە لەناو پەرلەمان ، ئەویش پاش هەمواركردنی‌ یاسای‌ ژمارە1 ی‌ ساڵی‌ 2005‌ و كەم كردنەوەی‌ دەسەڵاتەكانی‌ بەپێی‌ پێداویستییەكانی‌ سیستمی‌ پەرلەمانی‌‌و گواستنەوەیان بۆ سەرۆك وەزیران كە دەبێتە بەرپرسیاری‌ راستەوخۆی‌ دەزگای‌ راپەڕاندن .

شیكردنەوەیەكی‌ گشتی‌
جەوهەری‌ گرفتەكە لەوە دایە ، كە پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كۆشش دەكات بۆ دەستەبەركردنی‌ چانسێك بۆ سەرۆكەكەی‌ تا ویلایەتی‌ سێیەم بەدەست بێنێ . جا بەهۆی‌ هەستیاریی‌ دۆخی‌ كورد‌و هەلومەرجی‌ جەنگ‌و قەیرانی‌ داراییەوە‌و لەبەر ترس لەتێكچونی‌ پرۆسەی‌ سیاسی‌‌و شپرزەبونی‌ رەوشی‌ ناوخۆ ، لایەنە سیاسییەكانی‌ تر لەسۆنگەی‌ هەست كردن بەپرسیارێتی ‌، دەشێ‌ بڕێك نەرمی‌ بنوێنن بۆ تێپەڕاندنی‌ قەیرانەكە بەڵام لەهەمان كاتدا ناشیانەوی‌ بەرامبەر بەهیچ ، هەموو شتێك بدەن بەپارتی ‌.
لەناو ئەو بژاردانەی‌ كەهەن‌و لەگەڵ بار‌ودۆخی‌ ئێستای‌ هەرێمدا دەگونجێن ئەوەیە كەئەگەر سازان لەسەر هەمواركردنی‌ پرۆژەی‌ دەستور نەهاتە دی‌‌و پارتی‌ بە دەست لەكاركێشانەوەی‌ سەرۆكی‌ هەرێم رازی‌ نەبوو ‌و ماوەكەی‌ بۆ درێژ نەكرایەوە‌و هەلومەرجێكی‌ لەبار بۆ راپرسیی‌ پرۆژەی‌ دەستور لەئارادا نەبوو ‌و هەڵبژاردنی‌ راستەوخۆی‌ سەرۆكایەتیش ئەنجام نەدرا ، شانەی‌ تاوتوێ‌ كردنی‌ قەیران لەراپۆرتەكەیدا پشتگیریی‌ بژاردەی‌ چوارەم دەكات كەبریتیە لەهەمواركردنەوەی‌ یاسای‌ ژمارە 1 ی‌ ساڵی‌ 2005 بەجۆرێك كەرێگا بدا سەرۆكی‌ هەرێم بۆ جاری‌ سێیەم لەناو پەرلەمان هەڵبژێردرێ‌‌و دەسەڵاتەكانی‌ وەك ئەوەی‌ كەلەسیستمە پەرلەمانییەكاندا كاری‌ پێ‌ دەكرێ ‌، دەبێ‌ دەسەڵاتی‌ پرۆتۆكۆلی‌ بن .

‌س / ش پ

 

سمبولی کۆمەڵایەتیەکان کلیک بکەو، ئەم بابەتە بنێرە بۆ بەشی خۆت یان هاوڕێکانت
وتاریکورد

ئەرشیڤی بەڕێز: وتاریکورد