PUK-1

عیماد عەلی : یەکێتی بۆخۆی زەمینەی خۆش کردوە بۆ دەست خستنە نێو ریزەکانیەوە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژ نیە هەواڵێکی نێوخۆیی یەکێتی نەبیستین و رای گشتی لێی ئاگادار نەکرێتەوە ، ئێمە لەم دوورەوە بەقەد کادرە سەرەکیەکانی یەکێتی ئاگاداری وەزعی نێوخۆی یەکێتین ، روداوێک یان ناکۆکیەکی بچوکی رۆژانە وەک موشەک دزە دەکاتە نێو خەڵک و دیاردەیەکی بچوکی نێوخیی بەهەر چەشنێک بێت هەموو چاودێر و رۆژنامەنوس و سیاسەتمەدارانی بێ لایەنیش لێی ئاگاداردەبن و ، سەرەرای بونی دەزگایەکی ئاسایشی نێوخۆی نهێنی ئەم حزبە ، کەچی ورد و درشتی روداوە نێوخۆییەکانی وەک شاشەی سینەما لەبەرچاوانە و نمایش دەکرێت ، بۆچی ، تەنانەت نهێنی پارێزی ئەم حزبە لە حزبێکی بچوکیش کەمترە ؟
باسی مێژووی یەکێتی ناکەم ، تەنها مەبەستم دەرخستنی هۆکاری ئەم حاڵەتەیە کە زۆرێک بە ئەرێنی لەقەڵەمی دەدەن و زۆرێکی تریش بە نەرێنی و شڵەژان و نەبونی دیسپلین دەیخوێننەوە . دیارە وەک نەریتێکی سەپێنراو لە دەرئەنجامی چۆنێتی دروستبونی یەکێتی لە بەرەیەکی چەند لایەنێکدا ، تاوەکو کۆنگرەی یەکەمی ئەم حزبە هەمیشە باڵباڵینی حزبی بە ئاشکرا بونی هەبووە و ململانێ لە نێوان باڵەکان ئەگەر بەقەد ململانێی نێوان دوو حزب زیاتر نەبوبێت کەمتر نەبووە . هەمیشە هەر سێ لاکە لە سەرەتادا و ، هەردوو لایەنی کۆمەڵەی رەنجدەاران و شۆرشگێران بۆ دواتر لە سەرجەم بوارەکاندا بەتایبەتی لە ریکخستندا لە کێبرکێ و تا رادەیەک رکابەری بەردەوامی یەکتر بوون . ئەم سیفەتەش وەک عادەتێک لەگەڵ گەورەبونی یەکێتی لە گیانیدا چەکەرەی کردووە و جگە لە رۆژانی شەری نێوخۆ و دوور خستنەوەی قەیرانە نێوخۆییەکان بۆ دەرەوە ، یەکێتی نیشتمانی نەیتوانیوە دوور لە ململانێی نێوخۆی توند بەردەوام بێت ، ئەمە لە لایەک ، لە لایەکی ترەوە ، ململانێی دەرەوەی حزبەکە و هەمیشە بارودۆخی نالەباری کوردستان کاریگەری هەمەجۆری لەسەر باری نێوخۆی یەکێتی بە تایبەتی بە جێهێشتوە .
فراوانی و فرەچەشنی پێکهاتە و رێکخستنەکانی یەکێتی فاکتەرێکی زۆر گەەورە بووە لە جیاوازی بیرکردنەوە و رەفتاری کادر و ریکخستنەکانی و ، فرە مینبەری لە دەرئەنجامی بونی خەڵکی بژاردە هاوشان لەگەڵ خەڵکی سادە و ساکار لەیەک حزبی فرە ئامانجدا وەک سیفەتێکی دەگمەنی ئەم حزبە لە سەرەوە بۆ خوارەوە شۆربۆتەوە و ئەم حاڵەتەی دروستکردووە ، ئەمە جگە لە هەوڵدانی سەرکردایەتی یەکێتی بۆ فراوانکردنی جەماوەرێتیی ئەم حزبە لە پێناو کۆکردنەوەی دەنگی زیاتر بەهەمان شێوەی حزبەکانی تر، لەسەر حیسابی نوخبە و بنەما سەرەکیەکانی کاری رەسەنی ئەم حزبە لە زۆر رووەوە زەرەری گەورەی لێداوە .
پاش راپەرین و پێویستی لایەنەکان بە دەنگ ، رەفتاری پارتی لە رازیکردنی خەڵک بەهەرشێوەیەک بوبێت لە جاشەوە بۆ باش و ، ئیستغلال کردنی خاڵە لاوازەکانی یەکێتی ، یەکێتیی خستە دوریانی دودڵی لە پابەندبون بە پێکهاتەی حزبی لە رێکخستنی نوخبەبون یان هەڵبژاردنی جەماریبون ، کە تا ئەمرۆش لەو نێوەندەدا خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە . بۆیە دەرئەنجامەکانی یەکەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زیاتر یەکێتیی توشی شۆک کرد و لە رێرەوی کاری سیاسی خۆی توشی هەڵەو زۆرێک لە سەرگەردانی کرد، وەک شکستێک لەقەڵەم درا و ، بوو بە گرێ کوێرەیەک بۆ ئەم حزبە کە تا ئەمرۆ باجی دەدات ، لەوەشدا حەقی بوو ، بەو هەموو گیانفیدایی و خۆبەختکردن و خەباتە هەمەچەشنەوە، چۆن حزبێکی تر بێتە سەر سفرەی حازری لە هەڵبژاردندا و بە دەنگی ئەو خەڵکە بە رەش و سپی و پاک و پیس و بە هەموو پشتخانێکیانەوە ، ئەو هەموو دەنگە مسۆگەر بکات .
بێگومان بەرژەوەندی شەخسی و حزبی و تام و چێژ و لەزەتی دەسەڵات گۆمەکەی یەکجار قوڵتر کردەوە و ، شەری نێوخۆی پاش راپەرین و دەستێوەردانی دەرەکی هەموو پێوەرەکانی هەڵسەنگاندن و رێرەوی کاروباری رێکخستن و ململانێی ئەم حزبەی تا حەدێکی گەورە تێکدا. لەو نێوەندەشدا مەحسوبیەت و مەنسوبیەت رۆڵی گەورەی خۆی لە پلەبەندی کادران و وەرگرتنی رۆڵ و بەشداریکردنی لە پێگە و پلەکانی حکومەت زیاتر گلۆڵەکەی خستە لێژیەوە . بۆیە ئەو فاکتەرە مێژووی و فکری و کاروباری رێکخستن کاریگەری خۆی لەسەر ئەو رێبازەی داناوە و ، وا کەوتۆتەوە کە روداوەکان و دەرکەوتنی نهێنیە زۆر زەقەکان بەم خێراییەوە دزە بکەن و لە هەیبەت و پریستیجی تایبەتی ئەم حزبە بدەن . دەتوانین بڵێن ، ئەگەر یەکێتی بەم شێوەیە تا رادەیەک بە فەوزەویەت بەرێوە دەچێت ، ئەگەر بواری ئازادی تێدا بەم روبەرە نەبوایە ، نە ئاڵای شۆرش دروست دەبوو و نە گۆرانیش بەم ئاسانیە دادەمزرا . لەبەرامبەردا هەموو نەیارەکانی و ئەوانەی نێوخۆی کوردستان بە تایبەتی، کە ناوەندێتی زەمانی قەیسەر پیادە دەکەن ، ماڵی خۆیان قایم کردووە و دەرگاکانیان کڵۆم داوە ، هاغوتەریبی ئەمەش ، لە بەرامبەردا لایەنی دەرەکیش بە ئاسانی دەتوانێت کاریگەری لەسەر رووداوە نێوخۆییەکانی یەکێتی دروست بکات . لەم سەرو بەندەشدا، هەمیشە لایەنە دەستێوەردەرەکان کادیرە لاوازەکان و رووداوە هەمەجۆرە رۆژانەکان و بەرژەوەندیە شەخسیەکان بە گەورەیی ئیستغلال کردووە و ، تا ئێستا ئەم حزبە لە کەشێکی نالەباردا و لە زەمینەیەکی نادروستی دوور لە بونی ئاستی رۆشنبیری پێویستی کادران ، گیرۆدەی فرە باڵی و فرە مۆراڵی و فرە منیبەری بووە .
ئەوەی زۆر روونە ، ئەگەر وەک چاودێریکی سیاسی ئەم کوردستانە ئەو هۆکار و فاکتەرانەمان باس کردبێت ، بە شێوەیەکیش وردەکاریەکانمان بە زەقی دەرخستبێت و لەمەشدا سڵمان لە هیچ نەکردبێتەوە ، بەڵام بۆ هەڵسەنگاندنی هەر حزبێکی تری ئەم کوردستانە هەزار و یەک حیساب دەکەین ، ئەمەش نیشانەی بونی ئەرێنی ئاشکراکاریە لە رێرەوی خەباتی ئەم حزبە ، بەڵام بۆ خودی رێکخراوەکە زەرەری گەورەی هەیە و بە ناراستەوخۆش بێت گەلی کوردستان زەرەرمەند دەبێت و حزبی ناوەندگەرای دوور لە دیموکراسی و ئازادی باڵی بەسەر کوردستاندا دەکێشێت و زەمینەش بۆ دیکتاتۆریەت خۆش دەکات . دەکرێت بڵێین ، لەم قۆناغەدا یەکێتی بە تونێلێکی تا رادەیەک تاریکدا گوزەردەکات و ، پێویستە سەرکردایەتی ئەم حزبە بزانن لە کاتێکی زۆر هەستیاردا کوردستان بە رێدەکەن و بە هەر روداوێکی نەخوازراو نەک تەنها حزبەکەیان بەڵکو کوردستان بەگشتی توشی قەیران دەکەن و ، سەرجەم بەرپرسیارێتیەکە و بەدینەهێنانی ئامانجە گشتیەکان بەتەنها دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت