لوقمان غەفوور : داعش هەر داعشە .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرجار میدیای کوردی هێندە دۆخی داعش لەناسیونالیستیدا تۆخ دەکاتەوە کە دەرئەنجام جگە لەسەر لێشێوانی خوێنەر و بینەر نەبێت ، هیچی دیکە بەرهەم ناهێنێت.
ناکرێت داعش لەبەرهەمی ناسیونالیستی عەرەبیدا تۆخ بکەینەوە لەکاتێکدا ئەو رێکخراوە لەسەر بنەمای ناسیونالیستی خۆی بنیاتنەناوە ، بەڵکو بەرهەمی پۆست مۆدێرنێتەیە و دوور نییە دەرئەنجام بەدیوێکی تردا کوشتارگەلەکانی یەکێک بێت لەدیاردەکانی جەنگی نوێی هەزارەی سێیەم، ئەگەر وا نەبوایە بۆچی لەنێو داعشدا دەیان کەسی ئەوروپی یان پاکستانی و چینی و ئەفریکا یان کورد دەبینرێت ، کەواتە هەر ئەمەیە وایکردووە داعش بەرهەمی بیری سەلەفی وەهابی بێت و ئەدۆپتی سەلەفی جیهادی بکات و نەتەوە و گروپەکانی دەرەوەی خۆی تێپەڕێنێت و لەنێو ئەو پان ئیسلامیزمەشدا بەدیاریکراوی بیری سووننە مەزهەب هەڵگرێت ، کەواتە بەلامەوە سەیرە کاتێک میدیای کوردی فۆکس دەخاتە سەر سەرکردەیەکی کوردی ئیسلامی نێو داعش و بەکارەکتەرێکی نامۆ و ئەنتیک ناوی دەهێنێت ، بێئەوەی بیر لەوە بکرێتەوە رۆژانە دەیان داعش لەنێو کۆڵانەکانی کوردستاندا هاتوچۆیانە بەفۆرمێکی دیکە و لەژێر ناوی گروپ و کۆمەڵەی جودادا کە لەنێوکۆدا هەمان رێباز و دید و بۆچوونیان هەیە ، ئەو بۆچوونە بەهەڵە دەزانم کە پێمان وابێت مادەم ئێمە کوردین بۆیە ئەگەر داعشێک هەڵکەوت لەنێو ئەو نەتەوەیەدا پێویستە فۆکسەکەی بخرێتەسەر و خوێنەر و بینەر زیاتری بناسێت ، لەکاتێکدا بێ بیرکردنەوە لەوەی داعش هەر داعشە ، کورد بێت یان تورک یان عەرەب، چونکە بەهەمان دیدگاوە بۆ جیهانی دەرەوەی خۆیان دەڕوانن .
مێژووی خوێناوی درێژکراوەی داعشیزم چەندین نموونەی خوێناویمان پیشاندەدات ، خۆ کارەساتی خێڵی حەمە-ی نزیک هەڵەبجە ، داعش نەیکرد ، بەڵکو مامۆستاکانی داعش کردیان بەزمان و خوێنی جیاواز ، بەڵام بەهەمان عەقڵ و دیدەوە ، خۆ ئەگەر خوردتریشی کەینەوە ئەو کەسەی لەهەرێمی کوردستان لەنێو گروپێکی ئیسلامیدا ژیانی سیاسی بەسەر دەبات لای من هیچ جیاوازییەکی نییە لەو داعشەی کە موسل و تکریت و ئەنباری هەڵبژاردووە ، تەنیا جیاوازیش لەنێوانیان ئەوەیە کە کەلتورێک لەهەرێمی کوردستان رێگری لە ئایدیا سەلەفییە وەهابییەکەی دەکات کە دوور نییە دەرەنجام لەنێو ئەو شەڕی کەلتور و ئیسلامیزمەی کە کوردستانی پێدا تێپەڕدەبێت ، زۆرانبازییەکە بەقازانجی ئیسلامی سیاسیدا بشکێتەوە ، هەروەک ئەگەر لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەشتاکانی سلێمانی بڕوانین و لەگەڵ ئێستادا بەراوردی بکەین لەدید و بۆچوونی خەڵکەوە بۆ ئیسلامی سیاسی دوو دنیای جیاوازە ، هەر ئەمەشە وادەکات بڵێم جیاوازی نییە لەنێوان داعشێکی عەرەب و کورد و تورکمان .
ئەبێت دیدی ئێمە بۆ داعش دنیابینییەکی ئیسلامیانە بێت و دژایەتیکردنیشمان بۆی دژایەتیییەکی رێبازی بێت نەک ناسیونالیستیانە ، تەنانەت نابێت ئەو شەڕکردن و دژایەتیکردنە لەسنووری شەڕی مەزهەبیانەشدا وردکرێتەوە، وا وینای ژیانی سیاسی خۆمان کەین ئەوەی سوونە بێت داعشە و ئەوەی شیعە بێت ئیلهامی مرۆڤایەتی ئەبەخشێت ، بەڵکو بەپێچەوانەوە داعشێکی سوننە لەگەڵ داعشێکی شیعە و کورد و تورک هەمان روانینیان بۆ ژیان هەیە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت