بەختیار شارەزورى : ئێران و سعودیە دواى داعش . شەڕى نێوان نەجەف و مەککە  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا دوو هێزى گەورە هەن ، کە زۆرێک لە وڵاتان دابەش دەکەن بەسەر مەزهەبى شیعە و مەزهەبى سونەدا ، ئەم دوو هێزە بە درێژایى مێژوو لە ململانێ و جەنگ و فراوانخوازى و داگیرکاریدا بون ، بە جۆرێک ئەو نەتەوانەى دەکەوێتە نێوان ئەم دوو بلۆکەوە ، کەوتونەتە بەردەم هەڕەشە و بەکارهێنیان لە لایەن هەردوکیانەووە ، خۆ ئەگەر لە کاتێکى مێژوویدا دەوڵەتى عوسمانى نمایندەى مەزهەبى سونى بوبێت ، ئەوا لە بەرامبەردا سەفەوى و ئێران نمایندەى مەزهەبى شیعە بوە ، کاتێک بۆ دروستکردنى پشتێنەیەک لە شەڕى سارددا ، شیعەکان سود وەردەگرن و ئێران جارێکى تر دەگەڕێننەوە سەر سەفەویەت ، ئیتر هێڵەکە بە تەواوەتى دەردەکەوێت ، ئەو نەتەوانەى کە زۆر پابەند نین ، بە یەکێ لەم مەزهەبانەوە دەبنە کارتێکى بەکارهێنان لە لایەن هەر یەکێکیانەوە دژى ئەوى تر ، کورد لەم نێوان ئەم دوو هێزەدا ، بەردەوام دیوارى جیاکردنەوەى سەفەوى و عوسمانى و تورکیا و ئێران بوە ، وە قوربانى یەکەم بوە لە بەریەککەوتنەکاندا ، وە تا ئێستاش سەکۆى ململانێکنیان هەر لەسەر لاشەى کورد و خاکى کوردە  .

ئەگەر ئێران وەک دژە ئەمریکایەک دەرکەوتبێت و سعودیە و تورکیا وەک دۆستى ئەمریکا دەرکەوتبێت ، ئەوا دواى دەرکەوتنى داعش هەموو نەخشەى پەیوەندى و ململانێکان گۆڕانى گەورەى بەسەردا هاتوە ، داعش نامەى کۆتاى مەزهەبى سونەیە کە ئەگەر دەوڵەتى خەلافەت بەردەوام بێت ئەوا ، ئەوەى وێنا دەکرا بە دۆستى ئەمریکا دەبێتە دوو کەرت و ئەم مەزهەبەش دەبێتە ئەنتى ئەمریکا ، ئەوەش دەزانین کە تا ئێستا داعش شەڕى مەزهەبى نەکردوە ، بە تایبەت شەڕى دژى شیعە نەکردوە ، کە پێدەچێت سیناریۆیەک لە پشتى ئەم شەڕەوە بێت ، دواى ئەوەى تورکیا ویستى بگەڕێتەوە بۆ قەڵەم ڕەوى عوسمانى و هەموو سونەکان یەکبخات و لە مرسى و میسرەوە دەستى پێ کرد ، ئەم هەوڵەى ئیفلیج بوو ، چونکە سونەکان هەڵگرى دروشمى دژە ڕۆژئاواى و تیرۆرن ، لە بەرامبەردا شیعە سیاسەتێکى تەندروستانەترى کرد ، ئێران توانى تەواوى هیلالى شیعە یەکبخات و دروشمەکانى دژى ئەمریکا لە چوارچێوەى ڕاگەیاندن تێنەپەڕى ، واتا ئێران توانى سود لە دەرکەوتنى داعش ببینێت ، بە جۆرێک کیشەى نێوان فەلەستین و ئیسرائیلیشى خامۆش کرد ، لەسەر هەمو ئاراستەکان و پەتەکان یارى دەکرد ، تا پێگەى خۆى لە سوریا و لە ناو پەکەکە و پەیەدە و فەلەستین و عێراق و یەمەن و لوبنان ڕێک خست و خۆى کردە قوتبێک لە بەرامبەر ئەمریکادا  دژى داعش ، توانى دەرگاى گفتوگۆى نێوان ئەمریکا و ئێران بە ناچارى بە ئەمریکا بکاتەوە ، وەک دوو هاو بەرژەوەندى لە بەرامبەر ترسێکى هاوبەشى وەک داعشدا ، ئێران ئەو بۆشاییەى قۆستەوە کە تورکیا نەیتوانى لە ڕوى سیاسى و سەربازییەوە یارى تێدا بکات ، یاریەکەى ئێران بەردەوامى هەیە  .

ئەمریکا و ناتۆ ئەو ڕاستیە دەزانن ، کە بە تەواوەتى دواى دەرکەوتنى داعش سوریا و یەمەن و عێراق دەکەونە دەست ئێران ، تورکیا وەک نمایندەى ئەمریکا ناتوانێت ئەم ڕۆڵە بگێڕێ ، بۆیە وڵاتانى سونە لە ئێستەوە لە باڵادەستى هیلالى شیعى دەترسن ، واتا دواى قۆناغى داعش ، گێمى دوەمى یارییەکە دەست پێ دەکات ، کە شەڕى نێوان ئێران وەک نوێنەرایەتى شیعە و سعودیە وەک نوێنەرایەتى سونە دەست پێ دەکات ، بە دیوێکى تردا ئەمریکا لە ئەگەرى سیناریۆکان دەترسێ ، خۆ ئەگەر ئەم دوو بلۆکە هەر ڕێککەوتنێک بکەن ئەوا ئەمریکا دەبێت بە خواستى ئەمان بێتەوە سەر مێزى گفتوگۆکان ، نەک وەک ئەوەى ئەمریکا دەیەوێت وڵاتان بچنە ماڵى ئەو و وەک پاشکَو و خزمەتکار سەیر بکرێن ، هەر چەندە ئەمە ئەگەرێکى دورە ، ئەوەى ماوەتەوە ئێران لە ئێستادا ڕۆڵێکى گەورە دەگێڕى لە شەڕى دژى داعش ، لە بەامبەردا دواى پاشەکشەى تورکیا ، سعودیە ناتوانێت ئەمریکاى دوەم بێت لە گۆڕانى هاوکێشەکاندا ، لە ئێستەوە ئەوە ڕونە کە نەجف و مککە دەبنە دوو سەنتەرى گەورەى دینى ، کە لە مێژووە تا ئێستا شیعە نەیتوانى بوو ئەم سەنتەرى پەرستگایەى خۆى ڕزگار بکات ، لە ژێر دەستى سونەدا بوە و سونەش تا ئاستێک خامۆشى کردبوو  .

ئەگەر هەوڵى سعودیە بۆ ئەوە بێت ، دواى شکستى تورکیا هیلالى سونە ڕێکبخات و خۆى ئامادە بکات بۆ قۆناغى دواى داعش ، ئەمریکا و ناتۆش دەیانەوێت بە یەک ئاست ، هەردوکیان لەسەر هێڵى پەیوەندیەکانى خۆیا ڕاگیرن و نەهێڵى ئەم دوو هیلالە نە ڕێکبکەون و نە شەڕى یەکتریش بکەن ، چونکە بە هەردوو دیوەکەدا بەرژەوەندیەکانى ئەمریکا و ناتۆ دەکەونە بەردەم هەڕەشە … واتا سیاسەتى ( بەهێزبون و لاوازکردنى یەک ئاست و دولایەنە ..وەک ئەوەى لە هەشتاکاندا لە نێوان ئێران وعێراقدا ڕوى دا ) بۆیە هەوڵى یەکخستنى سونەکان لەسەر دەستى سعودیە ، هەوڵێکى ئەمریکا و ناتۆیە بۆ ڕاگرتنى هاوسەنگى نێوان سونە و شیعە دواى داعش ، ئەمریکا و ناتۆ پێویستى بە هەردوکیان هەیە بۆ ئەوەى داعش کۆتاى پێ بهێنێ  .

لە ڕوى سیستمى حوکمڕانیەوە ، ئەوە ڕون بوەتەوە بۆ ڕۆژئاواییەکان کە سیستمى دیموکراتى و وڵاتى کراوە بە کەڵکى ئەم ناوچانە نایەت و ئیسلامیە توندڕەوکان سودیان لێوەرگرتوە بۆ ئەوەى گەشەى تیا بکەن ، ببنە هەڕەشە بۆ بنەماکانى دیموکراتەیەت (ئەمەش کاریگەرى لەسەر وڵاتانى ئەورپاش دروست کردوە ، بە شێوەیەک ترسى ئەوە هەیە کە ڕاسیزمەکان دەسەڵات وەربگرنەوە )، هەر بۆیە حوکمى ئاخوندى بۆ شیعە و حوکمى وەلى عەهد بۆ سونەکان بە باش دەزانێت ، بە مەرجێک خۆى دەستى هەبێت لە دانان و ئاراستەکردنیاندا، ئەمەش بە پشت بەستن بە تاکتیک و سیناریۆکانیان ، لە ئێستا ئەوە ڕون بوەتەوە کە مۆدێلى وەلى عەهدى خەریکە بە تەواوەتى ئەم ناوچانە داگیر دەکات ، دور نیە شیعەش هەمان مۆدیل قبوڵ بکات و لە ئاخونەدەوە بگۆڕێت بو وەلى عەهد ، ئیتر ئەو نەتەوانەى دەکەونە ناو ئەم سنورەوە ئەگەر لایەنى نەتەوەیى باڵاتر بێت ، ئەوا هەمان مۆدێل وەردەگرێ لە ژێر ناوى نەتەوەیدا  .

ئەوەى ماوەتەوە لە ئێستادا کە شەڕى داعش دەکرێت و بە جۆرێک هەموو دژەکانى لەسەر یەک مێز کۆکردوەتەوە ، بەهێز بونى ئێرانە لە گۆڕەپانەکەدا و لاوازى سعودیە دەردەکەوێت…. بۆ هاوسەنگى دەبێت یەکسان بکرێنەوە و لە بەرامبەر ئەمریکا و ناتۆدا هەردو لایان یەکسان ببنەوە بە ژمارەیەک ، ئەو کات دەمێنیتەوە بۆ قۆناغى دواى کۆتاى هێنانى داعش ، ئیتر بەرنامەى بەریەککەوتنى نەجەف و مەککە دەست پێ دەکات  .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت